ناونیشانی بابەت: پێگەی شێخ عیزەدین لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئامادەکردن: #وەهاب حەسیب محەمەد#
شێخ، زادەی پەروەردەیەکی ئایینی بوو، بەهەمان شێوە خاوەن پێگەیەکی ئایینیش بوو، بەڵام ڕۆشنبیر و خەڵک دۆست بوو، باوەڕی بە سیستمی سیاسی سیکولار هەبوو.
“شوێن و پێگەی شێخ عیزەدینی حسێنی لە کۆمەڵگە و شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا”
=KTML_Bold=“دەستپێک”=KTML_End=
شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕژێمی شانشاهی، قۆناغێکی تازەی لەو وڵاتەدا هێنایە ئاراوە، گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی، لەپێناو ڕزگاری و بە دیهێنانی ئازادی و دادپەروەری تێکەڵاوی ڕووداوەکان بوون، لەم پێناوەدا کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد دەستیان بە چالاکی سیاسی و خەباتی نەتەوەیی کرد؛ یەکێک لەو کەسایەتییانە “شێخ عیزەدینی حسێنی” بوو دوای ڕووخانی ڕژێمی شانەشهایی و هاتنەسەرکاری مەلاکان ڕۆڵی ناوبراو زیاتر بەرجەستەبوو، چونکە ئەو مەلا بوو، هاوکات خاوەن پێگەیەکی جەماوەریش بوو، بە خاتری ئەو هۆکارانە دەسەڵاتدارانی نوێ ئەویان وەک لایەنی بەرانبەر دادەنا بۆ گتووبێژ و قسەکردن لەسەر کێشەکان. لە یەکەمین کابینەی حکوومەتی ئێران وەک نوێنەری کورد هەڵبژێردرا، بەڵام ئەوەی دەسەڵاتداران چاوەڕێیان دەکرد وانەبوو، چونکە “شێخ عیزەدین” هەمیشە جەختی دەکردەوە کە داواکارێکانی کورد نەتەوەیی و سیاسین، نەک ئایینی و مەزهەبی. حکوومەت داواکارێکانی کوردی جێبەجێنەکرد، تەنانەت خومەیینی شێخی بە “مفسد فی الارچ” گەندەڵکار لەسەر زەوی ناوبرد و فەرمانی هێرشی بۆ سەرکوردستان دەرکرد.
=KTML_Bold=“لەدایکبوون و خانەوادەی شێخ عیزەدین”=KTML_End=
خانەوادەکەی لە بنەڕەتدا لە گوندی “واژەی”ی شارباژێڕەوە هاتوون، دواتر لە بانە گیرساونەتەوە و مزگەوتێکیان بوونیاد نیاوە و شۆرەتی بە “مزگەوتی شێخ ساڵح” ڕۆیشتووە، بابی “شێخ عیزەدین” لە سەروبەندی دەسەڵاتی ڕەزاشادا ماوەیەک قازی شاری بانە بووە، دواتر دەستی لە کار کێشاوەتەوە.
“شێخ ساڵح” کەسێکی لێبوردە بووە و ڕێزێکی زۆریشی لە خەڵکی ناموسڵمان گرتووە و خاوەن هەستێکی بەرزی نیشتمانی بووە، ئەو هۆکارانە پاساو بوون کە خۆشەویستی خەڵکیبن و ڕێزێکی زۆریان لێ گرتووە، بەشێوەی نهێنی پەیوەندی لەتەک “شێخ مەحمود” دا هەبووە، کەسێکی شارەزابووە لە مێژووی ئیسلام و ماتماتیک، دانراوی لەسەر فەرائز و زانستی بەیاندا هەیە، “شێخ ساڵح” دووجار لەژیاندا هاوسەرگیری کردووە، لە ژنی یەکەمی کچێکی بووە، لە ژنی دووەمی چوار کوڕ و کچێکی بووە، نۆبەرەی ژنی دووەمی “شێخ عیزەدین” بووە، شێخ ساڵح لە ساڵی 1940 بە نەخۆشی کۆچی دوایکردووە.
