ناونیشانی بابەت: ئەو کوردەی بە پارە و پلە و پایەی حکومەتی ئێراقی ڕازی نەبووە
ئامادەکردن: #فاتیح عەبدوڵڵا شوانی#
مێژوونووس حسێن حوزنی موکریانی داماو.
ئەمڕۆ نەتەوەی کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکە زیاتر پێویستی بە خوێندنەوە و نووسینەوەی مێژووەکەیەتی، چونکە تەنیا نەتەوەیە نەیتوانیوە کەڵک لە مێژوو وەربگرێت و تەنیا گەلێکیشە کە بە درێژایی مێژوو چەوساوەو ژێر دەستەیە، ئەوانەی خەریکی نووسینەوەی مێژووی کورد بوون بە ئومێدی گرێدانی ڕابردوو بە ئاییندەوە ئاگادارکردنەوەی نەوەکانمان لەهەڵەکانی مێژوو مان، ئەرکێکی قوورسیان هەڵبژاردووە، چونکە کورد خاوەنی دەوڵەت و هێزی ڕامیاریی خۆی نەبووە دوژمنانی هەمیشە بەردەوام بوونە لە شێواندنی کلتورو مێژوو و شارستانییەتی کورد دا بە ئارەزووی خۆیان مێژووی کوردیان تۆمار کردووە، بۆ یە ڕاست کردنەوە و تۆمار کردنی ڕووداوە مێژوویەکان بۆ مێژوونووسانی کورد کارێکی ئاسان نەبووە، لە بەر ئەوە دەکرێت ڕێزو پلەو پایەی گەورە بۆ مێژوو نووسانمان دابنێن، بە فەیلە سوف و مامۆستای خۆمانی بزانین هەرگیز پەراوێزیان نەخەین، قسەکانیان بە ئاوی زێر بنووسینەوە.
ئەگەر هەڵەشیان هەبوو چاوپۆشیان لێنەکەین و ڕەخنەیان لێبگرین. هەموو یادەکانی لە دایک بوون و کۆچی دواییان بە گەرمی و بە پەرۆشەوە بەرێی بکەین, یەکێک لەو مێژوونووسە نیشتمانپەروەرانەی کە جێی شانازیی گەلی کوردە ” حسێن حوزنی موکریانی ” یە.
کەمال مەزهەر دەڵێت: (حوزنی یەکەم مێژوونووسە کە دوای محەمەد ئەمین زەکی شایەنی باس و لێدوان بێت) . هەرچەندە ئەو پێش ئەمین زەکی دەستی داوەتە نووسین و نیشتمانپەروەرتریش بوو ، چونکە حوزنی بە پارە وپلە وپایەو حکومەتی ئێراقی تازە درووست بوو ڕازی نەبووە، بە ناپاکی زانیووە هەرکوردێک ببێت بە فەرمانبەری دەوڵەتی ئێراق کەچی ئەمین زەکی بووە پیاوی دەوڵەت.
لێرەدا پێویستە بزانین حسێن حوزنی موکریانی کێیە؟ حسێن کوڕی سەید لەتیفە لە 12 ئەیلولی ساڵی 1893 ز لە مەهاباد لە دایک بووە، تاڵ و ترشی ژیان و ئاوارەیی وای لی کردووە حوزنی بکاتە نازناو بۆ خۆی لە بەر ئەوەش مەهاباد سەر بە موکریانە بووە بە (حسێن حوزنی موکریانی) ناوبانگی دەرکرد.
حوزنی لە سەیدەکانی (بێچکە ، شقوبقە ) کە دوو گوندن دەکەونە نزیک بۆکانەوە، بەڵام خۆی لە گەڕەکی (حسێنان) لە مەهاباد لە دایک بووە.
هەروەها لە لایەکی ترەوە شەهید شاکر فەتاح دەڵێت: ( ناوی تەواوەتی حسێن کوڕی سید لتیفی کوڕی شیخ اسماعیلی کوڕی شێخ لەتیفی خەزایی یە و گەلێ نازناوی بۆ خۆی داناوەی وەک حوزنی، خدرۆک، داماو، بێژەن، بەڵام لەم دواییە داماوی لە هەموویان پێ باشتر بوو، هەر لە منداڵییەوە نیشانەی زیرەکی و وریایی و ژیری پێوە دیار بووە، خوێندنی لای باوکی و خاڵۆکانی بووە بە کوردی و عەرەبی و فارسی خوێندویەتی لە تەمەنی (12) ساڵیدا ماڵەوەی جێ هێشتووە کەوتۆتە گەڕان بەدوای خوێندن و زانست دا گەلێ شار و دێهاتی کوردستان گەڕاوە، زۆر وڵاتی دیووە لە هەر شوێنەو شتێ فێر بووە لە زۆر کاتیشدا خۆی خۆی فێر کردووە.
