فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا باسی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کورد دەکات و دەڵێت: یەکەم جار لە ساڵی هەشتاکانەوە درووستبووە. دەشڵێت، کورد ڕۆڵی هەبووە و ئێستاش ڕۆڵی خۆی هەیە لە دژی داعش و دژی تیرۆر. ئەگەر کورد نەبووایە کە لە دەوری سەرۆک بارزانی بوون، دەبوو تاوەکوو ئێستاش موسڵ لەژیر داگیرکاریی داعشدا بووایە.
سەرۆکی پێشووی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕووداو ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شتانەی کورد کردوونی بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستەکان هیچ کاتێک لە یادیان ناکەم، چونکە ئەوە هۆکار بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە مەترسیی ئەوان پارێزراو بێت.
هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی دۆستانەیان هەیە، فرانسوا ئۆلاند دەڵێت: کوردان هەموو کاتێک ویستوویانە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ فەرەنسادا هەبێت.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ فرانسو ئۆلاند
ڕووداو: حەزدەکەم یەکەم پرسیارم لەوەوە دەستپێبکەم کە پەیوەندیی بەڕێزتان لەگەڵ کورد چۆن درووستبوو و لە کوێوە دەستیپێکرد؟
فرانسوا ئۆلاند: لە ساڵی هەشتاکاندا لە ڕێگەی خانم دانیال میتەرانەوە بوو کە دەستپێشخەرییەک بۆ پێشوازی لەو کوردانە کرا، کە ڕووبەڕووی توندوتیژیی و هێرش دەبوونەوە، لە هەرێمەکەی خۆمدا منیش پێشوازیم لە کورد کرد، کە دواتر زۆرینەیان بوونە هاووڵاتی فەرەنسا؛ دواتریش وەکوو سەرۆککۆمار من پشتیوانی فەرەنسام بۆ کورد ڕاگەیاند، کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی ببوونەوە.
ڕووداو: هەمیشە گەلی فەرەنسی و سەرکردەکانی فەرەنسا پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبووە، دەمەوێت بزانم هۆکاری ئەوە چییە؟
فرانسوا ئۆلاند: زۆربەی کات کورد ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، هەندێک جاریش کۆمەڵکوژکراون، فەرەنسا هەموو کاتێک پشتیوانیی ئەو گەلانە دەکات کە بەهۆی ناسنامەیانەوە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، ئەوە نەریتێکی فەرەنسایە، سەرەڕای ئەوانەش کوردان هەموو کاتێک ویستوویانە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ فەرەنسادا هەبێت.
ڕووداو: بەڕێز هۆلاند دەمەوێت بزانم فەرەنسا چۆن دەتوانێت هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات؟
فرانسوا ئۆلاند: دەبێت فەرەنسا هەمووکات ئەوانە قبووڵ نەکات لە ئێران ڕوو دەدەن کە نەک تەنیا لە دژی ژنانن، لە دژی کەمینەکانیشن، هەروەها نابێت ئێمە قبووڵی بکەین کە سووریا کورد بچەوسێنێتەوە، هەتا هەندێک جار شەڕی ناسنامەشیان دەکرێت لەلایەن ئەردۆغانەوە. لە ئێراقیش دەبێت هەمووکات گرنگی بەوە بدەین کە کوردستان پێگەی خۆی بە تەواویی هەبێت لەو وڵاتەدا کە ناوی ئێراقە، بۆ ئەوەی کوردستان ڕۆڵێکی تایبەتی تێدا بگێڕێت.
ڕووداو: بەڕێزتان لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازیتان لە پێشمەرگە و شەڕڤانانی هەسەدە کرد، ئێوە ڕۆڵی کورد لە شەڕی دژی داعش چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
فرانسوا ئۆلاند: بە خۆشحاڵییەوە کورد ڕۆڵی هەبووە و ئێستاش ڕۆڵی خۆی هەیە لە دژی داعش و دژی تیرۆر. ئەگەر کورد نەبووایە کە لە دەوری سەرۆک بارزانی بوون، دەبوو تاوەکوو ئێستاش موسڵ لەژێر داگیرکاریی داعشدا بووایە. لە سووریاش کورد نەبووایە ئێمە نەماندەتوانی هەموو ئەو شارانە ڕزگار بکەین کە دەوڵەتی ئیسلامی داگیری کردبوون. هەروەها ئەو شتانەی کورد کردوونی بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستەکان هیچ کاتێک لە یادیان ناکەم، چونکە ئەوە هۆکار بوو کە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی لە مەترسیی ئەوان پارێزراو بێت.
ڕووداو: ئێوە ئاییندەی کورد لە سووریا چۆن دەبینن؟
فرانسوا ئۆلاند: من باوەڕێکی زۆرم بەوان هەیە، چونکە کوردەکان ئازاو بوێرین و خاوەنی پرەنسیپن و ڕێز لە بەهاکانیان دەگرن، بەتایبەت لەبارەی ژنانەوە. من هیچ کاتێک لەیادی ناکەم کاتێک کە سەرۆککۆمار بووم پێشوازیم لە چەند ژنێکی کورد کرد، کە لە ڕیزی پێشەوەی شەڕدابوون کاتێک شەڕی دژی داعش هەبوو.
ڕووداو: ئەو کاتەی ئێوە کوردتان ناسی، دۆخی کورد زۆر خراپ بوو، ئەی ئێستا دۆخی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
فرانسوا ئۆلاند: هێشتا ئاستەنگی هەیە، لە سووریا ئێستاش کورد ڕووبەڕووی هێرشی میلشیاکانی تورکیا دەبێتەوە، لە ئێرانیش وەکوو ئێوە باستان کرد ئێستاش بەشێک لە دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی هێرشی ڕژێمەکە دەبنەوە، بۆیە دەبێت پشتیوانی بەردەوام بێ، ئەمەش ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیەیە کە ئێستا من تێیدا بەشداریی دەکەم.[1]