ناونیشانی بابەت: لێکدانەوەی کاریگەریی ڕەگەز لەسەر شیعرەکانی #کەژاڵ ئەحمەد#
ئامادەکردب: #چنوور فەتحی#
=KTML_Bold=پوختە:=KTML_End=
زۆربەی توێژەرانی لقەکانی زمانناسیی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵناسیی زمان و ڕەخنەگرانی فیمینیست توێژینەوەیان لە بواری زمانی پێوەردا ئەنجام داوە وگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە کە لەنێوان زمانی ژنان و پیاواندا جیاوازیی لەئارادایە. لێرەدا ئەو پرسیارە گەڵاڵە دەکرێت کە ئایا دەکرێ تەوەری ڕەگەز لەسەر زمانی ئەدەبیش کاریگەریی هەبێت؟ ئایا ئاستی دەنگ، وشەکان، ڕێزمان، جوانکارییەکانی نووسین، شێوەکانی خەیاڵ لەوانە شوبهاندن و خوازە و کینایە دەتوانن لەژێر کاریگەریی زەینییەتی ژنانەی شاعیرەکاندا، هیمای ڕەگەزگەرایی بن؟ لێرەوە ئەم توێژینەوەیە هەوڵی داوە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی وردی ئەم پرسیارانە کاریگەریی ڕەگەز لەسەر زمانی شیعریی شاعیری هاوچەرخی کورد، خاتوو کەژاڵ ئەحمەد لێکبداتەوە.
=KTML_Bold=پێشەکی:=KTML_End=
وەک دەزانین شیعر و شاعیری لە ژیانی ئەدەبیی نەتەوەی کورددا گرنگییەکی زۆری هەبووە. شاعیرانمان لە هەر خول و سەردەمێکدا هەوڵیان داوە پرس و بابەتی گرنگی کۆمەڵایەتی بە زمانێکی تایبەت بۆ خەڵکەکەیان باس بکەن و شیعر و بەرهەمیشیان بەردەوام لای هەموو نەوەکان ڕاکێشەر و ئیلهامبەخش بووە. لەنێو ئەم شاعیرانەدا ژنانی شاعیریش بوونیان هەبووە کە بەداخەوە بوونیادی کۆمەڵایەتیی پیاوتەوەری ئەدەبیات و بەگشتی ژێرخانی کولتووریی کۆمەڵگەی کوردیی، هەوڵیداوە زۆربەی زۆری ئەم بەهرە درەوشاوانە بۆ خۆی پاوان بکات. بەڵام لە ناویشیاندا هەمیشە کەسانێک سەریانهەڵداوە کە بوێرانە خۆیان لەو کۆت و بەندانە، کە زۆرجاریش نەبینراو و هەستپێنەکراو بووە و وەک تەڵەیەک دادەنراوە، ڕزگار کردووە و توانیویانە بە شیعرەکانیان پێناسەدەری خۆیان و بوون و زمانی خۆیان بن.
ناڕەزایەتیدەربڕین بە ڕوانگەی زاڵمانە و هەڵاواردنێک کە ئەتمۆسفێری دەوری ژنی کوردی داگرتبوو و بێبەریکردنی لە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی بە پێی بیروباوەڕی نەریتی و پشتبەستو بە پیاوسالاری، بوو بە هەوێنێک بۆ هەوڵدان لە پانتاییە جیاجیاکاندا. شاعیرانی ژن لەم بوارەدا دەورێکی بنەڕەتییان گێڕاوە. ئەم بەرە هەموو توانای ئەدەبی، هونەری و هەستەوەرانەی خۆیان خستەبەرکار تاوەکوو بنەڕەتی ڕوانینی پیاوانە بۆ بابەتەکان، کە ئەدەبیاتیش یەک لەوان بوو، تێکبشکێن و سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی پیاوتەوەر تووشی گۆڕانێکی بنەڕەتیی بکەن و دەتوانین بڵێین لەم ڕێگەشدا سەرکەوتنی باشیان بەدەستهێناوە. یەک لەو شاعیرە دیارانەی هەر لە سەرەتاوە زۆر وشیارانە مەبەستی بووە بەرەنگاری ئەو دۆخە درێژخایەن و سەپاوە ببێتەوە و سیمای ڕاستەقینەی ژن بناسێنیت، خاتو کەژاڵ ئەحمەدە. کەژاڵ شاعیرێکە ویستوویەتی دەنگی ژنان، زمانی ژنان، ئایدیاکانیان و هەروەها بەڵگاندنیان لە مەڕ ژیان بخاتە چوارچێوەی هزر و هەست و هونەرەکەیەوە و بە هۆنینەوەی گەلێک شیعری ڕاکێشەر و پڕخرۆش و هاوکات ئارامیبەخش ساڵانێکی زۆر بەردەنگ و خوێنەرەکانی ڕابگرێت و نەوە لە دوای نەوە بیانکاتە لایەنگر و تاسەباری کارەکانی. لێرەدا پێویستە بگوترێ ئامانج لە نووسینی ئەم وتارە زیاتر تیشک خستنە سەر زمانی شاعیرە لە شیعرەکانیدا. لە درێژەی وتارەکەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە کەژاڵ چۆناوچۆن ڕازیمان دەکات بە بڕواهێنان بە زمانێکی تایبەتیی ژنانە و لە ناو ئەوەشدا زمانێکی تایبەتیی کە هەر تەنیا خۆی خاوەنییەتی.
ئەم توێژینەوە لەسەر میتۆدی دیاریکردنی ئەو خاڵانە کاری کردووە کە کاریگەریی ڕەگەز لەسەر زمان دیاریی دەکەن و لە ڕاستیدا مەبەستی شێکردنەوەی ناوەرۆک یان وەک باوە، ماناکردنەوەی شیعرەکان یان قۆناغبەندیی بەرهەمە شیعرییەکانی شاعیر نییە لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکانەوە. هەوڵمداوە سەرەتا بە باسکردنێکی تیر وتەسەکی تیۆریک سەبارەت بەو ڕوانگە و بۆچوونانەی بە نیسبەت تەوەری سەرەکیی وتارەکەوە لە لق و زانستە جیاجیاکانی وەک زمانناسیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسیی زمان و ڕەخنەی ئەدەبیی فیمینیستی چوارچێوەیەکی تیۆریک بۆ توێژینەوەکە بەدەستەوە بدەم و دواتر بە هێنانەوەی نموونە لە بەرهەمەکانی شاعیر بکەوینە سەر ڕێگای وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و سەلماندنی بوونی زمانی ڕەگەزگەرا لە شیعرەکانی خاتوو کەژاڵ ئەحمەددا.
