ناونیشانی بابەت: سەربردەی خەباتی ئاشتیخوازانەی ئەمازیغەکانی
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
“ئەمازیغەکان” کەمتر پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی چەک، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەکاتی داواکردنی مافی ئۆتۆنۆمی و پێداگریکردنیان لەسەر چڕکردنەوەی ستراتیژی داخستنی دامودەزگاکانی نەوت و، غاز و، دەروازە سنوورییەکان، لەبەرانبەر دەسەڵاتی ناوەندی بەشێوەیەکی زیاتر پەنا ببنە بەر بەکارهێنانی چەک.
توێژەرێک وادەڵێت. پەڕتووکی جووڵانەوەی (ئەمازیغی و دینامیکیای ژیانی سیاسی لیبیا) ، “بیلال عەبدوڵڵا” نووسیویەتی و “سابیر عەبدوڵڵا کەریم” کردویەتی بە کوردی، دەزگای ئایدیا لەدو توێی (86) لاپەڕەدا بڵاویکردۆتەوە. پەڕتووکەکە تایبەتە بە باسکردنی ڕۆڵی ئەمازیغەکان لە قۆناغی پێش و پاش شۆڕشی خەڵکی لیبیا دژ بە دەسەڵاتی “موعەممەر قەزافی”.
=KTML_Bold=ئەمازیغەکان کێن؟=KTML_End=
بەدرێژایی مێژوو؛ چەندین ناو بۆ ئەمازیغەکان بەکارهێنراوە، وەکو: بەربەر، لۆبییەکان، نۆمیدییەکان و ئەفریقییەکان. لەئێستادا ناوی ئەمازیغەکان یان بەربەرەکان لە هەموو ناوەکانی تر زیاتر بەکاردەهێنرێت. ئەمازیغەکانی لیبیا دابەشبوون لەنێوان ئەمازیغەکانی چیاو کەنار دەریا لە باکووری خۆراواو تەواریقەکان لە ناوچەکانی خۆراواو باشووری لیبیا. تەواریقەکان لەنزیکی سنوورەکانی دەوڵەتانی لیبیا، مالی، نەیجەر، جەزائیرو بۆرکینا فاسۆ بڵاوبوونەتەوە، تاکی تەواریقی لیبیایی لەڕوی پەیوەندییەوە لە تەواریقەکانی ناو وڵاتەکانی تر نزیکترە، بە بەراورد بە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمازیغەکانی لیبیا. هەرچی ئەمازیغەکانە بەزۆری لە ناوچەکانی باکووری خۆراوای لیبیا نیشتەحێبوون و بەسەر چەندین خێڵدا دابەشبوون، ڕەنگە هەر ئەوەش وایکردبێ ڕێژەی ئەمازیغەکان بە (5% تا 10%) کۆی دانیشتووانی لیبیا دابنرێت، ڕێژەی (5%) باسی ئەمازیغەکانی چیا لە ناوچەی باکووری خۆراوا دەکات، بەڵام ڕێژەی (10%) ئەمازیغەکان و تەواریقەکانی پێکەوە کۆکردووەتەوە. بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی (2010) ئەمازیغەکان لە لیبیا شەش ملیۆن کەس زیاترن. زۆربەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی لیبیا موسڵمانن و شوێنکەوتەی مەزهەبی (مالیکی) ین، بەڵام ئەمازیغییەکان زۆرینەیان شوێنکەوتەی مەزهەبی ئەبازیین.
=KTML_Bold=ئەمازیغ لە ئەفریقیا=KTML_End=
“ئەمازیغەکان” تەنیا لە لیبیا نین، بەڵکوو لە مەغریب و جەزائیریش هەن. ئەمازیغەکانی جەزائیر هاوشانی عەرەبەکان بەرەنگاری کۆلۆنیالی فەڕەنسی بوونەوە، بەڵام دوای سەربەخۆیی عەرەبەکان تاکڕەوانە حوکمیان کردو سیاسەتی بەعەرەبکردنیان پیادەکرد و کولتوور و زمانی ئەمازیغەکانیان فەرامۆشکرد. بەو هۆیەوە جووڵانەوەی ناڕەزایەتی ئەمازیغەکان لەپێناو بەدەستهێنانەوەی مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان سەریهەڵداو بۆ چەند دەیەیەک بەردەوام بوو. تاوەکوولە ساڵی (2003) دەستووری جەزائیر هەموارکرایەوە و ئەمازیغی بە زمانێکی فەرمی وڵات دیاریکرد. لە مەغریبیش لە مانگی تەمموزی ساڵی (2011) چەند هەموارکردنێکی دەستووری ئەنجامدراو زمانی ئەمازیغی وەکوو زمانێکی فەرمی لەو وڵاتەدا ناسێنرا.لە ناوخۆی لیبیاداو لە سەردەمی قەزافیدا (1969 – 2011) ، ئەمازیغیەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون؛ خێڵە تەواریقەکان پەیوەندییان بە ڕژێمی قەزافیەوە هەبوو، خێڵە ئەمازیغیەکانی باکووری خۆراوای وڵاتەکەش لەپێناو سەندنی مافی ئەمازیغییەکان ڕابەرایەتی خەباتیان کرد.
