#کارۆ پەشاوایی#، منداڵێکی کوردی خەڵکی شاری #کامیاران# سەر بە پارێزگای #سنە# و دانیشتووی شاری تاران کە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکەیان لە شاری تاران ژەهراوی ببوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترابوویەوە، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، 18ی خاکەلێوەی 2723 (7ی ئەپریلی 2023) ، کارۆ پەشاوایی، منداڵێکی تەمەن 16 ساڵ و خەڵکی گوندی پاشاوای سەربە شاری کامیاران و دانیشتووی شاری تاران، پاش ئەوەی کە بەهۆی هێرشی کیمیاییی هێزە حکوومەتییەکان بۆ قوتابخانەکەیان لە شاری تاران ژەهراوی ببوو و بۆ نەخۆشخانەی میلادی تاران گواسترابوویەوە، لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی پەشاوایی، کارۆ پەشاوایی، ڕۆژی چوارشەممە، 24ی ڕەشەمەی 2722 (15ی مارسی 2023) لە قوتابخانەکەی خۆی لە شاری تاران، بەهۆی گازی کیمیایییەوە ژەهراوی بووە و بە مەبەستی چارەسەری بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
تەرمی ئەو منداڵە گیانبەختکردووە، شەوی ڕابردوو (شەممە) 19ی خاکەلێوە، لە گوندی پەشاوایی سەربە شاری کامێران ئەسپەردەی خاک کرا. هەروەها ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی ئەو هاووڵاتییە قوربانییە تاکوو ڕۆژی یەکشەممە، 20ی خاکەلێوە بەردەوام دەبێت.
بەهۆی هێرشی کیماییی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر قوتابخانەکان لە کوردستان و ئێران لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا کە یەکەم جار لە شاری قومەوە دەستی پێ کرد و بۆ هەموو ناوچە و شارەکان پەرەی پێ درا، تاکوو ئێستا زیاتر لە 5000 قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە. [1]