لە زانستەکانی وەک ئایین و مێژوو وێژەی کوردی و عەرەبی و فارسی تورکی دا قاڵ بۆتەوە، زمانی ڕووسی و ئینگلیزی وفەرەنسیشی زانیوە,جگە لە کوردستان ڕووسیاو تورکیا و ئێران و ئەفغانیستان و سوورییە و لوبنان و مسر و حجاز و فەرەنسە و گەلێ وڵاتی تر گەڕاوە، پێگەیاندنی خۆی و دامەزراندنی چاپخانەکەی لە حەلەب و ڕەواندوز لە هەموو شت گرنگترە، چونکە حوزنی توانیویەتی بەو هۆیەوە بیروباوەڕی کوردەواری بگۆڕێت و بیخاتە سەر ئەوەی کە هەرچەندێ مرۆڤ هەژار و بێ کەس و ئاوارەبێ لە توانایدا هەیە چارەنووسی وڵاتی بگۆڕێ و بیگەیەنێتە چڵە پۆپەی بەرزی مرۆڤایەتی و نیشتمان پەروەری، حوزنی نیشتمان پەروەر و مێژوونووسێکی چاک و پاکی کارا و زانا بوو.
هەر لەبەر ئەوەشە مانگی موکریانی لە ئاسمانی مێژونووسی کورددا گەش و دیارە، حوزنی لە زۆر شتدا دەستپێشخەرو یەکەم کەس بووە، حوزنی یەکەم مێژوونووسی کوردە بە کوردی لە زانستی مێژوو دوواوە ساڵی 1925 لە ( خونچەی بەهارستان) دا باسی مێژوو، قۆناغەکانی مێژوو، زبان و ڕەگەز و میللەتی کردووە، دوای مەلا مەحمودی بایەزید دیسان حوزنی یەکەم کەس لە سەردەمی نوێ دا بەرهەمی مێژووی بە کوردی داناوە، بەرگی یەکەمی (ئاوڕێکی پاشەوە) یەکە م پەڕتووکی مێژووی بڵاوکراوەی سەربەخۆی کوردییە کە بۆ باسی مێژووی کورد تەرخان کراوە، هەر لەبەر ئەوەشە چەند بە قەبارە ئەو پەڕتووکە بچووکە هێندە بە مانا گەورەیە، حوزنی لە دانانی ژمارەیەک وشە و زاراوەی مێژووی پەتی پێش ڕووناکبیرانی تر کەوتووکە بە مەبەستی مێژووی لە نووسیندا بەکاری هێناوە لەزۆر بەشیاندا نیشانەی درووستی پێکاوە.
حوزنی یەکەم مێژوو نووسی کوردە لە بیستەکاندا (مێژوو) ی لە بری (التاریخ) بەکارهێناوە کە پربە پێستی خۆیەتی هیچ کام لە مێژوونووسەکانی بیستەکان ئەو زاراوەییەیان بەکار نەهێناوە زاراوەی فێژوونووسیش بەرهەمی ئەو بۆچوونە وردەی حوزنی یە, (وڵاتی مەیان دوورووباران) کە دیسان حوزنی یەکەم کوردە لە نووسینەکانی دا بەکاری هێناوە کە وەرگێڕانی درووستی ( (میسۆپۆتامیا – mesopotamia) کە لە دوو وشەی یۆنانی پێک هاتووە (میسۆس – mesos) کە مانای (نێوان , ناوەند , ناوەڕاست) و ( پۆتامۆس – potamos) کە مانای ڕووبار دەگرێتەوە , بەسەر یەکەوە بە ئێراق دەگوترا , کە ئەندازیاری ئینگلیزی هامڵتن هاتە ڕەواندز بە چاوی خۆی هەوڵ وتەقەلای پڕ لە دڵسۆزی حوزنی بینی و زانی (زاری کرمانجی) کە بڵاوکراوەیک بوو بەرهەمی چ ڕەنجێکە لە پەڕتووکەکەی خۆیدا کە بە ناوی (رێگایەک بەناو کوردستاندا) بڵاوی کردەوە.
حوزنی لە هێنانی چاپخانەش دا پێش کەسانی تر کەوتووە لە ساڵی 1914 چاپخانەیەکی لە ئەڵمانیا کڕی و هێنایە شام و ساڵی 1915 لە حەلەب دای مەزراند، پاشان لە 1925 دا هێنایە ڕەواندوز .
سەرەڕای ئەوانەش پایە بەرزی موکریانی لە گۆڕەپانی مێژوونووسیندا دەردەکەوێت ، چونکە تاکۆچی دوای موکریانی (17) پەرتووکی هەمەجۆری بڵاوکردەوە، کە یانزەیانی (11) بۆ مێژووی کورد و دووانیانی بۆ مێژووی گشتی تەرخان کردووە. هەر لەبەرئەوەشە (ئەدمۆندس) لەوبیبلۆگرافیایەدا کە بۆ چاپەمەنی کوردی لە ئێراق تەرخانی کردبوو ناوی (13) سیانزە بەرهەم دێنێ ودەڵێ زۆربەیان موکریانی دایناون. لەهەمانکاتد، چونکە موکریانی شەرەفنامەی وەک سەرچاوە بەکارهێناوە سەرنجی باسیل نیکتنی ڕاکێشاوە بۆیە باسیل دەڵێ: (حوزنی نووسەری کورد دواساڵانی ژیانی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی کورد تەرخان کرد کە چەندین پەرتووکی بڵاوکردۆتەوە کە سەرچاوەکانی دەسنووس و قسەی سەرزاری خەڵک وسەرچاوەی عەرەبی و فارسی و تورکین.
