$سێیەمین جەنگی ڕۆژاوا$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#15-10-2019#
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، تورکیا هەر ساڵە و هێرشێکی گەورەی کردووەتە سەر ڕۆژاوای کوردستان و ئامانجەکەیشی، وەک ئەوەی کە نەیشاردووەتەوە، بۆ ڕێگرتن لە درووستبوونی قەوارەیەکی سیاسییە بۆ کورد. جاری یەکەم بە پاساوی شەڕی #داعش# و بە ئامانجی بڕینی پەیوەندیی نێوان #عەفرین# و کۆبانی، حەوت مانگ و پێنج ڕۆژ شەڕی کرد هەتا خۆی گەیاندە ئەلباب.
جاری دووەم لە ساڵی 2018دا بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و جیهان هێرشێکی دیکەی کرد و لە ماوەی دوو مانگ و چوار ڕۆژدا عەفرینی گرت. ئەمەی ئەمجارەش بە پاساوی درووستکردنی ناوچەی ئارام و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نۆی مانگەوە دەستیپێکردووە.
هێشتا دیار نییە لەشکرکێشییەکەی ئەمجارەی تورکیا چەندێک دەخایەنێت و ئەنجامەکەی چۆن دەبێت، بەڵام بەر لە یەکلابوونەوەی داهاتوووی سووریا، ئەنکەرە ئەمە بەدوا دەرفەتی خۆی دەزانێت بۆ لەناوبردنی ئەوەی کە بە هەڕەشەی دەزانێت و کوردیش وەک شەڕی مان و نەمان سەیری دەکەن.
$وردەکاریی ئامانجەکانی شەڕ$
تورکیا بەتەمایە جوگرافیایەک بە مەودایەکی نێوان 120-140 کم و قووڵایی 30-32 کم، کە سەرێکانی و گرێسپی بە یەکەوە دەبەستێتەوە، بگرێت و لەوەشدا بەشێک لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریای لەگەڵدایە کە بەناوی جەیشی وەتەنی ڕێکخراونەتەوە. هەوڵی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە خۆی بگەیەنێتە ڕێگای ئێم فۆر و بەوەش هاتوچۆی نێوان قامشلۆ و کۆبانی ببڕێت.
بەو پێیەش، ئەگەر تورکیا ئەوە بکات، ئەوا ڕێگای نێوان قامشلۆ- کۆبانی دەبێ بچێتە خوارتر و بە ڕەقەدا تێپەڕبێت. هەرچەندە ئێستا ڕەقە و دێرەزوور هەر لە دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکدان، بەڵام لەبەر ناڕوونیی داهاتووی ئەو ناوچانە، گواستنەوەی ڕێگای قامشلۆ- کۆبانی بۆ ئەوێ، واتای دابڕانی کردەیی ئەو دووانە لەیەک دەدات. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە ئەگەر تورکیا و هێزە پاڵپشتیکارەکانی بتوانن کۆنترۆڵی ئەو جاددەیە بگرنە دەست، بە ئاسانی دەگەنە دەشتاییەکانی بەینی پارێزگاکانی حەسەکە و ڕەقە کە زیاتر عەرەبی لێ نیشتەجێیە و ئەمەش لە ماوەی درێژخایەندا، ڕێگا ئەڵتەرناتیڤەکانی بەستنەوەی کۆبانی- قامشلۆ بە یەکتری لەناودەبات.
جگە لەوە، دابڕاندنی کۆبانی کە نفووسێکی یەکدەستی کوردیی هەیە، لە قامشلۆ- جزیرە کە بەوجۆرە نییە، وا دەکات ڕەنگی کوردی لە هەر جۆرە ئیدارەیەکی گریمانەیی ئەو ناوچانەدا کاڵتر بێتەوە.
تورکیا بە تەمایە لە ڕێی بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی و وشکانی، لەگەڵ کەڵکوەرگرتن لە پێکهاتەی عەرەبی، دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرێت. لەبەرانبەردا، وادیارە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات تا ئێستا، توانا و ئامادەکاریی بەرگرییان هەیە. دەستبەدەستبوونی چەندجارەی هەندێک شوێن لەو ناوچەیەدا لە بەینی تورکیا و #هەسەدە#، ئەویش تەنیا لە ماوەی کەمتر لە شەش ڕۆژی یەکەمی جەنگدا، واتای بەهێزیی بەرگرییەکە دەدات. کەوتنی ناوچەکانی نێوان سەرێکانی و گرێسپی بۆ هەسەدە واتای مان و نەمان یان سنوورداربوون لە ناوچەیەکی جوگرافیی بەرتەسکتر دەدات. ئەگەر تورکیا ئەو ناوچەیە بگرێت، ئەوسا جگە لە دابڕانی پەیوەندیی جزیرە- کۆبانی، واتای درووستبوونی تەهدیدێکی سەربازی و سیاسیی ڕاستەوخۆ لەسەر کۆبانیش دەدات. چونکە لە سێ لاوە (ناوچەی قەڵغانی فرات- تورکیا و ئەم ناوچەی کە ئێستا شەڕی تێدایە) دەکەوێتە گەمارۆ و ئەمەش وای لێدەکات تەنیا لە ڕێی ڕەقەوە هەناسەیەک وەربگرێت کە ئەویش کاتی دەبێت و دواجار یان لەلایەن لایەنگرانی تورکیاوە دەگیرێت، یان بەناچاری دەبێ مل بۆ داواکارییەکانی دیمەشق کەچ بکات.