وشە کلیدییەکان؛ زمانی ژنانە، شوناسی ژنانە، فیمینیزم، ڕەگەز
=KTML_Bold=پرسیارەکانی توێژینەوە:=KTML_End=
1.ڕەگەز چۆن توانیویەتی کاریگەریی لەسەر شیعری کەژاڵ ئەحمەد دابنێت؟
2.ئایا زمانی ژنانە لە شیعردا بوونی هەیە و چۆن دەتوانین پێی قایل بین؟
3.ئەو چەمکانە چین ئەم شاعیرە بۆ گەیاندنیان کەڵکی لە زمانی تایبەت بە خۆی و ڕەگەزی خۆی وەرگرتووە؟
سنوورەکانی توێژینەوە
بنەمای ئەم توێژینەوە بەرهەمە شیعرییەکانی کەژال ئەحمەدە و پێویستە لێرەدا ئاماژە بەو بابەتەش بکەم کە من وەک نووسەری ئەم توێژینەوە بەهۆی دووری و وەک دەگوترێ مەودای جوغڕافیایی کە لەگەڵ باشووری کوردستان وەک شوێنگەی سەرەکیی چاپ و بڵاوکردنەوەی پەڕتووک و دیوانەکانی شاعیر، دەستم بە زۆرێک لە دیوانەکان ڕانەگەیشتووە و وەک پەڕتووک تەنیا دوو پەڕتووکی بەندەری بەرموودا ( چاپی دووەم ساڵی 1999 ) و وتەکانی وتن (لە بلاوکراوەکانی مەڵبەندی لاوانی میدیا 1999) م لە بەردەستدا بووە. بەڵام دەبێ لێرەدا زۆر سپاسی خاتوو کەژاڵ خۆی بکەم کە بە دڵئاوەڵاییەوە چەند شیعرێکی بە ئاماژەدان بە ڕێکەوت و شوێنی نووسینیانەوە بۆ ناردووم و لەم ڕووەوە یارمەتیی زۆری داوم. هەروەها بڕێک لە شیعرەکانیشم لە سۆشیاڵ میدیا و نێت وەرگرتووە. ئەو کەسانەی کاری توێژینەوەیان کردووە زۆر باش دەزانن کە کارکردن لەسەر سەرچاەی وەها پەرت و بڵاو ئەستەمتر دەبێت و بێگومان سەبووریی زیاتریشی دەوێ. هیوادارم توانیبێتم بەسەرسەختیی کارەکەدا زاڵ بووبێتم و ئەنجامی توێژینەوەکەشم نیشانەی سەبووریکردنمی پێوە دیار بێت.
=KTML_Bold=پێشینەی توێژینەوە:=KTML_End=
لەوەتەی کەژاڵ ئەحمەد شیعر دەنووسێت و لە ناو دونیای شیعر و ئەەبی کوردیدا وەک دەنگێکی تایبەت دەرکەوتووە، لەسەر شیعرەکانیشی دەنووسرێت. هەم لەبەر پڕجەماوەر بوونی شاعیر و هەمیش بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە لە گۆڤار و ڕۆژنامەی جیاجیا کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بە خۆیەوە بینیونی، ژمارەی ئەو بابەت و وتارانەی دەستیان داوەتە لێکدانەوە و ناساندنی شاعیر خۆی و بەرهەمە شیعرییەکانی، پڕئەژمارن. بەڵام دەکرێ بڵێین توێژینەوەیەکی وەها کە لەگەڵ ئەوەی هەموو مەرجەکانی توێژینەوەیەکی زانستی بیگرێتەوە و هاوکات کاریگەریی ڕەگەز لەسەر زمان لە لقەکانی زمانناسیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی و هەروەها ڕەخنەی ئەدەبیی فیمینیستیدا ڕەچاو بکات و کاریگەریی نووسینی ژنانە لەسەر ئافراندنی بەرهەمی ئەدەبیی لێکبداتەوە، ئەنجام نەدراوە و یان من دیسانەوە بەهۆی ئەم دوورییەوە لێی بێئاگام کە هیوادارم گریمانەی دووەمان ڕاست بێت. ئەوەی من گەڕابێتم و بینیبێتم دەتوانم بڵێم ئەو توێژینەوە و یان باشتر بڵێین نووسینانەی تا ئێستا لەسەر بەرهەمە شیعرییەکانی شاعری مەبەست نووسراون، خاوەن و هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندین کە بە پێی دەرفەتی نووسینەکەمان ئاماژە بە چەند خاڵێکیان دەدەم؛ زۆربەی زۆری وتارەکان بە شێوەی پێداهەڵدان و پێناسەکردنن و کەمترڕەنگ و بۆنی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنیان پێوە دیارە؛ کەم تا زۆر هەموو ئەو وتارانەی من بینیومن جەختیان لە پێویستیی لێکدانەوەی سەربەخۆی شیعری ژنان کردۆتەوە و بەرهەمەکەی خۆیان بە هیوای هەڵگرتنی هەنگاوێک لەم ڕێگادا پێشکەش کردووە. سەرجەمی ئەم نووسینانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە شیعرەکانی کەژاڵ لە ڕوانگەی نیشانەکانی میتۆدناسی، فۆڕمی و ناوەرۆکەوە خاوەنی تایبەتمەندییەکی ناوازەیە، بەڵام ئەو نموونانەی بە دەسنیشانکراوی و ئێپیزۆدیک ناسێنراون زۆر کەمن. کۆمەڵێک دەستەوشە و زاراوەی وەک دەربڕینی ژنانە، لەحنی ژنانە، دەنگی ژنانە، هەست و سۆزی ژنانە و... کە هەموویان دەستەوشەی نابنەبڕ و ناڕوونن، بەزۆریی لەم جۆرە نووسینانەدا بەرچاو دەکەوێت بی ئەوەی کە تەنانەت یەک پاڕامێتری دیاریکراو بۆ ئەوەی کە ئەم لەحن یان دەنگە چییە، بەدەستەوە بدەن. هەر بۆیە ئەم توێژینەوەی بەردەستتان هەوڵیداوە بە دسنیشانکردنی کۆمەڵێک نموونە لە خودی بەرهەمە شیعرییەکانی کەژاڵ ئەحمەد، هیوایەک بخولقێنێت، نەک بۆ پڕ کردنەوەی بۆشاییەکان بەڵکوو بۆ بوون بە فاکتەرێک بۆ خستنەڕوو و دیاریکردنی ئەو بۆشاییانە و ئومێد بەستن بە بەردەوامیی ئەم شێوازە لە نووسین و توێژینەوە.
=KTML_Bold=چوارچێوەی تیۆریک:=KTML_End=
ژنان بە درێژایی مێژوو سەرەڕای ئەوەی کە نیوەی کۆمەڵگەی مرۆییان پێکهێناوە، بەردەوام بەرەو ڕووی نیگای نەرێنیی پیاوان بوونەتەوە و لە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگەکاندا لە مافە مرۆییەکانیان بێبەریی کراون. بە تێپەڕبوونی کات ژنان پەی بە پێگەی نادادپەروارانەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا دەبەن و هەوڵی باشکردنی دۆخەکە دەدەن. لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە، بۆ خەبات دژ بە بارودۆخی نالەباریان یەکدەگرن و لە قاڵبی بزووتنەوەکانی ژناندا بەرگریی لە مافە مرۆییەکانی خۆیان دەکەن. ئەم بزووتنەوانە لە سەدەی بیستەمەوە بە ناوی فیمینیزم گەڵاڵە دەکرێن.
فیمینیستەکان لە ڕیگەی خەبات و تێکۆشانیانەوە توانییان لە کۆمەڵێک بواری جیاجیای وەک پەروەردە، کاروپیشەی جۆراوجۆر، دانی مافدەستی یەکسان و زۆر بابەتی دیکەدا، مافقێک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. تەنانەت گەیشتنە ئەو ئەنجامەش کە تەنیا ڕزگاربوونی ژنان لە نایەکسانییەکان تەواو نییە بەڵکوو دەبێ ژنان لە دەستی پیاوان ڕزگاریان بێت.
