ناونیشانی بابەت: ڕاپۆرتێک لەسەر کۆمەڵی دادگەری کوردستان
ئامادەکردن: #هۆشیار جەمال#
کۆمەڵی ئیسلامی پارتێکی ئیسلامییە کە لە هەناوی ناکۆکیە قوڵەکانی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە لە دایکبووە، لە ڕووی مەنهەجەوە ئەهلی سونە و جەماعەن، وەک خۆیان دەڵێن سیاسیەتیان ئەوەیە کە برایەتی و هاوکاریان لەگەڵ سەرجەم گرووپە ئیسلامییەکان هەبێت.
دامەزراندن
لە 31-05-2001 لە بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی و لەدەرئەنجامی لەت لەتبوونی بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووە لەژێرناوی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەسەر پەرشتی مامۆستا عەلی باپیر ڕاگەیەنرا.
لە شەوی 22-03-2003 بارەگاکانی مووشەکباران کرا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، کە لە ئەنجامدا (43) پێشمەرگەی کۆمەڵ شەهیدبوون (55) پێشمەرگە برینداربوون.
هەروەها لە 10-07-2003 مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و چەند سەرکردەیەکی تری کۆمەڵ و پاسەوانەکانی لەلایەن ئەمریکاوە لە نزیک گوندی قەمچوخە دەستگیرکرا، پاش (22) مانگ زیندانی ئازادکرا.
$مێژووی کۆنگرەکانی کۆمەڵی ئیسلامی:$
3 کۆنگرەی بەستووە.
کۆنگرەی یەکەم 11-12-2005 بەڕێوەچوو.
کۆنگرەی دووەم لە 15-16-17-07-2010 بەڕێوەچوو.
کۆنگرەی سێیەم لە 30/31/5 و 1/6/ 2015بەڕێوەچوو.
لەسەرجەم کۆنگرەکاندا عەلی باپیر بە ئەمیر هەڵبژێردراوە، کە ناوی تەواوی (عەلی باپیر وەتمان) ە لە عەشیرەتی (میراودەلی) یەو لە هاوینی ساڵی (1961) ی زایینی لە گوندی (کەنجاڕە) ی سەربە شارەدێی (سەنگەسەر) ی سەربە شارۆچکەی (پشدەر) لەدایک بووە و تا ئێستا کەسی یەکەمی حیزبەکەیەتی بێ ڕکابەر.
ئەم پارتە سیاسیە لە دواهەمین کۆنگرەی خۆیدا لە ساڵی 2021 ئاوەڵناوی (ئیسلامی) لە پارتەکە کردەوە و ناوەکەی کرد بە (کۆمەڵی دادگەری کوردستان) و نازناوی کەسی یەکەمیشی لە (ئەمیر) ەوە گۆڕی بۆ (سەرۆک) .
مێژووی بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکان
یەکەم بەشداری دوای دامەزراندنی لە ساڵی 2005 بوو، کەتوانی لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان (6) کورسی ، لەهەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراق (2) کورسی بەدەستبهێنێت.
لەهەڵبژاردنی ساڵی 2009 دا کە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەیەک لیست و لەژێرناوی لیستی چاکسازیدا بەشداریانکردبوو، (13) کورسیان بەدەستهێنا کە (4) کورسی پەڕڵەمانی کوردستان بەر کۆمەڵی ئیسلامی کەوت.
لەهەڵبژاردنی ساڵی 2013دا لە پەڕڵەمانی کوردستان توانی (6) کورسی و لە پەڕڵەمانی ئێراقدا (3) کورسی بە دەستبهێنێت.
لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا لە پەڕڵەمانی کوردستان کۆمەڵی ئیسلامی (7) کورسی پەڕڵەمانی کوردستان و (2) کورسی پەڕڵەمانی ئێراقی بەدەستهێنا.
بەشداری لە کابینە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمدا
لەکابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن بوو، بەڵام لەکابینەی هەشتەمدا بەشداری کرد، وەزیری کشتوکاڵ، وەزیری حکومەت بۆکاروباری ژینگە، سەرۆکی دەزگای مین بەشداربوو.
لە کابینەی نۆیەمدا کۆمەڵی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژارد.
(تێبینی: وێڕای ئەوەی لەئاستی ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی 9 بەشداری نەکرد، بەڵام لە لیڤڵەکانی خوارەوەی حکومەتدا بەشدارە و چەندین بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری شارەدێ و قائیمقام و ڕاوێژکاری هەیە. بۆردی ئەکادیمی) . [1]