دابەزینی شەکری خوێن بە ئاستی گلوکۆز لە خوێندا بە کەمتر لە 50 ملگم/لتر پێناسە دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لەسەر دەرکەوتنی نیشانەکانی و باری تەندرووستی کەسەکە وەستاوە، بۆ نموونە لە نەخۆشی شەکرە ناڕەحەتییەکانی دابەزینی شەکرەی خوێن لەوانەیە لە ئاستێکی بەرزتری شەکر ڕووبدات (واتە لەوانەیە شەکرەکەی لە 100 کەمتر بێت هەست بە نیشانەکان بکات).
دابەزینی شەکری خوێن حاڵەتێکی دەگمەن نییە، بەڵام زیاتر لە کەسانی بەساڵاچو و نەخۆشانی شەکرە پەیدادەبێت، دکتۆر داهات حەوێزی، پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە، نیشانەکان و مەترسییەکانی ئەم حاڵەتەی خستوەتەڕو.
نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بەپێی سەختی دابەزینی شەکرەی خوێن دەگۆڕێت، لە سەرەتای دابەزینەکە نەخۆشەکە هەست بە برسێتی و سەرئێشە و هێڵنج دەکات، توڕەبوون و دڵەکوتێ و دەست لەرزین و ئارەقەکردنەوەی زۆر نیشانەی تری حاڵەتەکەیە.
ئەگەر ئاستی دابەزینەکە زیاتر بێت، ئەوا هەست بە ڵێلبوونی بینین و بێهێزی و سەرگێژخواردن دەکات، ئەگەر ئەم حاڵەتە زوو چارەسەر نەکرا، ئەوا دابەزینی گلۆکۆز زۆر مەترسیدار دەبێ، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی گەشکە و بورانەوە و بێهۆش بوونی بکات، تەنانەت لەوانەیە کەسەکە گیانیش لەدەستبدات. [1]