$شەڕی هاوبەش دژی #داعش#؛ بڕیارێکی درەنگ بەڵام گرنگ!$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#09-12-2021#
$بەرایی$
دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای ئێراق لە دژی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ( ناوچە جێناکۆکییەکان) ڕووداوێکی گرنگە و مستەفا کازمی لە #مەخموور# گوتوویەتی ئیدی دەرفەتی گەڕانەوەی داعش نەماوە، بەڵام، دۆخی سیاسی و ئەمنی لە ئێراق و ناوچەکەش، دیمەنێکی گەشبینانەی وامان ناداتێ کە ئەو وێنای کرد. لە ساڵی 2021دا داعش لە سێ قۆناخی سەرەتاکانی ساڵ، نیوەی ساڵ و ئێستاش کە بەرەو کۆتاییەکانی ساڵ دەچین، جموجۆڵەکانی خۆی زیاترکرد و، ئەوەی سەلماند کە تەنانەت ئەگەر نەتوانێ جوگرافیایەکیش بگرێتەوە، ئەوا دەتوانێ ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بخوڵقێنێت. هەڵبەت ئەمە تەنیا گرێدراوی ئێراق و هەرێمی کوردستانیش نییە و بە بەراورد بە ساڵی 2020، ئەو ڕێکخراوە جموجۆڵ و هێرشەکانی لە ئەفغانستان و ئەفریقیاش زیاتر کردووە.
$هێرشەکانی نوێیەکانی داعش$
بەشێک لە سیاسی و فەرماندە سەربازییەکانی ئێراق هێرشەکانی تازەکانی داعش بە ڕووداوێکی گەورە سەیر ناکەن. عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی دژەتیرۆری ئێراق ڕایگەیاندووە کە ئەوەی داعش دەیکات زیاتر بۆ ئەوەیە هەڵایەکی ڕاگەیاندنی درووستبکات، ئەگینا شتیکی ئەوتۆی پێناکریت. فەرماندەکانی پێشمەرگە و لایەنی کوردستانیش، چەند هۆکارێکی وەک نەبوونی هاوئاهەنگی، کەمی چەک و بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئێراقیان وەک هۆکاری گرنگ داناوە. هەرچەندە هەندێکیشیان دانیان بەوە داناوە کە لەوانەیە کەموکووڕی و خەمساردیش هەبێت.
پێدەچێت هۆکارێکی جیا بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی زیادبوونی هێرشەکانی داعش لەو ڕۆژانەی ڕابردوو، زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئێراق- #حەشدی شەعبی# بن لە دژی ئەو ڕێکخراوە، کە بەتایبەتی لە مانگی 11دا لە سێکوچەکەیەکی نێوان باکووری بەغدا- دیالە و سەڵاحەدین دا چڕبوونەتەوە. ئەمە ڕێک ئەوەش دەردەخات کە چۆن بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگییەکی بەهێز لەنێوان هێزە شەڕکەرەکانی دژی داعش، هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی ئەو ڕێکخراوە دەتوانێت ببێتە هۆی قیتبوونەوەی لە شوێنێکی دیکە! لە مانگی 11دا سوپای ئێراق و حەشدی شەعبی کە لە هەندێک شوێندا پشتیوانیی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیشی لەگەڵ بووە، چەندین ئۆپەراسیۆنیان ( وەک ئۆپەراسیۆنی برووسکەی ئاسمان) لەنێوان حەوزی حەمرین تاوەکووچیای مەکحول و ڕێگەی (المسحک) لە باکووری سەڵاحەدین لە ناوچەیەکدا ئەنجامداوە کە وا مەزندە دەکرێت 200 کیلۆمەتر درێژبێت. ئەنجامی سرووشتی ئەوەش، هەڵکشانی زیاتری داعشە بەرەو باکوور و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. کاتێک داعش دەرفەتی مانەوەی لە حەوزی حەمرین نەمێنێ، خۆی لە قەرەی ناوچەکانی دەورووبەری #خانەقین#- #جەلەولا#، کەلار و کفری دەدات و ئەگەر لە باکووری سەڵاحەدینیشەوە تەنگی پێهەڵبچنێت، ڕوو لە ناوچەیەکی نێوان ڕووباری زاب و دیجلە دەکات کە مەخمووریش یەک لەوانەیە. ئەمە ڕێک ئەو دۆخە بوو کە لە ساڵی 2014دا ڕوویدا. ئەوکاتەی کە داعش نەیتوانی بەرەو بەغدا و ناوچەکانی باشووری ئێراق بڕوات، بەرەو باکوور و هەرێمی کوردستان هەڵگەڕایەوە. هێشتنەوەی دەرگایەکی کراوە بۆ دوژمن، لەکاتێکدا کە لە سێ لاوە هێرشی دەکەیتە سەر، تاکتیکێکی زانراوی سەربازییە و، لەکاتێکدا کە بۆ ماوەیەکی درێژ هاوئاهەنگی نێوان هێزە شەڕکەرەکانی دژی داعش ڕابگیرێت و ڕێگە بە پڕچەککردنی پێشمەرگەش نەدرێت، ئەوسا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا خواستێک بۆ هەناردەکردنی داعش بەرەو کوردستان لە ئارادایە؟
ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی داعش لەو ناوچانە، ئەویش لەکاتیکدا کە هاوئاهەنگییەکی تەواو لەگەڵ هێزی پێشمەرگە نییە و پێشمەرگەش بە کەرەستە و چەکی پێویست پڕچەک نەکراوە، دەتوانێ هەڵەیەکی تاکتیکی یان تاکتیکێکی بە ئەنقەست بێت کە ئەنجامەکەی زیادبوونی پەلامارەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل بوو.
