ناونیشانی بابەت: لە ئێلی کۆهینەوە بۆ عەلی سومێدە؛ مۆساد لەناو جەرگەی حکومەتی سووریا و ئێراقدا
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
=KTML_Bold=لە میسرەوە بۆ ئەرجەنتین=KTML_End=
شاول و، سۆفی کۆهن لە شاری ئەسکەندەرییەی میسر دەژیان. کچێک و پێنج کوڕیان هەبوو. ساڵی (1924) منداڵێکی دیکەیان لەدایکبوو، ناویان نا “ئێلی شاول” جوندی کۆهن. ئێلی قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە خوێندنگەی فەرەنسی تەواوکرد. بۆ قۆناغی زانکۆش، چووە زانکۆی فاروق لە قاهیرە. بەڵام خانەوادەکەی لە (1957) لەدوای جەنگی کەنداوی سوێس بەرەو ئیسرائیل کۆچیانکرد. لەگەڵ خوشک و پێنج براکانی لە “بات یام” لە گەڕەکێکی دەرەوەی تەلئەبیب ئاکنجی بوون.
ئێلی زمانەکانی عەرەبی، فەرەنسی، ئینگلیزی و تەنانەت عیبری دەزانی، بۆیە یەکەم کارێک کە لە ئیسرائیل دەستیکەوت، وەرگێڕانی گۆڤارە هەفتانە و مانگانەکان بوو بۆ دەزگای “ئامان”، واتە دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیل. لەم کارەیدا زۆر بەردەوام بوو، دەزگاکە دەریانکردو پاشتر بووە ژمێریار لە کۆگایەک. دوای ماوەیەک ئامان جارێکی دیکە کۆهینیان وەرگرتەوە.
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بڕیاریاندا زانیاری لەبارەی توانا سەربازییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریاوە کۆبکەنەوە، چونکە سووریا هاوسنووری ئیسرائیلە. بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریادا کەڵک لە تواناکانی کۆهین وەربگرن. بۆ ئەو مەبەستەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی خۆی، چەندین خولیان بۆ کردەوە و فێری کلتورو شێوەزاری سوورییان کرد. لە یەکەم ئەزموونیشدا بڕیاریایدا ڕەوانەی ئەرژەنیتنی بکەن، چونکە لەوێ ڕەوەندێکی گەورەی سووری هەبوو.
کۆهین بە خێزانەکەی ڕاگەیاند بۆ کارێکی بازرگانی وڵاتەکەی بەجێدەهێڵێت. بەڵام مۆساد بە ناسنامەو پاسپۆرتێکی ساختە بەناوی کەمال ئەمین سابت ڕەوانەی ئەرژەنیتیان کرد. بەپێی ڕێنماییەکانی مۆساد، لەوێ خۆی وەکوو سەرمایەدار ناساند کە کاروباری هێنان و ناردن دەکات و سەریشی لە گواستنەوە و سەرمایەگوزاری دەردەچێ. پاشان سەردانی چێشتخانە عەرەبییەکان و یانە سیاسی و کولتوورییە عەرەبەکانی دەکرد، دەچووە ئەو سینەمایانەی کە فیلمی عەرەبیان نمایش دەکرد. باربووی بەخشندانەشی پێشکەشی فەندە خێرخوازەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی دەکرد.
=KTML_Bold=بەرەو پەرتی سێدارە=KTML_End=
دوای ماوەیەک مانەوە لە پایتەختی ئەرژەنیتین “کۆهین” توانی بە تەواوەتی جێگەی خۆی بکاتەوە و متمانەی چەندین کەسایەتی ناسراوی سووری بەدەستهێنا. بۆیە بەپێی ڕێنماییەکان بۆ ئامانجە سەرەکییەکەی بەرەو سووریا بەڕێکەوت. ئەوە بوو لە ساڵی (1962) گەیشتە سووریا و ڤێلایەکی کەشخەی لە گەڕەکی “ئەبو ڕامن”ی ڕاقی، لە نزیک بارەگای سەرەکی سوپای سووریا بەکرێگرت. خانووەکە لەنێو باڵوێزخانە بیانیەکان و خانووی بزنسمانە دەوڵەمەندەکاندا بوو. دوای شەش مانگ لە گەیشتنی بە دیمەشق، “کەمال” سابت بووە بیچمێکی ناسراو لەنێو کۆمەڵگە پلەباڵاکەی دیمەشقدا.
