کۆڵەگە هونەرییەکانی لێکۆڵینەوە لە موزیک و گۆرانی و فۆلکلۆریدا 01
#ئامانج غازی#
زانستی موزیکی بەراوردکاری (ethnomusicology) بەدوای ئەو بابەتە موزیکییە (خام) انە هەنگاو دەنێ کە کەوتوونەتە ژێر ئەو خاکەی کە بێبەزەییانە پەردەی ڕەشی بەسەردا داون و تەپ و تۆزی زەمانەی بێ ڕەحمیشی لەسەر نیشتوون. ئەم زانستە قووڵە دەگەڕێ و دەسووڕێ تا ئەو بابەتە هونەریانە کۆبکاتەوه و لە دوو توێی پەڕتووکێک یاخود لێکۆڵینەوەیەک بکرێن بە نۆتەی موزیک و ئینجا لێکۆڵینەوەی زانستی موزیکی لەسەر ئەنجام بدرێ، هەروەها دەستنیشانی ئەو پەیوەندییەش بکرێ کە لەگەڵأ کلتوورێکی زیندووی ولێتانی دراوسێ یاخود نزیک لە ئێمە دیبەستێتەوە. گەڕان بەدوای ناسنامەی موزیکی فۆلکلۆری شارەزاییەکی بێ هەژماری تیۆری و تەکنیکی و پراکتیکی، ( کۆرت زاکس) Kort Zak ی مێژووناس و موزیکناس پراکتیکی گەڕان بە دوای کۆکردنەوەی موزیک و گۆرانی فۆلکلۆری بۆ دوو قۆناغ دەستنیشان دەکات.
قۆناغی یەکەم: (مەسحی مەیدانی) کە لەنێو شارۆچکه و گوند و لادێ و دێهاتەکان ئەنجام دەدرێ، واتا ئەو شوێنانەی کە ددانی هاری تەکنەلۆژیای نەگەیشتوویەتێ و بە (Field Work) ناو دەبرێ.
قۆناغی دووەم: تەواوکەری قۆناغی یەکەمه و بە ئەنجام گەیاندنی کاری پراکتیکی و بەدواداچوونی دراوه و ئەو کردارەیە کە لە قۆناغی یەکەم ئەنجام دراوه و نووسینەوەی ئەو بابەتە هونەریانەیە بە زمانی موزیک واتا (نۆتە) ، ئینجا بنیاتنانی کارە هونەرییە زانست ئامێرەکانی ترە لە هاڕمۆنیا و شیکردنەوه و ناسینەوەی جۆری پەیژه و مازۆره و فرێس و بابەتەکانی تری هونەری پەیوەست بە بابەتە هونەرییەکه و بە (desk work) ناو دەبردرێ.
لەگەڵ بە ئاکام گەیشتنی هەردوو قۆناغی سەرەوە دەبێ کۆمەڵێک مەرجی سەرەتایی پراکتیکی و تیۆری لە خودی لێکۆڵینەوەدا هەبن تا بتوانێ مەرامە هونەرییەکان بخاتە باوەشی زانستی موزیکی بەراوردکاری.
پێویستە (لێکۆڵەر) مێژوو و ژیان و ژینگەی ئەو کەسانە دیاری بکات و شارەزاییەکی تەواویشی لەمەڕ ژیانی ڕۆژانەیاندا هەبێت، هەروەها دەبێ ئەو بابەتە ڕۆشنبیری و ئەدەبیانەی بەتەواوەتی هەزم کردبێ کە باس لە چیرۆک و داستان و ئەفسانەی فۆلکلۆری ئەو میللەتە یاخود ئەو کۆمەڵەیە دەکات تابتوانێ بابەتە ئەدەبییەکە بکاتە پاڵپشتێکی بەرجەستەکراو بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکەی.
ئەم شارەزایی بوونەش لەڕووی توێژینەوەی باری کۆمەلێدێتی ئەو کۆمەڵەیە هۆکار و فاکتەرێکی زۆر گرنگە تابتوانرێ حاڵەتە هونەرییەکانی پێ لغاو بکرێن و هەموو کات لەژێر دەسەڵاتی ژیری و هەستی مرۆڤدابن.
