$گەڕانەوەیەکی بەهێزی سەدر!$
#زریان رۆژهەڵاتی#
#30-08-2022#
$بەرایی$
وتارێکی موقتەدا سەدر بەس بوو بۆ ئەوەی پێکدادانی نێوان ئەندام و لایەنگرانی ڕەوتەکەی لەگەڵ بەشێک لە گرووپە چەکدارییەکانی شیعە بوەستێت. ئەمەش گەڕانەوەیەکی بەهێزی سەدر بوو، بەتایبەت دوای ئەو وازهێنانەی کە ڕایگەیاندبوو! ئەو جارێکی دیکە نمایشی توانا و دەسەڵاتی بێ ڕکابەری خۆی بەسەر لایەنگرەکانی ڕەوتەکەی کردەوە و لە ڕێگەی وتارەکەی، ئەوەی پێشاندا کە سەرەڕای وازهێنان، پڕۆسەی سیاسی بەبێ سەدر، لانی کەم لە ماوەی کوورتخایەندا، واتای ئاڵۆز و ناسەقامگیری دەدات. هەروەها مۆرێکی ڕاستیش بوو لەو شرۆڤانەی کە پێیانوابوو هێشتا زووە پێکدادانەکان ببنە شەڕێکی فراوانی نێوخۆیی شیعی.
$زیادبوونی گوشارەکان و پەرچەکرداری سەدر$
لە ماوەی ڕابردوودا چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵەکانی چڕکردبووەوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی پەڕڵەمان ڕێکبخات تاوەکوو قسەی خۆی بباتە سەر. ئەمەش بەبێ گوێدانە ئەو داوایەی سەدر سەبارەت بەوەی پێویستە دەستبەجێ پەڕڵەمان هەڵبوەشێتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوانەشدا، ڕەخنەکانی ئایەتوڵڵا کازمی حائیری لە سەدر و داواکەی لە شیعەکان بۆ ئەوەی ڕابەری ئێران بکەنە مەرجەعی خۆیان، گورزێک بوو لە پێگەی ئایینیی سەدر. کاتی خۆی، سەدر لای حائیری وانەی خارج لە فیقهی دەخوێند و بەو پێیەی هەرکەسێک کە بیەوێ ببێتە مەرجەعی تەقلید، پێویستی بە ڕەزامەندیی مەرجەعێکی دیکەیە، ئیدی لەمەودوا سەدر ناچارە لە دەرگەی مەرجەعێکی دیکە بدات! ئەمە بێجگە لەوەی کە هەندێک لە موقلیدەکانی حائیری کە بۆ خۆی خەڵکی ئێراقە، لایەنگری سەدرن و قسەی مەرجەعیش بۆ موقەلیدەکانی قوورسایی خۆی هەیە. هەروەها دژی پێگەی ئایەتوڵڵا سیستانیش بوو کە سەدرییەکان لە ململانێیەکانیاندا لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بۆ باڵانسی ڕەوایی ئایینی و جەماوەری کەڵکیان لێوەردەگرت. بۆیە موقتەدا سەدر لە وەڵامی ئایەتوڵڵا حائیریدا کە داوای لە شیعەکان و موقەلیدەکانی خۆی کردبوو کە ئیدی پرس و ڕا بە ڕابەری ئێران بکەن، گوتبووی نەجەفی ئەشرەف شوێنی مەرجەعییەتە وەک ئاماژەیەک بۆ مەرجەعییەتی ئایەتوڵڵا سیستانی.
زۆر سەرنجڕاکێشیشە کە پێشتر لە تۆمارە دەنگییەکانی نووری مالیکیشدا، باسی مەرجەعێکی ئایینی بە ناوی ئایەتوڵڵا میرزا هاتبوو کە گوایە فەتواکەی بۆ شەڕ ئامادەیە!
لە ماوەی ڕابردوودا گوشارە سیاسی و ئایینییەکان بۆ ڕێبەری ڕەوتی سەدر بە جۆرێک زیادیان کرد کە ڕەنگە بە پێویستی زانیبێت جارێکی دیکە ئەوە بە بیر هەمووان بێنێتەوە کە پڕۆسەی سیاسی بەبێ ئەو تێکدەچێت و ئاڵۆزی ئێراق دەگرێتەوە. ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕوویدا، گرژی و دواتریش پێکدادانێکی کۆنترۆڵکراو بوو کە سەرئەنجام هێز و توانای سەدری بۆ تێکدانی یارییەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تەنانەت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی گرژییەکان پێشاندایەوە.
