#پارتی دیموکراتی کوردستان#، بڕیاری داوە پاسەوانی لق و ناوچە و بارەگاکانی لە سنووری #کەرکووک# و #گەرمیان# لە دوو فەوجدا کۆبکاتەوە و هەر فەوجێک تایبەت بێت بە دوو لقی حزبەکە.
فەوجێک لە پاسەوانی بارەگای هەردوو لقی کەرکووک و #چەمچەماڵ# و سەرجەم ناوچەکان و ڕێکخراوە حزبیەکان درووست دەکرێت و فەوجی دووەم بەهەمان شێوە بۆ لقی گەرمیان لە #کەلار# و لقی #خانەقین# درووست دەکرێت.
بڕیار دراوە بەرپرسی فەوجی یەکەم لە لقی 3ی کەرکووک کار بکات و جێگرەکەی لە لقی 19ی چەمچەماڵ بێت. بەرپرسی فەوجی دووەمیش لە لقی 22ی گەرمیان لە کەلار و جێگرەکەی لە لقی 15ی خانەقین دەبێت.
پارتی بەم هەنگاوە دەیەوێت ئەو هێزە سەربازییەی پاسەوانی بارەگاکانی دەکات ڕێک بخاتەوە و بتوانێت لە هەر حاڵەتێکی لەناکاو بەکاریان بهێنێت، چونکە پێشتر پاسەوانی بارەگاکانی تەنیا پەیوەست بوون بەبەرپرسی بارەگا و ئۆرگانەکان و بۆ لەمەودوا فەرمان لە بەرپرسی فەوج و جێگرەکەی وەردەگرن.
دوای ئەم هەنگاوە لە کەرکووک و گەرمیان، بەهەمان شێوە لە سنووری لقەکانی سلێمانی، فەوج لە پاسەوانی بارەگاکان درووست دەکرێت.
پاسەوانی بارەگاکانی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و کەرکووک، لەسەر یەکەی پاسەوانی فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی وەزارەتی ناوخۆن و دوای درووستکردنی فەوجەکان میلاکیان هەر لەسەر زێرەڤانی دەمێنێتەوە. [1]