ناونیشانی بابەت: کوشتنی ژنان نەریت یان مێنتەڵێت؟
ئامادەکردن: #ژیان جەلال#
دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی و پلە دووی ژن، وەک سیمایەکیی بەرجەستەیی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی زۆرێک لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان، بووەتە واقیعێک، کە زۆرجار وا پاساویی بۆ ڕیز دەکرێت کەئەم جیاوازییە لەپێگەی کۆمەڵایەتیی لە سرووشتەوەیە! بەواتا ئافرەت وەک ڕەگەزێکی جیاواز، بەسرووشت لەپیاو کەمترە، بوونە کۆمەڵایەتییەکەشی دەرهاویشتەیی ئەو حەقیقەتەیە!.
شێری ئۆرتنەر”، ڕەخنەگرو توێژەرو نووسەری فێمێنیستی ئەمریکیی، لە یەکێک لە توێژینەوەکانیدا دەڵێت”پلە دووی ژنان، ڕاستییەکی جیهانییە; ئەم ڕاستییە، توانیویەتی سنووری هەموو کولتوورەکان ببڕێت”، ئەم تێکستە دەروازەیەکی ڕوونە بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی ئەوئاریشە کۆمەڵایەتییەی ڕووبەڕووی دەبینەوە. بەواتا؛ ئافرەت تەنیا لە کۆمەڵگەیەک، یان ئایینێک، کولتوورێک، بەکەمتر لەپیاو تەماشا ناکرێت، بەڵکوو ئەم ئایدیا ڕادیکاڵە لە هەموو پنتێکی جیهان بەمجۆرەیە!.
هەرچەندە نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ژن وخەباتی ژنان، بەڵام ئەوە دەزانین کە بەڵێ ئافرەت وەک ڕەگەزی دووەم چەندین سەدەیە بەپلە دوو کراوە. هزری پیاوسەروەریی، هزری باڵای تەواوی کۆمەڵگەکان بووە، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەو هزرەشدا، ژنان تێکۆشانیان کردووە توانیویانە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیی بکەن وگۆڕان بەدیبهێنن.
چەوساندنەوەی ڕەگەزی مێ؛ کە ڕەگوڕیشەیەکی قوڵی کۆمەڵایەتیی هەیە، بەتەنیا کولتوورێک نییە بەڵکوو بووە بە مێنتەڵێتێک کە بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە لە زهنییەتی تاکی ڕۆژهەڵاتیی ڕەگی داکوتیوە. باڵادەستیی نێر، پیاوسەروەریی، وەک ئیمتیازێکی کۆمەڵایەتیی لای بەشێک لە نێرەکان لەکۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیی تەماشا دەکرێت؛ بەواتا ئەوان مافی خاوەندارێتیی ژنیان پێدراوە، بۆیە ئامادەنین دەستبەرداریی ئەو ئیمتیازە کۆمەڵایەتییە بن، کە شەهامەت و پیاوەتیی وکۆمەڵێک ئیعتیباری تر لەوەدا کۆدەکەنەوە کە دەبێت خاوەندارێتییەکی ڕاستەقینە بۆ مێییەنەکانی خێزانەکەیان بکەن. ئافرەت لەپرۆسێسە کۆمەڵایەتییەکەدا بە ئۆبژە کراوە. خاوەن ئیختیار نییە و پاسیفکراوە. دەبێت ئاڕاستەکراو وملکەچ و ئەڵقەلەگوێی زنجیرەیی کۆمەڵایەتیی پیاو، خێزان، بنەماڵە، عەشیرەت، کۆمەڵگە بێت، لادان لەم چوارچێوە بەنەریت کێشراوە، باجەکەی قوورس دەبێت!
“کەیت مێلیت” نووسەر و ئەکادیمیست: لە پەڕتووکی (سیاسەتی ڕەگەزیی) ، باس لەوە دەکات” کەپرسی ژن تەنیا بەکۆمەڵایەتیی نەکراوە، بەڵکوو بەسیاسییش کراوە”؛ مەبەست لەمەش دەسەڵات و هەژموونی گرووپێکە بەسەر گرووپێکی تر؛ واتا لەچەمکیی هێزو دەسەڵاتدا، گرووپێک باڵادەسترن وحوکمی گرووپی لاوازتر دەکەن، تەوزیفکردنی ئەم ڕایە، بەسەر باڵادەستی نێر بۆ مێ لەم جۆرە کۆمەڵگەیانە، بەرچاوڕوونی زیاترمان دەداتی کە لەگەڵ چیدا ڕووبەڕوودەبینەوە!
کۆمەڵگەی کوردیش، وەک بەشێک لەم کۆمەڵگە نەریتییانە، تا ئێستاش بەئەندازەیەکی زۆر هەڵگری هزرێکی توندڕەویی دژەژنە. ژمارەیەکی بەرزی هەیە لە کوشتنیی ژن بەپاساویی جۆراوجۆر بەتایبەتیش کوشتن بەناوی نامووسەوە!