لە قۆناغی دووەمی لێکۆڵینەوەدا دەست دەکرێ بە نووسینەوەی ئەو ئاواز و میلۆدییە سەرەکیانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا تۆمارکراون، یاخود بەکامێرایەکی ڤیدیۆ تۆمارکراون. ئەگەر بەووردی لە ئەنجامدانی ئەم کارە ورد ببینەوە وەکوو نەشتەرگەرییەکی قوورسی میکانیزمی جەستەی مرۆڤە، ڕوودانی هەر هەڵەیەک بە کارەساتێک کۆتایی دێت و دەبێتە هۆی لە دەستدانی ڕۆحی پڕ میهری ئاوازێکی بێکەسی ئەو میللەتە بێ نیشتمانە.
گەڕان بەدوای کۆکردنەوەی خەرمانی گۆرانییە پەرت و بڵاوەکانی کورد پەیوەندییەکی گرنگ و نەپساوەی بە فاکتەری (زەمەن) واتا کات هەیە، چونکە گەڕانی یەک بەدوای یەکی گوند و لادێ و دێهاتەکان دەبێتە هۆی لەدەست نەدانی ئەو گۆرانیانەی کە لە سەرزاری خەڵکی ماونەتەوه و هەروەها پراکتیکی گەڕانی زۆر دەبێتە مایەی کۆکردنەوەی زۆرترین بەرهەمی (خام) بۆ دەستەبەرکردنی دەوڵەمەنترین ئەرشیفی زانست ئامێز لەنێو ئەو (4500) گوندە دڵڕفێنەی کوردستان و بە دەیان هەزار گۆرانی و بەدەسته و (بالۆره و لاوک و حەیران و قەتار و سیاچەمانه و هۆره و بەیات و خاوکەر و نیوەشەو و سەفەر) لەنێو دڵ و دەروون و ڕۆحە نەحەساوەکانی ڕۆڵەکانیدا پەنگی خواردۆتەوه و شەوانە ئەو ڕۆڵە بە ئەمەکانە بە شەماڵ و شنەبای بێگەرد و تۆزی جەستەی ئەو خاکە لەبیر کراوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە ئەمانەتەوە لە دۆڵ و گرد و شیو و چیا و خەرەند و گەری و چەم و ڕووبار بپەڕێننەوە ئەو شوێنانەی کە هەرگیز دانیان بە سنووری دەستکرد نەهێناوە،
هەمیشە ئەو گۆرانیانە کەوتوونەتە سروودی زیکر و پاڕانەوە بۆ ئەوەی وەچەی نوێ لە بیریان نەکەن و بە چاوێکی پڕ شکۆ سەیر بکرێن و لە مردنێکی حەتمیش ڕزگاریان ببێت.
بۆ ئەنجامدانی ئەرکی کۆکردنەوه و نووسینەوەی نۆتەی موزیکی هەر گۆرانییەکی فۆلکلۆری پێویستە ئاماژە بۆ کۆمەڵێک فاکتەری سەرەکی بکەین کە هەمیشە دەبنە ڕێنیشاندەری (گەڕۆک) ی ئەم بوارە قوورسەی کە مێژووی ڕەسەنایەتی زۆر بە پەرۆشەوە دەیانخاتە نێو باخەڵی گەرمی کەلەپوورەوە.
1- کۆکردنەوەی بابەتە هونەرییەکان (Collection) ، یەکەمین هەنگاو بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ پێویستی بە جورئەت و لە خۆبردووی مرۆڤ هەیە بەرانبەر بە ڕابردوویەکی دوورو پڕ لە ژان و ئازار و کۆکردنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانمان و بە هەمان شێوەش پێویستی بە مرۆڤێک هەیە کە بتوانێ دەست لە کارە پیشەییەکانی خۆی هەڵبگرێ و دەست لەملی چیا و دۆڵەکان بکات و قەدپاڵی چیاکان بکات بە سەرین و دەشت و هەردیش بەسەر خۆیەوه و ڕووباریش بکا بە قیبلەنما!