“شێخ عیزەدین”، ناوی ڕەشیدە و کوڕی مەلا شێخ ساڵحە، لە ساڵی 1922 لە شاری بانە لە دایکبووە، شێخ سەبارەت بە بنەچە و تۆڕەمەی خۆی دەڵێت:- من لە ساداتی بەرزنجەم و ساڵی 1922 لە بانە لەدایکبووم، لە خێزانێکی ڕووحانیم و باوکم مەلا بووە، لە تەمەنی پێنج ساڵی و یاخود شەش ساڵی لە کن بابی دەستی بە خوێندنی ئایینی کردووە، ئارەزووی بووە بچێنە خوێندگەی سەردەمیانە، مخابن مەکتەبی هاوچەرخ تا ساڵی 1926 لە شاری بانە نەبووە، سەرەتا پەڕتووکەکانی “گوڵستان و بوستان، ئەحمەدی و تەسریفی زنجانی” لای باوکی خوێندووە. سەبارەت بەم خوێندنەی دەڵێت:- وەک هەر کوڕە مەلایەک لە خوێندنگەی ئایینی خوێندم، ئارەزووم بووە بڕۆمە خوێندنگەی هاوچەرخ بابم ڕێگر بوو. دواتر بوومە فەقێ و چوومە ناوفەقێیان و فیکرم زۆر گۆڕا، لە کوردستان، لە شارەکانی مەهاباد و مەریوان خوێندوومە. ساڵی 1938 لە گوندی “سیسێر” لای ” مەلا سەید حسێن” دەستی بە خوێندن کردووە و سێ ساڵ ماوەتەوە، ساڵی 1946 پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان بۆ ماوەی حەوت مانگ لای مامۆستا “باقر” خوێندویەتی و لەسەر دەستی ناوبراو مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لەو سەروبەندەدا لەگەڵ “زولەیخا” ناوێک کە کچی ماڵە شێخێک بووە بە ناوی “سەید بابەی گەورە” هاوسەرگیری کردووە، بەرهەمی ئەو کارەش حەوت منداڵە شەشیان کیژن و کوڕە تاقانەکەشی جەمالە، شێخ لە 10/ شوباتی/ 2011 لە نەخۆشخانەی ” ئەکادیمیای زانستی “ئۆپسالا” لە تەمەنی هەشتا و نۆ ساڵی کۆچی دووایکردووە. دواتر تەرمەکی دەگەڕێنرێتەوە کوردستان و لە گردی سەیوان ئەسپەردەی خاک دەکرێت.
=KTML_Bold=“بیروباوەڕی شێخ عیزەدینی حسێنی”=KTML_End=
شێخ خاوەن مێژوویەکی سیاسی بەرجەستەیە، لە لایەک مەلا بوو، لە لایەکیتر کەسایەتییەکی ناسراوی بزووتنەوەیەکی چەپ بوو لە کوردستان، سەرەتا لە شاری مەهاباد مامۆستای زمانی عەرەبی بوو، دواتر لە مزگەوتی”سووری مەهاباد” مەلایەتی کردووە، بەهۆی شارەزای و توانستی لە بواری شەرعدا خاوەن بۆچوونی تایبەت بوو، لەبەرانبەردا هاوپیشەکانی زۆربەیان لەو بوارەدا تێگەیشتنیان کۆڵ و لاسەنگ بووە، ئەوکارە پاساو بوو ئەو پێشەنگ و ناسراوبێت.
شێخ باوەڕی وابوو مرۆڤ لە ژیاندا ئەقڵ و سۆزی هەیە و ئایین لایەنیکی ڕووحانییە لە ژیانی مرۆڤدا، هەرکات ئەقڵ بە سەر هەستە خراپەکەدا زاڵبێت، ئەوا لۆجیک ئەو هەستە خراپە دەسڕێتەوە. لایەنی سۆزداری، بریتییە لە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵا خودا، مرۆڤ لەتەک ئادەمزادا، هەندێجار ئەو هەستە لەتەک خراپەدا ئالوودە دەبێت، جاری واهەیە مرۆڤ بەردێک دەپەرستێت یان شێخێک ئەوکارانە ئایین نین و لە هەستەوە سەرچاوەیان گرتووە.
