دوای 35 ساڵ پێچانەوەی یادگاری و هونەری یەکتریی
#ئامانج غازی#
دوای (35 ) ساڵ پێچانەوەی یادگاری وهونەری یەکتریی، دەنگ و ئادای ئەم هونەرمەندە هەمیشە لە گرمەگرمی هونەری خۆی نەکەوتووە, لەمەش زێتر ئێستاکە لێرە و لەوێ بەدەیان هونەرمەند پڕۆژەی هونەری لەسەر دەنگ و ڕواڵەتە هونەرییەکانی خاڵە تایەر بنیات دەنێین.
خاڵە تایەر
ئێمە نەمانتوانی دڵی گۆرانییەکانت بدەینەوه
کام عەشق گەورەترە؟
عەشقی وەتەن یا گۆرانی؟
ئەم نووسینەم
نامەیەکی ترسنۆکە لە بەردەم ژیانی هونەری داهاتووی خاڵە تایەر.
ئەمە گەردەلوولی ژیانە یان
لەدایک بوونێکی نوێ؟
ئەوە دەنگێکی ترە یان نەغمەیەکی یاخی؟
دوێنێ لە کۆیەی کەکۆن، ئەمڕۆ
لە هەولێری کۆن و ئێستا لەباوەشی ئێمە، ئێوارە لە دڵی هەموو جەماوەر و بەیانی لەنێو کۆشی مێژوویێکی بریندار, سبەینێش لەنێو جەرگەی ڕووداوەکان، بۆ دواڕۆژیش هەر خۆت باس و خەبەر, ئەوە چ ژیانێکی پڕ شکۆیە
بۆ عەشقی وەتەن برسی و بۆ
بۆنی خاکی پاش بارانیش ئەڤین هەمیشە وێڵ و عەوداڵ، بۆ خەڵکی دەوروبەرت مۆمی گریاناوی ڕووناک، بۆ نەغمەی کوردی هەمووکات نوێ بوونەوە, ئەوە چ داهێنانێکه؟
دەروون پڕ کڵپە بێ ، سینە پڕ بادەی بێسەرو شوێن، ژیان پڕ لە خەزانی تەمەن، تەمەن پڕ لە حەسرەت، حەسرەت پڕ لە هەناسەی گەرم، ئەم هەموو شۆڕشە لە پای چی؟.. ..
وەتەن پڕبوو لە قەلبی من،
قەلبی من پڕ لە شیرین، شیرین بە چەهچەهەی بولبول نەبا لەخه و ڕانەدەبوو، ئیدی ( مانی ) قوەتی بۆ چییە؟
تۆ هەمیشە خاکت بەوەتەنەوە دەویست!
گۆرانییەکانت هەمیشە یاخی بوون لە موزیکژەنەکان، ئیدی ئەم عەشقە بۆ بەهەدەر چوو!
بەهەموومان نەمانتوانی دڵی مەقام و بەستەو گۆرانییەکانت بدەینەوە، بەرگەی نەڕەی لەرینەوە کوردییەکانت بگرین, ئیدی ئەم یادگارانە لە پای چی!..
شەرمەزارین بەڵام دڵنیا بە خاڵە گیان بێ گوناهین.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!