لە ماوەی مانەوەیدا لە سووریا، هێندەی جێگەی خۆی لەناو حکومەتی سووریادا کردەوە، بووە هاوڕێیەکی نزیکی سەرۆک وەزیران و سەردانی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی دەکرد و لە کۆبوونەوەکانی حزبی بەعسیشدا بەشداری دەکرد. ئەو هەتا ئەو ڕادەیە پێشکەوت کە سەرکردە بەعسییەکان دەیانویست لە کابینەی حکوومەتی داهاتوودا بیکەنە وەزیر. بەڵام دوای ئەوەی بەرپرسانی دیمەشق تێبینی ئەوە دەکەن کە زانیارییە نهێنییەکانیان دەگاتە میدیای ئیسرائیلی و بڵاودەکرێتەوە، بەدوای سەرچاوەکەیدا دەگەڕێن و سەرەنجام لە چواری یانیوەری (1965) دا، بەسەر شوقەکەی کۆهیندا دەدەن و دیمەشق بە فەرمی “گرتنی سیخوڕێکی گرنگی ئیسرائیلی” ڕادەگەیەنێت.
لە مانگەکانی نیسان و ئایاری (1965) دا، حکومەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی پارێزەرێکی فەرەنسیەوە سێ داواکاری پێشکەش بە حکومەتی سووریا دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی ئێلی نەکوژن. کە گرنگترینیان سەودایەک بوو ئیسرائیل بایی یەک ملیۆن دۆلار داودەرمان و ئامێری قوورسی کشتوکاڵی بداتە سووریا. یاخود دوازدە جاسووسی سووری بگێڕنەوە کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بوون. بەڵام سوورییەکان هەموو داواکانیان ڕەتکردەوە و لە بەرەبەیانی (19/ئایار/1965) دا کۆهینیان لەسێدارەدا. تەنانەت تەرمەکەشیان ڕەوانەی وڵاتەکەی نەکردەوە.
=KTML_Bold=تونسییەکی گوماناوی=KTML_End=
لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردودا، پیاوێکی تونسی لە ئێراقدا دەرکەوت و چەندین پۆستی جۆراوجۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراقدا وەرگرت. بەپێچەوانەی کۆهینەوە زانیاری زۆر لەبارەی ئەم کەسایەتییەوە لەبەردەستدا نییە. چونکە نە مۆساد باسی چالاکییەکانی دەکات، نە خۆشی ژیاننامەی خۆی نووسیوەتەوە، هێندە نەبێت کوڕەکەی بەسەرهاتی خۆی و کارکردنی بۆ مۆساد لە پەڕتووکێکدا بڵاوکردۆتەوە.
عەلی محەمەد سمێدە ساڵی (1935) لە تونس لەدایکبووە. لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردودا بە پاساوی ئەوەی ژیانی لە مەترسیدایە و نەیاری حکومەتی وڵاتەکەیەتی، سەرەتا ڕوودەکاتە فەرەنسا و پاشان دەچێتە سووریاو لەوێ دەگیرسێتەوە. لە سووریا دەبێتە ئەندامی حزبی بەعس و دەست بە کارکردن دەکات، بەڵام پاش ئەو دابەشبوونەی لەناو ئەو حزبەدا ڕوودەدات، ناوبراو سووریا بەرەو ئێراق جێدەهێڵێت. لە ئێراق سەرەتا خۆی بە جەزائیری دەناسێنێت. پاشان دەچێت لە زانکۆی بەغدا دەخوێنێ و لەگەڵ خانمێکی ئێراقیشدا هاوسەرگیری دەکات.
