ناونیشانی بابەت: ترس و پڕۆگرامەکانی خوێندن
ئامادەکردن:
ڕەئوف ئالانیڕەئوف ئالانی
ترس، یان ترسان، هەستکردنە بەهۆی مەترسی یان هەڕەشەیەکی هەستپێکراوکە لەسەر مرۆڤ ڕوودەدات، ئەمەش لەبەرانبەردا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئەرکەکانی لە ئەنجامیشدا گۆڕانکاری لە ڕەفتاردا درووست دەبێت، مرۆڤ تووشی دڵەڕاوکێ دەکات و بیرکردنەوەی ئاڵۆز دەکات.
ئەم ترسەش لەئەنجامی تووش بوون بەڕووداو یان بیستن و بینین، کاریگەریی خراپ جێدەهێڵێت. مەبەست لەڕووداو ئەو کارەساتە ناخۆش و خەمهێنانەیە، کە تووشی کەسێک یان خێزانێک دێن، جار هەیە ڕووداوەکان گەورەترن بەسەر شارو وڵاتێکدا دێن، هەندێ لەڕووداوەکان سرووشتین، وەک لافاو و بومەلەرزە و هەرەسی بەفر کە قوربانی لێدەکەوێتەوە.
بەڵام هەندێ ڕووداو هەن دەستکردن و مرۆڤەکان بە هۆ یان بێ هۆ درووستی دەکەن، ئەوانەی بێ هۆن و بەدەستی ئەنقەست نین جیاوازن لەوانەی کە بەبێ هۆ درووست کراون.
نامەوێ پۆلێنی ڕووداوەکان بکەم، چونکە مەبەستەکەی من ئەوە نییە، بەڵکوو خواستی من ئەوەیە هەر ڕووداوێک کە هەیە و دیاریکراوە چ کاریگەریەک لەسەر دەروونی منداڵان جێدەهێڵێت؟
گەلی کورد بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی نیشتمانەکەی (کوردستان) لە هەموو کات و سەردەمەکانی مێژوودا، ڕووبەڕووی شەڕ و ناخۆشی و وێران بوون و کوشتنی بەکۆمەڵ لەلایەن دوژمنەکانی بۆتەوە، لەم ململانێ و شەڕ و دوژمنکاریانەشدا، کارەسات و ڕووداووی ناخۆش هاتۆتە بەر دەم ئەم گەلە.
من لەگەڵ ئەوەدام مێژوو وەک خۆی بنووسرێتەوە، تا هەم وەک ئەرشیف بپارێزرێت و هەم بکرێتە وانەی مێژوو بۆ ژیان، بەڵام پێویستە بەشێوازی زانستی و پسپۆڕی ئەوکارە بکرێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا هەرکەسە و بە گوێرەی بیری تایبەت و زۆرجاریش بەمەبەست هەندێ لەوانەی خۆیان بەسیاسەتوان دەزانن، مێژووی خۆیان و شۆڕش و گەلێک دەکەنە قوربانی تەنیا بۆ ناوی خۆیان.
لەلایەکی ترەوە ئەوڕووداوانە شۆڕبوونەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، لەمیدیاکان و پڕۆگرامی خوێندن ڕەنگدەدەنەوە، من لەگەڵ ئەوەدام نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بەئاگابن لە مێژووی پڕمەرگەساتی نەتەوەکەیان، بەڵام ئەوەش پێویستی بەپلانی ورد هەیە، کەی و چۆن و لە کام شوێن و بۆ چ تەمەنێک و بەکام شێواز ئاماژەیان پێبدرێت؟ پێویستە ئەمانە بەباشی لێکبدرێنەوە.
