ناونیشانی بابەت: کەسایەتی بابەشێخی سەیادی
ئامادەکردن: #وەهاب حەسیب محەمەد#
بابەشێخی سەیادی؛ سەرۆک وەزیرانی کۆماری کوردستان
“ژیان و بە سەرهاتی حاجی بابەشێخی سەیادی؛ سەرۆک وەزیرانی کۆماری کوردستان” مێژووی هەر گەلێک بەشێکی بریتییە لە پێناسەی فکرو ئەندێشەی کەسایەتێکانی، خوێندنەوە و لێکدانەوەی مێژووی فکرو دەووری ئەو کەسایەتییانە، چرای دۆزینەوەی ڕێبازی تازەن، یەکێک لەو کەسایەتییانە لە زۆربەی ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسێکانی سەردەمی خۆیدا دەوورو کاریگەریی بەرچاوی هەبووە حاجی بابەشێخە، ئەو تەواوی تەمەنی لەپێناو خزمەت بە خەڵکی وڵاتەکەی تێپەڕ کردو تا کۆتایی ژیانی بەردەوام بوو. ڕەنگە زۆر کەس وەک “سەرەک وەزیرانی کۆماری میللی کوردستان”ناوی حاجی بابەشێخیان بیستبێ، بەڵام ئەوە تەنیا ساڵێکە لە چالاکی سیاسی ئەو گەورە پیاگە، “حاجی بابەشێخ”لە سەردەمی خوێندنی و لە هەڕەتی لاویدا داخڵی حیزبە ڕۆشنبیرو نوێ خوازەکانی ئەو کاتی دونیای ئیسلام بووە وەک حزبەکانی ئیتحاد و تەرەقی و ئیتحادی ئیسلام، دواتر بە سەرۆکی حیزبی ناوبراو هەڵبژیردرا. لە تەمەن سی ساڵی بەرەو ژوور، تا کۆتایی تەمەنی لەلایەن کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە ڕێزێکی تایبەتی لێگیراوە.
=KTML_Bold=ژیان و بە سەرهاتی خانەوادەکەی:=KTML_End=
حاجی بابە شێخ کوڕی “سەید عەبدولکەریم کوڕی شێخ عەبدولرەحمانە”، بابی لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە ناوچەی هەڵەبجە لە دایکبووە، باپیری خەلیفەی شێخ عەبدولرەحمانی تاڵەبانی بووە. لە دەوورانی ژیانیدا “سەید عەبدولکەریمی زەنبیل” کەسایەتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئایینی بووە، ڕۆڵی ئاشتەوایی لە چەندین ئاریشەی کۆمەڵایەتیدا گێڕاوە، سەید عەبدولکەریم ساڵی 1912 لە گوندی جەمیان فەوتی کردووە، دواتر تەرمەکەی دەبەنەوە زەنبیل و لە پای خانەقای زەنبیل ئەسپەردەی خاک دەکرێت.
“حاجی بابە شێخ” ساڵی 1883لە گوندی جەمیان لە دایکبووە، ئەو گوندە سەر بە گەورەدێی تورجانە لەنێوان شارەکانی (بۆکان و سەقز) . بابە شێخ بە دوازدە پشت دەچێتەوە سەر زاناو خواناسی پایە بەرز سەید ئەبوبەکری موسنیفی چۆڕی. لە ڕێگای ژن و ژنخوازییەوە لەتەک شێخانی نەقشبەندیدا خزمایەتیان هەبووە، بە تایبەت “شێخ عوسمانی سیراجەدین” خاڵۆی بووە. لەنێوان پێنج براو سێ خۆیشک حاجی بابەشێخ منداڵی دووەمیان بووە.