$پاڵنەری دیکە$
ئێستا وەک هۆکاریکی ڕۆژانەیی، ئەنجامی هەڵبژاردن و مشتومڕی ناوخۆیی شیعی لەسەر داهاتووی حکومەت دۆخیکی درووستکردووە کە تەنانەت گیانی سەرۆکوەزیرانیش پارێزراو نییە و ئەمەش بەستێنێکی باش بۆ خورتبوونەوەی داعش درووستدەکات.
لە مانگی 2ی ئەمساڵدا لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو مێزگردێکمان سەبارەت ئەگەری گەڕانەوەی داعش کرد کە تێیدا وەین مارەتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانان و یەحیا ڕەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێراق و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەش بەشداربوون. زۆربەی پرسیارکانم بەدەوری توانای مرۆیی بەردەستی داعش لە حەوزی سوننی ونەوەی دووەمی داعش ، جوگرافیای جموجۆڵەکان، ڕێکخستن وسەرچاوەی دارایی و هاوئاهەنگی نێوان بەشداربووەکانی شەڕی دژی داعش بوو. گشتیان هاوڕابوو لەوەی کە ئەستەمە داعش بتوانێت وەک جاران خاکێکی فراوان داگیربکات و ئیدارەی بدات، بەڵام پێیانوابوو کە دەتوانێ لە چەند ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراودا مەترسی درووستبکات. باسی زۆر مژار کرا کە یەکێک لەوان زیادکردنی هاوئاهەنگی نێوان هێزەکان بۆ ڕووبەڕبوونەوەی داعش کردەوە.
ڕاستییەکەی کێشەیەکی گەورەی متمانە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی ئێراقدا هەیە. هەروەها تەنگژەی میلیشیاکان وهاوپەیمانی نیودەوڵەتی بەتایبەتی هێزەکانی ئەمریکاش لە ئارادایە. سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی دیکەی ئێراق سێ بابەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری، بۆشایی ئەمنی و چەک ڕاستەوانە پەیوەندییان بەبێ متمانەیی لایەنەکان بە یەکتری هەیە. بۆشایی ئەمنی کە هەندێک لە فەرماندەکان بە 400 و هەندێک دیکەش بە درێژی 590 کم مەزەندەی دەکەن لەنێوان هێزەکاندا لە ئارادایە و بریارە بە دوو لیوای هاوبەش پڕبکرێنەوە.
لایەنی کوردستانی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە ڕێگرتن لە پڕچەک بوونی هێزەکانی پیشمەرگە، هەمیشە دەهێنێتە سەر زمان. یاسای دەستەی پیشەسازی جەنگی- ژمارە 25ی ساڵی 2019-ش کە لە پەڕڵەمانی ئێراق دەرچووە و نوێنەرێکی پێشمەرگەش لە دەستەکەدا دیاریکراوە، نەیتوانیوە ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە. بێگومان کەم چەک هێشتنەوەی پێشمەرگە تەنیا لەبەر هۆکاریکی تەنکیکی نییە، بەڵکوو سیاسەتێکی لە پشتە.
بڕیارە 19ی ئەم مانگە دوا کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی سیاسی – سەربازی و ئەمنی ئێراق و ئەمریکا بکریت بۆ ئەوەی بابەتی کشانەوە و گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا تاوتوێ بکەن. ئەگەر لە دوای کۆتایی ساڵ، گرووپە چەکدارەکان درێژەیان بە هێرش و تەنگژەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دا، بێگومان دەرفەتێکی باشتر بۆ جموجۆڵی داعش درووست دەبێت.