هەر بۆیە وەرگێڕێکی باش و ڕۆژنامەنووسێکی لێهاتوو بوو، چوونکەگۆڤاری (زاری کرمانجی) بڵاوکردەوەکە گۆڤارێکی کۆمەڵاتییەتی مێژووی ئەدەبی، هونەری مانگانە بوو، خۆی خاوەن ئیممتیاز و سەرنووسەری بوو، دوای داخستنی ئەم گۆڤارە گۆڤاری (روناکی) دەرکرد کە ئەمەش گۆڤارێکی کۆمەڵایەتی زانیاری وێژەی بووە چەندین ڕۆژنامەی نهێنی بڵاوکردۆتەوە وەکوو (کوردستان , چیا کرمانج , سۆران , دیاربکر , ئارارات , بۆتان.
لەمانەش گرنگتر لە ساڵی 1934دا هاوکاری پیرەمێردی کرد لە چاککردنەوەی چاپخانەکەیدا وماوەیەکیش لە دەرکردنی ڕۆژنامەی ژیان هاوکاری بووە.
هەروەهاحوزنی تا دوا هەناسەی خۆی بۆ گەلەکەی تەرخان کرد لەو پێناوەشدا برسێتی کێشا، ڕووتی و هەژاری بینی، دەربەدەری شاران بوو هەر لەبەر ئەوەش بوو لە (20) ی ئەیلول 1947 ز لە بەغدا گیانی بەدەستەوەدا و لەسەر وەسێتی خۆی لاشەکەیان سپاردە هەولێری دێرین.
لەسەر مردنی حوزنی چەند بۆ چونێک هەیە ، هەندێ دەڵێن ژنەکەی دەرمان خواردی کردووە بە فیتی ئینگلیزەکان، هەندێ دەڵێن لە داخا مردووە، هەرچۆنێک بێت بە مردنی حسێن حوزنی موکریانی زانای گەورە ومێژوونووسی کورد , کورد و نەتەوەی کورد زیانمەندبوون.
ئەمەش ناوی هەندێ لە پەڕتووکەکانێتی (مێژووی مێرگی دڵانی ساڵانی 1916 ، پێشکەوتن – 1927 ، پەروەردەکردنی کرمی ئاوریشم ، وەرگێڕان -1928 ، خۆشی و ترشی – 1929 ، وێنە گرتن و هەڵکۆڵین (زەنگۆغراف) -1934, مێژووی شاهانشای کوردی زەند لە ئێران – 1934 ، پێشەوای ئایین – 1926 ، دەستووری خوو بۆ کوڕوکچ – 1935 ، چەپکێ گوڵی ئەدیبان ، خونچەی بەهارستان – 1925، ئاوڕێکی پاشەوە ، سێ بەگ – 1931 ، مێژووی دەوری ئەمارەتی لە کوردستاندا، حکومەتی بەرزەکانی لە حەلوان و دێنەوەردا ، حوکمدارانی کورد لە هەولێر ، پاشایانی چەند بنەماڵەیەکی کورد ، حوکمدارانی بابان ، ناودارانی کورد ، مێژووی کورد و نادر شا ، مێژووی میرانی سۆران ، مێژووی کوردستانی موکریان ، لەگەڵ چەندین بەرهەمی تر کە چاپ نەکراون.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان و پەراوێزەکان:=KTML_End=
1) کەمال مەزهەر ئەحمەد , مێژوو , بەغدا , 1983 ، ل 167.
2) عوسمان سید قادر , ژیاننامەی مێژوونووسانی کورد , بەرگی یەکەم چاپی یەکەم , 2001 , ل 101.
3) شاکر فەتاح , داماوی موکریانی , چاپخانەی کامەرانی ، سلێمانی1972,ل 6 – 8 – 21 .
4) کەمال مەزهەر, مێژوو س.پ, لا 169 – 170 – 171 – 172.
5) عوسمان سید قادر , ژیاننامەی مێژوونووسانی کورد، س.پ , ل 105 – 106.
6) کەمال مەزهەر , مێژوو س.پ , ل 173.
7) عوسمان , ژیاننامەی مێژوونووسانی کورد، س.پ, ل 106.
8) لوقمان حەسەن حەمەرەشید:فەرهەنگی مێژوو، چ1، سلێمانی، 2008، ل178.
9) د.کەمال مەزهەر, مێژوو س.پ ل 174 .
10) شاکر فەتاح , داماوی موکریان س.پ, ل 7.
11) ه.س , ل 18.
[1]