$ناڕەزاییەکانی پوولەکەی پاپا$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#12-03-2021#
تورکیا و ئێران ناڕەزاییەکی تووندیان پێشانداوە بەرانبەر پوولێک کە بە بۆنەی هاتنی پاپاوە لە هەرێمی کوردستان نمایشکرابوو. ئەوەیان بەهەڵەی گەورە و کردەی نادۆستانە ناوبردووە و داوای ڕاستکردنەوەیان کردووە. لە پوولەکەدا نەخشەی کوردستانی گەورە لە پشت سەری پاپا دانراوە و ئەمەش، وەکوو خواستی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی خاک لە ئێران و تورکیا لێکدراوەتەوە. ساڵی 2017ش سەرەتاییترنی مافی هەر نەتەوەیەک بۆ دەربڕینی خواستی خۆی لەبارەی چارەنووسەکەی لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تورکیا و ئێران و ئێراقەوە سەرکوتکرابوو. بەرپرسانی ئەنقەرە و تاران باش دەزانن کە جارێ، هیچ پڕۆژەیەکی سیاسیی کردەنی بۆ دامەزراندنی کوردستانی گەورە لە ئارادا نییە، کەوابوو هۆکاری ئەو هەڵوێستە چییە کە تورکیا و ئێران پیشانیان داوە؟
$ناڕەزاییەکەی تورکیا و سیاسەتی نێوخۆیی$
بەدەر لەو هەستناکییە نەریتییەی کە دەوڵەتی تورکیا بە بابەتەکانی پەیوەست بە بیری ناسیۆنالیستی کوردییەوە هەیەتی، پێدەچێت ناڕەزایی ئەمجارەیان، لە پوولەکەی پاپا زیاتر، ڕەهەندێکی نێوخۆیی هەبێت. ناڕەزاییەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە دوای لێدوانێکی عومەرچەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان هات. ئەو پارتەی بۆ نزیکەی دوو دەیە دەڕوات کە سوکانی دەسەڵاتی تورکیای بە دەستە، ئێستا ڕووبەڕووی دۆخێکی جەماوەری خراپ بووەتەوە. تاوەکووئێستاش هەر نەتەوەگەراکان دوایین چانسی ئەردۆغانن بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بیهێڵنەوە، بۆیە وتار و سیاسەتەکانی، زیاتر بەپێی خواستی ئەوان ڕێکدەخات. بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنیش بە ئاگاداربوون لە ڕەهەندە نێوخۆییەکەی ئەم پرسە، بە تەمایە ئەمە بۆ تەنگەتاوکردنی ئەردۆغان بەکاربهێنێت.
دوو پارتی سیاسیی گرنگ لە ئاکپارتی جیابوونەتەوە کە دەیانەوێت جەماوەرە ئیسلامییەکەی ئەو حزبە بۆ خۆیان بماشنەوە و بەپێی ڕاپرسییەکانیش، لەوانەیە 5%-6%ی دەنگەکانی لێ ببەن. ئاکپارتی لە دوایین هەڵبژاردنەکانی شارەوانیدا، لە هەندێک لە شارە گەورەکانیشدا دۆڕاندی و سیاسەتەکانیشی بۆ ڕێگرتن لە چوونی دەنگی کوردەکان بۆ هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی دوو لایەنی سەرەکیی ئەو هاوپەیمانییەن و #هەدەپە#ش وەک هاوپەیمانە نافەرمییەکەی ناوی دەرکردووە.) سەرینەگرت.
گەلێک لە ڕاپرسییەکانی ئێستاش وای پێشاندەدەن کە هاوپەیمانییەکەی ئاکپارتی لەگەڵ مەهەپە لە هەڵبژاردنێکی گریمانەییدا دەنگی جاران بەدەستناهێنێت و زیاتری لە کیس دەچێت. ئەگەر بێت و پێشبینیی ڕاپرسییەکان ڕاست دەرچێت، تەنانەت خودی سەرۆککۆماریش دەنگی 50+1 بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی بەدەستناهێنێت. لەوەش کرنگتر ئەوەیە کە هەندێک لە ڕاپرسییەکان وایدەردەخەن کە ئەگەر زۆرە، مەهەپەی هاوپەیمانی ئاکپارتی لەژێر بەربەستی 10%ی هەڵبژاردندا بمێنێتەوە.
