ناونیشانی بابەت: لە شەقراوە لۆ نەمسای بەشی چوارم
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
$بە سێ کەسان یەک بەتانی!$
ژیانی بەغدایێ، لۆ من ژیانەکی تازە بوو، دوور لە نازی باب و داکت وەکوو تەلەبەکی 19 ساری بێ ئیش و بێ معاش، بێ جێ و ڕێ، دەبوو ئیعتمادی لەسەر خۆ بکەم و شەش ساری مەعهەدیش بەو نەوعەی بەڕێ بکەم و بەمە سەرێ، بابمان ئیمکانییەتی یەکەکی نەبوو، هەنکە بوونە دوو! لە فەقیریان نانی سبەینان و نیوڕانانم دەکردە یەک جەم!
ئەمە جەماعەتی (فۆگە) ی بووین، مەرەگە لەسەر برنجی بە 60 فلسی بوو، ئەوی دی (بسەفە) ، برنج لە تەنیشت مەرەگەی بە 210 فلسی بوو، لۆ مە گران بوو دەری نەدەینا، باسی قۆزی و مریشک لەسەر برنج و کەباب و تکەی هەر مەکە، بەس لە خەونێ دەندیت! بەس باش بوو ئەو وەختی گۆشتیان لەناو مەرەگەی دادەنا و ئەگەر بەختت هەبا، ئەوە لەگەر (فۆگە) ی پشکە گۆشتەکت بەبەرەکەت.
نازانم کێ پێی گۆتم، لۆ ناچییە ئیزاعەی ئیشەکت بدەنێ؟ ئەمنیش گۆتم وەلا فیکرەکی باشە، بەرکو پڕۆگرامەکم لەسەر مۆسیقای بدەنێ. هەر لۆ هەندێش چوومە ئیزاعەی گۆتم، حەزم لێیە مدیری ببینم، کابرایەکی کوردی بادینانی بوو، هەتا برێی پیاوەکی توند و بەعسیەکی زۆر پیس بوو، هەر دەریکردم!
نایێتۆ بیرم، کو فیکرم لە بن ئامۆزایەکی خۆ کردۆ، ڕەحمەتی نەریمان بەکر سامی کە لە کولیەی ئەرکان مامەستا بوو، گەیشتە ڕوتبەکی زۆر گەورە (لیوا ڕوکن) ، مەعەلئەسەف لە شەڕی ئێراق و ئێران بە دیل گیرا، کوڕی عەمیدی عەسکەری موتەقاعید و مەشهووری کورد ڕەحمەتی بەکر سامی خۆشناو بوو، ناویان بەخێر و خوا عەفویان کا، هەنگی لە بەغدایێ دەژیان.
ڕۆژەکی چوومە ماریان و زۆر ڕێزیەگرتم و کەیفی بە من دەهات، لەسەر ئەو مەوزووعەی قسەم لەگەری کرد، لە منی پرسی و گۆتی: مدیری ئیزاعەی کوردی، ئەوەی چویە کنی ناوی چییە؟ گۆتم ناوی (عەبدولئیلاە حەجی مووسا) یە وتی: وابزانم لە گەر نەریمانی کوڕم زابتی ئیحتیات بوو، ئەمن لەگەر نەریمانی قسەیەکەم، تەلەفۆنی لۆ بکا و تەوسیەی بکا.
ئەمنیش زۆر خۆشحار بووم و پێم گۆت: ئەمن کەنگی بچمە کنی لە ئیزاعەی؟ گۆتی: ئەمن خەبەرتەدەمێ! پاش حەفتەکی خەبەری دامێ کە بچمە کنی و گۆتی: وابزانم ئەوجارە بە دەست بەتاریت نانێرتۆ! چوومە کنی و دیتم بڕەک نەرم بووە، بەران هێشتا هەر غەزەبی لێەباری، بە ڕاستیش پیاو لێدێترسا!
لێی پرسیم: ئەتو پێشتر هیچ ئیشەکت کردیە؟ ئەمنیش گۆتم ئەمن هەر مۆسیقام لێدایە، هیچ ئیشیدکەم نەکردیە باشە موشکیلە نییە، هەڕوە مارێ و فکر لە بەڕنامەجەکی تەڕفیهی بکەوە لۆ محەتەی تەلەڤزیۆنی #کەرکووک#ێ* ئیحتاجیان بە پڕۆگرامی کوردی ئەوها هەیە گۆتم: سەرچاو قوربان، جەنابت ئەمرەکەی خواحافیزیم لێ کرد و ڕۆیشتم.
چومۆ مارێ، هەر فکرم کردۆ، هەر فکرم کردۆ، هەتا بەڕنامەجەکم لۆ خۆ حازر کرد بە ناوی (گرەوی نێوان دوو تیپ) * بە تەلەبەی مەعهەدیشم گۆت کە خۆیان حازر کەن (ڕەنجبەر و مەجید) یشان لەگەر بوون، زۆر سوئالم حازر کردبوون، موشکیلەی گەورەم جلک و بەرگ بوو کە دەبایە وەک و موقەدمی بەرنامەج قاتەکی جوان لەبەرکەم بەران نەمبوو، باش بوو برادەرەکی خۆم مساعەدەی کردم و قاتی برایەکی خۆی لۆ هینام، بەران بە دوو ڕەقەم لە من گچکەتر بوو، گەلەک تەسک بوو.