=KTML_Bold=خوێندن:=KTML_End=
حاجی بابەشێخ دەوورانی منداڵی لە گوندی جەمیان تێپەڕاندووە، بەڵام بۆ خوێندن ڕوو لە خانەقای زەنبیل دەکات، ئەو خانەقایە “سەید عەبدوکەریم”ی بابی بناغە دانەری بووە، لەوێ لە کن؛ مەلا عەبدوڵڵا ی شیلاناوی قورئان، سەرف، نەحو و، زمانی فارسی دەخوێنێت. دواتر ڕوو لە گوندی تورجان دەکات و لای ئیبن و (القزڵجی) بەشێک لە زانستە دینێکان و ئەدەبیاتی عەرەبی دەخوێنێت، ئەمجا ڕوو لە گوندی سەردار ئابادی ناوچەی بۆکان دەکات و لای مەلا سالح مەنتیق، ئاداب و بەلاغە دەخوێنێ، بەڵام بۆ خوێندنی بیرکاری، ئەستێرەناسی، فیقە و ئسوڵ دۆڵ پێچ دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ زەنیل، لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ لای خاڵۆی “شێخ حسامەدین” لە تەوێڵە، ئەویش لە کن “ئەسعەد ئەفەندی” مودەڕیسی فێرگەی خانەقا دایدەمەزرێنێت، لە خانەقاو بۆ ماوەی دوو ساڵ وانەکانی حیکمەت، کەلام، تەفسیر و فیقهە دەخوێنی، لە کۆتاییدا هەردوو ئیجازەی ئایینی و عیرفانی بە دەست دێنێت. لەوسەروبەندەدا تێکەڵ بە سیاسەت دەبێت و لەتەک حیزبی “ئیتحادی ئیسلامی” ئاشنا دەبێت و بەرپرسیاریتی حیزب لە ئەستۆ دەگرێت، هاوکات لەو ماوەیەدا داخل بە حیزبی ئیتحاد و تەرەقی عوسمانێکانیش بووە.
=KTML_Bold=چالاکی سیاسی:=KTML_End=
“حاجی بابەشێخ” لەو کاتەوەی پەڕیوەی وڵاتی ئێراق بووە لەنێوان ساڵانی “1904 1906″ دەست و پەنجەی لەتەک سیاسەتدا نەرم کردووە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە، ئەو دەم والی بەغدا لە ئەستەنبوڵەوە دیاریدەکرا، هەر لە ئەستەنبوڵەوە دوو ڕێکخراو بە ناوەکانی” جەمعیەتی ئیتحادی ئیسلام و جەمعیەتی ئیتحاد و تەرەقی” سەریان هەڵدا، چالاکی سیاسی خۆیان لە وڵاتی ئێراق پەرەپێدابوو، حاجی بابەشێخ ئەندامی حیزبی ئیتحاد و تەرەقی بووە، چونکە حیزبی ناوبراو خوازیاری کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی بوو، دوای سێ ساڵ توانیویانە سوڵتان عەبدولحەمید لە دەسەڵات دوور بخەنەوە، حیزبی ئیتحادی ئیسلامی ساڵی 1890 بە مەبەستی لێکدابڕانی فیرقە ئیسلامێکان، هاوکات یەکێتی و یەک دەنگی لە دونیای ئیسلامدا درووستکرا، کەسایەتێکانی وەک سەید جەمالە دینی ئەفغانی، عەبدولڕەحمان الکواکبی ئەندام و بەڕێوەبەری بوون، ئەفسوس لە “ئێران” نە حەوزەی قوم نە حکومەتی قاجار پشتوانیان لێ نەکرد، بەڵام چەند کەسایەتییەکی وەک میرزا کوچک خانی جەنگەڵ، سەید حەسەنی مودەڕیس و میرزا تاهیری بوونە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە، ساڵی 1914کاتێک جەنگی جیهانی یەکەم هەڵایسا لە 17 ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ دەوڵەتی عوسمانی بڕیایدا بچێتە پاڵ ئەڵمانیا، پێشترو لە ساڵی 1890 سوارەی عوسمانیان پێکهێنابوو لەو کاتەدا بەگژ ئەرمەنێکاندا کران، لە باشووری کوردستانیش شێخ مەحمودیان ڕەوانەی شوعێبە کرد بە هیوای ئەوەی بەر بە ئینگلیز بگرێت، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خۆیان بۆ جەنگ دژ بە ڕووسەکان ئامادەکردبوو. کۆمەڵگەی کوردەواری ئەودەم لە دوو دەستەی شێخ و عەشیرەتەکان پێکهاتبوو لایەنگرانیان لە عوسمانێکان کرد. عوسمانێکان لە هەمووان زیاتر حاجی بابەشێخیان دەناسی و پێشتریش ئاگاداری کار و چالاکێکانی بوون، گشت ئەو هێزە مادی و مەعنەوییە هۆکاربوون “حاجی بابەشێخ” بە ڕەئیسی موجاهیدین هەڵبژێردرێ، وەک لە پەڕتووکی “ژیاننامەی شێخ حوسامەدین” دا هاتووە، لە شەڕی میاندواودا سەرکردەی شەڕەکانی کردووە، دواتر لە نووسراوێکدا لەلایەن سوڵتانی عوسمانیوە ڕێزی لێ دەگیرێت.
