ناونیشانی بابەت: کوردەکانی ئەستەمبوڵی کۆن
ئامادەکردن: #وەهاب حەسیب محەمەد#
ناونیشانی پەڕتووکەکە بە تورکی (Kski Istanbul Kyrtieri) ساڵی 1998 دەزگای ئافێستا پەڕتووکەکەی بڵاوی کردۆتەوە. وەرگێڕی پەڕتووکەکە “ئەحمەد تاقانە” لە بارەی (ڕۆهات ئەلاکۆم) ەوە دەنووسێت؛ لە نووسەرە کوردە بە پیت و بەرەکەتەکانە و پتر لە (10) پەڕتووکی بە تورکی و کوردی نووسیوە، هەموو نووسینەکانی “ڕۆهات” شایانی خوێندنەوە و لێ وردبوونەوەن، بە تایبەتی ئەم پەڕتووکەی بۆخوێنەری کورد بە پێویست دەزانم. چاپی وەرگێڕدراوی پەرتووکەکە ساڵی 2005 دەزگای ئاراس لە دوو توێی 284 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردەوە.
“ڕۆهات ئەلاکۆم” لە ساڵی 1954 لە کاغزمانی سەر بە پارێزگای “قارس” لە دایکبووە، ساڵی 1974 بەشی دەروونناسی کۆلێژی پەروەردەی لە زانکۆی ئەنقەرەی خوێندووە، لە ساڵی 1978 وڵات بە جێ دەهێلێت و لە سوید دەگیرسێتەوە.
=KTML_Bold=ئەستەنبوڵ؛ گەورەترین شاری کورد”=KTML_End=
لەمێژە ئەستەنبوڵ بووەتە موگناتیسێکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆ، کە هەموو جۆرە مرۆڤێک بۆ خۆیی ڕابکێشی، هەندێک بۆ زەوی، بڕێک بۆ قازانج و کەسانێک بۆ ڕابواردن هەندێکیش بۆ پەنابەری ڕوو لە ئەستەنبوڵ دەکەن. ساڵی 1498 سەرژمێریەک کراوە، سێ گوند “دانشمەنلو، دەپەڤیران و ئیشقلی” لە ناو سنووری ئەو شارەدا ڕۆنراون و ژمارەی دانیشتووانیان بە سێ سەد و هەشتاو دووکەس دیاریکراوە، سەرباری گوندی “یایڵا” کە نەزانراوە ژمارەی کوردەکان چەندبووە، ساڵی 1453 کاتێک شاری “ئەستەنبوڵا” لەلایەن سوڵتان “محەمەد فاتح” ەوە گیراوە، بوونیادی دیموگرافی ئەم شارە تەواو گۆڕا، سەرەتا زۆرینەی دانیشتووانی شار “فەلە” بوون، دواتر بە کردەوە شارەکە دەبێت بە شارێکی موسڵمان نشین، لەو نێوەندەدا کۆچکردنی دانیشتووانی ئەنادۆڵا بەرچاو دەکەوێت، لەم پێناوەشدا کۆمەڵە قانوونێک دەردەکرێت، دواتر فرە نەتەوە و فرە کولتوور دەبێتە تایبەتمەندی شارەکە، “مەڵا گۆرانی” لە پێشەنگەکانی ئەو کوردانە بووە هاتۆتە ئەستەنبوڵا، ئەو لە ساڵی 1410 لە ناوچەی شارەزوور بە وەلەد بووە، مەڵا لە ژیانی خۆیدا زۆر گەڕاوە ، لە گەلەک جێگادا خوێندویەتی وەک شارەکانی؛ بەغدا، شام، قودس و قاهیرە. ساڵی 1441 لەسەر داوای سوڵتان مورادی دووەم دێتە ئەنادۆڵ، لە شاری بورسە دەستبەکارکردن دەکات، ساڵی 1443 دەبێتە مامۆستای “سوڵتان محەمەد فاتح”. مێژوو پێمان دەڵێت؛ مەلا گۆرانی یەکێک بووە لەو کەسانەی بیرۆکەی گرتنی ئەستەنبوڵی بە سوڵتان سەلماندووە، لەو سەرویەندەدا تێکەڵ بە کاری یەکە سەربازێکان دەبێت و دوای گرتنی شارەکە لە قازییەی عەسکەری دادەمەزرێت، ساڵی 1480 دەبێت بە شێخی ئیسلام و ساڵی 1488 فەوت دەکات، گۆرانی خاوەنی دەیان پەڕتووک بووە و گشت سەرچاوەکان بە مەردمێکی خێرخوازیان لە قەڵەم داوە، لە زۆر جامع، کاروانسەراو جادەی ئەو شارەدا ناوی مەلا گۆرانی دەبینرێت.
