=KTML_Bold=بڕوا بکەن ڕەمەزان لێتان بێزارە=KTML_End=
لەم ( چوار کیلۆمەتر )ەی کە هەندێکمان دڵمان پێخۆشکردووە و ناومان ناوە وڵات و سەدان کوڕی گەنجی ئەم میللەتە بەش مەینەتە گیانیان خستە سەر دەستیان لەپێناویدا.
دەڵێم، لە هێلانەی ئاوات و هيوا کانماندا، کەوتووینەتە ئەم ڕۆژە تاریکانەوە، کە خەریکە لافاوی کۆنەپەرستی، تاریکی، هەروەلەکردن بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و پێشتریش بواری ئاوڕدانەوەشی لێ قەدەغەکردووین.
لەو باوەڕەدام لە (1400) ڕەمەزانی پێشووتردا، بەگشتی، بە ئەندازەی ئەم ڕەمەزانە، باسی ژن نەکراوە و هەندێک لە مەلاکان دەمیان نەژاندۆتە ئەوەی لە دوور و نزیکەوە پەیوەندی بە ژنەوە هەبێت.
ئیدی پێویستی کردبێت یان نا.
تاوانی گەورەی ئەنفال، لەدەستدانی هەزاران هاووڵاتی ئەم خاکە، کەسیانی نەهێنایە قسە. هەموو ساڵێک مانگی ئادار و نیسان، تێدەپەڕێ گوێمان لێنییە باسی دڕندەییەتی تاوانی ئەنفال و کیمیاباران بکەن. دەچنە قۆناخی (متبوون) ەوە!
کە هاتە سەر باسی ژن، بەجێیبهێڵە بۆ خۆیان با بەیت و بالورە هەڵدەن بەسەر هەموواندا. کێ دەڵێ: بەری چاوتان کلی پێوەیە؟!
ئایا دەبێت ئێمەی ژن، ببین بە بنێشتە خۆشەی دەمیان؟
هەتا کەی؟
لەپێناوی چیدا؟
ئەم (دەستڕێژە) زارەکییە چییە وا دەستیپێکراوە و بەتەمان کەی صەڵاواتی لێبدەن و بێدەنگبن؟
ئەگەر ئێوە (مدلل) ن و کەس نابێت بڵێت بۆ ئەم هێرشە دەکەنە سەر ژن ئەوا من بە ڕاشکاویی پێتان دەڵێم:
کاتێک لەرێزی ژن کەمدەکرێتەوە، پێش ژن، ئێوە خۆتان ڕێز بۆ خۆتان ناهێڵن.
دیارە کەستان شان نادەن لەشانی د. مستەفا زەڵمی، یان هیچی لێوە فێر نەبوون.
بەشێوەیەکی گشتی ئەم بابەتەم خستۆتە ڕوو. نەهاتووم یەکە یەکە وتەکان بخەمە بەردەست. ئەوەندە دەڵێم دوای ئەم
هەموو وەعز و ئیرشادە
نە وڵاتمان ئاوەدان و پڕ خۆشییە.
نە فەقیرمان بەهۆی بەڕۆژوبوونەوە ژمارەیان کەمترە.
نە کۆمەڵگەکەمان ئارام و ئاسوودەیە.
نە ئەخلاقمان باشترە.
بازرگانەکانمان لە شەربەت فرۆشەوە هەتا شوقە فرۆش نوقمن لە فێڵ و تەڵەکەبازی و گەندەڵی.
نە دەستی خیانەت و غەدر کوورتترە. [1]
#پەروین عارف#