ڕوونتر و ڕاشکاوانە تربڵێم، لەناوپڕۆگرامەکانی خوێندن بەشێوازی دوور لە ڕەچاوکردنی حاڵەتی دەروونی و تەمەن، ئەوڕووداوو کارەساتانە خزێنراونەتە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن کە دەبنە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێ لای منداڵان، لەوانەیە بڵێن ئەی چۆن باسی مێژووی نەتەوەکەمان نەکرێت؟ من ناڵێم باس نەکرێت و نەوەکان شارەزانەکرێن، بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم بۆکرد، چۆن و کەی و بە چ شێوازێک باسبکرێت، ئەوە گرنگە، پۆلێنکردنی بابەتەکان و چۆنێتی ناساندنی بۆ قۆناغەکانی خوێندن پێویستە هەڵوێستەی لەسەربکرێت ئینجا دابنرێن، ئەویش بەپێی تەمەن و توانای وەرگرتنی بابەتەکە و درووست نەکردنی کاریگری نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵان، وابێت کە ترس و بیم و دڵەراوکێ جێنەهێڵێ لەسەر منداڵان، لەسەر ئەمە (سۆفۆکلێس) هونەرمەند و شانۆنامەنووس و نووسەر دەپرسێت و دەڵێ: (بۆچی مرۆڤ هەست بە ترس دەکات بەڵکوو بە ڕێکەوت و هیچی تر هەنگاوەکانی ڕێبەرایەتی نەکات؟) ئەمە وڵامەکەی ئاسانە لەکاتێکدا ئاماژەی بە ڕیبەرایەتی نەکردنی هەنگاوەکان کردووە.
بێگوومان ترس وا دەکات نەتوانین هەنگاوبنێین، نیشاندان و دەرخستنی ئەو ڕووداوانەی ترس درووست دەکەن پێویستە بخرێنە ناو پڕۆگرامی پۆلەکانی سەرووبازنەی دوو، واتە لەپۆلەکانی حەوت بۆ نۆو بەرەوسەرتر، ناکرێ لەپۆلی چوارەمی بنەڕەتی باسی ئەنفال و کیمیاباران بکرێت و منداڵان تووشی ترس و شۆک ببن، هەمیشە ترس خەون و خولیا لەناو دەبات و مرۆڤ ڕادەگرێت.
نووسەری گەورە وڕۆماننووس (پاولۆکۆیلۆ) دەڵێ: (تەنیا یەک شت هەیە کە خەون و خولیا مەحاڵ دەکات، ئەویش ترسە) .
لەناو دونیای ڕۆشنبیری ئێمەشدا چەندین ڕاو بیروبۆچوون هەن ئەوە دەسەلمێنن، ئێمەش لەڕەوتی تێگەیشتن و ناساندن ئاڕاستەکان لە نەتەوەکانی تر کەمترنین، نموونەشمان زۆرە، هەروەک نووسەری ناوداری کورد (عەبدولواحید نووری) لە نووسینی پەخشانێکدا دەڵێ: (خەریک بووبنووسم ترس باشنییە، بەڵام باش بوو زوو دەستم گرتەوەوزانیم دەردی ئێمە نەترسانەو ترسان نیە) .
خەون و ویست و خولیاکانمان بە مەبەستی ئەوەیە نەوەکانی داهاتوو بەباشی ئاڕاستە بکەین و لە ڕێگەی دوورکەوتنەوە لەو فۆبیا ترسێنەرانەی منداڵان ئیرادە و توانستەکانیان دەچەپێنرێن و ئامانج ناپێکن.
داواکارم لەوەزارەتی پەروەردە و لیژنەی تایبەت بە گۆڕین و پێداچوونەوە بەپڕۆگرامەکانی خوێندن، ئاوڕ لەوبابەتانە بدەنەوە کە دەبنە هۆکاری درووستکردنی ترس لەسەر دەروونی منداڵان و لایانبدەن و ڕەچاوی بارودۆخی ئێستای دنیای شارستانی بکەن، چونکە کارکردن لەسەردرووستکردنی کەسێتی تاک لە منداڵییەوە سەرچاوە دەگرێت، تا کۆمەڵگەیەکی بوێر و خاوەن ئیرادە و دوور لەترس بوونیادبنرێت.
[1]