ساڵانێکە بزاڤی فێمێنیستی لە کوردستان چالاکە؛ سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت، پەڕڵەمان، ڕێکخراوەکان، بەڵام نەتوانراوە هزری کوشتنی ژن بسڕنەوە، ژن لێرە هێشتا خۆی نییە! وەک کاڵایەک خاوەندارێتیی دەکرێت، ژیان وەک مافێکی سرووشتیی بۆ مێ، بەڕەوا نەبینراوە، کوشتن وەک سێبەر، وەک مۆتەکە بەدوای ژنەوەیە!
هێشتا لێرە کوشتنی ژن، ڕۆژانە هەواڵی گەرمیی میدیاکانە، کەم ڕۆژ هەیە تێپەڕێت، بەبێ هەواڵێکی کوشتن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ کێ ئەم مافەی بەنێر داوە؟ کێ دەتوانێت لێی بسەنێتەوە؟ چۆن ئەم دەسەڵاتە نێرسالارییە لەڕەگو ڕیشە دەردەهێنرێت؟
کەی کۆمەڵگەیەکی هاوسان ویەکسان دەتوانین بینا بکەین؟ چەندی تر کوشتنی ژن وەک لەکەیەک بەنەریتی ئێمەی کوردەوە دەمێنێتەوە! کەی ئافرەت لەکۆمەڵگەی ئێمە ژیانی بەدەست نێرەکانەوە نابێت، چەندی تر لەو ڕاستییە ناگەین کە نابێت نەریت و عەقڵیەتی کۆمەڵگە ژیانی ئێمە بەڕێوەببات! سووچ و تاوانی هەموو هەڵەو لادانەکان بەڕۆحی ژنێک تەواوببێت! خوێنی ژنێک هەموو گوناهەکان پاکبکاتەوە، دادگای خێڵ و بنەماڵە وعەشیرەت وگەڕەک وکۆمەڵگە لەکۆتایدا حوکمیان بە ڕژانی خوێنی ژنێک، بەعادیلانە بزانن!
تا ڕێژەی چەپڵەلێدان و ستایش کردن و دەست خۆشانە، بۆ بکوژان ئاوا زۆربێت، ئەوا بەردەوام بینەرو بیستەری کوشتنی زیاتردەبین.
ئەوەی گرنگ و جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە، لەپێناو سڕینەوەیی ئەم کولتوورە دزێو و نامرۆڤانەیەدا، پێویستە هەمووان نەفرینی لێ بکەین، هەمووان دژی بین، ئیدانەی بکەین، ڕای گشتیی لەسەر درووستبکەین، هەڵوێستمان هەبێت، چونکە قوربانییەکان لە ئێمەوە دوور نین! دەکرێت قوربانییەکە ڕۆژێک لەهەریەکێک لە ئێمەوە نزیک ببێتەوە.
شەڕی بەگژداچوونەوەی نەریتی چەوت، شەڕێکی هەمەگیرە، پێویستە هەموو کایەکانی کۆمەڵگە تیایدا بەشداربن. کۆتایهێنان بەپاوانخوازیی و پێودانگە کۆمەڵایەتییەکانیی هەڵاواردن، ئەرکە جێندەرییەکان و جیاکاریی زەقی جێندەریی وپلە دووی ژن؛ پێویستی بەشۆڕشی فکرییە؛ دەبێت پەروەردەو هزری تاک بگۆڕین، لە کەناردا بۆ چارە نەگەڕێین! بچینە قوڵایی، ستراکچەری ئەم زهنییەتە بدۆزینەوە، تا بە چەکی خۆی شەڕ دژی بەرپا بکەین. لەجێی هزرە توندو چەقبەستووەکان، پڕی بکەین لەهزری
مرۆڤسالاریی وپلۆرالیزم و قبووڵکردنی جیاوازییەکانی یەکتر. دەبێت ئەو هزرە ئۆرگانیزە و تەبەنی بکرێت کە کوشتن بێ شەرەفییە نەک شەرەفپارێزیی!.
هاوکات دژی هەموو پرنسیپە مرۆڤایەتیی وئایینیەکانیشە! بەپێچەوانەوە ئەم کوشتاریی ژنە، پرسیاری جەوهەریی درووست دەکات لەسەر هەمووان، لەسەر ئایین و باوەڕ وئینسانییەت وئاستی هۆشیاریی وڕۆشنبیریمان، هەر بۆیە وەستانەوە لە دژی بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی و مرۆییە. چاوداخستن وبێ هەڵوێستیش، لە جەوهەردا پشکدارییە لە ڕەواجدان وهاودیدیمان بەرانبەر بەم زوڵم وکوشتن وبڕینە.[1]