دیاریکردنی شوێن و کات، فاکتەری سەرەکی وەدەست هێنانی ئامانجی یەکەمە لەکارە هونەرییەکاندا بەپێی نەخشە دانانی پرۆگرامی کۆکردنەوە، شوێنەکان دابەش دەکرێنە سەر چوارلا (باکوور و باشوور، خۆراوا و خۆرهەڵات) هەریەکێ لەم شوێنانە خاسیەتی هونەری تایبەت بەخۆی لە هەگبەدایە، هەر یەکێکیش لەم شوێنانەدا گۆرانی جۆراوجۆری خۆی هەیە وەک (گۆرانی جوتیاران، گۆرانی کارکردن، گۆرانی منداڵان، گۆرانی سۆز و خۆشەویستی، گۆرانی بۆنە ئایینییەکان) هەنگاوێکی تر کە بەرەو ئاسۆی تۆمارکردن دەیهاویژرێ دەبێ له و کەسانە نزیک ببێتەوە کە خاوەن تەمەنێکی پڕ لە سەروەری و ڕابردوویەکی پڕ لە ژان و ئەشک و برسێتی و نەبوونی و ناهەموواری و ئازار و خەمن، ئەو جۆرە کەسانە هەرکە زانیان خەم دەبێتە میوانێکی ڕەزا قوورس بەسەریانەوە، ئیتر دەکەونە گۆرانی چڕین و ئەو هونەرە گەورەیە لە ئامێز دەگرن کە ڕاستەوخۆ حاڵەتەکانی نێو ناخ و دەروون و هەست و نەست دەجوڵێنێ و لەگەڵ عەقڵدا یاری بە چارەنووسی نادیاری دوا ڕۆژگاردا نەکا.
گرنگیدان بەمەسەلەی دەستنیشان کردنی بەسالێچووەکان له و ئامانجە نزیکمان دەکاتەوە کە مەبەست و مەراممانە بەتایبەتی ئافرەتەکان, چونکە ئەم ئافرەتە بەسالێچوانە کۆمەڵێک نموونەی زیندووی چاکیان لە گۆرانی و بەیت و یاری مندالێنه و قۆناغی هەرزەکاری و ژیانی خۆیان هەڵگرتووه و لەبیر و هەست و خەیاڵیان دەرنەچووە, چونکە ئەم ئافرەتانە کەمتر لە پیاوان تێکەڵی خەڵک و کۆمەڵگەی شارستانی بوونه و شتە دەماودەم و سەرزارەکییەکانیان دەقاودەق هەڵگرتووه و وەک فلاش باکێک هەرکاتێ بیانەوێ, ئەوا دەگەڕێنەوە نێو ناخ و کۆنارایی و بە ئەنجامی دەگەیەنن.
2- تۆمارکردنی گۆرانییەکان (Songs recording) لەم بوارەدا دەبێ لێکۆڵەر خاوەن عەقڵێکی پراکتیکی بێ لە بواری ناسینەوەی ئاواز و میلۆدییە فۆلکلۆرییەکان بۆ ئەوەی بتوانێ دەستنیشانی ئەو ئاوازانە بکات کە خاسیەتی هونەریی فۆلکلۆریان بەخۆوە هەڵگرتووه و هەروەها جیاشیان بکاتەوە له و ئاوازانەی کە بە میللی دەناسرێن یاخود هەڵنەگری خاسیەتەکانی ئەو بابەتانەن کە پێشتر باسمان لێوەکردن، ئەو کەلوپەلە هونەرییانەی کە دەبێ له و کردارە پراکتیکییە بوونیان هەبێ، ئامێری ڕیکۆردەرە، فۆرمێک تیایدا ئەم زانیارییە پێویستانەی تێدا بێت بۆ هەر گۆرانیبێژێک یاخود موزیکژەنێک کە بەشداری کردووە لە کارە هونەرییەکەدا.