=KTML_Bold=کەسایەتی زانستی و پێگەی مەعنەوەی حاجی بابەشێخ:=KTML_End=
تەنیا لە بواری سیاسی کۆمەڵایەتییدا ناسراو و نێو بە دەر نەبووە، لە زۆربەی گیروگرفت و گۆڕانکارە کۆمەڵایەتێکانی ناوچەکەدا ڕوویان لێ ناوە و هاوکاریان لێ ویستووە، تەنانەت لە بواری زانستی ئایینیشدا لە ڕیزی زانایانی خاوەن فەتوا هەژمارکراوە، هەروەسا چەندین پەڕتووکی نووسیووە وەک:
1. تەنقیدی هەیئەتی جەدید لە ئەستێرە ناسیدا. حاجی بابەشێح ئەم کتاوەی لە ساڵی 1950 دا نووسیووە، وەڵامی ئەستیڕەناس کیپلروفە لاماریۆندا داوەتەوە و ڕەخنە لە بۆچونەکانی دەگرێت، بابەتەکانی پەڕتووکە باس لە وەرزەکانە ساڵ، کوورتی و درێژی شە و و ڕۆژ و شێوەی هەڵسوڕانی زەوی بە دەوری زەویدا دەکات. بۆ چاپی پەڕتووکەکەش نامەی بۆ سەرەک وەزیرانی ئەوکات “عەلی مەنسوور” نووسیووە، لە وەڵامدا گوتوویانە بەهۆی نەمانی ئیعتبار بۆ پەڕتووکی غەیری دەرسی لە چاپی پەڕتووکەکە مەعزورین.
2. نامیلکەیەک لەسەر داهێنانی “قاعیدەی تەعیدول ئیعداد” بۆ حەلی مەسئەلی جەوهەرە لە بواری ڕیازیاتدا.
3. نامیلەکەیەک لە زانستی حروف و تەوافق وموڕەبەعی کەبیر.
4. پەراوێز لەسەر پەڕتووکی توحفەی ئیبنوالحەجەر و …هتد، بە گشتی هەشت پەڕتووکی نووسیووە.
بە پێچەوانە گەلەک لە وڵاتانی بسڵمان، دوو سەد ساڵێک بەر لە ئێستا شێخانی تەریقەت لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا ناسراو و ناوبەدەر بوون نەک مەلاکان، بەدەگمەن مەلایەک خاوەن کەسایەتیکی مەعنەوی بووبێت، شایەد لێرە و لەوێش تاک و تەرا مەلایەک هەڵکەوتبێت بەهۆی بنەماڵەیەکی عەشیرەتی یان موڵکدارییەوە.
“حاجی بابەشێخ” زۆر جار دەوڵەت و میللەت دەستە و دامێنی دەبوون بۆ ناوبژیوانی عەشیرەت و بنەماڵەکان، هۆکارەکەشی بریتی بوو لە:
1.شارەزایی لە بواری دین و مەزهەب.
2.سیاسەتوانی و شارەزایی مامەڵە لەتەک چین وتوێژەکانی خەڵک.
3. بوێری ونەترسان.
4. یەک ڕووی بێ غەرەزی.