لەگەڵ پەرەی فیمینیزم و جێگیر بوونی ڕوانگە فیمینیستییەکان لە پانتا و بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لێکدانەوەی جیاوازییەکانی ژنان و پیاوان لە بەکارهێنانی زمانیشدا، سەرنجی توێژەران، بەتایبەت توێژەرانی کۆمەڵناسیی زمان و زمانناسیی کۆمەڵایەتیی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ناکرێ زمان وەک دیاردەیەکی دەرهەست و ئۆبستراکت لێکبدرێتەوە، بەڵکوو دەبێ فاکتەرە دەرەکییەکانی کاریگەر لەسەر زمانیش ڕەچاو بکرێن و جەخت لە گرنگیی کاریگەریی بگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک چین ، نیژاد، ئایین و ڕەگەز و ... دەکەنەوە. بەم حاڵەشەوە، هەندێ لە توێژەران بە جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان زمانی ژنانە و پیاوانەدا قایل نین و نایانهەوێ ڕەگەز وەک فاکتەرێک لە لێکدانەوەی زمان و بەتایبەت زمانی ئەدەبیدا بخەنە بەر کار. سارا میڵز لەسەر ئەو باوەڕەیە کە زۆربەی زۆری ئەو توێژینەوانەی لەسەر دەستی کەسانی فیمینیستی وەک دێبۆرا کامێرۆن سەبارەت بە ژنان ئەنجام دراوە، نیشانی دەدن کە ئەم توێژەرانەش لەسەر هەمان ڕێگە و ڕێچکەی زمانناسە پیاوەکان کاریان کردووە و هاوشێوەی ئەوان زمانی پیاوانیان بە ئەسڵ و پێوەری توێژینەوەکانی خۆیان زانیوە و زمانی ژنانیشیان وەک لادان لەم زمانە پێوەرە ناساندووە.[2] ئەو لای وایە ئەم جۆرە لێکدانەوانە داکۆکیی لە گرنگیی زمانی پیاوانە وەک زمانی پایە دەکەنەوە و لەبەرانبەردا، زمانی ژنان بە فەرعی و وەرگیراو لەو زمانە، پێناسە و دیاریی دەکەن.
لە کوردستانیش هاوکات لەگەڵ بەجیهانیبوونی فیمینیزم، و دامەزراندنی حکوومەتی کوردی و دەستبەکاربوونی پاڕلەمان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پرس و بابەتەکانی تایبەت بە ژنان گرنگیی پێدرا و بزووتنەوەی ژنانی کوردیش بە مەبەستی گۆڕینی پێگەی ژنان دەستیپێکرد. ئەو گۆڕانکارییانەی لەم بوارەدا هاتە ئاراوە، کاریگەریی زۆری لەسەر هزر و ئەندێشەی ژنان دانا و بوو بەهۆی سەرهەڵدانی گەلێک شاعیر و نووسەر کە بەنیازی ناسینی شوناسی ژنانەی خۆیان بوون. یەک لەو ژنانەی هەر لە سەرەتاوە وەک دەنگێکی ژنانە دەرکەوت و بە جیدییەتەوە داخڵ بە جیهانی شیعر و شاعیریی بوو، کەژاڵ ئەحمەدە. کەژاڵ لە بەرهەمەکانیدا گرنگییەکی زۆر بە شوناسی ژنانەی خۆی دەدات کە ئەمەش لە بیچمگرتنی زمانێکدا کە بە زمانی شیعریی ژنانە ناسراوە، کاریگەریی زۆری هەبووە.
یەک لە ڕووکردەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، ڕەخنەی ئەدەبیی فیمینیستییە. لەم جۆرە لە ڕەخنە، گرنگیدان بە پرس و بابەتە ژنانەکان لە ناوەند و چەقی لێکۆڵینەوەکاندایە، چون ڕەخنەگران لەسەر ئەو باوەڕەن کە ژنان لە ئەدەبیاتدا دەورێکی بێکرد و پەڕاوێزی دەگێڕن و ئەدەبیات لە ڕادەبەدەر پیاوانەیە و پشتیووانیی لە جیاوازییە ڕەگەزییەکان دەکات.
دوو جۆر خواستی سەرەکیی لە شێوازی ڕەخنەی فیمینیستیدا هەیە: خواستی یەکەم، کە دەرکەوتەکانی ژنی پێدەگوترێ زیاتر دەپەرژێتە سەر ئەو تەوەرە کە ژن لەو بەرهەمانەدا کە لەلایەن پیاوانەوە هاتوونەتە نووسین چۆناوچۆن و لە ڕێگەی چ ڕۆڵ و دەورێکی قاڵبییەوە دەرخواردی خوێنەر دراوە. لە خواستی دووەمدا، کە ڕەخنەی ژنان ناونراوە، گرنگیی بە ژن دەدرێت وەک نووسەر و ئافرێنەری دەقە ئەدەبییەکان. ئەم خواستە بوونیاد و ناوەرۆکی بەرهەمی ئەدەبیی نووسەرانی ژن لە بەرچاو دەگرێت تاوەکوو لەم ڕێگەوە دەرگای ناسینی بزاوتی دەروونیی چالاکییە ئەدەبییە ژنانەکانی لێ بکرێتەوە. ئەم بەرە لایان وایە ئەدەبیاتی ژنانە لە ڕوانگەی تایبەتمەندیی زمانی، شێوازی دەربڕین و نووسین، شێوەکانی پێوەندیی نێوان توخمە ئاخاوتنییەکان و چۆنییەتیی کەڵکوەرگرتن لە شێوەکانی خەیاڵ لەوانە شوبهاندن و خوازە جیاوازە لە پیاوان. پرسی سەرەکیی بۆ ئەم تیۆرڤانانە دەستەبەرکردنی دەرفەت و ئیمکانی جۆراوجۆرە لە زماندا کە چیدی ناچار نەبن لە نووسیندا چوارچێوەکانی پیاوان ڕەچاوبکەن یان زمانی پیاوانە بەسەریاندا زاڵ بێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە هێلێن سیسکۆ چەشنێک لە نووسینی ژنانە پێشنیار دەکات کە سەرچاوەکەی لە قۆناغی (نزج) (پێوەندیی دایک و منداڵ) بەر لەوەی منداڵ بکەوێتە بەر کاریگەریی پیاوانی کۆمەڵگە- دەگەڕێتەوە بۆ دایک. لە لایەکی دیکەشەوە، لووس ئیریگاری جۆرێک لە نووسینی ژنانە دەسنیشان دەکات کە بەردەوام خۆی لە مەترسیی دەسەڵات و زاڵێتیی پیاوان ڕزگار بکات و لە باتیی تاکڕەهەندبوون ڕەگی لە فرەڕەنگی، سەییالبوون ئیمکان و ئەگەرە ڕەنگاڵەکانی بوونیاد و کارکردی ئیرۆتیک و ئەزموونە سێکیسییەکانی ژناندا بێت. ژوولیا کریستۆڤا بەڵام لە چەندین ڕووەوە لە سیسکۆ و ئیریگاری جیاوازە. سیسکۆ و ئیریگاری ژنانە لەگەڵ ژنانی سرووشتی و پیاوانە لەگەڵ پیاوانی سرووشتی هاوشێوەسازیی دەکەن. بەڵام کریستۆڤا هەر چەشنە هاوشێوەسازییەکی لەم جۆرە ڕەتدەکاتەوە و زیاتر دەرکەوتەی ناخۆوشیارانەی دایکانە سەرنجی ڕادەکێشێت. ئەو پڕۆسسی پێشئۆدیپی گەڵاڵە دەکات کە بەتاڵە لە سیستەمی دەلالەت و پێوەندی و بە زمانی نیشانەناسی ناوی دەنێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەگەڵ گەشەی منداڵ و ئاشنابوونی بە زمانی پیاوتەوەری کۆمەڵگە، ئەم زمانی نیشانەناسییە لەناو دەچێت.