بۆیە وادیارە کە ئاکپارتی لەگەڵ ئەوەی کە پێی باشە بەرەی نەیارەکانی دابەشبێت، وەک ئەگەری جیابوونەوەی فەرمیی موحەڕەم ئینجە لە جەهەپە، ڕاکێشانی باڵێکی پارتی سەعادەت یان تەنانەت جیابوونەوەیەکی گریمانەیی گرووپێک لە هەدەپە، کار بۆ ناچارکردنی ئیی پارتی، حزبەکەی مەرال ئاکشنەر دەکات بۆچوونە نێو هاوپەیمانیی جمهور (هاوپەیمانی ئاکپارتی- مەهەپە) یان لانی کەم دوورکەوتنەوە لە جەهەپە. ئەمەش پێویستی بە وتارێکی بەهێزی نەتەوەگەرایی هەیە.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە هەرچەندە باسی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئارادا نییە بەڵام کەشوهەوای سیاسیی تورکیا بە جۆرێکە کە وەک بڵێی بەرەو هەڵبژاردن دەچێت. بەپێی یاساکانی تورکیا، هەر حزبێک لانی کەم لە 41 پارێزگادا بارەگای نەبێت و کۆنگرەی پارێزگاکانی نەکردبێت، ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردن بکات. ئەگەر ئەوانەشی کردبێت، دەبێت لانی کەم 6 مانگ بەسەریدا تێپەڕبووبێت.
بەگوێرەی ئەو مەرجانەش بێت، پارتی داهاتووی ئەحمەد داودئوغڵوو لانی کەم لە مایسی ئەمساڵ بەدواوە دەتوانێت مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بە دەستبێنێت و پارتەکەی عەلی باباجان (دەوا) یش لە حوزەیران بە دواوە ئەو مافەی دەبێت. دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیاش، لە کۆتاییەکانی مانگی 1ی ئەمساڵدا، ناوی 17 حزبی بڵاوکردووەتەوە کە مەرجەکانی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردن تێدایە و لەو لیستەشدا، ناوی حزبەکەی باباجان و داودئوغڵوو نییە. ئەمەش ئەو گومانەی درووستکردووە کە لەوانەیە ئاکپارتی بە تەمابێت بەر لە حوزەیران، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پەڕڵەمان دەربکات تا ڕێگە لە بەشداریکردنی حزبەکەی باباجان لە هەڵبژاردن بگرێت، چونکە زیاترین دەنگی لێ دەبات. بێگومان ئەگەر بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیش بدرێت، وتاری نەتەوەگەرایی- ئیسلامی زیاتر لە هەر وتارێکی دیکە بە کەڵکی ئەردۆغان دێت.
$ناڕەزاییەکەی ئێران لە پوولە یان لە پاپا؟$
دەکرێ ناڕەزاییەکەی ئێران لە پوولەکەی پاپا زیاتر، لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی ئەو وڵاتە بەرانبەر ئێراق و هەوڵەکانی بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە تورکیا، ئەویش دوای لێدوانەکانی ئیرەج مەسجدی لە دژی تورکیا سەیربکرێت کە گوتبووی پێویستە ئەنقەرە هێزەکانی لە ئێراق بکشێنێتەوە. ئێران لەسەر پوولەکەی پاپا ناڕەزایی گەیاندووەتە حکومەتی ئێراق. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە گەلێک لە کێشەکانی ڕابردوودا، وەک تورکیا ڕاستەوخۆ ڕووی دەمی لە هەرێمی کوردستان دەکرد. بەکارهێنانی ئەم بابەتە وەک کارتێکی گوشار لەبەرانبەر حکومەتی بەغدا، پەیوەندیی بەو لالووتییەوە هەیە کە بەگشتی تاران لە حکومەتەکەی کازمی هەیەتی و لە دوای هاتنی پاپاش زیاتر بووە.
هاتنی پاپا بۆ ئێراق بە گشتی، بۆ شیعە و بۆ کوردیش واتایەکی گرنگی هەبوو. مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی ئێراق چەند جارێک باسی لە پڕۆژەی شامی نوێی کردووە و لانی کەم بەشێک لە سەرکردەکانی ئێراق لەگەڵیدا هاوڕان کە ئێراق لە جەمسەرگیری و هاوپەیمانییە ڕکابەرەکانی ناوچەکەدا، ڕۆڵێکی ناونجیی هەبێت.
هەرچەندە ئەستەمە ئێراق بتوانێ بێلایەن بێت، بەڵام هاتنی پاپا یارمەتیدەری بیرۆکەکەی مستەفا کازمییە سەبارەت بەوەی کە وڵاتەکەی شوێنی بە یەکگەیشتنی لایەنەکان بێت نەک جێگەی بەریەککەوتن. بێگومان ئەمە دەتوانێت پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتیش پەیدا بکات. ئەمەش شتێک نییە کە بەدڵی ئێران بێت.
هاتنی پاپا پێگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانیشی وەک مەرجەعی باڵای دنیای شیعی بەهێزترکردووە. ڕکابەری نێوخۆیی مەرجەعییەتەکانی شیعە شتێکی دوور لە واقیع نییە. عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی لە پەڕتووکی بیرەوەرییەکانی خۆیدا باسی ئەوە دەکات کە زاواکەی ئایەتوڵڵا سیستانی لە وتەیەکی ئەحمەد جەنەتی یەکێک وتاربێژەکانی نوێژی هەینی تاران و بەرپرسانی پلەبەرزی ئێران نیگەران بووە کە مەرجەع بوونی ئایەتوڵڵا سیستانی بە کاری ئینگلیزەکان ناوبردبوو.