(تەمەن، ڕەگەز) هەندێ زانیاری گرنگ دەربارەی ژیانی تایبەتی ئەو کەسە, چ جۆرە گۆرانییەک دەیجوڵێنی کامە جۆری گۆرانی زیاتر لە ناخیەوە نزیکە؟ ئایا دەتوانێ هیچ ئامێرێکی موزیک بژەنێ؟ ئەو گۆرانیانەی کە فێری بووە لەنێو ژینگەی خۆیدا گوێی لێ بووە یان لە شوێنێکی تر؟ دوای تۆمارکردنی ئەو هەموو زانیارییانە، لەگەڵ ئەمەشدا کۆمەڵێ زانیاری پێویستتر دەخرێتە سەر فۆرمەکە کە بریتین لە: ڕۆژ و شوێنی تۆمارکردن و ناونیشانی گۆرانییەکە، ئینجا کردارێکی تری زۆر گرنگ ئەنجام دەدەین ئەمیش: (دوای ئەوەی کە گۆرانییەکەمان تۆمارکرد دەنگی (لا- La) بە ئامێرێکی دەنگ چەسپاو وەک (Milodica) تۆمار دەکەین ئەم تۆمارکردنەش بۆ ئەوەیە کە دەنگی (بنەڕەت) ی (tonality) گۆرانیبێژ هەموو جارێک بناسینەوه و بەراوردی بکەین لەگەڵ دەنگی (لا) ی تۆمارکراو، هەروەها کە ویستمان گوێ له و گۆرانیانە بگرینەوە کە تۆمارمان کردوون بە ڕیکۆردەری دووەم تا چ ڕادەیەک لەرینەوەی دەنگی شیاوه و دەگونجێ لەگەڵ گوێگرتنمان لە گۆرانییەکە وەک ئەوەی کە لە ڕیکۆردەری یەکەم گوێمان لێی بوو ئەمیش بە گوێگرتنمان و لێدانەوەی دەنگی (لا) بۆ ئەوەی ئەو لەرینەوانەی بزانین و بەرواوردی بکەین لەگەڵ لەرینەوەکانی ڕیکۆردەری یەکەم بەمە لێکۆڵەر دەگاتە قەناعەتێکی هونەری چەسپاو کە کارەکەی بە ئەنجامێکی باش کۆتایی دێ، کەچی لە هەندێ حاڵەتی تردا لێکۆڵەر دەنگێکی شیاو و لەباردەبا بە گۆرانیبێژ تا بیکاتە سەرەتای دەستپێکردنی بۆ ئەوەی توانستی هونەری گۆرانیبێژەکە بخاتە بەر ڕۆشنایی ئەو میانە دەنگیانەی کە لەنێوان ئەو دەنگانەدا هەن، بە واتایەکی تر دەبی لێکۆڵەر دەرک به و حاڵەتە هونەرییە بکات و مەودای نێوان میانە دەنگییەکانی گۆرانیبێژ بناسێ بۆ ئەوەی نەکەوێتە نێو گێژاوی ئەو دەنگانەی کە دەبنە دەنگی خوازراو (الصوت المستعار) لەم حاڵەتەش بەدەر وابوو کە هەندێجار گۆرانیبێژێک گۆرانییەک له و گۆرانییە فۆلکلۆریانە بەچەند شێوەیەکی جیاواز لە گوتن و وێک چوونی (ئادا) بڵێت و له و حاڵەتەدا لێکۆڵەر هەموو بەشەکانی کە وێک دەچن لە گۆرانییەکە تۆماریان دەکات و لەئەنجامی شیکردنەوەی میانە دەنگییەکان و جۆری (ئادا) کە دەتوانێ ئەو گۆرانییە ڕەسەنە بناسێتەوە کە دایکی هەموو ئەو کۆرپانەی تر بووە کە پێش ئەنجامدانی ئەو کارە نامۆ بوو پێیان. دوا حاڵەتی هونەری لەم بوارەدا کە دەکەوێتە بەر ڕۆشنایی زانستی موزیک، تۆمارکردنی موزیکی ئامێرەکانە (Instrmental Music) ئەم کردارەش وا ئەنجام دەدرێ کە ژەنیاری ئامێرەکە (کۆک) ی (نصب) ئامێرەکەی لەسەر ئەو نۆتە بکات کە هەمووجار بەکاری دەهێنێت وەک ژێی (رێ) لە ئامێری ڤیۆلین. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!