ناونیشانی بابەت: ژیان و شیعری ئەدیبی میللی، عەلی بەردەشانی
ئامادەکردن: #هۆشیار جەمال#
=KTML_Bold=“لە دایکبوون و ژیانی عەلی بەردەشانی”=KTML_End=
لە بارەی ڕۆژی لەدایکبوونی عەلی بەردەشانی شاعیر ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام ڕای بەهێز ئەوەیە کە سدیق بۆرەکەیی لە پەڕتووکی (مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی دووەم) دا دەڵێ: هەندێک سەرچاوە دەڵێن عەلی (42) ساڵ ژیاوە. بەم بەڵگانە بێ عەلی لە ساڵی (1767) ی زایینی هاتووەتە ژیانەوە و لە ساڵی (1809) دا مردووە. دیارە ئەم بەڵگانەش نزیکترین و ڕاستترین سەلمێنەرن لەم بارەوە. سەرچاوەکانی سدیق بۆرەکەیش لەم بەڵگانەوە نزیکن.
عەلی وەکوو عەشیرەت شیلانە و وەکوو زێد بەردەشانی و وەکوو بەرەبابیش (حەمە غەزایی) یە. لەو مێژووەوە کە شیلانە لە مامەشان پچڕاون و لە لاجانێوە بە سەرکردایەتی (خەسرەو بەگ) ی بەرەو پشدەر و لەوێشەوە بۆ داوێنی چیای (کێوە ڕەش) ی بتوێن و دیسان بۆ بەری مەرگە و گوندەکانی هەلۆنە و سۆفیانێ کۆچیان کردووە، باپیرانی عەلی لەو کۆچەدا بوون و لە پێش ئەم کۆچەشدا لە بەردەشان نەژیاون. بە گوێرەی یەک بەیتە شیعری عەلی پێدەچێت لە پێش ئەم کۆچەدا باپیرانی عەلی لە گوندێک بەناوی (شێر و بەیان) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیابن. کێوێک لە ڕۆژاوای مەهاباد هەیە پێی دەڵێن (خەزایی) ، ڕێی تێدەچێ (ڕەسوو خەزایی) باپیری عەلی، پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەم شوێنەدا هەبێت، یان هەر لەوێ ژیابێت:
ئەمنم عەلی بەردەشانی
ئەسڵ و نەسەبم شیر و بەیانی
ئەم بەرەبابە لە کۆنەوە کەسانی قسەخۆش و نوکتەزان و لاوک و بەیتبێژ و هونەردۆست بوون. (حەمە خەزایی) لەم ڕووەوە بە ناوبانگترین کەسی سەردەمی خۆی بووە، کە پەند و بەسەرهاتی لێدەگێڕنەوە. (ئەحمەدە شەل) و (حەمە زێڕە) برابوون و بەدوای یەکدیدا ساڵەکانی (1992-1991) لە حاجیاوا مردن، خاوەنی قسەی نەستەق و کۆڕ گەرمکار بوون، وەکوو لە باپیرانەوە هونەریان بۆ مابێتەوە.
هەرچەندە عەلی بەردەشانی پیاوێکی گەڕیدە ژیان بووە و لە گوندەکانی لۆتەر و هەڵۆنەی ناوچەکەیدا ژیاوە، بەڵام بەردەشان گوندی زۆربەی ژیان و زێدی ڕەسەنی هەمیشەیی ئەم شاعیرە بووە، وەکوو لە بەیتە شیعرەکەی حاجی قادری کۆییدا کە دەفەرمووێ:
دوو عەلین شاعیرن، وەکوو حەسان
بەردەشان و حەریرە مەسکەنیان
لەبەر ڕووناکی ئەم دێڕە شیعرە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە-:
1- حاجی، شوێنی ڕەسەنی عەلی دیاری کردووە، کە بەردەشانە.
2- پەیوەندی عەلی بە ڕەحمان پاشاوە، وەکوو پەیوەندی حەسانی کوری سابیتی شاعیر بە محەمەدی پێغەمبەرەوە داناوە، کە ئەمەش سەرسوڕمانی حاجی قادرمان لە زیرەکی و کوردویستی و تەڕدەستی عەلی بۆ دەردەخات.
3- بەرز و بەڕێزگرتنی ڕەحمانە سوور و عەلی بەردەشانی لەلایەن حاجییەوە، هۆی ئەوەش بۆ ڕەحمانە سوور کوردایەتییەکەی، بۆ عەلیش هەم شاعیری و هەم کوردایەتی.
4- دیارە عەلی حەریریش لەم شیعرەیدا لەلایەن حاجییەوە جێگای بەرز و بەڕێزی وەکوو عەلی بەردەشانی دەدرەوشێتەوە.
5- بەردەشان و حەریریش لە پیرۆزی و مەزنیدا بە زێدی محەمەدی پێغەمبەر و حەسانی شاعیر چوێنراون.
“=KTML_Bold=شیعرەکانی عەلی بەردەشانی”=KTML_End=
1- شیعرەکان سادە و ساکارن و هەموو خەڵک لە شیعرەکان تێدەگات.