یەکێکی تر لە کوردە بەراییەکان کە ڕوویان لە “ئەستنەنبوڵا” کردووە “مەلا ئیدریسی بەدلیسی” (1452-1520) ، بنەماڵەکەیان بە پیاوانی دەوڵەت و مێژوونووس ناسراون، ماوەیەکی زۆر لە تەورێز ماوەتەوە، دوای کۆچی دوایی بابی و لە ساڵی 1491 دێتە “ئەستەنبوڵا” و نیشتە جێ دەبێت، لەسەر داوای “سوڵتان بایەزیدی دووەم” پەڕتووکی “هەشت بەهەشت” ئامادە دەکات، ناوبانگێکی گەورەی پێ پەیدا دەکات، تەنانەت شەرەفخانی بەدلیسی پەسنی ئەم کتاوەی کردگە، بەگشتی بەدلیسی نزیکەی بیست پەڕتووکی داناوە، “ئەبو سعود ئەفەندی” لەنێوان ساڵانی (1491- 1575) دا ژیاوە، یەکێکە لەو کوردە پێشەنگانەی کە ساڵانێکی دوورو درێژ “بیست و حەوت ساڵ شێخی ئیسلام بووە لە سەردەمی “سوڵتان سولێمانی قانوونی” و “سوڵتان سەلیم” دا. ئەو لە دێی مودەریسی دەووروبەری ئەستەنبوڵ لە دایکبووە، بنەماڵەکەی لە شاری ئامێدی-یەوە کۆچی کردووە بۆ ئەستەمبوڵ، بۆیە لە سەرچاوەکاندا بە ئەبو سعودی کوردی ناسێنراوە، بە زمانی جیاجیا پەڕتووکی ئایینی نووسیوەو و هۆنراوەی داڕشتووە، شەقامێک و حەمامێک لە ئەستنەنبوڵ ناوی ئەوەی لە خۆگرتووە.
کەسایەتییەکی دیکەی بەدلیسی کە چووەتە ئەستەنبوڵا، “شوکری هۆزانڤانە” بە هۆنراوە جوانەکانی ناسراوە، شەرەفخانی بە دلیسی دەنووسێت؛ دوای ئەوەی دەچێتە خزمەتی شەرەفخان حوکمداری بەدلیس گۆڕاوە، هەروەها لە کۆتاییدا چووەتە کۆڕی تایبەتی سوڵتان سەلیم وەک یاوەڕێکی نزیکی سوڵتان دەرکەوتووە. لە سەدەی حەڤدەدا کەسێک بەر چاو دەکەوێت “یوسف نابی شاعیرە” کە لەنێوان ساڵانی” 1642-1712) دا ژیاوە، ناوبراو کەسێک بووە حەزی لە شۆخی بووە، لە سەردەمی محەمەدی چوارەمدا دووجار دەچێتە ئەستەمبوڵا و ساڵی (1678) دەخرێتە سەر کار، گۆڕەکەی لە گۆڕستانی “قەرەجە ئەحمەدە” لە ئەستەمبوڵا. هەروەها لەو کاتانەدا گەڕیدەی ئیتالیایی” پیترۆ دێللا ڤێللا” لە ئەستەمبوڵا بووە چاوی بە بەگزادەیەکی کورد دەکەوێت، هاتبوو ئەو زەوی و خاکانەی بۆ بگەڕێنرێتەوە کە بەر لە مردنی نافیز پاشا لێی وەرگیرابۆوە، ئەم میرە دوای ئەوەی داواکارێکانی بۆ جێبەجێکراوە نزیکەی دوازدە هەزار سوارە دەخاتە ژێر فەرمانڕەوایی پادشاوە، بۆ ئەوەی لە جەنگی عوسمانی دژ بە ڕووسەکاندا ئامادەبن، ئەو کوردانەی بە کاتی سەردانی ئەستەمبوڵیان دەکرد، کاتێک دەگەڕانەوە هەرێمەکانیان بەشێوەی جیاجیا چیرۆکی شارە شکۆمەندەکەیان بۆ خەڵک دەگێڕایەوە و، مەراقێکی گەورەی دەورووژاند، لەو دەمانەدا کۆچی مرۆڤە سادەکان بۆ ئەستەمبوڵا بەردەوام بووە، لەنێوان سەدەی پازدە بۆ سەدەی هەژدەدا کۆچی هەموو جۆرە مرۆڤێکی کورد بۆ ئەستەمبوڵا بەرچاودەکەوێت. لە سەدەی هەژدەهەمدا کورد لە قەوارەیەکی گچکەدا پێکدێ، ساڵی 1730 لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەحمەدی سێیەمدا بەشداریان لە یاخیبوونەکەی “وەستا خەلیل” دا کردووە. ساڵی 1748 لە ناوەندی” بیت بازاڕی” ڕاپەڕینێکی تر بەرپاکراوە و کوردی تیادا بەشداربووە، لە پای ئەمکارەدا مەحمودی یەکەم کوردەکان دەگەڕێنێتەوە شارەکانی خۆیان.ئەم بارودۆخە تا سەدرەمی مستەفای سێیەم درێژە دەکێشێ و دواتر کۆچی پێچەوانە دەست پێدەکاتەوە.
