ناونیشانی بابەت:لە هەرێمى کوردستان گرنگى بە گەشتوگوزاری کشتوکاڵی دەدرێت
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بۆ یەکەم جار و لە درێژەى جێبەجێکردنى بڕگەکانى پلانى گەشتیاریدا دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى #کوردستان# بە هاوکاریى ڕێکخراێکى بیانى، پلانى گەشتوگوزارى کشتوکاڵى دەخاتە بارى جێبەجێکردنەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزار، بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: هەرێمی کوردستان بنەماکانی گەشتوگوزاری کشتوکاڵیی تێدایە و لە میانی پلانی هەشت ساڵەی دەستەی گەشتوگوزاریشدا پەرەپێدانی ئەو جۆرەی گەشتوگوزار یەکێکە لە ئامانجە ستراتیژییەکان و گرنگیی تەواوی پێ دراوە و بۆ ئەو مەبەستە لێژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی گەشتوگوزاردا پێک هێنراوە .
وتیشى: ناوەرۆکى بایەخدان بە گەشتیاریى کشتوکاڵى ئەوەیە کە سەرەتا چەند شوێن و جووتیارێکى دیار و نموونەیى دەستنیشان دەکرێن کە گەشتیارانى بیانى ڕوویان تێ بکەن و بە چۆنییەتیى بەرهەمهێنانى بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارى و باخەوانى و ژیانیان ئاشنا بن و کاریان لەگەڵ بکەن و بەروبوومەکانیشیان بکڕنەوە.
باسى لەوەش کرد: ئێستا لەگەڵ ڕێکخراوێکى بیانى گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە کراوە و کە لە وڵاتانى دیکەى جیهان ئەو پڕۆژەیەى جێبەجێ کردووە و سەرکەوتوو بووە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە ئەو شوێن و جووتیارانەى دیارى دەکرێن، خولیان بۆ بکرێتەوە لەسەر ئەوەی کە مامەڵەیان چۆن بێت و خزمەتگوزاریى مانەوە و خواردن و پاکوخاوێنى جێبەجێ بکەن، دواى ئەوە بڕگەى پلانەکە دەکەوێتە بارى جێبەجێکردن و بە چەند قۆناغێکیش فراوانتر دەکرێت.[1]