ئەم کەسایەتییە گوماناوی و پڕ لە ڕەمزو ڕازە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا دێتە ئێراق. لەو کاتەدا “عەبدولڕەحمان عارف” سەرۆکی ئێراق و “تاهیر یەحیا” سەرۆک وەزیران دەبێت. یەکەم کار، کە لە ئێراقدا وەریدەگرێت چاودێریکردنی چاپەمەنیەکان دەبێت بە سەرپەرشتی هەواڵگری سەربازی. لەوکاتەدا سومێدە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کەسێکی تونسیە و لەلایەن حەبیب بۆڕەقیبەی سەرۆکی وڵاتەکەیەوە فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوە.
ئەوەی زیاتر گومان و پرسیارەکان دەوروژێنێت ئەوەیە؛ ئەبولقاسم محەمەد کەڕو کە بەرپرسی ڕێکخستنەکانی بەعس بووە لە تونس بەدرێژایی ماوەی ساڵانی (1955 – 1987) لە بیرەوەرییەکانیدا ناوی سومێدە ناهێنێت وەکوو ئەندامێکی دیار، تەنانەت ئەوەش ڕەتدەکاتەوە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بۆرقێبەدا هیچ کەسێک لەسەر بەعسیبوون سزای لەسێدارەدانی بە ئامادەبوونی خۆی یان بە غیابی بۆ دەرچوبێت و دەڵێت؛ بەدرێژایی ئەو ماوەیەی من بەرپرسی بەعس بووم لە تونس هیچ حاڵەتێکی لەسێدارەدان نەبووە.
=KTML_Bold=کارو پۆستە جیاوازەکانی سومێدە=KTML_End=
نووسەر و سیاسەتڤانی ئێراقی “تاڵب ئەلحەسەن” کە خاوەنی پێنج پەڕتووکە لەبارەی حزبی بەعسەوە، دەڵێت؛ پرسیارو گومانی زۆر لەبارەی عەلی سومێدە هەیە، ئایا ناوی یەکەمی “عەلی سومێدەیە”؟ ئایا ئەمە ناوێکی ڕاستەقینەیە یان خوازراوە؟ ئایا موسڵمانە یان نا؟ هەرچەندە ناوەکەی ئاماژەیە بۆ موسڵمان بوونی؟ ئایا تونسیە یان کەسایەتییەکی جوولەکەیەو بەم ناوە هاتۆتە ئێراقەوە؟
سەرباری هەموو ئەو گومان و پرسیارانە، “عەلی” پەیوەندییەکی بەتین لەگەڵ هەندێک لە سەرکردەکانی حزبی بەعس درووستدەکات. هێندە دەبێتە جێگەی متمانەیان، لەدوای کودەتای تەممموزی (1968) دەکرێتە بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنی ئێراق. واتە تەواوی ڕۆژنامە و چاپکراو و فەرمانگەکانی چاودێری و پەیوەندییە دەرەکیەکان لەژێر دەستیدا بوو. ئەو هەرچەندە بەڕێوەبەری گشتی بوو، بەڵام پێگەیەکی هێندە بەهێزی هەبوو “حامید عەلوان” جبوری وەزیری ڕاگەیاندن لێی دەترسا، بە ئاشکرا سووکایەتی پێدەکرد و تەنانەت هەندێک لە ئەندامانی حزبیش لە تانە و تەشەرەکانی دەربازیان نەدەبوو، ڕێکخراوە حزبیەکان هەزار حسابیان بۆ دەکرد. چونکە پەیوەست بوو بە سەرکردایەتی نەتەوەییەوە. تاڵب ئەلحەسەن وادەڵێت.