=KTML_Bold=خەبات و چالاکی ئەمازیغەکانی لیبیا:=KTML_End=
جووڵانەوەی سیاسی ڕێکخراوی ئەمازیغەکانی “لیبیا” دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک یەکەم کۆمەڵەیان دامەزراند، بەڵام ئەندام و هەوادارانی لەلایەن ڕژێمی قەزافیەوە ڕاوەدونران، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی جووڵانەوەی ئەمازیغی لەپێناو درێژەدان بە کارو چالاکی سیاسییان ژیانی خۆیان بەختکرد. قەزافی ئەمازیغەکانی بە عەرەبە دێرینەکان ناودەبرد، ڕێگربوو لە بەکارهێنانی زمانی ئەمازیغی و ئەنجامدانی چالاکیە کلتورییەکانی پێکهاتەی ئەمازیغی، لەسەر ئاستی مەزهەبیش لە سەرتاسەری لیبیادا مەزهەبی مالیکی تەنیا مەزهەبی پەیڕەوکراو بوو.نووسەر دەڵێت:- ڕەفتارو کردەوەکانی ڕژێمی قەزافی بوونە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم گەشەکردنی ناسنامەی ئەمازیغی و پێشکەوتنیدا، بەڵام لەلایەکیترەوە ئەو داپڵۆسین و توندوتیژییەی ئەمازیغەکانی لیبیا لەسەر دەستی ڕژێمی قەزافی ڕووبەڕووی کرانەوە، بووە هاندەرێک بۆ لەقاڵبدانی بزاڤی داواکارییەکانی ئەمازیغ لە لیبیای هاوچەرخدا.
=KTML_Bold=خەبات لەدەرەوە بۆ ناوخۆ=KTML_End=
لە ساڵی (1995) دا کۆنگرەی ئەمازیغی جیهانی دامەزرێنرا، لە شێوەی ڕێکخراوێکی کۆکەرەوەی زۆرێک لە کۆمەڵگەو ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بە کێشەی ئەمازیغی. ئەو کۆنگرە ئەمازیغیە هەوڵدەدات بۆ بەدەستووری کردنی مافەکانی پێکهاتەی ئەمازیغی لەناو ئەو دەوڵەتانەدا کە تیایاندا دەژین. ڕێکخراوەکە هەموو سێ ساڵ جارێک کۆنگرەی گشتی خۆی دەبەستێت و تا ئێستا زیاتر لە شەش کۆنگرەی بەستوە. ئەمازیغەکانی لیبیا-ش لە (17/9/2000) لە لەندەن کۆنگرەی لیبی ئەمازیغیان دامەزراند.هەندێک چالاکوانی ئەمازیغی (ئەوانەی زیاتر لە توندڕەوەکانن) ، هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی و هاوکاری ئیسرائیلی بۆ کێشەکەیان، هەروەها هەندێک چالاکوانی “ئەمازیغ” کاردەکەن بۆ فشارخستنە سەر یەکێتی ئەوروپا لەپێناو پشتیوانیکردنی کێشەکەیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
=KTML_Bold=قۆناغی شۆڕش و خۆسەلماندن=KTML_End=
لەکاتی بەرپابوونی شۆڕشی خەڵکی “لیبیا” دژ بە ڕژێمی قەزافی (شوبات تا ئۆکتۆبەری 2011) ، ئەمازیغەکان لە دژی هێزەکانی قەزافی بەشداری شەڕەکانیان کرد، بەتایبەتی لە خۆراوای وڵاتەکەدا و هەندێک لە شارە ئەمازیغییەکانیان کۆنترۆڵکرد، پاشان دەستیانکرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و ناڕەزایی دەربڕینی ئاشتیانە، بە مەبەستی چەسپاندنی هەبوونی ئەمازیغی لەناو ژینگەی سیاسی نوێی لیبیادا. لە دەرەنجامی هەوڵەکانیاندا، ئەنجوومەنی نیشتمانی ئینتیقالی “لیبیا” لە (3/ئاب/2011) لە ڕاگەیەنراوێکی دەستووریدا بڕیاریدا لە سەرجەم بەڵگەنامەو یاسا کارپێکراوەکاندا ناوی ئەمازیغ بەکاربهێرێت. بەو پێیەی کەمینەیەکی جیاوازن لە تەواوی لیبییەکانی تر. هەروەها توانیان پۆستی سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی لیبیا وەربگرن. بەڵام نووسەر دەڵێت “ئەمازیغییەکانی لیبیا هەموویان لایەنگری خواست و داواکارییەکانی ئەم جووڵانەوەیە نین، بەڵکوو بەشێک لە ئەمازیغەکان وتاری ئایدۆلۆژی چالاکانی ئەمازیغی ڕەتدەکەنەوەو پەسەندی ناکەن”.
