ناونیشانی بابەت: نەریتی ئایینی کریستیانیەکانی دیانا بۆ جەژنی قیامە (جەژنی ئیستەر- Easter )
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
ڕۆژی یەکشەممە 9ی 4ی 2023، هاوکاتە لەگەڵ جەژنی قیامەی کریستیان و کرستیانەکان. کچە چالاکوانێکی کریستیانیەکانی دیاناش دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان بابەتی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکان زۆر گرنگیی پێ دراوە، ڕێز لە گشت پێکهاتە و ئایین و نەتەوەکان وەک یەک دەگرن و ڕێگەیان داوە هەمووان بە ئازادانە یادی جەژن و بۆنەکانیان بکەنەوە.
ئاشوورینا ئەدوارد ڕیحانە، چالاکوانی کریستیانی دیانا، لە سنووری شارۆچکەی سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: ”لەناو ئێمەی کریستیانیەکان، هاوشێوەی هەموو ئایینەکان، چەند جەژنێکی تایبەتمان هەیە و ساڵانە لە ڕێگەی مەراسیمی جیاواز و ڕێکخراو یادی دەکەینەوە، جەژنی قیامەی مەسیح، یاخود جەژنی ئیستەر، بە گەورەترین جەژنی ئێمەی کریستیانەکان دادەنرێ، لەم جەژنەدا هێلکە وەک ڕەمزی ژیان و نوێبوونەوە ڕەنگ دەکەین و هێمای جەژنی ئێمەیە، هێلکە وەک دەستپێکێکی نوێی ژیان و دووبارە لەدایکبوونەوەی هەموو بوونەوەرێک، کە سەرەتا لە هێلکەیەکەوە دەست پێ دەکات، هێلکەکان بە بۆیەی ڕەنگاوڕەنگ دەنەخشێنین، ئەمە پەیوەندیی بە سرووشتیشەوە هەیە، کە لە وەرزی نوێبوونەوەی ڕەنگەکانی سرووشت، لە بەهاردا، ئەم ڕەنگانە لە ڕێگەی گوڵ و گوڵزار و دار و درەخت و گیاکان دەنەخشێنێ، تاکوو سێ ڕۆژ ئێمە ئەو جەژنە یاد دەکەینەوە و کوڕ و کچ و گەنج و پیر و منداڵەکان گشتیان بەتامەزرۆیی یادی ئەو جەژنە دەکەینەوە.
ئەو کچە چالاکوانەی کریستیانیەکانی دیانا، دەشڵێت: ”لە کوردستان بابەتی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکان زۆر گرنگیی پێ دراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵیەتی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، وەک یەک ڕێز لە گشت پێکهاتە و ئایین و نەتەوەکان دەگرن و ڕێگەیان داوە هەمووان بەئازادی و سەربەستیی خۆیان یادی جەژن و بۆنەکانیان بکەنەوە، ئێمەی کریستیان بۆ هەزاران ساڵە لەگەڵ موسڵمانان و ئایین و پێکهاتەکانی دیکە لە دەڤەری سۆران پێکەوە ژیاوین، خۆشبەختانە هیچ کات کێشە و گیروگرفت لەسەر ئاستی نەتەوە و ئایین ڕووبەڕوومان نەبووەتەوە، ڕەنگە لەسەر ئاستی کەسی شتگەلێک کرابێت، بەڵام خۆشبەختانە وەک نەتەوە و ئایین هیچ کێشەیەکمان نەبووە، بۆیە باوەڕی تەواومان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە و ڕێز لە بیروڕای هەموو ئەوانەی دەوروبەرمان دەگرین.
ئاشوورینا وتیشی: ”کریستیانیەکان شان بە شانی کوردەکان لە #کوردستان# بوونە لە شۆڕش و خەبات دژی ستەم و زۆرداری، کە چەندین کەسایەتیی دیاری کریستیان لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕەشدا بوونە، هەروەها ئەوە دووپات دەکەینەوە، کە ئێمە خۆمان بە بەشێک لە خەم و ئازاری گشت نەتەوەکان دەزانین، پێشمان وایە تەنیا ئاشتی دەتوانێ ژیانێکی خۆش بۆ نەوەکانمان دابین بکات.
لە کۆتاییدا، وتیشی: ”بە بۆنەی جەژنی قیامە پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هەموو گەلانی جیهان و کریستیانیەکانی جیهان بە گشت پێکهاتە و جیاوازییەکان دەکەم، هەروەها پیرۆزبایی لە گشت گەلانی ئێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم.“[1]