#سەعدی ئەحمەد پیرە#، ئەندامی مەکتەبی سیاسی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لەمیانەی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی داستانی #کۆڕێ# لە شاری #هەولێر# لە وتەیەکدا باسی لە گەورەیی ئەو داستانە کرد و ڕایگەیاند هێزەکانی پێشمەرگە لە داستانی کۆڕێدا سوپای بەعسیان تێکشکاند.
وتیشی: نابێت خاوەندارێتی داستانەکە بدرێتە پاڵ کەسێک کە بەشداری تێدا نەکردووە. لە بەشێکیتری وتەکانیدا سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەکرد یەکێتی و پارتی ڕکابەری یەکترن نەک دوژمن، هەر بۆیە پێویستە لەبارەی کێشەکانی نێوانیانەوە گفتوگۆ ئەنجام بدەن.
دووپاتیشیکردەوە هەموو هەوڵ و پیلانەکان بۆ نەمانی یەکێتی شکستیان هێناوە و ئەو خەونەی نەیاران هەرگیز بەدی نایەت. لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و #بەغدا# سەبارەت بە مەلەفی نەوتی هەرێم، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر ڕێککەوتنەکە ببێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان ئەوا دەبێتە دەسکەوتن و سەرکەوتنێکی گەورە.
سەعدی ئەحمەد پیرە ڕوونیشیکردەوە کە ھەرێمی کوردستان وڵاتێکی بێ کابانە چونکە نەیتوانیووە ئیدارەی میللەت بکات هەچەندە نەوت فرشراوە و مووچەش کەم کراوەتەوە ھێشتا 35 ملیار قەرزارین. [1]