ناونیشانی بابەت: دۆزینەوەی گۆڕی پادشایەکی کورد لە ئامەد
لە ناوچەی سووری #ئامەد# گۆڕی مەنسوور ناسرولدەولەی دوایین پاشای دەوڵەتی مەروانییەکان دۆزرایەوە کە زیاتر لە هەزار ساڵە لەوێ نێژراوە. مەروانییەکان کورد بوون و لە ئامەدەوە تا ناوچەی بادینان و موسڵ دەسەڵاتیان هەبووە.
شوێنی گۆڕەکە لەلایەن عەرەفات یاز، لێکۆڵەری کوردەوە دۆزراوەتەوە. عەرەفات یاز، لێکۆڵەرە و دەڵێت: لەنێو ئەو زەوییەدا قوڵکەی سندووقی هەیە. دیوارەکەی سواخ دراوە، بەڵام هیچ شتێکی لەسەر نەنووسراوە. لە تەنیشت گۆڕی ئەودا هۆدەیەکی دیکە هەیە کە گۆڕی ژنەکەی مەنسوور ناسرولدەولەی تێدا نێژراوە.
مەنسوور ناسرولدەولە دوایین پاشای دەوڵەتی #مەروانییەکان# بوو کە پایتەختەکەی لە فارقینی ئامەد بوو، بەڵام ئەو کاتەی دەمرێت، جزیرە و دەوڵەتی مەروانییەکان لەلایەن سەلجووقییەکانەوە لەناو دەبرێت.
عەرەفات یاز دەڵێت: ناسرولدەولە کونیەکەی ئەبوو موزەفەر بوو. نازانین کەی لەدایکبووە. بەڵام لەنێوان 1093 و 1096دا لە جەزیرە کۆچی دواییکردووە. دوای مردنی ستیناسی کچی سەعیدی کوڕی ناسرولدەولە گۆڕی ئەوەی هێناوەتە ئامەد. گۆڕی ستیناسیش لەلای گۆری ئەودایە و تەنیا پەنجەرەیەک لەنێوانیاندایە.
دەسەڵاتی دەوڵەتی مەروانییەکان لە ئامەدەوە دەستی پێکردووە و بەشێک لە هەرێمی بۆتان و بادینان و سەرحەد و موسڵی گرتووەتەوە.
عەرەفات یاز دەڵێت: چەند ساڵە لێکۆڵینەوە لەسەر مەروانییەکان دەکەم. پەرتووکێکم لەسەر ئەو لێکۆڵینەوەیە چاپ کردووە. ئیبنولئیزراقی مێژوونووس لە پەڕتووکی مێژووی میافارقیندا باسی ئەوە دەکات و زانیاریی زۆر سەرنجڕاکێش لەسەر بەردەنیگاری ئەو ناوچەیە باس دەکات.
عەرەفات یاز بۆ ئەوەی گۆڕی ناسرولدەولە بە شێوەیەکی فەرمی تۆمار بکرێت و لەسەر گۆرەکەی ناسنامەکەی بنووسرێت، داواکارییەکی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی فەرهەنگیی ئامەد کردووە و، ئێستا چاوەڕێی وەڵامە.[1]