جگە لە فیمینیستەکان، کە جەخت لە نووسینی ژنانە و کاریگەریی ڕەگەز لەسەر زمانی ئەو بەرهەمانەی ژنان خەلقیان کردووە، دەکەنەوە، دوو لقی زمانناسیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسیی زمان وەکیتر پشتیان بە ڕەگەز وەک بگۆڕێک کە کاریگەریی لەسەر زمان دادەنێت، بەستووە. ژان کاڵوێ لای وایە کۆمەڵناسیی زمان کۆمەڵگە بە بنەما دەگرێت و زمان وەک بابەتێ یاخود تەوەرێکی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو دەگرێت و زمانناسیی کۆمەڵایەتی زمان بە بنەما دەگرێت و هێزە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئەو هێزانە دەبینێت کە کاریگەریی لەسەر زمان دادەنێن کۆمەڵناسیی زمان دەوری فاکتەرە کۆمەڵایەتی و نازمانییەکان لە بوونیاد، بەکارهێنان و گۆڕانی زماندا لێکدەداتەوە. ژمارەیەک لە فاکتەرە نازمانییەکان کە لە سەرهەڵدانی گرووپە زمانییەکاندا بەکاریگەر دانراون بریتین لە: ناوچەی جوغڕافیایی، چینی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز، ئەتنیسیتی، تەمەن، ئاستی خوێندەواری و ... کەواتە یەک لە فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی کاریگەر لەسەر زمان، ڕەگەزە. هەرچەند لە زۆربەی کۆمەڵگە هەنووکەییەکاندا ژنان و پیاوان بەشێوەی هاوبەش لە چلاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداریی دەکەن، پێدەچێت کە لە هەندێ بواردا ژنان و لە هەندێ بواری دیکەدا پیاوان چالاکییان زیاترە. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی جیاوازیی زمانیی دیاریکراو لەنێوان ئەم دوو بەرەدا. بۆ نموونە ژنان لە هەندێ بواری وەک بەرگدووری، ڕستن و چنین، چێشتلێنان و جوانکاریی ئەزموونی زیاتریان هەیە و لەم ڕووەوە زاراوەکانی پێوەندیدار بەم بوارانەوە بە ژنانە لە قەڵەم دەدرێن و بەکارهێنانی وشە و دەستەوشەی پەیوەست بەم بابەتانە لە شیعری ژنانی شاعیردا کاریگەریی ڕەگەز لەسەر زمانیان دەخاتە ڕوو. لە لایەکی دیکەشەوە، لە زمانناسیی کۆمەڵایەتیشدا داکۆکی لە کایگەریی ڕەگەز لەسەر زمان دەکرێت. لە لێکدانەوەی ڕەگەز و ڕەگەزخوازی لە زمانناسیدا، ئەوڕۆکە دوو جۆر توێژینەوە لە ئارادایە. بەرەی یەکەم ئەو توێژینەوانەن کە دەپەرژێنە سەر لێکدانەوەی جیاوازیی میتۆدەکانی ئاخاوتن لەنێوان ژنان و پیاواندا و بەرەی دووەم بڕوایان وایە کە بەرانبەرکێیی ڕەگەزی لە زماندا پرسێکی کولتوورییە و لە ڕێگەی زمانەوە بەرهەم دەهێنرێت، ڕادەگوێزرێت و دێتە فامکردن.. ڕابین لاکۆف یەک لە تیۆرڤانانی بەرەی یەکەمە و دەڵێ: لە بەر ئەوەی کە ژنان بێبەرین لە دەسەڵات و شەرعییەت، زمانیان کۆنزرڤاتیڤە و بە زمانێکی لاوازیش دەدوێن. و ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ بڕوابەخۆ نەبوونی ژنان، کە هەڵبەت فیمینیستەکان بەتوندی دژ بەم بابەتانە دەوەستنەوە؛ هەروەها سەرچاوەی ئەم حاڵەتە لە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان و پێگەی جڤاتیی ژناندا دەبینێت. ئەوەی ئەم تیۆرییانە گرنگییەکی کەمی پێدەدەن یاخود سووک و سانا لێی تیدەپەڕن ئەم خاڵەیە کە: زمان پڕۆسسێکی زیندوو و بزۆزە، و ڕێک بەهۆی ئەم زیندوویەتی و بزۆزییەوەیە کە ناتوانێ بکەوێتە ڕەوتی زاڵێتیی نەگۆڕی یەکیان و دەستەمۆیی هەمیشەیی ئەویدییەوە. بەدەربڕینی دی، زمانیش هاوشێوەی هەر تەوەرێکی کۆمەڵایەتیی دیکە لە پانتاییەک لە دانووستاندن و کردەوەی بەرانبەردا ڕوو دەدات... هەر بۆیە دەکرێ بگوترێ زمان لەم شێوە هەنووکەییەی خۆشیدا خاوەن و هەڵگری توخمی ژنانەیە.
لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامە کە تیۆرڤانان و ڕەخنەگران لە سێ ئاقاری ڕەخنەی ئەدەبیی فیمینیستی، زمانناسیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسیی زماندا هەوڵ دەدەن نیشانی بدەن کە ڕەگەز چۆناوچۆن کاریگەریی لەسەر زمانی پێوەر دادەنێت و سەبارەت بە ئافراندنی بەرهەمی ئەدەبی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژنانی نووسەر و شاعیر بە شێوەیەک لە بەرهەمەکانیاندا زمان بەکار دێنن کە جیاوازە لە زمانی پیاوان لەم بوارانەدا. چون ڕەگەز یەک لەلایەنە سەرەتاییەکانی شوناسی مرۆڤە کە ڕەگ و ڕیشەی لە لایەکەوە لە جیاوازییە بایۆلۆژییەکان و لە لایەکی دیکەشەوە لە بوونیادی کۆمەڵایەتیدایە. جگە لە زمانی پێوەر، زمانی ئەدەبی و چۆنییەتیی بەکارهێنانی شوبهاندن و خوازە و هتد لەو تەوەرانەن شاعیر لە ڕێگەیانەوە شوناسی ڕەگەزیی خۆی ئاشکرا دەکات. شاعیر لە ڕاستیدا لە ڕێگەی وێنەسازی و بەکارهێنانی ئەو جوانکارییە ئەدەبییانەوە هەوڵ دەدات ئەندێشە و هۆگرییەکانی بە هەموو تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکانییەوە بگوێزێتەوە بۆ خوینەر. کەوابوو ژنانی شاعیر لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکاندا بەرهەمێک خەلق دەکەن کە نزیکە لە ڕەگەزەکەی خۆیان. بەم چەشنە لەم توێژینەوەدا هەوڵ دراوە کاریگەریی ڕەگەز لەسەر زمانی شیعری و بەرهەمەکانی خاتوو کەژاڵ ئەحمەدی شاعیری ناسراوی کورد لێکبدرەێتەوە. دەتوانم بڵێم شێوازی کارەکەم بە شێوەیەک بووە کە سەرەتا بە خوێندنەوەی بەرهەمە بەردەستەکانەوە دەستم پێکردووە و دواتر بە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئاخۆ ڕەگەز لەسەر ئافراندنیان کاریگەرییەکی هەبووە یان نا لە کارەکە بەردەوام بووم. و ئەگەر وەڵامەکە ئەرێنییە شاعیر بە مەبەستی گەیاندنی چ جۆرە پەیامێک بە بەردەنگ ئەم شێوازەی بەکارهێناوە؟
لێرەدا وەک شێوازی سەرەکیی نووسینی توێژینەوەی لەم چەشنە دەچینە سەر دەستەبەندی کردن و لێکدانەوەی شیعرەکانی شاعیر لەو ڕوانگە و و بوارانەوە کە دەسنیشانم کردوون؛
1.بەکارهێنانی زاراوە و وشەی پێوەندیدار بە جەستە و ژیانی بایۆلۆژیکیی ژنانەوە؛
لە شیعرەکانی کەژاڵ ئەحمەددا بە دەیان جار تووشی ئەو وشە و زاراوانە دەبین کە تایبەتن بە بوون و جەستەی ژنانە و دەتوانین بڵێین لە بنەڕەتدا گەر جەستەی ژنانە بەم شێوەیەی کە هەنووکە لە ڕوانینی گشتیدا وەک جەستەی ژنانە دەناسرێت، نەبوایە ئەم وشانەش بوونیان نەدەبوو. بۆ نموونە لە باربردن، لەبارچوون، کچ، کچێنی، مێیینەیی و هتد. واتا ژنان و جەستەی ژنان دەبێ بە پڕۆسسێکی دیاریکراودا تێپەڕن تاوەکوو ئەم ناونان و پێناسەکردنانەش بێنە دی. بۆ نموونە لە شیعری لە مریەم بەڕەحمتردا دەبنین
نانی پێکەنینی گەرم کەڕوو لێیدا/ وەک دووگیانیش بووم ئەی شاعیر/ نە کۆرپەی شیعرم لە بارچوو/ نە خۆم لە باری شیعر چووم.