هاوکات باوەڕی تەواوی بە یەکسانی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا هەبووە، هەرگیز کچی بە منداڵی مارە نەکردووە، دژی ژن بە ژن و گەورە بە بیچک و …هتد بووە. هاوکات لەژێر پەردەی ناموسدا دژ بە کوشتنی ژنان بووە، هەمیشە جەختی دەکردەوە؛ لە فیقهدا کوشتن بە نێوی نامووس وجودی نییە، تەنانەت ڕەجمیش باوەڕێکی تەوراتییە، ئەوکارانە گشتی دەمارگیرییە و سەرچاوەکەی دوا کەوتوویی کۆمەڵگەیە، تەنانەت بە ڕادەیەک ئازادی بە هاوژینەکەی دابوو، لە دانیشتنەکانیدا حوزوری هەبوو. هاوکات خاوەن قسەی خۆیشی بوو، ڕێگای بە هەر شەش کچەکەی دابوو ڕێگای ژیانی خۆیان دیاری بکەن لە خوێندن، پۆشینی پۆشاک، هاوسەرگیری و تەنانەت بوون بە پێشمەرگەش، دووکیژی ئەو لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا چەکداربوون. ئەو پێچەوانەی مامۆستایانی تر بیری دەکردەوە، تەنانەت بۆ تەڵاق باوەڕی وابوو ناکرێت بە دووشە شیرازەی خێزانێک هەڵوەشێنرێتەوە بێ ئەوەی گەڕانەوە بۆ بەڵگە شەرعێکان لە بەرچاو بگیرێت.
“شێخ عیزەدین” باوەڕی وابوو، پێویستە ئایینی ئیسلام لە تێڕوانینی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا گۆڕانی بە سەردا بێت، زۆر چشت لە ڕابردوودا زەمیینە هەبووە بۆ ئەنجامدانی، بەڵام ئەمێستاکە گونجاو نییە و پیادە ناکرێت، ناکرێت وەک ڕابردوو هەڵسوکەوت بکەین، ئەو وەک شێخێک خاوەنی مورید نەبووە، دژبەری شێخایەتی، تەکیە و خورافات بووە. “شێخ عیزەدین” زانستی عەرەبی و ئیسلامی کۆنی تێکەڵ بە بیروباوەڕی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز دەکرد، مەبەستی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و ڕیفۆرمی مەزهەبی، باوەڕی وابوو ناکرێت مرۆڤ ئایین بکاتە ئامرازێک بۆ دەستبەسەراگرتنی ژیانی خەڵک و دیاریکردنی چارەنووسیان. باوەڕی وابوو هێزی ئەقڵ و ماریفەت دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات. ئەم خوێندنەوانە لەو کاتەدا پڕ بایەخ بووە؛ چونکە مەلاکان دژایەتیان کردووە. ئەو هەمیشە دەیگووت:- ئایین مەسەلەیەکی ڕووحانییە، ئێمە لایەنگری پڕۆسەی پەرەسەندنین، گشت مرۆڤێک بە کۆمەڵێک قۆناغدا تێدەپەڕێت تا دەگات بە ئامانج، مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو وایهێناوە، پاشئەوەی مرۆڤایەتی گەشەی کردووە، ئینجا پەیامبەران و چاکسازان دەرکەوتوون. بە ڕاشکاوانە گوتوویەتی:- من باوەڕم بە حکوومەتی ئایینی و مەزهەبی نییە.
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و جێگیرکردنی “ویلایەتی فەقییه” شێخ باوەڕی وابوو، بەردی بناغەی ویلایەتی فەقییە لەسەر دیکتاتۆرییەت دامەزراوە. چونکە بڕوای وابوو، ئایین بە پێی قۆناغە جیاوازەکان ئەرک و ڕۆڵی دەگۆڕێت، زۆر جار لەسەر بیروبۆچوونەکانی تەکفیر کراوە. دەردەکەوێت “شێخ عیزەدین” ئەگەرچی مەلا بووە، بەڵام خاوەن بیروبۆچوونێکی کراوە بووە و جیاواز لە هاوپیشەکانی خۆی بیرکردۆتەوە، لێکدانەوەیەکی مرۆڤ دۆستانەیی وردیشی هەبووە، دژ بە چەقبەستوویی، کۆنەپەرستی و خورافات بووە. ساڵی 1979 لە پەیامێکدا داوای لە جووتیاران کرد بۆ بەرگری لە مافە ڕەواکانیان لە ڕێکخراوی جووتیاراندا ببنە ئەندام.