بەشێک لەلایەنگرانی ئایەتوڵڵا سیستانی دەستەواژەی ئیمامی بۆ بەکاردێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەلائیەکان، عەلی خامنەیی ڕابەری ئێستای ئێران بە شایستەی پلەیئیمامی دەزانن. بە ئەگەری زۆر، هاتنەکەی پاپا بە کەیفی وەلائییەکان نەبوو، بەڵام دواجار مەرجەعییەتی نەجەف و سیستانیش نەیانویست بە تەواوی ئێران لە خۆیان بکەنە دوژمن، بۆیە لە بەیاننامەی دیدارەکەیدا لەگەڵ پاپا، لە ڕێی باسکردنیگەمارۆ و داوای دانووستاندن لە زلهێزەکان، بەشێک لە خواستەکانی تارانیشیان لە پێشچاو گرتبوو. هەڵبەت ئەمە ناتوانێت ڕێگە لەو درزە بگرێت کە لە بەینی مەرجەعییەتی نەجەف- قوم و سیستانی- خامەنەییدا درووستبووە و لە 2003 بەدواوە هەرچی چووە گەورەتر بووە.
هەر لە سەروبەندی هاتنەکەی پاپادا، موحسین ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئیدی لەمەودوا، ئەگەر یەک دۆلاریش بۆ ئێراق و سووریا خەرج بکەن، وەریدەگرنەوە. ئابووری بۆ ئێمە گرنگە، ناکرێ ئێمە یارمەتیی ئێراق و سووریا بدەین بۆ ئەوەی ئاساییشیان هەبێت و دواتریش وڵاتی دیکە کەڵک لە ئابوورییەکەیان وەربگرن. هەرچەند دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو قسانەی بە بۆچوونی شەخسی ڕەزایی ناوبرد، بەڵام دواتر حەسەن ڕووحانیش داوای لە مستەفا کازمی کرد کە پەلەبکات لە پێدانەوەی قەرزەکانی ئێران! ڕۆژێک دواتریش، ئیرەج مەسجدی و وەزیری دارایی ئێراق لەسەر پرسی قەرزەکان کۆبوونەوە.
سەرچاوە ئێرانییەکان باس لە قەرزێکی 5-6 ملیار دۆلاری دەکەن لە هەقی ئەو کارەبا و گازەی کە داویانە بە ئێراق. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانیش گوتوویەتی کێشەکە لەوەدایە کە ئێران دیناری ناوێت و داوای دۆلار دەکات لە هەقی قەرزەکانی، ئەمریکاش ناهێڵێ دۆلاریان پێبدەین. ئەم پەلەیەی کە ئێستا ئێران بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی لە ئێراق دەیکات، لەلایەکەوە پەیوەندی بە دۆخی خراپی ئابووریی ئێرانەوە هەیە. چاوەڕوانییەکانی بەرپرسانی تاران سەبارەت بە ئیدارەی بایدن ڕێک دەرنەچوو. بۆیە دەیانەوێ ڕێگەیەکی خێرا بۆ دەستخستنی دۆلار پەیدا بکەن. بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە دوور نییە کە قسەکانی ڕەزایی، ڕازی دڵی بەرپرسانی ئێران بێت بەرانبەر ئێراق و حکومەتەکەی مستەفا کازمی.
$ئەنجام$
ئەگەر زۆر دووریش نەڕۆین، هەر ساڵی 2016 بوو کە سەرۆککۆماری تورکیا گوتبووی: بڕۆن سەیری مێژوو بکەن، مووسڵ هیی ئێمە بوو.هەروەها عەلی یونسی، ڕاوێژکاری حەسەن ڕووحانی، سەرۆککۆماری ئێرانیش گوتبووی، بەغدا پایتەختی ئێمەیە. بۆیە فراوانخوازی، زیاتر لە پڕۆژە و بیری سیاسیی ئێران و تورکیادایە لەم ناوچەیە. پوولەکەی پاپاش هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی کردەنی لە پشت نییە.
هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا کە هەڵەوگیری کێشە دارایی و ئابوورییەکانی خۆیەتی و لە هەوڵەکانی بەغدا بۆ لاوازکردنی خۆی بەدگومانە، نە توانای ئەوەی هەیە کە کار بۆ بیرۆکەی کوردستانی گەورە بکات، نە ئەو خواستەشی هەیە. ناڕەزاییەکەی حکومەتی تورکیا کە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون، زیاتر بۆ ئەوەیە کە شەقامی نەتەوەگەرایی تورکی بکاتە بەردەنگی خۆی. ناڕەزاییەکەی ئێرانیش کە ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراق کراوە زیاتر بە ئامانجی تەنگەتاوکردنی وەزیرە کوردەکە و حکومەتەکەی مستەفا کازمییە! [1]