خەسڵەتی جوانیی لە مانای موزیکیدا
#ئامانج غازی#
بناغەی بەردەوامی هونەری هەمیشە ئەم گونجاندنەیە لەنێوان ئەوەی هونەرمەند دەیخوڵقێنێت و ئەو بیرۆکەیەی کە پەرەی پێ دەدات، چونکە هونەرمەند هەمیشە گرنگی بەبابەتێک دەدات بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزیی ئەو کارە هونەرییەی کە ئامانجێکی هاوبەش لە کۆمەڵگەدا بەدیدەهێنێت. کەلەپوور هەمیشە ژیانێکی نوێبووەوەیە و نەبووەتە بزووتنەوەیەکی دەق کراو بۆیە ئێستای ئێمە ناتوانێ نوێنەرایەتییمان بکات گەر ڕابردووەکەی لەنێو ڕۆحماندا بەزیندوویی نەمابێتەوە. هەر گۆرانیەک نەتوانێ گوزارشت لە دوێنێ و ئەمڕۆ و ئاییندە بکات ناشێ وەکوو کەلەپووریکی زیندووی ئاماژەدار بکریتە چەقی داهێنان. تاقیکەرەوەکان و تیۆرییەکانی دەروونناسان و ڕەنگدانەوەی زانایانی موزیک و ئاوازدانەرەکان هێشتا لەسەر ئەوە موکوڕن کە کەلەپوور هەوێنی شاکار و نموونەی مانەوەی شوناسی نەتەوەیین بۆ نموونە کۆپلاند ئاماژە بەوە دەکات کە لێرەدا دوو تیۆری دژ بە یەک هەن: یەکەمیان ئەوەیە کە مانای موزیکی لەنێو خودی موزیکەکەدا کەڵەکە بووە و لەدەرەوەیدا هیچ مانایەکی ئەوتۆی نییە. نووسەرانی ئەم بیردۆزە بە خاوەنی تیۆرە ڕەهاکان ناو دەبرێن. تیۆری دووەم ئەوەیە کە موزیک ماناکانی خۆی ئاماژەن بە شتەکان و نیشانەکانی لە سەرەوە و دەرەوەی میلۆدییەکەدا دەبینین. لایەنگرانی ئەم تیۆرەش بە تیۆری (پەیوەستبوون) دەناسرێن.
لەشێوەی فاکتەری ئەزموونی و بیرۆکەی فیکریدا موزیک ماناو خەسڵەت و کردار و هەستەکان دەگوازێتەوە کەپەیوەندی بەجیهانێکی بەرزترەوە هەیە لەوەی کە هەیەتی. هەرچەندە هەردوو گرووپەکە بەئازادی ڕاوبۆچوونەکانیان هەڵدەگرن، بەڵام ئاشکرایە کە مانا ڕەهاکان و مانا ڕاوێژکارییەکان بۆ هەردوولا یەکلاییکەرەوە نین هەردوو تیۆرەکە دەتوانن لە هەمان پارچەی موزیکدا پێکەوە ماناکانیان ببەخشن، وەک چۆن لە هەمان هۆنراوە یان وێنەی ئاوازدا دەیکەن.
جوانی لە کەلەپوور
لەڕوی فیکرییەوە هێشتا لەباوەشی فەلسەفەدا گەورە دەبێت، تا ئەو کاتەی گوتراوە کە ئەو دوا منداڵە کە فەلسەفە بەرهەمی هێناوە. بۆیە جوانناسی دەبێت زانستێک بێت کە مامەڵە لەگەڵ (پرەنسیپە گشتییەکانی دیاردەی هونەر و جوانی و وەرگرتنی ڕەهەندی جوانناسی هونەر وەک تەرکیزێکی گرنگی خۆی بۆ دەستنیشانکردنی چەمکە ئێستێتیکیەکان و نیشاندانی تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانیان بەئامانجی شیکردنەوە و ڕاڤەکردنیان.[1]