ناونیشانی بابەت:دێری ماربێنە قەدیشە لە کۆیە
پەرستگای (دێر ماربێنا قەدیشە) وەک شوێنێکی پیرۆزی کریستیانیەکان لە بناری چیای باواجی و سەروو گوندی ھەرمۆتە، بەدووریی 3 کم لە شاری کۆیەیە. بەپێی سەرچاوەکانی مێژوو، ئەم دێرە لە ساڵی 52ی زایینی و لە کاتی بڵاوبوونەوەی #ئایینی کریستیان# لە کوردستان درووست کراوە.
لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لەناو پەرستگاکەدا بەردە نووسراوێکی مێژوویی دۆزراوەتەوە، بە ئەلفبێی زمانی سریانی لەسەری نووسراوە، کە ئەم پەرستگایە لە ساڵی 1300 جارێکی دیکە لەلایەن یەکێک لە فەرمانڕەوا کریستیانیەکانی ھەرمۆتە بە ناوی ( کوێخا ئۆرھان) نۆژەن کراوەتەوە، ھەروەھا لە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، بە بیانووی ئەوەی لە چیا نزیکە و پێشمەرگە خۆیان تێیدا دەشارنەوە، تەقێنراوەتەوە، بەڵام ئەوکاتیش کریستیانیەکانی کۆیە ھەر سەردانیان کردووە و سرووتە ئایینییەکانیان تێدا ئەنجام داوە و مۆمیان تێدا داگیرساندووە. لەدوای ڕاپەڕین و لە ساڵی 1996، لەسەر ئەندازە کۆنەکەی، جارێکی دیکە درووست کراوەتەوە.
ئەم پەرستگایە جگە لە دێری سەرەکی، کە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، چەندین پەیکەر و دیواربەندی تێدا دەبینرێت. لە دەروازەی سەرەکیی دێرەکە، پەیکەرێکی (حەزرەتی مەریەم) درووست کراوە، کە بەرزییەکەی پێنج مەتر دەبێت و لە حەوشەی دێرەکەش پەیکەری لەخاچدان و چەند دیواربەندێکی مێژوویی بە دیواری دێرەکەوە ھەن، کە گوزارشت دەکەن لە پیاوانی ئایینی و مژدەبەخشە کریستیانیە کۆنەکانی کۆیە.
ساڵانە لە مانگی نیساندا و هەفتەیەک دوای جەژنی (ھەستانەوە) کریستیانیەکانی زۆربەی شوێنەکانی کوردستان و ئێراق، بە مەبەستی یەکتر ناسین و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، سەردانی دەکەن.[1]