=KTML_Bold=“کەسایەتی شێخ عیزەدین”=KTML_End=
کاتێک مەلاکانی ئەو ڕۆژگارە لە دەستی دوو و سێ ئیسلامیان ناسکردبوو، ئەو گەورە زانایەک بوو، هەڵکەوتوو، پێشەنگی هەمووان و ناسراوترینیان بوو، لە زۆر باس و خواسی مەزهەبی و ئایینی دیدو بۆچوونی خۆی هەبوو. کەسێکی بیر تەسک نەبوو، دید و هۆشیارییەکی فراوانی هەبوو، بە خاتری ئەو هۆکارانە زۆر شوێن فەقێی شێخیان وەرنەدەگرت بۆ نموونە شاری “لاجان” لەبەرانبەردا کەسانی خەباتکار و ڕۆشنبیر قوتابی مامۆستا بوون، چەندین کەسیان دەرسیان لە کن خوێندووە، بۆ نموونە مەلا ئەحمەدی شڵماشی ناسراو بە “مەلا ئاوارە” و عەبدوڵڵا حەسەن زادە.
شێخ کەسێکی ڕۆشنبیر و خوێنەر بوو، ئاگاداری ڕەوتی ڕووداوەکان بوو، لە بوارەکانی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتییدا، زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی زۆر بەباشی زانیوە، مشتاقی خوێندەوەی بوارەکانی ئایین، فەڵسەفە، کۆمەڵناسی، ئەدەبی و سیاسی بووە. پەیوەندییەکی زۆر باشی لەتەک چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا هەبووە، ماڵ و حوجرەکەی شوێنی ڕۆشنبیران و خوێنەرانی کورد بووە. لە چاوپێکەوتنێکی بۆ گۆڤاری بەربانگ دەڵێت:- وەختایەک مەلا بووم دەستمکرد بە خوێندنەوەی گشت جۆرە کتبێک، بە تایبەت پەڕتووکەکانی جەمالەدین ئەفغانی و محەمەد عەبدە.
شێخ لە بواری کۆمەڵایەتیشدا باوەڕی تایبەت بە خۆی هەبووە، مرۆڤێکی ئازادیخواز بووە، لایەنگری دادپەروەری کۆمەڵایەتی بووە، دژ بە چەوساندنەوە و چینایەتی وەستاوەتەوە، هەمیشە هەژارانی هانداوە لەسەر پای خۆیان بووەستن، وەبیری هێناونەتەوە کە پەیامبەر “سڵێمان” نەبێت، پاکی پێغەمبەران لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەبوون. هەژران چینی بژاردە ئێوەن دەبێت ئاگاداربن، گشت گەورە پیاوان لەو نێوەندەدا دەرکەوتوون. “یوسف ئەردەڵان” سەبارەت بە کەسایەتی “شێخ عیزەدین” دەڵێت:- هەرگیز خواستی بە دەستهێنانی دەسەڵاتی نەبووە، گووتویەتی:- هەرکات مەزهەب دەسەڵات بگرێتە دەست، شەریعەت جێگای قانوون دەگرێتەوە، هەمیشە دەیگووت:- من کوردم، ئەوجا موسڵمانم، چونکە کوردایەتی پێش ئیسلام هەبووە، بەڵام ئیسلام بەر لە کوردایەتی وجودی نییە. هیچکات هەوڵی نەداوە جێگەو پێگەی کەسایەتییەک بۆ بەرژەوەندی خۆی لێژ بکات، ئەو شیعرێکی دڵخوازی هەبوو هەمیشە دەیگووت-
تێکۆشەرێکی هەژاری کوردم هیچ پەشیمان نیم لەوەی کردم
=KTML_Bold=“شێخ عیزەدین و کوردایەتی”=KTML_End=
