(خۆمان بیتاشین پێش ئەوەی بۆمانی بتاشن) ئەمە قسەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی یەمەنی سەعید بوو کە قەت سەعادەت و شادومانی بەخۆوە نەدیبوو.
ساڵح لە سەرەتای سەرۆکایەتی خۆیدا لە یەمەن قژێکی گڤ و زۆری هەبوو، ئینجا لەگەڵ ئەندامێتی مەجلسی تەعاونی عەرەبیدا سفری کرد تا لە وێنەدا لەگەڵ سەدام وا دەرکەوێ بووەتە بیچمێکی تازە و خواپێداو.
لە دوای کەوتنی بەعسی عەڕاب و نانبدەی ڕژێمە عەسکەرییەکانی هاوشێوەی خۆی لە یەمەن، ساڵح توانجی لە حاڵی ئێراق و عەرەبدا و وتی؛ (با خۆمان سەری خۆمان بتاشین پێش ئەوەی ئەمریکا سەری هەموومان بتاشێ ) تەبعەن باشتر بوو بڵێ سەری خۆمان بخورێنین، چونکە سەرخۆراندن نزیکترە لە مشورخواردن و بیرکردنەوە وە. ساڵح وای نەکرد و هەر خەیاڵی لای سەرتاشین بوو تا مشورخواردن و سەرخوراندن.
سەرتاشین بووە خەم و پەژارەی سەرۆکی یەمەن چونکە وایزانی غەربزەدەیی و ئەمریکاخوازی بەسن بۆ مانەوەی لەسەر کورسی و هیچ پێویست بە مشورخوادنی چاکسازی و لاکردنەوە لە ویستی میللەتەکەی ناکات تا سەرەنجام خۆشی لە باهۆزی بەتینی بەهاری عەرەبیدا نەک هەر سەری بە تاشین چوو بەڵکوو سەریشی تێدا چوو.
خۆی سەرتاشی بە ئیرادە و ویستی خۆ بابەتێکی ئاسایی و بەشێکی دیمەنی خۆقۆزکردن و تیفتیفەدانە. بەڵام لەدەرەوەی ئەوە باسەکە لە دەست دەلاک و مەقەستی سەرتاشخانە دەردەچێ و دەبێتە تەعدا و زۆرداری.
جا وەلەو ئێمە باسی یەمەن و سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەهاری عەرەبی دەکەین و هەقمان بە باسوخواسی ناوخۆییەوە نییە، بەڵام کوردەواریش وەسفی جوانی هەیە .لە خۆرانییە لە ئیدیۆمی دوعاکردنی کورددا سەرتاشینی بە زۆر هێند مانای ناخۆشی زوڵم و زۆرداری هەیە کە دوعا لە نەیار و دوژمن هەر وا دەکرێ؛ سەرت بەتاشین چێ. [1]