ناونیشانی بابەت: ژینگەپارێزیی ڕەوشتە
نووسینی: #ڕۆستەم خامۆش#
ڕێکەوتی 21ی 3ی هەموو ساڵێک، سەرەتای وەرزی بەهارە، دوای (3) مانگ لە سارد و سەرمای وەرزی زستان، ئەوا وەرزی بەهار دەگەڕێتەوە و دەشت و گرد و چیا بەرگێکی نوێ دەپۆشن، دارەکان چرۆ دەکەن و پەلکەگیای سەوز و ناسک بە شنەی با دەشنێتەوە، چەندین گوڵی ڕەنگاوڕەنگ سرووشت دەڕازێننەوە، باڵندەکان زیاتر دەردەکەون و ئاواز و سەدایان تێکەڵ بە هاژەی ڕووبار و خووڕڕەی ئاوی کانی دەبن، ئیدی زەوی بە ڕەنگاڵەیی دێتە پێش چاو، بۆیە خەڵک بە گشتیی ئارەزووی چوونە دەرەوە دەکەن و دەیانەوێ دیمەنی بەهار ببینن و چێژ لە جوانییەکەی وەربگرن، جا خۆشبەختانە زۆربەی هەرەزۆری دەڤەرەکانی کوردستانە شیرینەکەمان شوێنی گەشت و سەیرانە، بەڵام ئەوانەی کە زۆر زیاتر دڵخۆش دەبن و هەست بە ئاسوودەیی دەکەن، ئەوا توێژی منداڵانن، بۆیە لێردا مەبەستی سەرەکی نووسینەکەمان، ئاڕاستەی دایکان و باوکانن، کاتێ کە لە ماڵ دەچنە دەر و دەڕۆن بۆ سەیران، پێویستە خۆیان و منداڵەکانیان پارێزگاریی لە سرووشتی ڕازاوە و ژینگەی جوانی کوردستان بکەن، چونکە ژینگەپارێزیی ڕەوشت و هۆشیاریی و ژیرییە، بۆ ئەوەی ژینگەپارێزیی ببێتە کولتوور و هەموان ئەو هەستەیان لادرووستبێ، ئەو چەند خاڵە بە گرنگ دەزانم.
1- دایکان و باوکان، خۆیان گرنگیی بە پاکوخاوێنیی بدەن و بایی ئەوەندە هۆشیار بن کە ژینگە پیس نەکەن و ڕێنمایی منداڵەکانیشیان بکەن، لە هەر شوێنێک بن، پارێزگاریی لە ژینگە بکەن.
2- کاتێ خێزانەکان دەچن بۆ سەیران، با لە ڕێی ڕادیۆی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە گوێ لەو بەرنامانە بگرن، کە باسی پاک ڕاگرتنی ژینگە دەکەن و ڕێنمایی و هۆشیاریی لەو بارەوە بڵاو دەکەنەوە.
3- چەندین گۆرانیی خۆش و سوودبەخش هەن بۆ منداڵان لەبارەی گرنگیی (باخچەی ماڵ و قوتابخانە، پارکی گشتیی و سرووشت و ژینگە) ، پێویستە ئەو جۆرە گۆرانییە لەنێو ئایپاد و مۆبایلی منداڵاندا هەبن.
4- مامۆستایان لە قوتابخانە، ڕۆژانە چەند خولەکێک باسی گرنگیی ژینگە بۆ قوتابییان بکەن.
5- کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن، چەند خولەکێک، یان بەرنامەی تایبەتیان هەبێ لەبارەی هۆشیاریی و پاراستنی ژینگە.
6- کۆمەڵێک پەڕتووک هەن کە تایبەتن بە منداڵان، وەک (شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت) ، کە لەبارەی ژینگەوە نووسراون، پێویستە دایکان و باوکان بۆ منداڵەکانیان دەستەبەر بکەن. [1]