$هێرشی میلیشیاکان و تەنگژەی ناوخۆیی شیعی لە ئێراق$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#17-01-2022#
لە دووهەفتەی یەکەمی سەرەتای 2022دا، شەپۆلێکی دیکەی هێرشی گرووپە چەکدارییە شیعییەکان دەستیپێکرد. لانی کەم 13 هێرش و دوو هەوڵی هێرشی ئەو گرووپانە لە ماوەی 15 ڕۆژی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەو ڕووداوانەی وەک پرسێکی زیندووی ئەمنی- سیاسی خستەوە ڕۆژەڤ.
هاوکاتبوونی هێرشەکان لەگەڵ تەنگژەی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ڕەوتی سەدر، وایکردووە تاوەکووزۆرکەس، لە تەنیشت وتارە باوەکانی وەک موقاوەمە و تۆڵەی کوژرانی #سلێمانی#- موهەندیس، هێرشەکان بە قۆناخی پاش-هەڵبژاردنی ئێراقیش ببەستنەوەو، وەک کارتێکی گوشار لە دژی سەدر تەماشای بکەن. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە زیادبوونی هێرشەکان دەتوانێت چ کاریگەرییەک لەسەر تەنگژەی ناوخۆیی شیعی لە قۆناخی پاش-هەڵبژاردن دابنێت؟
$ئامانج، کات و جوگرافیای هێرشەکان$
بەشێوەی ڕێژەیی لە 15 ڕۆژی ڕابردوودا، لانی کەم 15 پەلاماری گرووپە چەکدراییەکان هەبووە کە دوو لەو هێرشانە سەریان نەگرت و لەوانەش، لانی کەم یەکێکیان بۆ دەروبەری #هەولێر# بووە.
لەڕووی کاتەوە دەتوانین هێرشەکان بکەینە دووبەش: بەشێکیان ئەوانەن کە زیاترلەنێوان 3-5ی ئەم مانگەدا چڕبوونەوە. لەوانەشدا زیاتر کاروانی لۆجستیکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دەوروبەری بنکە و بارەگا سەربازییەکان کراونەتە ئامانج. هاوکاتبوونی ئەوەش لەگەڵ ساڵڕۆژی کوژرانی سولێمانی –موهەندیس دەریدەخات کە لەوانەیە ئامانجێکی هێرشەکان- کە زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە- زیاتر وەک جوڵەیەکی ڕەمزی بۆ تێرکردنی وتاریموقاوەمە لە بەشێک لە شەقامی شیعی بووبێت. بەشێکی دیکەشیان بەتایبەتی ئەوانەن کە لە دوای 7ی مانگەوە کراون و، ڕەنگە ئەوانەبن کە زیاتر پەیوەندییان بە بارودۆخی نێوخۆیی ئێراق و قۆناخی دوای هەڵبژاردنەوە هەبێت کە هێرش بۆ ناوچەی سەوز و هاوپەیمانەکانەکانی سەدر، خاڵی هاوبەشیانە.
$کاردانەوەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی$
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی #داعش# گرووپە میلیشیاکانی سەربە ئێرانی بە ئەنجامدانی هەندیک لە هیرشەکان تۆمەتبار کردووە. بەشێوەی ئاسایی بەرپرسانی حکومەتیش لە ئێراق، سەرکۆنەیان کردووە. موقتەدا سەدریش کە لە دوای هێرشەکەی ناوچەی سەوز- باڵیۆزخانەی ئەمریکا کە تێیدا خەڵکی سیڤیلیش بوونە قوربانی، تویتێکی کرد و وتی ئەم هێرشانە بۆ ئەوە دەکرێن تاوەکووئەمریکا نەکشێتەوە. لە خواری تویتەکەشەوە نازناوی المقاوم مقتدی الصدری دانا! وەک جەختکردنێک لەوەی کە ئامانجی هێرشەکان نەک کشانەوەی ئەمریکا، بەڵکوو شتێکی دیکە بێت. هەڵبەت لەو نێوانەدا کاردانەوەکانی گرووپ و کەسایەتییەکانی نێو چوارچیوەی هاوئاهەنگی سەرنجڕاکیش بوون. ئەوان نەک بۆ هەموو هێرشەکان، بەڵکوو بۆ هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی بەغدا، هاوپەیمانەکانی سەدر، هێزەکانی پێشمەرگە لە پردێ بەشێوەی جۆاروجۆر کاردانەوەیان نیشانداوە.
نووری مالیکی و هادی عامری و قەیس خەزعەلی دوای هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی بەغدا و پەلاماری بنکە و بارەگای حیزبەکانی هاوپەیمانی سەدر، ناڕەزاییان پیشانداوە. مالیکی و عامری ئەوانەیان وەک هێرش بۆ سەر سەقامگیری دەوڵەت زانیوە و عامری داوای لە حکومەتیش کردووە بەدواداچوونی بۆ بکات و خەڵک بپارێزیت. #حەشدی شەعبی#ش سەرکۆنەی هیرشەکەی پردێی کردبوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە گرووپەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا، لانی کەم بە دەنگی بەرز هیچیان نەگوتووە.
