$دیدێکی مەخمەڵی لە پراگەوە$
#زریان رۆژهەڵاتی#
#16-10-2022#
کەشوهەوای پراگ لەم ڕۆژانەدا چێژێکی تایبەتی هەیە. ڕەنگەکانی بەهار و پاییز تێکەڵاوی یەکدین. جارجارە نەرمە بارانێک تێدەکا و کزەیەکی ساردی زستانەش هەڵدەکات. جا خۆشییەکیشی-هەڵبەت لای من- ئەوەیە کە لەو کەشوهەوایەدا چایەکی گەرمی خۆمانەشت دەستکەوێت.
لە کافێیەکدا لەنێوەڕاستەکانی پراگ چایەکەم دۆزییەوە، بەڵام بەتایبەتی بەهۆی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە کە ئیدی لە هەموو شوێنێک، تەنانەت لە پراگیش خەڵک باسی دەکات، خواستە یان ناخواستە لە جوانییەکانی سرووشتی شار دوورکەوتمەوە و، بیرم بۆ شۆڕشە مەخمەڵییەکەی پراگ لە 1989 چوو.
هاوڕێیەکەم کە زۆرجار حەز دەکات خۆی بە کوڕێکی لادێیی ناو ببات، بەڕێوەبەری ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیە لە پراگ و منیش لە چالاکییەکی ناوەندەکەیدا بەشداربووم. ئەو بە حەز و ئارەزوویەکی زۆرەوە ئەو شەقام و شوێنانەی پێشاندابووم کە خەڵک خۆپێشاندانیان تێدا کردبوو.
خۆپێشاندانی بێ تووندوتیژیی خەڵک بەتایبەت خوێندکاران، لە ماوەی نزیکەی شەش هەفتەدا، کۆتایی بە دەوڵەتە ستالینیستییەکەی ئەوکات لە چیکۆسلۆڤاکیا هێنابوو، کە ئێستا دوو وڵاتی جیاوازن.
هاوشێوەی شۆڕشی مێخەکی پورتوگال لە 1974، پێنج شۆڕشی ڕەنگینی وەها، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ڕوویانداوە کە دیارترینیان ئەوەی چیکۆسلۆڤاکیایە. ئەوەی زەینم بۆی چوو، یەکسەر جیاوازیی نێوان شۆڕشە مەخمەڵییەکانی ئێرە و شۆڕشە خوێناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. هەڵبەت لەبەر ئەوەی نامەوێت بابەتی ئەم جارەم بە ئاقاری شیکردنەوە و شتی زۆردا بڕوات، واز لەو باسە دێنم.
لەبەرانبەرم کۆنە دیپلۆماتێکی چیک دانیشتبوو. لای ئەو پرسیار بوو کە بۆچی دەبێ کوردێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تورکی، فارسی یان عەرەبی بەباشی نەزانێت مادام لە وڵاتێکدا لەگەڵ ئەوانی دیکە دەژین! هەڵبەت بە زمانێک کە جۆرێک سووکایەتی پێوە دیاربوو. دیدێکی مەخمەڵی بوو بۆ پرسە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی پرسی کورد. کاتێکی پێچوو تاوەکوو بۆم ڕوونکردەوە کە نابێ لە شوێنێکەوە کە شۆڕشەکەی-1989-مەخمەڵی بووبێ و جیابوونەوەکەیشی-1993- مەخمەڵی بووبێت، لە ڕوانگەیەکی گشتییەوە تەماشای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکرێت و جیاوازییەکان نەبینرێن. نە کێشەی کورد تەواو وەک کێشەی نەتەوەکانی ئەوروپایە و نە دەوڵەتەکانیش هاوشێوەی بەریتانیا و چیکۆسلۆڤاکیان!
ئەو دیدە، بۆچوونەکانی گرترود بێلی بەریتانی بیرهێنامەوە کە کاتی خۆی بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی هەوڵیدابوو لە ڕێگەی درووستکردنی مۆزەخانەیەکی هاوبەشەوە گەلانی ئێراق بکاتە یەک و میراتێکی هاوبەش لەنێوان کورد و عەرەبدا درووست بکات. کێشەکە لەوەدایە کە ئەم جۆرە دیدگایە وادەزانێت کۆمەڵگە «تەشتی هەویرە و چۆن بتەوێ دەتوانی شکڵی پێ بدەی.»
دوای ڕوونکردنەوەکانم، چەند جارێک داوای لێبووردنی کرد، بەڵام دوای ئەوەی کە زانیم ساڵانێک لە بەغدا، ئێران و ئیستەنبووڵ وەک دیپلۆمات کاری کردووە، بیرم لەوە کردەوە کە ئایا دەبێ چ بۆشاییەک لە پەیوەندییەکانی کورد بە دنیای دەرەوەدا هەبێت کە دیپلۆماتێکیش لە ناوچەکە بەوجۆرە بیر دەکاتەوە.
کوردێکی خەڵکی شڕناخم بینی. هێشتا کوردییە جوانەکەی ئەو دەڤەرەی لە بیر مابوو. ڕەمەزان خەڵکی هەزەخە و لەو سەنتەرەی پراگ کار دەکات. بە گەرمی قسەی لەگەڵ دەکردم وەک بڵێی ساڵانێکە دەمناسێت. هەڵبەت دوایی دەرکەوت لەبەر ئەوەیە کە جاربەجار شتەکانم دەبینێت. وتی من لە شاری بڕنەو دادەنیشم و لەوێ خەریکی خوێن�%