پێچەوانەی ئەو دیدگایەی کە پێیوابوو شەڕێکی نێوخۆیی گەورەی شیعی ڕوودەدات، ئەمە لە سەرەتاوە دیاربوو کە تەنانەت ئەگەر شەڕیش ڕووبدات ئەگەری گەورەبوون و درێژەکێشانی زۆر نییە، چونکە بەرلە هەموو شتێک، سەدر لە ڕێگەی دەستلەکارکێشانەوەکەی، دەرگەیەکی کراوەی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لە دەستی خۆیدا هێشتبووەوە وەک ئەوەی کە کردی. ئایەتوڵڵا سیستانیش قسەی کۆتایی خۆی نەکردبوو. هەروەها سەرەڕای زیادکردنی گوشارە سیاسی و ئایینییەکان بۆ سەدر، هێشتا هەموو لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش خوازیاری گرژکردنی زیاتری دۆخەکە نەبوون. ئەمە بێجگە لەوەی کە لانی کەم لەم وەختانەی ئێستادا، پاڵنەرێکی دەرەکیی بەهێز نەبوو بۆ ئەوەی کە شەڕی نێوخۆیی شیعە گوڕتر بکات. بەدەر لەوەش، شەڕی نێوخۆی شیعە دەیتوانی کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت، هەروەها بازاڕێکی 40 ملیۆنی بۆ دەر و دراوسێیەکانیشی دابنێت کە جێگەی پەسندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە.
$ئێستا چی ڕوودەدات؟$
لە دوای هەڵبژاردنەوە تا ئێستا، سەدر چەند جارێک دەرفەتی بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دا تاوەکوو حکومەت پێکەوەبنێ. وەک مۆڵەتە چل ڕۆژییەکە، کشانەوەکەی لە پەڕڵەمان و دوای ئەوەش نوێژەکەی سەدر کە تێیدا جەختی کردبوو لەوەی کە دەکرێ حکومەت پێکەوە بنێن، بەڵام چەند مەرجێکی بۆ دانابوون. لەبەرانبەردا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە بەربژێرکردنی محەمەد شیاع سوودانی کە سەدرییەکان وەک کۆپی دووەمی مالیکی سەیریان دەکرد و هەروەها لە ڕێی ڕاگەیێندراوێکەوە کە گوایە ڕێگە نادەن بەو گۆڕانکارییانەی کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران لە هەندێک پۆستی وەک دەزگای هەواڵگری و نووسینگەکەی خۆیدا کردوونی، ئەو ترسەیان لای سەدر گەورە کرد کە نەکا دوای پێکەوەنانی حکومەت، هەوڵەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ سڕینەوەی ئەو زیاتر ببن. ئەمە ڕێک ئەو ترسە بوو کە پێشتر چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە حکومەتێکی سەدری هەیبوو! ئەوان پێیانوابوو کە ئەگەر سەدر بەتەواوی جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست، ئیدی ئەوان دەسڕێتەوە.
بە ئەگەری زۆر، دوای ڕووداوەکانی ئەو چەند ڕۆژە، ئیدی باسی ڕێککەوتنی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هاوبەشی لە حکومەت کۆتایی هاتووە و ئەوەی لە ئاسۆ دیارە هەر دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە بە ئەگەری زۆر. سەرئەنجام هەردوولا سازشێک لەسەر ئەوە دەکەن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لەوانەیە تاوەکوو ماوەیەکی دیکەش گرژییەکان بەردەوام بن. چونکە حکومەتیش پێکبهێندرێت ئەوا هەموو کات ئەگەری دەستپێکردنەوەی خۆپێشاندان و ناسەقامگیری لە ئارادا دەبێت و ئەستەمە لایەنێکیشان بتوانن لە شەڕێکی نێوخۆییدا ئەوی دیکەیان بسڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە سەدر جەختی لە وازهێنانی خۆی لە سیاسەت کردەوە، بەڵام وەزیرەکەی لە تویتەر گەڕاندەوە و بە گوتنی ئەوەی کە ناهێڵن دەستدرێژی بکرێتە سەر خۆپێشاندەران، ئەو پەیامەی دا کە بەو ئاسانییە مەیدان چۆڵ ناکات! [1]