ساڵی 1944 پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی “ژ.ک”ەوە و ناوی نهێنی “هەوێن” بووە، لێرە بە دواوە دەست لە ئامانجی نەتەوایەتی هەڵناگرێت و بە درێژای تەمەنی لەگەڵیدا ژیاوە، ئەوکات سوێندی خواردووە خیانەت نەکات، تا کۆتایی تەمەنی وەفاداری ئەو سوێندە بووە، لە ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان بەشداریکردووە. ساڵی 1951 – 1953 لایەنگری حکوومەتی موسەدەق و ڕیفۆرمە لیبراڵێکانی بووە، لەو ڕۆژگارەدا؛ ئەو کەشوهەوایە بارودۆخێکی لە باری بۆ چینە چەوساوەکان ڕەخساند، لەو سەروبەندەدا، “شێخ عیزەدین” مەلابووە لە گوندەکانی “کانییە ڕەش، گۆڵی و قاراوەی” موکریان، بزووتنەوەی جووتیاران لە ناوچەکەدا بەهێزبووە شێخیش پشتیوانی لەو بزووتنەوەیە کردووە، دواتر کەوتۆتە بەر هەڕەشەی ئاغا و خاوەن موڵکەکانی ناوچەکە ئەویش ناچار بووە گوندی ” گۆڵێ” بە جێبهێلێت،
“ئەحمەد ئەسکەندەری” لە زاری شێخەوە هۆکاری دەرکردنی لە گوندە گۆڵێ بەمشێوە دەگێڕێتەوە:- وەختایەک ئاغای گوند ژن بۆ کوڕەکەی دەهێنێت، داوا لە پاکی ئاوایی دەکات جلکی جوان وزراڤ بپۆشن و ئامادەیی شاییەکەبن و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ و دیلانێ بگێڕن، کاتێک خەڵکی ئاوایی پرسیان لە شێخ کردووە لە وەڵامدا گوتوویەتی:- قەیدی ناکا، ئاغاو دەوروبەرەکەی هەمان شێوەی ژنک و کێژانی مە جلکی جوان لە بەر بکەن دگەل مە شایی و دیلانێ بکەن، کاتێک خەوەرەکە دەگاتەوە ئاغا، دەزانێت پیلانەکە لەژێر سەری شێخدایە، پلان دادەنێت تۆڵەی لێ بکاتەوە، ئەویش پاشماوەیەک دێیەکە بەجێ دەهێڵێت. ساڵی 1968 لە شاڵاوە بەر بڵاوەکەی ساواک بۆ سەر ئازادیخوازان و نیشتمان پەروەران گیراوە، ماوەیەک لە سەربازخانەی “جڵدیان” یان پەستاوە، ئەو یەکێک بوو لەو مەلایانەی هەرگیز بە زوانی کوردی دوعای بۆ شا نەکردووە. تەنانەت هەرکات بۆ بۆنەو مەرسیمەکان بانگهێشتکرابا تا ئەو جێگایەیی بوار هەبوایە نەدەچوو.
لەکاتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا وەک ڕێبەری سەرجەم گەلی کورد لە ناوەو دەرەو چاوی لێ کرا، هەمیشە جەختی لەسەر کوردایەتی دەکردەوە، بە تێڕوانینی ئەو کوردایەتی بریتییە لە خەبات بۆ ڕزگاری میللەتی کورد لە هەموو چەوسانەوەیەک، سەرەتا چەوسانەوەیی نەتەوایەتی، پاشان فەرهەنگی و ئەدەبی و …هتد، باوەڕی وابوو کورد وەک نەتەوەیەک هەموو جۆرە چەوسانەوەیەکی لەسەرە، ئامانجێتی وەک نەتەوەیەک هەژماری بۆ بکرێت.
کاتێک قسە کردن دەهاتە سەر میللەتی کورد، شێخ دەیفەرموو:- کاتێک قسە لەسەر کورد دەکەین، لەسەر گشت کورد و کوردستان دەپەیڤین، ئەوکات میللەتی کورد وەک میللەتی موسڵمان سەیر ناکەین وەک میللەتێک سەیری دەکەین، بسڵمانە، سونە و شیعە، ئێزدی و کاکەیی، کریستیان و جوو …هتد تیادایە. نەتەوەیەکە هەموو بیروباوەڕەکان لە خۆ دەگرێت، باسی و مسڵمان و نابسڵمان ناکەین، دەڵێین: کی کوردە و کێ خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاری گەلی کورد دەکات، ئەوکات هەر کەسێک لەو ڕیزەدا بێت، هەر ئایین، بیروباوەڕ و بۆچونێکی هەیە قبووڵ دەکرێت.
