ناونیشانی بابەت: شەبەک
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
شەبەک پێکهاتەیەکی ئایینی ئاڵۆزیان لەنێوان مەزهەبی سوننە و شیعەی ئیسلامی و کریستیان و کاکەییدا هەیە، بەزۆری لە گوند و شارۆچکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی موسڵ دەژین، بەپێی ئامارە نا-فەرمییەکان ژمارەیان بە نزیکەی (300) هەزار کەس دەخەمڵێنرێت. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ساڵی (2003) تا ئێستا، بەهۆی پەلامارەکانی ڕێکخراوەکانی قاعیدە و داعشەوە زیاتر لە دوو هەزار کەسیان لێکوژراوە.
ئەم گرووپە بەوردی مێژووی سەرهەڵدان و چۆنێتی دەرکەوتنیان دیار نییە، چونکە بەهۆی ستەم و جەوری زەمانە و چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی بیروباوەڕیان، سەرچاوەکانیان شێوێنراوە و ون بووە. ئەو زانیارییانەشی لەبەردەستدان جەخت لەوە دەکەنەوە کە گرووپێکی کۆنی کوردن و خاوەنی بیروبۆچوونی تایبەت بە خۆیانن و مێژووییەکی دورو درێژیان هەیە. بە نموونە ساڵی (1919) قوتابخانەیەکی کوردی تایبەت بەتایەفەی شەبەک لە گوندی گوگجەلی نزیک موسڵ کراوەتەوە.
ئەو سەرچاوە کوردی و ئیسلامییانەی باسیان لە ڕەگوریشەی شەبەک کردووە، ڕوونیدەکەنەوە ڕێورچەی شەبەکەکان لەسەر ڕێبازی (شێخ سەفی – سافی)یە و زمانی شەبەک (ماچۆ)یە، کە دیالیکتێکە لە (گۆران)ی زمانی کوردی چەشنی (هەورامی، زەنگنە، کاکەیی). لە “دائرە المعارف الاسلامیە”دا دەڵێت: ژمارەیان بەگوێرەی مەزەندەی کاربەدەستانی ئینگلیز دە هەزار کەس دەبێ و لە لیوای موسڵ دەژین.
مێژوونووسی ئێراقی د.شاکر خەسباک، باس لەوەدەکات ئایینی شەبەکەکان بەهۆی نهێنی ڕاگرتنی، تەمومژ دایپۆشیوە و بە موسڵمانی تووندڕە و دەژمێردرێن، بەهۆی ئەو پیرۆزی تەماشاکردنەی بەرانبەر بە ئیمامی عەلی و نەوەکانی هەیانە. وەکوو کریستیانیەکان بە بۆنەی سەری ساڵەوە ئاهەنگ دەگێڕن و دەچنە لای پیران بۆ لێخۆشبوون لەگوناهەکانیان، جلوبەرگیان لە شێوەی بەرگی کریستیانیەکانە و لە (25) گوندی موسڵدا بڵاوبوونەتەوە.
مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی نووسەر لەبارەی شەبەکەکانەوە ئاماژە بەوەدەکات پەڕتووکە پیرۆزە ئایینیەکەیان بە گۆرانی نووسراوە، بە شێوە زاری گۆرانی تەلقینی مردوو دەکەن، لەبنەڕەتدا کاکەین، بەڵام هاوسێتی قزڵباشانیان کردووە و کاریگەریی مەزهەبی جەعفەریان لەسەرە.
چین و توێژەکانی شەبەک پێکهاتوون لە (پیران، سۆفیان، تاڵیبان، عامیان). پیران هەموو شتێکیان بەدەستە و خاوەن مەقام و بڕیارە ئایینییەکانن، سۆفیان ئەوانەن بەشداری کۆبوونەوەکان دەکەن و زۆرجاریش وەعز بۆ خەڵکی دادەن، تاڵیبان ئەوانەن دەبنە موریدێکی ڕاستەقینە و عامیانیش هەموو ئەو خەڵکە دەگرێتەوە کە لە دەستەی پیران و سۆفیان نەبن.
هەروەکوو گرووپە ئایینییە باتنییەکانی کوردستان، شەبەک بیروباوەڕی هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعەی تێکەوتووە، بەڵام وادیارە کاریگەریی ئال بەیتیان زیاتر لەسەرە و خۆیان بە عەلەوی باتنی دەنوێنن، ڕەنگە بۆچونیان لەگەڵ شیعەی دوانزە ئیمامی لە زۆر شتدا جیاوازبێ، لەوانەشە نەگەڕێنەوە بۆ پیاوانی ئایینی نەجەف. چونکە مەڵبەندی مەرجەعییەتی مەزهەبی شیعە لای شەبەک گوندی دراوجە کە عەرەبەکان پێی دەڵێن (دەراویش) و لەلایەن (پیر)ەوە بەڕێوەدەبرێت، کە دەسەڵاتی ئایینی و دنیایی خۆی لەسەر سستمێکی تێکەڵاو لە ڕێنماییەکانی ئابرێشیاتی کریستیان و پەرستگای یەزیدییەکان ڕێکخستوە، بەڵام مۆرکێکی سەربەخۆی پێوە دیارە. شەبەکەکان بڕوایان زۆر بە ئیمامی عەلی چوارەم خەلیفەی موسڵمانان قایمە.
سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری شەبەک سالم جومعە، ڕایدەگەیەنێت لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی (2003) و دەرکەوتنی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە، بەهۆی پەلامارەکانی ئەو گرووپانەوە (1232) هاووڵاتی شەبەک کوژراون. خوێناویترین پەلاماری ئەو گرووپانەش لە مانگی ئەیلولی (2009) دا ڕوویدا، بەهۆی تەقینەوەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو لە گوندی خەزنە، کە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە پەنجا کەس و خاپوورکردنی حەفتا خانوو.
دوای دەرکەوتنی گرووپی داعش لە حوزەیرانی (2014) و کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ و چەندین ناوچەی دیکەی ئێراق، شەبەکەکانیش کەوتنە بەر پەلاماری ئەو تاقمە، بە جۆرێک بیست گوندی شەبەک نشین خانووەکانی لەگەڵ زەویدا یەکسان کرا، جگە لەوەی تا ئێستا چارەنووسی (233) هاووڵاتی شەبەک کە لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون، نادیارە. سالم شەبەک دەڵێت: بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی قاعیدە و داعشەوە (2300) هاووڵاتی شەبەک کوژراون.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1. هاشم عاسی کاکەیی: شەبەک لەنێوان ئایین و نەتەوەدا، لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک، چاپی یەکەم، 2010.
2. ماڵپەڕی بی بی سی عەرەبی.
3. ماڵپەڕی باسنیوز. [1]