ڕۆژی مەوعیدی تەسجیلکردنێ، هەموو چووینە ئیزاعەی و پێشتر لەبۆم شەرح کردبوون بەڕنامەجەکە چییە و ئەوان ئەبی چ بکەن! بەشەرەک مساعدەی نەکردم و هەموو شتەکان دەبایە بەخۆ بکەم. دەبایە ئێکەک بەرنامەجەکە و ئەو ئەشیایەی پێم دەویست حازر کردبا! وەختی سوالم لە تەلەبەکان دەکرد، ڕەنجبەر و مەجید جوابی هەموو سوئالەکانیان دەزانی! زۆرم پێ عەنتیکە بوو، قەت نەمەزانی هەندە زیرەکن، دەرچوو قۆپیەیان کردبوو لەبەر ئەوەی ئەمە لە ئێک غورفەی بووین، بێ ئیزنی من، تەماشای شتێ منیان کردبوو، هەموو جوابی سوئالەکانیان دزیبوو!
هەر کوەکی بوو بەڕنامەجەکەم بەڕێوەچوو، لەگەر نوقسانیی زۆر، مدیر لە غورفەی موڕاقەبەی بوو، هەر سەری بادا! ئەگەر بێیە مافی، ئەوانی دیش، هەر وەکی من دەستیان پێکردیە، چەند حەڵقەکت دەوێ هەتا دێیە سەر سکە! هەرچەندە بەڕنامەجەکە لە محەتەی تەلەڤزیۆنی کەرکووکێ عەرز کرا، بەران مدیرەکە لێنەگەڕا هیچ حەڵقەی دی تەسجیل کەم. یەکەم: ئەمن زۆر گچکە بووم، عومرم 19 ساڵ بوو. دووەم: هیچ خیبرەم نەبوو، چونکە پێشتر شتی وام نەکردبوو یەکەم جارم بوو، ئەمن موتەئەکید بووم، ئەگەر مدیر لێگەڕابا، ئەوە بەڕنامەجەکە سەریەگرت و ناجیح دەبووم.
وەختی قیسمی داخلی بۆوە، ڕەنجبەر و مەجید غورفەکەیان چۆل کرد و ئەمنیش بە تەنێ مامەوە و، پارەکەشم پێ نادرا، مەجبوور مام چۆل کەم، بەران نەمدەزانی بچمە کێندەر؟ نە پارەم هەبوو، نە جێی نووستنێ، هەتا لە مەعڕەزەکی تڕومبێلان لە مەنتیقەی ڕەسافە ئیشەکم دیتۆ، چوومە ئوتێلی، بە ڕۆژێ کاتب بووم و بە شەوانێش حەڕەس! بەران پاش دوو حەفتەی بە هەنجەتی ئەوەی بازاڕی مەعڕەزی تڕومبێلان ئێواران گەرمە بی، دەریانکردم.
لە لایەکیدکە مەجالی تەمرینکردنم زۆر کەم بوو، لەجیاتی وەی عوودیان بە تۆبزی پێ لێدام! دوایێ لە جێیەکیدکە لە نزیک (ساحەی تەحریر) ئیشەکم دیتۆ وەکوو کاتب، کە ئەنواعی مەکینەی خانی درووستکردنیان بەکرێ ئەدا وەکی دەمپەر و خەباتە و شتیدکە، ئەو ئیشەش سەری نەگرت، هەم زەحمەت بوو هەم زۆر پیس بوو، لۆ تەلەبەکی مۆسیقای دەستی نەدەدا!
* محەتەی تەلەڤزیۆنی کەرکووکێ لەمێژ نەبوو کرابۆ، هەنگی بەڕنامەجی کوردی زۆر کەم بوون! پاش تەسجیلکردن ئەو بەڕنامەجە لەوێ عەرز کرا و خەرک دیتی و ئەمنیش لەگەر نوقسانی زۆریش (ناو و سوئالم لێ تێکەر ببوون) کەیفم بەخۆ هات، لە پێش کامیڕەی ڕاوەستی وەکوو موقەدیمی بەڕنامەجەکەی و عومریشت هەر 19 سار بی!
* گرەوی نێوان دوو تیپ موسابەقە بوو لە بەینی دوو فەریقی کوڕ و کچ کە تەلەبەی مەعهەد فنوون جەمیلە بوون، بەشدارییان تێدا کردبوو، سوئالیان لێ دەکرا و ئەوانیش جوابیان دەداوە، لۆ هەر جوابەکی ڕاست نوقتەیان وەرەگرت و لە ئاخیری کێهە فەریق نوقتەی زیاتری هەبا، ئەوە ئەو دەیبردەوە![1]