یا لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێ؛
کە مەسیحم خولقاندبێ/ دەربەست نایەم ئەگەر چەقۆم لێ بکێشن و/ گومان لە کچێنیم بکەن!
لە ژووری سکی خاکمەوە لە بار دەبرێم!/ لە ساتی سەرجووقانمەوە.... (بەندەری بەرموودا، ل.31)
تەنیایی مێیینە.../ بۆ زمانی بەستەزمانی کوردیی هەرگیز
ناگیرێ و باس ناکرێ...
مێردمیت و/ بە مانەوەم وەکوو کچ گومانم خولقاندووە لە پیاوەتیت/ ئەمەیان بەهێزی منە و بێهێزی تۆ...
هەروەها کۆمەڵێک زاراوە و دەستەوشەی دیکەش هەن کە بە پێی گرێبستێکی تایبەتەوە وێڕای بکەر و بەرکارێکەوە دێنە بوون و بەدیهاتن لەوانە؛ مارەکردن، کردن بە دایک و هتد کە لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەمان چەند نموونەیەکیانم کە شیعرەکانی کەژاڵ خانمدا دیاریی کردووە؛
ئەوانە ڕوویان کردە کوێ/ کە شەقام و کۆڵان و نێو ماڵەکانی/ ئەم دەڤەرەیان ئاوس کردبوو بە ژیان/ ئاه... گوڵەباخ
یان؛
دیرۆکی ئێمە بەردینە/ بۆیە خەونەکانمان بە کوشتار ئاوسن...
هەروەها شاعیر دیسانەوە بە کەڵک وەرگرتن لە دەستەوشەیەک کە تەنیاوتەنیا تایبەتی ژنە و ئەویش هێنانە کە لە زمانی کوردیدا بەگشتی بۆ مەبەستی داواکردن یان خواستنی کچ و هاوسەرگیری کردن و گواستنەوەی شوێنی ژیانی کچ بەکار دەبرێت، بە شێوەیەکی جوان تایبەتمەندییەکی ژنانەی زمانمان نیشان دەدات و سەربەرزانە شانازیی بە زمانی ڕەگەزگەریانەی خۆیەوە دەکات؛
مانگ لە پارچە کاغەزێکی سادەدا/ ئەم دێڕە سادەیەی بۆ ماڵی ڕۆژ ناردبوو/ من ئەو هەموو ساڵە چاوەڕێی تۆم کرد و ڕووم نەهات پێت بڵێم/ بۆ نامهێنیت؟...
2.بەکارهێنانی وشەگەلی تایبەت بەو کار و چالاکییانەی بە ئەرک و کاری ژنانە ناسراون بۆ نموونە ڕستن، چنین، چێشت لێنان، خاوێنکردنەوەی ناو ماڵ و ...
لە داوی ڕۆحم بۆ بەستەڵەکی ژوروو/ کڵاو و جامانەم چنی (بەندەری بەرمودا، ل.10)
لەم پارچە لە شیعری دووربینەکانی درۆ یان دووربینەکانی وڵاتدا شاعیر باسی کەیبانوویەکی بلیمەتمان بۆ دەکات کە جگە لەوەی بە کەسێکی سزادەر شوبهێنراوە و دەیەوێ لە ڕێگەی ئەکتی کابانییەوە ئەمیش سزا بدات، باسی چەند کار و چالاکییەکی دیکەی ئەو ئاقارەشمان بۆ دەکات؛
دەستی سزای کەیبانوویەکی بلیمەت/ لەگەڵ خۆڵدا بێژامیەوە و/ و لەسەر بەردی ڕەق کردمی و/ لە تەنووری ئاگرێکی خۆشدا داینام...
شاعیر ئەو کارانەی وەک کاری ژنانە دیاریی دەکرێن بە ڕێکوپێکی ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی دەرفەت و فەزایەکی دەست بکەوێت بۆ نووسینی قەسیدەکانی؛
بەیانیان هەورەبانەکە گسک ئەدەم/ جلی کەوتووی تەنافە پچڕاوەکان کۆ دەکەمەوە/ قاپ دەشۆم و ماڵ دەشۆم و خۆم دەشۆم/ خەوی ماڵ لە کش و هوڕی کراسە پەمبە ئاودامانیەکەم ڕادەبێ/ نانی بەیانی دەخوات و دووباە دەخەوێتەوە/ منیش لەنێو جۆلانەدا ئەم قەسیدەیە دەنووسم...
بەپێچەوانەی ئەم دێڕانەشەوە کە تێیدا شاعیر هەوڵ دەدات بە جێبەجێکردنی ئەو کارانەی سیستەمی نادادپەروەری دابەشکاری ئاقارەکانی ژیان، دەرەوە بۆ پیاو و ماڵەوە بۆ ژن، کەشێکی گونجاو بخولقێنێت بۆ ئەوەی بتوانێ ئەرک و هۆگریی سەرەکیی شوناس و ژیانی خۆی ڕایی بکات، چەند پارچە شیعرێکی دیکە دەبینین کە ئەو هەستت لا درووست دەکەن خواستێکی لە دڵەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کاروبارانە لە ئارادا نییە؛
هەندێک جار بە دەست لێنانی چێشتێکەوە/ دەست دەکەم بە گریان/ هەروەها ئەم ماڵە ئەشکەوتە/ سپێدەش ڕێگای پێنەدام گسکی بدەم/ پێی وتم ئاقڵ بە/ لە زەمان و دنیایەکی ناخاوێندا/ ماڵی خاوێنت بۆ چییە؟!
هەروەها لە هەروەکوو بەڕەزادا؛
ئەم پریسکی پێداهەڵدانانەم بۆ چین؟!/ کە هەروەکوو پەڵەی فاست/ بەر هەر شوێنێکم بکەون عەدمی دەکەن.