2- شێوەی شیعری ڕەسەنی کوردین و لەسەر کێشی حەوت و هەشت بڕگەیی گوتراون.
3- ڕەگەز و وشەی فۆلکلۆرییان پێوە دیارە.
4- لە ڕووی ڕەوانبێژییەوە لە ئەدەبی هونەرەوە نزیکن و بابەتەکانی لێکچواندن و خوازە و پۆشینی زۆر تێدایە.
5- تۆمارکردنی چۆنییەتی ڕووداوەکان بە وردەکارییەوە نیشاندەدەن.
6- زۆربەیان لە شێوەی بەسەرهات و بەیتان دان و سەرەتا زنجیربەندی ناوەرۆک و کۆتاییدان هەیە.
7- شیعری ڕەخنەی:
پاشا بوو سەهوی دەکرد
هەتا بەغدایەی نەبرد.
8- شیعری سەربەستی خواز و ئازایانە:
عاسێ دەبم لە بەغدایە
ناچمە سەفەرێ لەحسایە.
9- بابەتیانە و پشت بە هێزی خۆبەستنن بۆ ڕزگاربوون:
دیارە دوژمن ناکا بۆمان
دەست و باسک و ڕمبی خۆمان.
10- لە ڕووی ئایینەوە، پێشەکی زۆربەی شیعرەکانی پاڕانەوەن لەبەر خودا و پێغەمبەران.
11- حاجی قادری کۆیی لەبارەی هەستی نەتەوایەتییەوە عەلی بەردەشانی بە شاعیرێکی بەرز دەنرخێنێ و بە (حەسانی کوڕی سابیت) ی شاعیری محەمەدی پێغەمبەری دەچوێنێ.
12- لە بارەی هەجووکردنەوە زمانی عەلی زۆر بە بڕشت بووە وردەکاری و کاریگەریی لە جنێوداندا بە شیعرەکانییەوە دەدرەوشێتەوە، بە پێچەوانەشەوە لە بارەی ستاییشدا دەستێکی باڵای هەبووە.
13- شیعری پێکەنین و دڵخۆشکەر، لەناو زۆربەی شیعرەکان دیارن.
14- لە هەندێک کاتدا بیر بەسەر فۆڕمدا سەردەکەوێ و کێش تێکدەری و سەروا بەزێنی دەکات وەکوو لە شەڕی مام و برازایدا دەردەکەوێ.
15- ساکاری و کاریگەریی پێویستی بوونی شیعرەکانی عەلی، خۆیان پارێزگاری نەفەوتانیان لە خۆیان کردووە، کە دەماودەم هاتوون و نەکەوتوونەتە بن لیتەی دەریای بزربوون و لەبیرچوونەوە.
16- لەبەر ئەوەی بێ تۆمار و دەماودەم هاتوون و نەکەوتوونە سەر کاغەز، پێدەچێت زیاد و کەمیان بەسەردا هاتبێ، یان چەند شیعرێکی بە تەواوی فەوتابن.
17- لە شیعرە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیدا، عەلی بەتوندی دژی کوردی خۆفرۆش بووە، وەکوو لە بەیتی ڕەحمان پاشایدا هێرش دەباتە سەر محەمەدی مەحموود پاشای کۆیە و بە حەمە کۆیی ناوی دەبات.
18- شیعرەکانی عەلی یەکگرتن و تەبایی کوردانیان پێوە دیارە، بۆیە لەبەر خودا دەپاڕێتەوە کە خالید پاشا و ڕەحمان پاشا پێکبێن و هیچ کێشەیان نەمێنێ:
هەڵبێ ئالای نووسرەتێ
یا خودای ئەوەل و ئاخیرەتێ
خالید پاشان بۆ بخەڵەتێ.
=KTML_Bold=“مردنی عەلی بەردەشانی”=KTML_End=
وەکو لێکدانەوەو بەڵگەکان عەلی لە ساڵی (1767) ی زایینی لە گوندی بەردەشان لە دایکبووە و لە ساڵی (1809) شدا مردووە و لە گۆڕستانی بەردەشانی بە خاک سپێردراوەو شوێنی گۆڕەکەشی زانراوە. هەندێک بۆچوون هەن کە دەڵێن عەلی بەردەشانی لە گردی سەیوانی سلێمانی نێژراوە، هەندێکی دیکەش دەڵێن لە گوندی مەلا سەفی دەڤەری مەرگە نێژراوە. بەڵام هیچیان ڕاست نین، بەڵکوو عەلی بە نەخۆشی ماوەیەک لە بەردەشان لەسەر جێگا کەوتووە و لەکاتی نەخۆشییەکەشیدا وڕێنەی کردووە و خەڵکانی بەردەشانیش زۆرجار لە دەوری کۆبوونەوە و گوێیان لێگرتووە، کە مردووشە لە گۆڕستانی بەردەشان نێژراوە.
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
پەڕتووک دیوانی عەلی بەردەشانی، کۆکردنەوە و لێکدانەوەی، زیاد حەمە ئەمین، چاپی دووەم، چاپخانەی ئنستیتیوی کەلەپوری کورد- سلێمانی. ساڵی چاپ. [1]