لە بابەت ئومەتی ئیسلام وموسڵمانەوە؛ ئەو کات لەژێر کاریگەریی سەید جەمالەدین، محەمەد عەبدە و ڕەشید ڕەزادا بووە، بیروباوەڕی ئەو ڕۆژگارەیان جەخت کردنەوە بووە لەسەر یەک ڕیزی و یەکێتی موسڵمانان، بە لادا خستنی ناکۆکی ناتەبایی نێوانیان. ئەوکات پێچەوانەی مەلا خەلیلی کۆڕومەڕ فەتوای دەکرد و وتی: بە لە بەرکردنی شەڵوارو کڵاوی عەجەم کەس کافر نابێت، هەروەها دانیشتن لەتەک “ئایەتوڵڵا مەردۆخی” لە مەر دەست کێشانەوەی لە نووسینی پەڕتووکێک لە دژیاتیکردنی مەزهەبی شیعە. هاوکات ناردنی سەید عەبدالعەزیزی کوڕە گەورەی بۆ قوم و دانیشتن و گتووبێژی لەتەک ئایەتوواللە بروجێردی سەبارەت بە بێڕێزی مەزهەبی شیعە بە ئەهلی تەسەنوون. ئەو هەڵوێستانەش دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە کۆچی دوایی بابەشێخ بە چەند ساڵێک.
=KTML_Bold=جێگاو پێگەی حاجی بابەشێح لە دەورانی ڕەزا شادا:=KTML_End=
لە ساڵەکانی کۆتایی دەسەڵاتی قاجارەکان و هاتنە سەرکاری ڕەزاشا، دەسەڵاتی ناوەند بە سەر ناوچە سنووری و دوورە دەستەکاندا کزو لاوازبووە، دەرئەنجامی ئەو کارە سەرهەڵدان و بەهێز بوونی دەسەڵاتی عەشیرەتی و خێلەکان بووە، سەرباری ئەو ناکۆکیانە شا دەستی بە چەندین گۆڕانکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی وسیاسی کرد، بەمکارانە گەرەکی بوو ئێران لە کۆمەڵگەیەکی سونەتییەوە بگۆڕێت بۆ کرمەڵگایەکی مۆدێرن، تان وپۆی کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەی کوردستان لەسەر دوو لایەن ساغ دەبووەوە، دەسەڵاتدارە ناوچەییەکان کە سەرەک هۆزەکان بوون، دەسەڵاتدارە مەعنەوێکان زانا ئایینی وعیرفانێکان بوون. “حاجی بابە شێخ” وەک کەسایەتییەکی دیار لە کوردستاندا زۆر زوو لەلایەن حکوومەتی ڕەزا شاوە ڕێزی لێ گیراوە و خۆیان لێ نزیک کردۆتەوە، هەر بۆیە بۆ چارەسەری ئاریشەکان پەنایان بۆ هێناوە، پێشی بە دەیان کێشەی گەورە و بچووک گرتووە یانژی کۆتایی پێ هێناون. ئەوەی جێگای سەرنجە هیچکات دەسەڵات و نفوزی خۆیی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکارنەهێناوە، مێژووش بەنهێنی بە تەنیشتی ئەمکارانەدا تێ پەڕیووە! بۆ نموونە جارێک لەلایەن حکوومەتەوە داوی لێ دەکرێت ببێت بە وەزیری مەعاریف “ڕۆشنبیری” لە وەڵامدا دەڵێت؛ بۆ من لەنێو خەڵک بم باشترە و دەتوانم خزمەتیان پێ بکەم، دواتر پێشنیاری “بەرپرسی باز ڕەسی ئێران” ی پێ دەکرێت ئەوکات دەڵێ؛ ئەو کارە بە پشکنین و توێژینەوە لە کاری کار بە دەستانی دەوڵەتی دەزانم کاری زانای ئایینی نییە.