“شێخ عیزەدینی حسێنی و ڕۆڵی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد” 1979-1989″
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، بەهۆی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی شێخەوە پێویستی بە نووسینگەیەک هەبوو، بۆ وەڵامدانەوەی خواست و ویستە ئایینێکان، هەروەسا پیشاندانی هەڵوێستی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارە، بەر لە دامەزراندنی دەفتەر بە پێشنیاری “مام جەلال” و بە هاوکاری زەبیحی هەوڵی درووستکردنی ڕێکخراوێک دەدرێت، بەهۆی ناکۆکی نێوانی لایەنەکان کارەکە سەرناگرێت، “یوسف ئەردەڵان” لەم بارەیەوە دەڵێت:- شێخ نەیدەویست ڕێکخراو پێکبهێنێت. تەنانەت ڕۆژێک بە خزمەتی شێخ گەیشتم لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای ئایینیدا باس و خواسیان هاتبووە سەر پێکهێنانی دەفتەر، شێخ ڕازینەبوو، بەڵام دواتر دەفتەر دامەزرا.
“حسێن موراد بێگی” سەبارەت بە دامەزراندنی دەفتەر دەڵێت:- دامەزراندنی دەفتەر بە دەست تێوەردانی کۆمەڵە و بۆ بە دەستهێنانی پشتیوانی خەڵک بوو، لە ئەیلولی 1979 لە “توژەڵە” دەفتەر دامەزرا، بە خاتری ئەوەی دەفتەر حیزب و ڕێکخراو نەبوو، کەسانێکی زۆر بەشداری کار و چالاکییەکانی بوون و یارمەتیی دەفتەریاندا، “فاتیح شێخ ئیسلام” بوو بە سکرتێری دەفتەر، ناوەندەکەی لە شاری مەهاباد بوو لە شارەکانی تریش لقی هەبوو، لە گرنگترین کارەکانی دەفتەر گتووبێژ بوو لەتەک کۆماری ئیسلامیدا.
ساڵی 1982 ” ئەحمەد ئەسکەندەر” وەک نۆێنەری دەفتەر گەشتی ئەوروپای کرد بە مەبەستی ئاگادار کردنەوەی ڕای جیهان لەسەر بارودۆخی گەلی کورد” هەروەها لە ڕێگای دەفتەرەوە چەندین نامە نێردرا بۆ پاپای ڤاتیکان و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەمان ساڵدا “شێخ حسێن” گەشتێکی نۆ هەفتەیی بۆ فەرەنسا و وڵاتی سعودیە کرد.
سەرباری کارە دیبلۆماسێکانی دەفتەر، بە سەرپەرشتی “شێخ جەلالی حسێنی” دەستییەکی سەربازی هەبوو کە لەلایەن کۆمەڵەوە دابینکرابوو، ئەگەرچی بە ژمارە کەمبوون، بەڵام کارابوون، تەنانەت لە کاتی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، هاوشانی هێزەکانی پارتی دیموکرات و کۆمەڵە شەڕیانکردووە و ڕۆڵیان هەبووە، دەفتەر هەتا هێرشی دووەمی ئێران بۆ سەر کوردستانی ڕۆژهەلات و چوونە دەرەوەی شێخ بۆ وڵاتی سوید بەردەوام بوو لە کارەکانی.
=KTML_Bold=“هێرشی دووەمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و ڕۆڵی شێخ عیزەدینی حسێنی”=KTML_End=
لە 1/ کانوونی دووەمی/1980 کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک چەکداری لە شاری سنە بڵاو کردەوە، ئەوکارەش پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان دەستەی نوێنەرانی گەلی کورد و کۆماری ئیسلامی بوو، لەبەرانبەردا خەڵک خۆپیشاندانیان کرد، پاسداریش لە خۆپیشاندەران هاتنە دەست و پەرچەکردارەکە ژمارەیەک بریندارو کوژراوی لێ کەوتەوە، لەم نێوەندەدا شێخ پەیامێکی بڵاوکردەوە، لە کوردستاندا بازاڕ و بەڕێوەبەرێتێکان داخران. لەم نێوەندەدا، لە ئێران کار بۆ هەڵبژاردن و دانانی سەرەک کۆمار دەکرا، کورد کاندیدی نەبوو، دواتر بڕیاردرا بەشداری هەڵبژاردن بکات و دەنگ بە کاندیدی موجاهیدنی خەلق “مەسعود ڕەجەوی” بدرێت، هۆکارەکەش ئەوەبوو لە کاتی دەنگدان بە کاندیدی ناوبراو لە چوارچێوەی گەڵاڵە نامەی “26” مافی خودموختاری بۆ میللەتی کورد پەسەند دەکات.