جگە لەوە، باڵادەستبوونی تورکیا لەو ناوچەیەی کە بەتەمایە بیگرێت، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر تەکانەوەی بەشێک لە عەرەبەکانی هاوپەیمانی کورد لەنێو هەسەدە دابنێت. بەشێکیان یان دەچنە پاڵ تورکیا یان دەچنەوە پاڵ حکوومەتی دیمەشق. ئەمەش بە کوورتییەکەی واتای سنووردارکردنی دەسەڵاتی ڕۆژاوا لە ناوچەیەکی بەرتەسکی پارێزگای حەسەکە/ جزیرە کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە. ئا لەبەر ئەو هۆکارانە، ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژاوا، شەڕی ئەم جارە بە شەڕی مان و نەمان سەیر دەکات و لەبەر ئەوەشە کە توانای خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بەرگرییەکی بەهێز بکات.
$هەڵوێستی نێودەوڵەتی$
جگە لە ئەمریکا، هەریەک لە ڕووسیا و ئێرانیش بێ مەیل نین بۆ ئەوەی گوێ لە خواستەکانی تورکیا سەبارەت بە ڕۆژاوای کوردستان بگرن. پێشتر ڕووسیا و ئێرانیش باسی ئەوەیان کردووە کە پێویستە تورکیا بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی خۆی لە سووریا، ڕێککەوتننامەی ئەدەنە لەگەڵ سووریا زیندوو بکاتەوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە ساڵی 1998 ڕێگای بۆ دەرکردنی ئۆجەلان لە سووریا خۆشکردبوو. ئەمەش واتای ئەوە دەدات کە ئێران و ڕووسیاش، ئامادەیی قبووڵکردنی داواکانی تورکیایان تێدایە، بەس بە مەرجی ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا. هەرچی ئەوروپاشە، لەبەر ئەگەری کردنەوەی دەرگای پەنابەران لەلایەن تورکیاوە، چەندەی دژیش بێت توانای بەرەنگاربوونەوەیەکی جددی نییە. کۆمکاری عەرەبی ئیدانەی لەشکرکێشییەکەی کردووە، بەڵام ئەو لە ساحەی سووریادا ئەکتەری سەرەکی نییە و ڕەنگە هەندێک کاریگەریی سنوورداری لەسەر هەڵوێستی خێڵە عەرەبییەکانی ناوچەکە هەبێت.
نیگەرانییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە لەشکرکێشییەکەی تورکیا بە پلەی یەکەم لەسەر ئەگەری خورتبوونەوەی داعش و درووستبوونی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەرانە و مەسەلەی مافداریی پاراستنی قەوارەی سیاسیی ڕۆژاوا باسێکی ئەوتۆی لێناکرێت. هەڵبەت ڕای گشتیی جیهان وەک غەدرلێکراو سەیری کورد- ئیدارەی ڕۆژاوا دەکات کە بێوەفاییان بەرانبەر کراوە. هەرچەندە ڕای گشتی دەوڵەتانی دیموکراتیک کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوە هەیە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئایا لەم کەیسەدا گوشارەکانی ڕای گشتی دەتوانێت سیاسەتی دەوڵەتان بە تایبەتی ئەمریکا بگۆڕێت؟ بەڵام بەئەگەری زۆر، گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی جەنگ، فاکتەرێکی کاریگەرترە بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی وڵاتان دابنێت.
$ئەنجام$
لای کەم کەس شاراوەیە کە تورکیا پاساوەکەی هەرچی بێت، سیاسەتێک دژ بە وجودی قەوارەی کوردی لە ڕۆژاوا پێڕەو دەکات. هەڵبەت ڕووداوەکانی دوای گشتپرسیی هەرێمی کوردستان ئەوەمان پێدەڵێن کە ڕەنگە ئەمە تەنیا بەسووریاشەوە سنووردار نەبێت. سنووردارکردنی هەسەدە لە جزیرە، لەوانەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ببێتە پاساوێک (پاساوی بوونی پەکەکە لە #شنگال# و جزیرە) بۆ نائارامکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی قەوارەی سیاسیی کوردی لە ئێراقیش.
بۆیە مانەوەی ڕۆژاوای کوردستان و چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریا لە ڕیزی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستاندایە. ئەو جەنگە دەتوانێت ڕێگا بۆ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی خێرا لە ناوچەکە خۆش بکات. جگە لەوە، پوتانسیێلی کۆچ، خورتبوونەوەی داعش و نائارامییەکی درێژخایەنیشی تێدایە کە ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان باش نییە. بۆیە ڕاگیرانی جەنگ لە قازانجی کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستانیشە. ئالێرەدا پاڵپشتی هەوڵەکانی دەوڵەتان بۆ ناوبژیوانی و یەکخستنی وتاری کوردی لە ڕۆژاوا، بایەخی زۆری هەیە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەوری تێدا بگێڕێت. [1]