لەو نێوانەدا، کاردانەوەکەی قەیس خەزعەلی سەرنجڕاکێش بوو. ئەو گوتبووی بە ئامانجکردنی ناوچەی سەوز، ئەویش لەم کاتەدا و بە هەمان شێواز، هەوڵی تێکەڵاوکردنی کارتەکانە، بۆیە جەخت لەوە دەکەینەوە کە بڕیاری موقاوەمە ئەوەیە کە ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریکا نەکاتە ئامانج. بێگومان ترسی دەستوەشاندنی ئەمریکا لەلایەک و، ترس لە سەدریش کە هەزاران شەڕکەری ئامادەی لەبەردەستدایە، دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ ڕەتکردنەوە و سەرکۆنەی هێرشەکان، چونکە چ ڕۆژی دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ پەسندکردنی هەڵبژاردن بێت و چ ڕۆژی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕڵەمان بێت، سەدر ئەوەی نیشانداوە کە ترسی لە نمایشی سەربازی و تەنانەت ئەگەری بەریەککەوتنیش نییە. بەڵام ئەو تویتەی خەزعەلی و زۆربوونی کاردانەوەکان، خواستە یان نا، ئەو پرسیارە درووستدەکات کە ئایا کێشە و ناکۆکییەک لەنێو گرووپەکانی موقاوەمەدا سەبارەت بە شێوازی کردەوەکان هەیە؟ ئایا ئیدی جیاواز بیر دەکەنەوە؟
$ئەنجام$
پێدەچیت شەپۆلی ئەمجارەی هێرشی میلیشیاکان بابەتێکی یەکانگیر نەبێت و لەڕووی کاریگەرییەکەیشی لەسەر تەنگژەی ناوخۆیی شیعی، سنووداربێت. ئەو بەشەی پاڵنەری هێرشەکان کە پەیوەندی بەهێزەکانی ئەمریکاوە هەیە، ڕەنگە بەردەوامبێت. چونکە هێرشی کەم زیانی ڕاستەوخۆش بە ئەمریکا ناگەیێنن، بەڵام بۆ تێرکردنی لایەنگرەکانیان پێویستە، ئەمریکاش نیشانیداوە کە دەتوانیت شتی لەو شێوەیە تەحەممول بکات. ئەوەش کە پەیوەندی بە درووستکردنی گوشار بۆ سەدر و هاوپەیمانەکانی هەبێت کە ئەگەر بە مەرجەکانمان ڕازی نەبن، دەتوانین نائارامی درووستبکەین، دیسان هەر لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا دەمێنێتەوە. چونکە بەر لە هەموو شتێک، ئەگەر زۆر لەسەری بڕۆن و، بە لەبەرچاوگرتنی دوورەپەرێزیی ئێران و تەنانەت مەرجەعییەتی باڵا-لانی کەم تاوەکووئێستا- لەڕووی سەربازیشەوە دەتوانن ڕێ بۆ هاوئاهەنگییەکی زیاتری سوپا- پێشمەرگە و سەرایا سەلام و هێزەکانی سەدر بکەنەوە کە دەتوانن شوێنی سەرەکیی جموجۆڵی ئەوان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزگا سوننەکان تووشی گرفت بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، تووندکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئەگەری پێکدادانی ناوخۆیی شیعی، دژی بەرژەوەندی و سیاسەتی مەرجەعییەتی باڵایە کە سەرەڕای کەمبوونەوەی هەژموون و کاریگەرییەکەی بەتایبەتی لە دوای خۆپیشاندانەکانی تشرین، هێشتا کۆڵەکەیەکی گرنگی ڕاگرتنی ئەو سیستەمە سیاسییەیە کە لە دوای 2003وە دانراوە.
لانی کەم لەم کاتانەشدا کە تاڵیبان لە ڕۆژهەڵاتی سنوورەکانییەوە لە ئێران قیت بووەتەوە، ئازەربایجان و تورکیا لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژاوا گرفتیان بۆ درووستکردووە و، بابەتی زاڵبوونی بەسەر ڕێڕەوە دەریاییەکان لەلای باشوورەوە کەوتووەتە بەرگوشارێکی نێودەوڵەتی و، هێشتا گەمارۆکانی ئەمریکایشی لەسەرە و، لانی کەم لەم کاتانەدا دەرچەیەکی گەورەتر لە ئێراق شک نابات، پێکدادانی گریمانەیی ناوخۆیی شیعی، دوایین شتێکە کە ئێرانیش بە تەمای بێت.
بۆیە ڕەنگە ئەو جۆرە هێرشانە بەهۆی جیاوازی ناو ئەو گرووپانەی کە بەموقاوەمە ناوزەد دەکرین و هەروەها بۆ ئەوەی زیاتر وەک کارتێکی گوشار بێت، لەوانەیە لە ئاستێکی نزمدا بەردەوام بن، بەڵام لانی کەم لە ماوەی کوورتخایەندا ئەستەمە بۆ شەڕ و پێکدادانێکی ناوخۆیی و کارتیکی کاریگەر لە تەنگژەی ناوخۆیی شیعیدا وەربگۆڕێن.
[1]