شا هەولێداوە هەردوو گوندی “تەغیاواو شیناوا” کە موڵکی خالیسی دەوڵەت بوون پێشکەش بە حاجی بابەشێخ بکات، بەڵام ئەو پێشنیارە دەداتە دواوە و شا دەڵی؛ لەگەڵ ئەو سەرسەختە هیچ ناکری، هەڵبەت “حاجی بابەشێخ” دوو جار لەلایەن شاوە عەسای جەواهێر نیشانی پێشکەش کراوە، شێوە و ڕەسمی ڕەزا شا بووە لەسەر تا سەری ئێراندا کەسایەتییە ناودارەکان بە و جۆرە ڕێزیان لێ گیراوە. لەو ماوەیەدا چەندین هەوڵی ئاشتەوایی داوە وەک پێشگرتن بە شەڕی چەند تایەفەیەکی بانەیی، شەڕی چەکدارانی گەورە و تایەفەی موئمین و ڕازیکردنی پشت دەرێکان بە جێ هێشتنی ناوچەی سەردەشت و …هتد.
=KTML_Bold=پەیوەندی حاجی بابەشێخ لەگەڵ کەسایەتییە کوردستانێکاندا:=KTML_End=
“حاجی بابەشێخ” پەیوەندی لەتەک سمکۆی شکاکدا هەبووە، زیاتر مەسەلەی مەسڵەحەت و ئاشتەوایی قسەیان کردووە و نامەیان گۆڕیوەتەوە، سەید مستەفا سەیادەت دەیگوت: حاجی بابەشێخ بە پیاوێکی جێ متمانەی خۆی کە “حەمە شێخ عارف” بوو نامەی دەنارد بۆ سمکۆو ئەویش بە هەمان کەسدا نامەکانی دەگەیاندە “حاجی بابەشێخ”. هەروەسا نامەوگۆڕینە و ە پەیوەندیشی لەتەک مەلیکی کوردستان شێخ مەحمودا هەبووە، ساڵی 1943 دوو ساڵ بەر لە پێکهێنانی کۆمار، شەوێک سێ سوار پێش بە دەرکەی ماڵی حاجی بابەشێخ دەگرن، دوای ئاشکرابوونیان دەردەکەوێت مەلا مستەفاو دوو کەسی دیکەن، بۆ چارەسەری کێشەی بارزانێکان هاتوون، دوای ڕۆژێک دوو کەسەکە دەگەڕێنەوە بۆ سولەیمانی، مەلا مستەفا دەمێنێتەوە، لەسەر پێشنیاری حاجی بابەشێخ بە ناوی مەلا عەبدوڵڵا دەیناسێنێت. دواتر لە بنەماڵەی قازی و ئەشرافی ئەو دەڤەرە پەنجاو پێنج هەزار تمەن کۆمەک بۆ بارزانێکان کۆدەکەنەوە کە پارەیەکی کەم نەبووە بۆ ئەو ڕۆژگارە.
=KTML_Bold=حاجی بابەشێخ و حکومەتی میللی کوردستان:=KTML_End=
دامەزراندنی “حکومەتی میللی کوردستان” لە ناوچەی موکریان یەکێکە لە ڕووداوە گرنگ و هەستیارەکانی مێژووی نوێی کورد، پەیوەندیی “حاجی بابە شێخ” لەتەک مەلیکی کوردستان و مەلا مستەفای بارزاندا ئەو ڕاستییە دەردەخات کە هەستی کوردایەتی حاجی بابەشێخ دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە درووستبوونی کۆمار، پێشەوا بوونی حاجی بابەشێخی لە درووست کردن و پێکهێنانی کۆماردا بە پێویست زانییوە، دوای سەفەری دووەمی پێشەوا بۆ “باکۆ”، واتە چەند مانگێک بەر لە پێکهێنانی کۆمار، چەند جارێک پەیک دەنێرێت بۆ لای حاجی بابەشێخ و داوای هاوکاری لێ دەکات، لە پێکهێنان و دامەزراندنی کۆماردا، لە دەستپێکی کۆماردا محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی “یەمین لە شکری ” هەوشار کە دۆستی حاجی بابەشێخ بوو دەنرێتە لای و، خزمەتی حاجی بابەشێخ بە وڵات و