نووسەر هۆکاری یەکنەبوونی ئەمازیغەکان دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی فەرماڕەوایەتی قەزافیدا هەندێک لەو سیاسییانەی بە ڕەچەڵەک ئەمازیغین دەستیان هەبووە لە سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن و سڕینەوەی ناسنامەی (ئەمازیغی لە لیبیا) . سەرباری ئەوەش ئەمازیغەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ یەکخستنی ڕیزەکانیان، یەکێک لەو بەندانەی لەناو یەکێک لە بەڵگەنامەکانی ئەمازیغدا هاتووە، دەڵێت: “هەر کارێک ئاساییش و ئارامی ئەمازیغیەک لە لیبیا بکاتە ئامانج، بە کارێکی دوژمنکارانە لە دژی هەموو ئەمازیغ دادەنرێت، بۆیە لەلایەن ئەمازیغەکانەوە بە هەموو ڕێگەیەک وەڵامدەدرێتەوە”.داواکاری سەرەکی ئەمازیغەکانی لیبیا جگەلە پۆستی سیاسی و حکومی و داننان بە زمانەکەیان وەکوو زمانێکی فەرمی، بریتییە لە هەبوونی پشکیان لە هەموو دروشم و سیمبوڵەکانی سەروەری دەوڵەتی لیبیا، وەک: زانست، سرودی نیشتمانی، دراو، بەڵگەنامەکانی سەلماندنی ناسنامە، پول، پرۆگرامەکانی خوێندن و ڕاگەیاندن. هەروەها ڕێگەبدرێت بە پەیڕەوکردنی مەزهەبی ئیبازی لەڕوی یاسایی، فەتوادان، سروتی ئایینی، زانستی و میدیاییەوە.
=KTML_Bold=ئەزموونی حکومڕانی ئەمازیغەکان=KTML_End=
دوای تەواوبوونی شۆڕش، بۆ بەڕێوەبردنی شارەکان ئەنجوومەنی خۆجێی درووستکرا، لەو شارانەی ئاخاوتن تێیاندا بە زمانی ئەمازیغیە، ئەمازیغەکان سەلماندییان کە خاوەنی وزەو تواناو ڕێکخستنێکی گەورەن لەنێوان خۆیاندا، یەکێک لە کارە دیارەکانی ئەو ئەنجوومەنانە ڕاگەیاندنی ڕۆژی ڕێککەوتی سەری ساڵی “ئەمازیغی” و دیاریکردنییەتی وەک پشووی فەرمی لەو شارانە بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری حکومەتی ناوەندی، جگەلەوەش خوێندنی زمانی “ئەمازیغی” لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی خوێندن، یان دانانی زمانی “ئەمازیغی” وەک زمانی فەرمیلەو دۆسیەو مامەڵە حکومییانەدا کە ئەنجوومەنە حۆجێییەکان ئەنجامیان دەدەن.لە قۆناغەکانی دواتریشدا لە هەمبەر جێبەجێنەکردنی خواستەکانیاندا، چالاکوانانی ئەمازیغ هەڕەشەی داخستن و ڕێگرتن لە هاتنی هەموو سەرچاوە ئابوورییەکانی ناو سنووری ئەو ناوچانەیان کرد کە بە زمانی “ئەمازیغی” قسە دەکەن، وەک خۆراک و بیرە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان، جگەلە گواستنەوەو دانانی هەموو داهاتەکەی لەناو گەنجینەی هەرێمەکەدا. هەرچەندە تا ئێستا پەیڕەوی ئاشتیخوازانە بەسەر جووڵانەوەی ئەمازیغیدا زاڵە، بەڵام نووسەر دەڵێت “لەکاتی بەدەنگەوەنەهاتن و وەڵامنەدانەوەی خواست و داواکارییەکانیان یان لە حاڵەتی گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی سیاسەتی توندوتیژی و داپڵۆسین لە بەرگێکی تازەدا، پەنابردن بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی لەلای ئەمازیغەکانەوە بژاردەیەکی بەرجەستەکراوە.
=KTML_Bold=پەیوەندی پەکەکە و ئەمازیغ=KTML_End=
بۆ بەشداریکردنی لە کۆنگرەی جیهانی “ئەمازیغ” لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا، لە شوباتی (2013) پارتی کرێکارانی کوردستان بانگهێشتکرا. سەرەڕای ئەو نموونەیە، بەڵام نووسەر پێیوایە ئەمازیغەکان لە هەموو فاکتەرەکانی تر کەمتر پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی فاکتەری چەک، چونکە چەک لە بەرژەوەندی خۆیان نایبینن.
لە کۆتاییدا نووسەر دەڵێت: پێشبینی دەکرێت لە کاتی گەشەکردنی ڕەوتی داواکردنی مافی ئۆتۆنۆمی و لە حاڵەتی پێداگریکردنیان لەسەر چڕکردنەوەی ستراتیژی داخستنی دامودەزگاکانی نەوت و غازو دەروازە سنوورییەکان، ئەمازیغەکان بە شێوەیەکی زیاتر پەنا ببنە بەر بەکارهێنانی چەک لەبەرانبەر دەسەڵاتی ناوەندی، بەو هەنگاوەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاردەکەن بۆ دانانی داهاتەکان لەناو گەنجینەی شارە ئەمازیغنشینەکاندا. [1]