وەک دەزانین ناوهێنانی فاست وەک خاوێنکەرەوەیەکی زۆر کاریگەر و بەهێز، کە لەلایەن ژنانەوە بەکار دەبرێت و زۆرجاریش گوێمان لێ بووە کە دەگوترێ چەند بۆ تەندرووستی مەترسیدارە، یەک لە نیشانەکانی دڵخواز نەبوونی ئەو کارانەیە لای شاعیر.
3.کەڵکوەرگرتن لە لەحن و ئەدای سەر بە ڕەگەزی ژنانە؛
لێرەدا و لەسەر ئەم سەردێڕەمان دەتوانین بڵێین زۆر جار گەر شیعرێکمان بۆ بخوێننەوە و دوامان لێ بکەن دیاریی بکەین ئاخۆ شاعیرەکەی ژنە یان پیاو، یەک لە یارمەتیدەرەکانمان بۆ وەڵامدانەوە و هەڵێنانی جوابی ڕاست و درووست وردبوونەوە لە لەحنی شیعرەکانە. هەندێجار جۆرێک لە بانگ کردن، نزا یاخود دەربڕینی سۆز و هەست لە بەرهەمێکی شیعریدا هەیە، گومانت لا ناهێڵێت کە دەبێ شاعیرەکەی ژن بێت چون کەڵکی لەم شێوازە لە دەربڕین وەرگرتووە؛ بۆ نموونە شیعری:
مەعز بۆ تاک...!/ چاوی تۆ ئەگەر خۆر بوایە/ ئەم دنیایەت لەسەرمان ڕەق دەکردەوە و/ هەر بۆ تاکە ئەستێرەکەت/ ئەستێرە و مانگی گەردوونت/ دەهێنایە شەرارەی مەرگ/ بۆ خاتری خاک...!
هەروەها نموونەیەکی دیکە؛
جیاوازیمان لەوەدایە/ کوێربم ناتوانم چاو لێک نێم/ تا بە ژیانم ژیانت نەکڕمەوە/ لە کونجوڕی قەناعەتدا هەڵناکورمێم... (بەندەری بەرمودا، ل.7)
هەروەها؛
منت بمرم...!/ لە بەر وێنەی خۆشەویستێ/ ئەم گەردوونە لەسەر سنگی/ تۆ پێڵوی تەڕی لێک دەنێ/ شیعر کوێر بێ...!
زۆر ڕوونە کە ئەو جۆرە دەربڕینانە لای هەموو کوردێک بە دەربڕینێکی ژنانە و پڕ لە سۆز و هەست دەزانرێت، بەدەگمەن پیاوێک ببینی بۆ دەربڕینی هاوخەمی، هاوسۆزی یان هەر شتێکی دیکە کەڵک لە دەستەوشەی منت بمرم وەربگرێ چونکە ئەم شێوە بەکارهێنانە بەکارهێنانێکی پڕاوپڕ ژنانەیە و ئەم خانمە شاعیرەش زۆر بەجوانی خستوویەتە ئەو شوێنەی دەبوو ئەو هەستەی تێدا بەیان بکات.
شیعر کوێر بێ لەوانەیە ئەمەمان وەک دەستەوشەیەکی ژنانە یان هەر زاراوە و لەحنێک کە لە زمانی کوردیدا کەڵکی لێوەردەگیرێت، نەبیستبێ، بەڵام ئەی خۆ دایکت کوێر بێمان زۆر بیستووە و بێگومان بە بینین و خوێندنەوەی ئەم بەشە لە شیعرەکەش یەکسەر بیری ئەو هەستە پڕ لە سۆزە ژنانەیە دەکەوینەوە کە کەژاڵ خانم بە شیعرییەوە نووساندووە و ئەوەندەی دی پڕ سۆز و هەستی کردووە.
4.دایک بوون و دایکایەتی؛
دایکایەتی بەزۆریی بە مانای چاوەدێریکردنی منداڵ، جێبەجیکردنی خواست و پێداویستییە ماددی، سۆزداری، دەروونییەکان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هەروەها درووستکردنی ئەو پێوەندییانەی کە خواستەکانی منداڵ جێبەجێ دەکات و دایک بە جۆرێک لە بوونی مرۆیی، پێویستیی بایۆلۆژیکی یان ژنانەیی لە قەڵەم دەدرێت. لە ڕوانگەی دیتەرمەیینیی بایۆلۆژیاوە، بوون بە دایک بە چارەنووسی سرووشتی و حەتمیی ژنان دادەنرێت. لەم ڕووکردەدا غەریزەی دایکایەتی، هۆکاری ڕەفتاری دایکانەیە و ڕەگی لە سرووشت و بایۆلۆژیای مرۆڤدایە.
ژمارەیەک لە بیریارانی فیمینیست تەنانەت جەختیان لە فاکتەرە زیندەوەرزانییەکان لە جیاوازیی دەوری باوکایەتی و دایکایەتیدا کردۆتەوە . ئالیش ڕێسی بەم بەڵگاندنەوە کە ژنان بە شێوەی زاتی دەرکێکی خێرا و هەستیارییەکی زیاتریان بەرانبەر بە پێداویستییەکانی منداڵ هەیە و بە داکۆکیکردن لەوەی کە پەیوەستبوونی دایک بە منداڵەکەیەوە ، ڕەهەندی زیندەوەرزانی و پێوەندیی باوک لەگەڵیاندا حاڵەتی کۆمەڵایەتی هەیە، دەگاتە ئەو ئەنجامە کە ژنان پێچەوانەی پیاوان پێوەندییەکی نزیکتر و سرووشتیتریان لەگەڵ پەروەردەکردنی منداڵاندا هەیە ...
کەژاڵ خانم وەک شاعیری کۆمەڵێک دیوان و بەرهەمی شیعری، زۆر جاران وشەی دایکی بەکارهێناوە و تەفسیر و پێناسەی خۆسی بە نیسبەت ئەم وشەوە پێڕاگەیاندووین. لەوانەیە بتوانم بڵێم ئەوەی لە سەرەوە وەک چەند تەوەرێکی ناسراو و جێمتمانە، هەڵبەت لە ڕووی زانستییەوە، ئاڕاستەم کردوون، زۆر نزیک بێت لە شێوازی بیرکردنەوەی شاعیری بەڕێزمان لەسەر ئەم بابەتە. لە شیعرەکانی کەژاڵدا هیچ ئالنگارییەک، وەک ئەوەی ئێستا لە هەندێک لە تیۆرییە فیمینیستییەکاندا بەرانبەر بە دایکایەتیی بەرچاومان دەکەوێت، بەدیناکەین. شاعیر زۆر سۆزدارانە باسی دایک و دایکایەتی و بەدایکبوونمان بۆ دەکات؛
جیاوازیمان لەوەدایە/ من وەکوو ئەو ناتوانم بتدەمە دەست خوایش/ ئاخر خواوەند دایکایەتی نەبینیوە و/ بۆت ناسووتێ و دەربەستی سک سووتان نایەت/ دایکایەتی خەمێکی ئێجگار گەورەیە/ من بووم بە دایک/ بەر لەوەی ببم بە ژن!
یان نموونەیەکی دیکە؛
بمزانیایە ناتوانێ بەڕەحم بێ بۆت/ لەگەڵ لەدایکبوونتدا/ ئەموت:وەرە/ بگەڕێرەوە ناو جەستەی پڕ لە ئارامیی دایکی خۆت.