ساڵی 1826 لە ئەنجامی نەمانی ڕێکخراوی یەنیچەری، کۆڵبەرە کوردەکان دەنێردرێنەوە شارەکانی خۆیان و لە جیاتی ئەوان بارەبەری ئەرمەنی شوێنیان دەگرنەوە، زۆرینەی کۆڵ هەڵگرە کوردەکات سەڵت بوون، ئەو کەسانە بوون لە خان و ژوورەکاندا داڵدە درابوون. دواتر چەندین جۆر بەربەستیان لە بەردەم گەڕانەوەیاندا دانرا وەک قانوونی” ئیحتساب نیزامنناسی” واتە قانوونی چاودێری.
کوردەکانی “ئەستەمبول” کاری جۆاوجۆریان کردووە، بەشێکیان لە میوانخانەکاندا کاریان کردووە، بە تایبەت لە سەدەی نوزدەهەمدا زۆرێکیان کاری بەردەستیان کردووە، بە تایبەت لای بنەماڵە دەوڵەمەندەکان بۆ نموونە “شەریف عەلی حەیدەری” لە “چامڵیچە” دادەنیشت کوردێک چاودێری کولانەی مریشکەکانی کردووە! هاوکات بڕێکیان لە ” تەرسانە”دا کاریان کردووە کە بۆ بەتاڵ کردنەوەی ئاوی خەوزەکانی تەرسانە کەڵک لە گا وەردەگیرا، کوردەکان کاری ڕاهێنان و پەروەردەکردنی گا-کانیان ڕا دەستکراوە، دابینکردنی گۆشتی “ئەستەمبوڵا” لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە بوو بە تایبەت لە شاری ئامەدەوە، چاودێریکردنی ئەو مێگەلانە لە ئەستۆی کوردەکان بووە، “هاگۆب منتزوری” لە بیرەوەرێکانیدا باس لەو کوردانە دەکات کاری دارشکاندیان کردووە بە تایبەت لە کۆگاکانی “داری هێزم” دا
پێکهاتەی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر بنەمای نەتەوایەتی نەبووە، بۆیە دامودەزگاکانی هەمە چەشنەبوون، گشت جۆرە مرۆڤێکی تیادا بینراوە، لە سەردەمی “سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا” نوێنەرانی ئەو کۆمەڵە کوردانەی لە ئەستەمبوڵ دەیان گوزەراند بە پلەی جۆراوجۆر لە دەرماڵی حکومەتدا جێگای خۆیان کردبۆوە. ساڵی 1899 نووسەری نەرویجی “کنون هامسون” سەردانی ئەستەمبوڵی کردووە، لە ڕێڕەوی کۆڕەوی سوڵتاندا کوردەکانی بە جلی تایبەتەوە بینیووە، باسی هێلەکە جوانەکانیان دەکات کە ژنەکانیان بۆیان دووریبوون، بەشێکی تری ئەو کوردانەی بۆ ئەستەنبوڵ کۆچیان کردووە، پیاوە ئایینێکان بوون، مەولانا خالیدی نەقشبەندی (1776-1827) یەکێکە لەو کەسە دیارانە، دواتر لە چەندین شوێنی دیکەی شارەکەدا تەکیەی نەقشبەندی دادەمەزرێنن. “مەولانا” لە ناو کورد، تورک و کۆمەڵە مۆسڵمانەکانی دیکەدا ڕێزی هەبووە، ڕێباز و خانەقاکانی ئەو تا ئیرۆش دڕێژەیان هەیە. “عەبدولڕەحمان خەرپووتی” کە بە مامۆستای کورد ناسراوە، یەکێکە لەو کوردانەی مەحمودی دووەم، بە مامۆستای خۆیی ناوی بردووە لە ئیسکویدار خانیەکی پێ دەدات و ژنیش دەهێنێت، ڕۆڵی لە لابردنی یەنیچەرێکاندا هەبووە. هەروەها لە ناو یەنیچەرێکاندا ناوی “محەمەد ئاغای سیلاحدار” دەبینرێت، لە بارەی مێژووی یەنیچەرێکانەوە دەنووسێت؛ حەسەن ئاغای کورد وەک سەرکردەی یەکەیەک کاری کردووە، جۆرە سەگێکی بە خێو کردووە پێیان گوتووە “سامسۆن” لەو سەردەمەدا کوردێکی زۆر لە ئەستەمبوڵ وەک دەرگاوان کاریان کردووە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کۆچی کوردان بۆ “ئەستەمبوڵ” بەردەوام دەبێ، لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەمدا (1914-1918) کۆچەرێکی زۆر دێنە ئەستەمبوڵا. بەهۆی جەنگ و ئەنجامەکانێوە لەو ماوەیەدا حەوت سەد هەزار کورد ناچاری کۆچکردن بوون. لەو ماوەیەدا میدیای کوردیش لە گەیاندنی ئازار و نەهامەتێکانی کوردا چالاک بووە.