خومەیینی لە سەرو بەندی هەڵبژاردندا جاڕیدا، کە پشتگیری هیچ کاندیدێک ناکات، بەڵام دواتر پشتیوانی لە بەنی سەدر کرد!. لە کۆتاییدا بەنی سەدر بە سەرەککۆمار هەڵبژێردرا. دواتر بۆ گوتووبێژ دەستەیەکی ناردە کوردستان، “شێخ عیزەدین” وەک سەرۆکی دەستەی نوێنەرانی گەلی کورد ڕایگەیاند؛ گەڵاڵە نامەی ” 26″ مادەیمان قبووڵە، لەبەرانبەردا سەرەککۆمار داوای دانانی چەکی لە هێزە سیاسێکانی ڕۆژهەلات دەکرد. ڕۆژی 26/ ئازار/ 1980 جارێکیتر شەڕ دەستی پێکردەوە. حکوومەت بە خەستی قەڵاتانی تۆپبارانکرد، خەڵک ناچاربوون ماڵ و حاڵیان بە جێبهێڵن، لە ڕێگای بە یاننامەوە جارێکتر “شێخ عیزەدین” ئەم شەڕەی سەرکۆنەکرد، لە درێژەی بەیاننامەکەیدا دەنووسێت:- بە درێژای ئەم شەڕە من لە بیری ئێوەدا بووم، جەنگ بیست و شەش ڕۆژ بەردەوام بوو، بۆ سەرکوتکردنی خەڵک، حکوومەت گشت جۆرە چەکێکی بەکارهێنا، هەوڵدرا بە گفتووگۆ شەرەکە چارەسەر بکرێت، مخابن 17/ نیسان/ 1980 تا 2/ئایار/ 1980 جارێکیتر جەنگ هەڵئایسایەوە، ئەگەرچی جارێکتر ئاگر بەست ڕاگەیەنرا” بەڵام حکوومەت پابەندی ئاگربەستەکە نەبوو.
لە 22/ ئەیلول/ کۆماری ئیسلامی لەتەک وڵاتی ئێراقی دەرهاوسێیدا تووشی شەڕبوو، سەرئەنجام ساڵی 1983 هێزەکانی ڕۆهەڵات بارەگاکانیان بردە ناو خاکی ئێراقەوە.
سەرەتا شێخ بڕیایدا شار بە جێ نەهێڵێت و لە شاری مەهاباد بمێنێتەوە، دواتر شارەکەی بە جێهێشت و ڕوویکردە ناوچە سنوورێکان. لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئایت دیز” فەڕەنسی لە مەهاباد دەڵێت:- بە پێچەوانەی ڕاپۆرتەکانی تاران، خەباتی پارتیزانی ڕۆژهەڵات پەیوەندی بە جیابوونەوەی کوردانی ئێران و یەکگرتنیان نییە لەتەک پارچەکانی تری کوردستاندا نییە. دواتر بەهۆی ئەو باردۆخەوە نەخۆش دەکەوێت، بەڵام بەردەوام بووە لە کارو چالاکی سیاسی و دەرکردنی بەیاننامەو بڵاو کردنەوەی بیروبۆچوونەکانی. سەرەتا لە گوندی ” مالومە” نیشتەجێ بووە، دواتر ڕوویکردۆتە دێهاتەکانی “ئەرتەش و سوورە قەڵان” لە کۆتاییدا ڕوویکردۆتە گوندی “چۆخماخ” و هەتا ساڵی 1988 لە ناوچەکەدا ماوەتەوە، ساڵی 1989 لەتەک لیژنەیەکدا چاویان بە “یاسر عەرفات” کەوتووە، ساڵی 1990 کوردستان بە جێدەهێلێت و لە وڵاتی سوید نیشتە جێبووە.