هاوڕێیەتی لەتەک ڕ”ِەزا شا” وەبیر دەهێنێتەوە لە وەڵامدا بە کوورتی بۆ شا دەنووسێت: ئەو هاوڕێیەتی و پەیمانە نەمان. یەکەمین هەنگاوی “حاجی بابەشێخ” دوای هاتنی لە شکری سوور لەتەک وەفدێکی نۆزدە کەسیدا سەردانی باکۆ دەکات، مەحمودی مەلا عیزەت لە پەڕتووکی جمهوریەتی کوردستاندا دەنووسێت: باقڕۆف باسی بارودۆخی دنیای بۆ وەفدەکە کردوو، کەم و زۆر باسی کوردی نەکرد، سەرەتا قازی محەمەد هاتە جواب و داوای مافی میللەتی کوردی کرد، پاشان حاجی بابەشێخ توند تر لە پێشەوا هاتە گۆ و داواکارییەکانی دووپات کردەوە. بۆ پێکهێنانی کۆماریش پێشەوا حاجی ڕەخمان ئاغای موهتەدی و هەژار دەنێرێت بۆ تورجان تا لە پێکهێنانی کۆماردا دەستباری قازی بێت، بە بیانوی ناساغی، تەمەنی زۆر و سەرقاڵی ژیان ئەو داوایە دەداتە دواوە، بەڵام بۆ جاری دووەم بە هەمان کەسانی پێشوودا بە داواکارییەکەوە دەرکە بە حاجی بابەشێخ دەگرن، تەنانەت حاجی ڕەحمان ئاغا ڕوو دەکاتە حاجی بابەشێخ و دەڵێت: ئەگەر ئەو داواکارییە پەسەند نەکەیت لەبەرانبەر مێژوودا بەرپرسیار دەبیت، ئەمجارەیان مل دەدات و لە ئەیلولی 1945 دا ماڵی دەباتە سابڵاخ، لە 25ئەیلولی 1945 حیزب کۆنگرە دەبەستێت و حاجی بابەشێخ بە سەرۆکی هەیئەتی میللی کوردستان هەڵدەبژێردرێت، لەم بارەوە مامۆستا هێمن دەنووسێت: حزب کۆڕێکی بە ناوی هەیئەتی ڕەئیسەی میللی هەڵبژارد ئەندامی ئەو هەیئەتە بووم، حاجی بابەشێخ سەرۆک منیش سکرتێر، چەند مانگێک لەو کۆڕەدا کارم کرد، ئەرکێکی گران، حاجی بابەشێخ ئەوەندەی لەسەر بوو هەرچی من دەینووسم واژۆی بکات، کەچی لەگەڵ زەوقی مندا ڕێک نەدەهات.دواتر لە زۆر ڕووداەکانی کۆماردا خاوەن قسە و هەڵوێست بووە، لە کاتی هەرەسی کۆماردا بە یاوەری “قازی محەمەد” پێشوازی لە هومایۆنی دەکات بە هیوای بەرگریکردن لە کوشتاری خەڵک و کەم کردنەوەی زەرە و زیانەکان.
=KTML_Bold=سەردەمی زیندان، کۆتایی ژیانی=KTML_End=
دوای داڕمانی کۆمار، حاجی بابەشێخ و دەیان کاربەدەستی دیکەی کۆمار ڕەوانەی حەپسخانە کران و نزیکەی سالێک لە بەندیخانە مایەوە، لاوێکی چاپوک بە ناوی ” محەمەد سالح” کە خەڵکی تورجان بووە جواب دەنێرێت کە دەتوانێت حاجی بابەشێخ لە زیندان دەربکات و دوڵپچێی ئێراقی بکات، لە وەڵامدا حاجی بابەشێخ دەڵێت: ئافەرین، هەزار ئافەرین حاجی بابەشێخ ئەو پیاوە نییە لە زیندان هەڵبێت! کۆتایی تەمەنی بە تەواوکردنە کاروباری ڕۆژانەی لە گوندەکانی (جەمیان و تورجان) بەسەر بردووە، هەرتک دێ موڵکی خۆیی بوون، سەرئەنجام لە ڕۆژی 23ئۆکتۆبەری 1959 بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک دەنێت و لە پاش خۆیی سێ کوڕ و سێ کچ بەجێدەهێلێت.
سەرچاوە:
ڕۆڵ پێگەی حاجی بابەشێخی سەیادەی. [1]