=KTML_Bold=دوور خستنەوەی کورد بۆ تاراوگەی ئەستەمبوڵ”=KTML_End=
بەشێک لەو کوردانەی لە “ئەستەمبوڵ” دەژین دوورخراوەکانن، بە تایبەت ئەو سەرکردانەی بەشداریان لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا کردووە، دواتر بەدیلی نێردراون بۆ ئەو شارە، بەشێکیان ساڵانێکی زۆریان بە شێوەی دیلی بەسەر بردووە، هاوکات لەنێوەندەدا پێشەوایانی ئایینی و مرۆڤگەلی سادەش بەرچاو دەکەون، ساڵی 1664 “مەهدی” ناوێک لە شاری “موسڵ” دەرکەوتووە، لایەنگری زۆری هەبووە، والی موسڵ بڕیار دەدات بۆ هەتاهەتایە بۆ ئەستەنبوڵ شار بە دەری بکات، ئەوکات “مەهدی” تەمەنی تەنیا دوازدە ساڵان بووە، ئەو کوردانەی کە نێردراون بۆ ئەستەمبوڵا دواتر شاربەدەر دەکرێن و دەربەدەری وڵاتانی دیکە دەبن، بە نموونە بەدرخان پاشا، پاش “ئەستەمبوڵ” شار بە دەر دەکرێت و حەڤدە ساڵ لەتەک خانەوادەکەیدا لە دوورگەی “کریت” دەمێنێتەوە، هەروەها دەربەدەرکردنی بنەماڵەی بەدرخانێکان لە ساڵی 1906 نموونەیەکی بەرچاوە، تەنیا ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەرباری دەوڵەتدا کاری فەرمانبەریان دەکرد (107) کەس بوونە. “عەبدولڕەزاق بەردخان” لە بیرەوەرێکانیدا دەنووسێت؛ ئەو کەسانەی لەدەرەوەی خزمانی ئەوان بوون نزیکەی سێ هەزار کەس دەبوون. پاشا کۆرەش یەکێکە لەو کەسانەی پاش تێکشانی میرایەتی ڕەواندز لە بەردەم سوپای عوسمانیدا دەنێردرێنە ئەستەنبوڵ و دواتر لە ڕێگای گەڕانەوەیدا بە شێوەیەکی تەم و مژاوی دەکوژرێت، ساڵانی 1876 1909 سەردەمی عەبدولحەمیدی دووەمە، ساڵانی شاڵاوبردنی کوردە بۆ ئەستەمبوڵا، لەم ساڵانەدا خەلیفە سەرانی کورد بۆ پایتەخت بانگ دەکات و دەیانخاتە ژێر ڕکیفی خۆیەوە و چاودێریان دەکات، مەبەستی لەم کارەش دوور خستنەوەی بیرۆکەی کوردایەتییە لە مێشکی سەرانی کورد، زۆر جار سوڵتان لە پای ئەمکارەی تووشی ڕەخنەی تووند بووەتەوە، شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحمود نموونەیەکی دیکەیە.
ساڵی 1891 سوڵتان “سوارەی حەمیدییە” دادەمەزرێنێت، سەرکردەی عەشیرەتەکان دەبوو هەموو ساڵێک بچن بۆ ئەستەنبوڵ، هەروەها یەکێک لە ماکە گرنگەکانی ئەم سیاسەتە کردنەوەی قوتابخانەی عەشایەرییە لە ساڵی1892، خوێندکارانی تەمەن (12-16) ساڵی تیادا وەردەگیراو، پێنج ساڵ خوێندیان درێژەی دەکێشا، دواتر لە ناوچەکانی خۆیاندا و لە کارە جیاوازەکاندا دادەمەزرێنران. سوڵتان هەردەم ئەم سیاسەتەی بۆ نەچووەتە سەر، دواتر بەشێک لەو خوێندەوارانە بوون بە نەوەی یەکەمی ڕۆشنفکرانی کوردستان، ئەستەمبوڵیش بوو بە پایتەخت و مەڵبەندی مودێرنی نەتەوایەتی میللەتی کورد. [1]