=KTML_Bold=“پەیوەندی شێخ عیزەدینی حسێنی لەگەڵ پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”=KTML_End=
شێخ، زادەی پەروەردەیەکی ئایینی بوو، بەهەمان شێوە خاوەن پێگەیەکی ئایینیش بوو، بەڵام ڕۆشنبیر و خەڵک دۆست بوو، باوەڕی بە سیستمی سیاسی سیکولار هەبوو، سەبارەت بە پەیوەندی لەتەک کۆمەڵەدا دەڵێت: باوەڕم بە کوردایەتی و ڕێگای کوردستان هەبوو، شایەد کۆمەڵە گەشە بکات باشترە، چونکە ڕێکخراوێکی نوێیە و لە “حدکا” باشتر دەبێت. “عەبدوڵڵا موهتەدی” سەبارەت بە پەیوەندی شێخ لەتەک کۆمەڵەدا دەڵێت:- شێخ کەسێکی کوردپەرەوە، ئازادیخواز و ئاشتیخواز و لایەنگری چینە چەوساوەکان بوو، هۆکاری ئایینی و بنەماڵەی لە نزیکبوونەوەی هەردوو لا کاریگەریان نەبووە. “یوسف ئەردەڵان”یش لە مەر پەیوەندی هەردوولا دەڵێت:- شێخ نەیدەتوانی وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ لە کوردستاندا بمنێتەوە، دەبوو یەکێک لەو دوو هێزە هەڵبژێریت، دواتر لەتەک کۆمەڵەدا ڕێگای گرتە بەر. “ئیبراهیم عەلیزادە”ش دەڵێت:- لە سەرەتاوە کۆمەڵە لەگەڵ شێخ ناکۆک بوو، ئەو دەیگووت: ئێوە کوردستانیبن، ئێمە لەسەر دوو پا دەڕۆیشتین یەکێکیان کوردستانی و ئەوی تریان ئێرانی.
هەروەها پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان، بەڵام پاش هەڵوەشانەوەی “ژ.ک” نەبووە ئەندامی هیچ حیزبێک. “عەبدوڵڵا حەسەن زادە” دەڵێت:- دوای هەفتەیەک لەگەڕانەوەمان، پێمان خۆشبوو شێخ ڕەگەڵمان بکەوێت، بەڵام کۆمەڵە دەور و خولیان دابوو، کاریگەریی زۆریان لە سەری هەبوو، گایەک گەرەکیان بوو وەک ڕێبەرێک خۆی بنوێنێ، بە دیوێکی تریشدا کاریگەرییان لەسەر دانابوو دژایەتی “حدکا” بکات.
“جەلیل گادانیش” دەڵێت:- چوومە لای شێخ و داوام لێکرد کارمان لەتەکدا بکات، لە وەڵامدا وتی:- لەتەک “حدکا” کار ناکەم، گووتم لەتەک کێدا کار دەکەیت؟ وتی ناوێک پەیدا دەبێت. هەروەها لەتەک “سازمانی خەبات”دا پەیوەندی هەبووە، بەهەمانشێوە پەیوەندی لەتەک مەکتەبی قورئان و ئەحمەدی موفتی زادەدا هەبووە، پەیوەندێکەشیان دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە شۆڕی گەلانی ئێران، ئەگەر چی دوو کەسایەتی جیاوازیش بوون.
“ئەنجام”
“شێخ عیزەدین” توانی وەک خەباتگێڕێکی نەتەوەی، مۆدێلێکی نوێی کاری سیاسی پێشکەش بکات، وەک مەلایەکی نەتەوەیی شۆڕشگیڕ، بزاووتێکی لە هەناوی بیری شۆڕگێڕانەی ئیسلامی تێکەڵ بە بیری چەپ بکات، تا کۆتایی تەمەنی بەردەوام بوو لەو خەباتە، لەتەک ڕۆشنفکرانی (کورد و ئێران) وەک کەسایەتێکی دیار، تا دوا ساتەکانی تەمەنی لەو پێناوەدا کارو کۆششی کرد.
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
-شێخ عیزەدینی حسێنی (1979- 1989) توێژینەوەیەکی مێژووی سیاسی.
-ماستەرنامەی خوێندکار “سنەوبەر سەردار ستار” چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە. [1]