دوای ماوەیەک کارکردنی لە میدیادا “عەلی” ڕوودەکاتە کاری دیبلۆماسی. لەو چوارچێوەیەدا دەبێتە باڵێوزی ئێراق لە پۆڵەنداو فلیپین، پاشان دەکرێتە یاریدەدەری باڵێوز “عیسمەت کەتانی” نوێنەری هەمیشەیی ئێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان. دوای ئەوەی موخابەراتی ئێراق ئاشکرای کرد عەلی و حسێنی کوڕی بوونەتە سیخوڕ و لە بەرژەوەندی نەیارانی ئێراق کاریان کردووە، جارێکی دیکە بە ئێراقدا نەهاتنەوەو بەرەو کەنەدا هەڵاتن.
بەدەر لە موخابەراتی ئێراقی دوو باڵێوزی ئەو دەمەی ئێراقیش دانیان بەوەدانا کە “سومێد”ە سیخوڕی ئیسرائیل بووە. هەرچەندە بەعسی ئێراق کە شانازی بە ڕێکخستنە پۆڵایینەکانی هەواڵگرییەوە دەکرد، بەڵام لەلایەن مۆسادەوە لە ڕێگەی “عەلی سومێد”ەوە توانی ئەو دیوارە ببڕێت. تەنیا جیاوازی سومێدە و کۆهین ئەوەیە، حزبی بەعسی ئێراق ئەم بابەتەی داپۆشی و لە ڕای گشتی ئێراقی شاردەوەو
باڵێوز “عەبدولمەلیک ئەحمەد یاسین” لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت؛ عەلی سومێدەی هاووڵاتی تونسی کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەندامی حزبی بەعسە، توانی چەند پۆستێک وەربگرێت وەکوو باڵێوز لە پۆڵەنداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان. وەلێ دەرکەوت خۆی و کوڕەکەی کە فەرمانبەر بوو لە وەزارەتی دەرەوە، پەیوەندییان بە هەواڵگری ئیسرائیل “مۆساد”ەوە هەبووە.
دوای ساڵانێک لە ونبوون و بێدەنگی، کارۆل جیرۆمی نووسەر ساڵی (1991) بە زمانی ئینگلیزی لە کەنەداو ئەمەریکا پەڕتووکێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی “بازنەی ترس”. لەو پەڕتووکەدا حەسەنی کوڕی “عەلی سمێد”ە بەسەرهاتی خۆی و باوکی دەگێڕێتەوە، لە لاپەڕە حەوتدا دەڵێت؛ دوای ئەوەی لەبارەی سیخوڕی ئیسرائیلی کۆهین خوێندمەوە، سەرسامی بووم و ئارەزوم دەکرد باوکی من بوایە. بۆیە منیش پەیوەندیم بە باڵێوزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن کردو لەوێوە دەستمکرد بە کارکردن لەگەڵیاندا.
ساڵی ( 2018) جارێکی دیکە بابەتی “حسێن سومێد”ە هاتەوە بەر باس. چونکە دادگای شاری ئۆتاوای کەنەدا بڕیاریدا حسێن ڕەوانەی تونس بکرێتەوە، بەو پێیەی ژیانی لەو وڵاتەدا لە مەترسیدا نییە. دادگاکە ڕایگەیاند ناوبراو ساڵی (1990) هاتۆتە کەنەدا، ساڵی (2005) ڕەوانەی وڵاتەکەی کراوەتەوە. بەڵام ساڵی دواتر بە ناسنامەیەکی ساختە و لە ڕێگەی ئەمستەردامەوە گەڕاوەتەوە تۆرەنتۆ. لەلایەن خۆیەوە حکومەتی تونس ڕایگەیاند هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەو هاووڵاتییەیاندا نییەو دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ تونس.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
یەکەم: میخائیل بار زۆهارو نەسیم میشال: کردە هەرە گرنگەکانی مۆساد، وەرگێڕانی: شەفیق حاجی خدر.
دووەم: تاڵب ئەلحەسەن: بعث العراق فی ظل قادتە من الکرد المستعربین. چاپی یەکەم، 2015، بەغدا.
سێیەم: ماڵپەڕی ئۆڵترا تونسیا.
چوارەم: ماڵپەڕی دیوان العرب. [1]