بەیادی (41) ساڵەی ماڵاوایی عەلی مەردان 1904 -1981
#ئامانج غازی#
لەحوجرەو تەکییەوە بۆ قاهیرە.
وەک پێداویستییەکی مێژوویی لە ڕۆژگارێکی تەماویدا دەرکەوتی.
بە هەموو پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی دەنگەوە، خۆتان سەرقافڵەی شارەزای مەقامات و پێرفۆڕمانسی گۆرانی و موزیکی کوردین.
لە ساڵی (1932) و لە تەمەنی (28) ساڵییەوە بەرەو قاهیرە بە ڕێکەوتن و وەک دەنگێکی ئەفسوناوی هۆڵی (یەکەمین کۆنگرەی مۆسیقای عەرەبی) تان هەژاند.
داهێنانی مەقامی هیجران، دەروازەیەکی گەورە بوو بۆ گەراندنەوەی هەیبەت و چۆنییەتی ئاداکردنی مەقامی بەیات.
لە ئێزگەی کوردی بەغدا بە درێژایی (42) ساڵ خزمەتێکی نەپساوە و ڕێنمایی دەیان دەنگبێژتان کرد کە چۆن بتوانن بە گەورەییەوە هەڵگری وشەی پیرۆزی (هونەرمەند) بن.
هەمیشە لە ململانێیەکی سەختی هونەریی و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری گەورە دابوون بۆ پاراستنی شێوە پێرفۆڕمانسی فۆرمەکانی (قەتار و ئەڵاوەیسی و خاوکەر و ئای ئای و نیوە شەو و خەناباد و دیوان) .
ئاهەنگەکانی وڵاتی (لوبنان) و تۆمارە دەنگیەکانی ڕادیۆی (کرماشان) ، گەنجینەی مانەوەی کیان و گیانی بەرزەفری هەر هەموومانن.
بۆ یەکەمین جار لە مێژووی چڕینی گۆرانی کوردیدا (تەجوید هونەری) باڵادەستی خۆی لەسەر دەست و قورگی زێڕینی ئێوەدا ئاشکرا کرد.
ئاواز و میلۆدیەکانت دەروازە و دەرگاکانی مۆرک و ئادای کوردی بۆ سەرجەم ئەو هونەرمەندانە واڵا کرد و بە ڕاشکاویش پێت وتن کە دەبێ لە نزیکترین دەرفەتدا لە ئاواز و ئادای عەرەبییەوە دووربکەونەوە!
کاتێ کە (مەحمود زامدار) ی خەمخۆری ئەدیب و نووسەر و هونەرمەندان لە سلێمانی کۆڕی ڕیزلێنانی بۆ بەڕێوەدەبردن، ئاپۆراو و حەشامەتی تامەزرۆیانی هونەرەکەت بە ئۆتۆمبێلیەوە لە بەردەم هۆڵی ڕۆشنبیرییەوە هەڵیانگرتی و لە باوەشییان گرتی.
کاتێ کە ئەم یادەوەری و هەناسە گەرمانە دەدەینە بەر ڕۆژگاری ئەمڕۆ لە جیاتی دەزگا بەرپرسەکانی هونەری لە کوردستان شەرم داماندەگرێ، کە بۆ تا ئێستا چینی هونەرمەندان و ئەدیبان و نووسەرانی خاوەن هەڵوێست ئاوا ژیان و ژیارییان بەڕێدەکەن؟. [1]
تێبینی:
لەدەرفەتێکی نزیکدا ئەو لێکۆڵینەوە هونەرییە زانستییە دەخەینە بەر دیدەتان کە کە ساڵی (2007) لەسەر گەورە هونەرمەندمان بڵاو کردۆتەوە.