هەروەها لام وایە لووتکەی پێناسەیەکی سەر بە ڕەگەزی تایبەت کە شاعیر بۆ دایک و دایاکایەتی کردبێتی لە شیعری دایکانەدا دەبینین، بەم سەردێڕەشەوە؛ کە بستێ خاک نەمایەوە شەهیدی تێدا بنێژرێ/ ئەوسا دەبێ دایکان ببن بە گۆڕ بۆ تەرمی ڕۆڵەکانیان..../ بە سەرسامی ئەڕوانمە شەهیدستانی زێدەکەم/ نە خەوە نە خەون بینین!/ بە بەرچاوی ڕۆحمەوە تەرمی کوڕەکەم ئەخەنە بیری کەنعانی تابووت و/ بە شانە ڕەقەڵەکانیان هەڵیدەگرن/.... ئادەمەکان کوڕتان نەمرێ!/ ئەو عەزیزەم وا مەنێژن ڕێی تێناچێ/ ئەمە جەورە/... ئەگەر زەوی ئۆلکەی ڕەحمم/ سەرەتای ژیان و بوونی ڕۆڵەکەم بێ/ لە پای چی بیسپێرم بە خاک؟!/ ئەی بۆ گۆڕ و گۆڕستانیشی لە جەستەی خۆمدا نەبی؟!/ بۆچی نابێ؟ (بەندەری بەرموودا، ل.16)
5.ناوبردن لە کەرستەی ژنانە؛
هەندێ کەرستە و کاڵا هەن کە زیاتر لەلایەن ژنانەوە بەکار دەبرێن و دیارە جێگە و پێگەیەکیش لە فەزای زەینیی ژناندا بۆ خۆ دیاری و تەرخان دەکەن و لێرەشەوە داخڵ بە شیعری خانمانی شاعیر دەبن. کەژاڵ ئەحمەدیش کە چەند شوێنێکدا باسی ئەم کەرستانەی کردووە؛
شیرینیی زمانی شاعیر لە شیعری قۆپچەدا جوان خۆ دەنوێنێ کاتێک کە خۆی دان بەوەدا دەنێت کە چاوەڕوانی ئەوەی لێکراوە تەنانەت باسی ئەو قۆپچەیە و بەسەرهاتەکەشی بخاتە شیعرێکەوە؛
لە ماچێکی بێگوناهدا/ یەکەمین قۆپچەی کراسە پەمەییەکەم/ لێ بوویەوە/ لە کاتی دوورینەوەیدا/ عەینەکە زەڕەبینەکەی کردە چاوی و/ دەرزییەکەی نێو دەستی/ هەروەکوو پەنجەی/ هەڕەشە لێڕاوەشاندم/ وتی ئەمەشیان نەخەیتە شیعرێکەوە!
یان نموونەیەکی دی؛
... ئێوارانێ/ تۆ تەوقەکەی قژم دەدەی لە سمێڵت و/ دەمخەیتە پێکەنین!
هەروەها لە شیعری بەرد باشترەدا دەبینین؛
بەرد باشترە/ ژیانی مردووانەی ئەو سەنگینترە/ لە قسەی ئەو فەیلەسووفانەی قەدەرێ فریویانداین و/ بە تەنیا بەجێیان هێشتین!/حیکمەتیشی وەک قردێلەی خوێندکارێکی سەرەتایی دڵبەر و سادەیە...
7.شوبهاندن
شوبهاندن یان (تشبیە) دۆزینەوەی وێکچوویی نێوان دوو شتە و هێزی خەیاڵکردنی شاعیریش بە ڕادەیەکی زۆر لە دۆزینەوەی پێوەندیی هاوشێوەیی نێوان دوو کەرستە یان دوو شتدا ئاشکرا دەبێت. دۆزینەوەی ئەم پێوەندییانە، جگە لە بەهرە و هێزی خەیاڵکردن، گرێدراوی ئەو ناوەرۆک و بابەتەیە شاعیر دەیەوێ لەنێوان ئەودا و ئەو توخمە سرووشتی یان ناسرووشتییەی پێوەندی و وێکچوویی لەنێوانیاندا بەدی بێنێت. کەوابوو لە شوبهاندندایە کە وزەی داهێنەرێتیی شاعیر دەکەوێتە ڕوو و دەردەکەوێت تا چەند لە ئافراندنی وێنەکاندا نوێکاریی کردووە یان لاسایی کردۆتەوە. شاعیر لە درووستکردنی شوبهاندندا لەژێر کاریگەریی هزر و ئەندێشەکان، دەور و پشت، ئەزموونی تاکەکەسی و هەستەکانی ناخی خۆیدایە. پێویستە بڵێین لە هەموو ئەم حاڵەتانەشدا جیاوازیی بەرچاو لەنێوان ژن و پیاودا بەدی دەکرێت. لەم ڕووەوە، ژنانی شاعیر لە بوونیادی شوبهاندندا بە شێوەیەک وێنەسازیی دەکەن کە جیاوازە لە پیاوان. هەر بۆیە لێرەدا بە پێویست زانراوە چەند نموونەیەک لە شیعرەکانی خاتوو کەژاڵ کە بە ڕەنگی شوبهاندن خەمڵێنراون و هاوکات ئەو ڕەگەزەراییەشیان تێدایە کە مەبەستی سەرەکیی وتارەکەمانە، بێنیەوە؛
شاعیر لەم شیعرەدا پیاوی بە کەلەشێر شوبهاندووە و بانگی سپێدەی بە تەناف بەراورد کردووە کە مافیقەت گوێی بۆ هەڵناخات؛
لەدەرەوەی مندا بۆ خۆی ئەقووقێنێ/ کەڵەشێرە.../ مافیقەت گوێی بە تەنافی/ سپێدەی بانگیا هەڵناخات/ دەنگی نێرە.../ .... منی مریشک چەند گاڵتەم بە کەڵەشێر دێت!
کە دڵداریم لەگەڵ ئەکەیت/ دڵی ئەو دایکە ڕابگرە کە لە ناخما ڕاکشاوە و/ تۆ وەک منداڵی دەیبینی و/ هەموو سۆزێ دەیخاتە حاڵەتی گریان/ ئەو منداڵەیش مەڕەنجێنە کە هێشتا/ هەر لە ناوما خەریکی بووک بووکێنێیە و/ پێویستی بە نازی باوکە!/ دە لەو کچە بزێو و خەمڵیوەش تێبگە/ کە شەڕی هزر و دیالۆگ بە مێژووت دەفرۆشیو/ لە دڵە تەڕ و بڕەکەی ئەو پیرێژنەش ببووە/ کە لە ناو منی سەد ساڵەی شێتۆکەدا/ ئارەزووی چۆتە سەر کۆرپە و دایکایەتی.