هەڵبەت نابی تەنیا لە دەلاقەی ئێراق و کوردستانەوە تەماشای پرسی داعش بکرێت و ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 2021دا لە ئەفغانستان و ئەفریقیاش جموجۆڵەکانی خۆی زیاتر کردووە. تەنیا لە هەفتەی کۆتایی مانگی 11دا، نزیکەی 6 جار پەلاماری داوە کە دووانیان لە کابول بوون. ئەمە بێجگە لەو تەقینەوانەی کە پێشتر لە ناوچە شیعەنشینەکانی ئەفغانستاندا کردبوونی. لە ئاستی ناوچەکەدا دوو هۆکاری گرنگ شک دەبم کە زەوینەی جموجۆڵەکانی داعشیان زیاتر کردووە. یەکیان گەڕانەوەی تاڵیبان بوو لە ئەفغانستان کە ئەمە بەدەر لە جۆری پەیوەندیی و ناکۆکییەکانی داعش و تاڵیبان، هیوایەکی بۆ گرووپە تووندڕەوەکانی وەک قاعیدە و داعش درووستکردووە کە ڕۆژیک پێگەیان بەهێزبێتەوە.
دوەمیان پەیوەندی بە هاوسەنگییەکانی هێز، ئاڕاستەی نوێی هاوپەیمانی و ڕکابەرییەکان لە ناوچەکەدا هەیە. لەدوای ڕاڕایی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە، زۆر لە ئەکتەرەکانی ئەم ناوچەیە پێداچوونەوەیان بە پەیوەندی، هاوپەیمانی و ڕکابەرییەکانی خۆیان کردووە. لە تەنیشت ئەوەشدا کیبڕکێیەکی بەهێزی چەک لە ناوچەکە پەیدا بووە. لەلایەک دانووستاندن و لەلایەک ڕکابەریی چەک لە ئارادایە. لەم قۆناخەشدا کە ئامانجی لایەنەکان هاوسەنگکردنی هێزی یەکترە، تاوەکووئەو کاتەی کە هاوسەنگیی درووستدەبێت، دەرفەتی جموجۆڵی هێزە پرۆکسییەکان و هێزێکی وەک داعشیش زیاتر دەبێت.
$کۆتایی$
بڕیارەکەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی ئێراق بۆ دەستپیکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە بڕیارێکی درەنگ، بەڵام گرنگ بوو. هەڵبەت واتای ئەوە نادات کە ئەمە دەتوانێت کۆتایی بە داعش بێنێ. دۆخی سیاسی ئێراق، بارودۆخی ناوچەکە و پەیوەندیی نێوان هێزە شەڕکەرەکانی دژی داعش، وادەکەن هێشتا ئەو ڕێکخراوە مەترسییەکی ئەمنیی جیدی بێت.
یەکلاکردنەوەی پرسی ناردنی چەک بۆ هێزی پیشمەرگەی کوردستان وەک هێزە شەڕکەرەکانی دیکەی ئێراق، گرنگیی زۆری بۆ شەڕی دژی داعش هەیە. مستەفا کازمی بەو دوواییانە بڕیاریدا کە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بکرێت و ئەمەش بایەخیکی زۆری هەیە. هەرچەند ئەمە ناچاری بوو، هەروەهاش بەکاری هێنا، تاوەکوونمایشێکی سیاسیشی پێبکات. لەکاتیکدا کە لایەنەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و سەرۆکوەزیرانی داهاتوو مشتومڕیانە، کازمی بەو بڕیارە و بە هاتنەکەی بۆ مەخموور، جووڵەیەکی زیرەکانەی کرد. کوردی ڕازی کرد، ئەو پەیامەیشی بە خەڵک و لایەنەکان دا کە ئەو پیاوی چارەسەکردنی پرسە هەستناک و ئاڵۆزەکانی وەک شەری داعش و، ناکۆکییەکانی #هەولێر# و بەغدایە. هەڵبەت دەبێ ئەگەر بمانەوێ هەقی نەخۆین، دەبێ بڵێین کە مستەفا کازمی لە چاو دوو سەرۆکوەزیرەکەی پێش خۆی، زیاتر هەوڵی چارەسەکردنی ئەم پرسانەی داوە و، بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە لەم کاتەدا پشتیوانی بکات.
[1]