لەو ڕووەوە کە شاعیر ئەندێشە، سۆز و هەست و ئەزموونەکانی خۆی ، کە بەتەواویی تاکەکەسییە، لە قاڵبی شیعردا بەیان دەکات و هەموو هەوڵیشی ئەوەیە کە ئەم ئەزموونە پڕاوپڕ تاکەکەسییانە بە پاراستنی چۆنییەتیی تایبەتییانەوە بگوێزێتەوە بۆ خوێنەر، بۆیە شوبهاندن وەک یەک لە باشترین شێوازەکانی دەربڕینی ئەوتوخمانەیە کە خۆی مەبەستییەتی. هەروەها لە بەر ئەوەی کە ڕەگەز یەکێکە لە گرنگترین حاڵەتەکانی شوناسی مرۆڤ و هەر تاکێک هەر لە سەرەتاە دەست بە ناسین و دەرککردنی دەکات و لە بوونیادی زەینیدا جێگیر دەبێت و لەسەر بیروڕا، باوەڕی زەینی و هەستە قووڵە ناوەکییەکانی کاریگەریی دادەنێت، هەر بۆیە نیشانەی ڕەگەزگەرایی لەو شوبهاندانەدا دەبینین کە بە تایبەت شاعیرانی ژن بەکاریان هێناوە. شوبهاندن و وێنەسازییە شاعیرانەکان بەردەوام ڕەنگدانەوەی کار و چالاکیی تایبەتی و پلە و پێگەی کۆمەڵایەتییانە. هەروەک لەم نموونە سەرەوەدا دەبینین دڵی شاعیر جارێک بە دایکێک و جارێک کچێکی منداڵ و جارێک کچێکی گەنج و لە کۆتاییدا بە پیرێژنێک شوبهێندراوە کە ئارەزووی دایکایەتی دەکات. لێرەدا دەبێ بڵێین وەک پێشتریش ئاماژەی پێکراوە جگە لە چالاکیی کۆمەڵایەتی و پرس و بابەتی کولتووریی زاڵ بە سەر کۆمەڵگەدا کە کاریگەریی دیار لەسەر زمانی ئەدەبیی ژنانی شاعیر دادەنێت و دەبێتە هۆی جیاوازیی لە بەکارهێنانی شوبهاندن و خوازە لەنێوان ژنان و پیاوانی شاعیردا، ناوێکچوویی بایۆلۆژیکی و زیندەوەرزانیی نێوان ژنان و پیاوانیش یەکێکی دی لەو فاکتەرانەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنانی شاعیر کەڵک لە جۆرێک لە بەراورد کردن (چونکە لە هەندێ قامووسدا بۆ شوبهاندن یان هەمان تەشبیە بەراوردکردن دانراوە) وەربگرن کە هەڵگری ڕەهەندی ڕەگەزگەرایانەیە. بۆ نموونە ئەو حاڵەتانەی کە شاعیر بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەندامی ژنانە، دووگیانی، منداڵبوون و سۆزی دایکایەتی لە شیعرەکانیدا بەکاریان دێنێت، بە تەواویی ژنانەیە و پیاوان لەم بارەوە هیچ ئەزموونێکیان نییە.
... چنگی پەریت بۆ زێدی دووگیانم نەهانی/ لەو ساتەوە تا ئەم ساتە چیت پێ بوو؟!
لێرەدا بەردەنگی شاعیر پیاوە کە چاوەڕێی لێ کراوە خێرێکی هەبێت بۆ نیشتمانێک کە بە ژنێکی دووگیان بەراورد کراوە و هیچی نەهانیوە...
لە کۆپلەیەک لە شیعری ئەگەر دەستی تۆم بەرکەوێتدا دیسانەوە ئەو فەزا زەینییەی لای ژنان بە ئاشناتر و نزیکتر لە ژیانیان دادەنرێت، لە قاڵبی بەراوردکردندا دەبینین کە برژانگی خۆی بە گسکێک شوبهاندووە بۆ ڕاماڵین یاخود کوکردنەوەی گەڵای وەریوی حەوشەی ژیانی دڵدار لە شەوی یەلدادا؛
ڕێم بدە، گەڵای وەریوی/ حەوشەی ژیانت بە برژانگ کۆبکەمەوە/ لە شەوی یەلدادا/ بە دەستم یان بە گۆزەیەکی میهرەبانی وەک نیگام/ ئاو بێنم بۆ ئینجانەکانی ماڵەکەت/ کە مەلا بانگدەدات.
=KTML_Bold=خوازە:=KTML_End=
ژێرخانی هەر خوازەیەک ڕستەیەکە شوبهاندنی تێدا کراوە یان وەک دەگوترێ ڕستەیەکی بەراوردکارانەیە. خوازە و شوبهاندن وەک شوناس و چییەتی یەک شتن، بەڵام لە شوبهاندندا ئیددیعای وێکچوویی هەیە و لە خوازەدا بانگەشەی یەکسانی و یەکبوون. شوبهاندن وێنەیەکی نزیکتر لە سرووشت و ڕاستەوخۆتر لە خوازەیە و خوازە لە ڕاستیدا وێنەیەکە کە لە شوبهاندنەوە بەدیهاتووە. و لە لایەکی دیکەشەوە چون لە خوازەدا لەگەڵ سڕینەوەی بنەمایەک لە بنەما سەرەکییەکانی شوبهاندن ڕووبەڕووین، خوازە شێوازێکی دەربڕینی دەرهەستتر و زەینیترە و بەهۆی نائاماەیی ئەو مانای شاعیر مەبەستی بووە بیگەیەنێت، دەبێتە هۆی درووستبوونی چەشنێ تەمومژ و شاراوەیی لە وێنەسازیدا. لە گەڕان بە دوای خوازەی بەکارهاتوو لە شیعرەکانی خاتوو کەژاڵدا گەلێک نیشانەی ڕەگەزگەرایانە بەدی دەکەین. لەم بەشەشدا هاوشێوەی شوبهاندن، خوازەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان پێوەندییان بە چالاکیی ژیانکردی ژنان یان جیاوازییەکانیان لەگەڵ پیاواندا هەیە.
شاعیر لەم شیعرەی خوارەوەدا دوو بەرە لە بەردمان پێ دەناسێنیت کە لە دوو ڕەگەزی جیا لەیەکدی پێکهاتوون. بەرەیەکیان وەک بەردی نێر و بەرەیەکیان وەک بەردی مێ؛
لە ڕاستیدا بەردی سەبر و بەردی ڕەجم و بەردی ئەلحەد و بەردەباز برادەرن/ بەردی نیاز و دەستاڕ و یاپراخ و حەمام/ دەستەخوشکی یەکترین.
قەبارەی کارەسات؛ / ژمارەی قوربانی/ هەڵوەرینی برژانگی دایکایەتیمان/ دەریای خوێن/ بڵێی ئەمانە بەس نەبن بۆ ئەوەی بزانی/ تۆ بە تەنیا هیچ ڕەوا نیت.
لێرەدا شاعیر بە ناوهێنان لەو کەرستانەی لە ژیانی ڕۆژانەی ژناندا کاریان پێدەکرێ و هەروەها باسی تەلاق، ئاماژە بە دابڕان لە منداڵی و وازهێنان لەو جیهان و فەزایە دەکات کە بۆی دیاریی کراوە؛
ئا ..بەردی خۆڵ/ ماڵ و مەنجەڵەکانمان خاڵین/ ئەمیان لە سۆز ئەویان لە نان/ ئەز کە ئەقڵم بەمە شکا ئیدی کۆڵانم تەڵاق دا و / بووم بە ژن.
لەم پارچە لە شیعری لە نیشتمانی تیرۆردا... جادەم لە پیاو خۆشتر دەوێت!دا ئەو ساتەوەختەی بۆ هەڵوەڕینی باڵەکانی فڕینی ژن دیاریی کردووە کە بە کۆڵانی ئەوینی پیاوێکی تاریک و خۆخواز و نەزاندا تێدەپەڕێت. واتا لێرەدا ئاشنابوون و عاشق بوون بە پیاوێک بەو تەوسیفانەوە کە بۆی کردووە، ڕیگە لە پێشکەوتن و گەشە و بەختەوەریی ژن دەگرێت؛
هەڵوەرینی باڵەکانی فڕینی ژن ئەو کاتەیە/ کە بە کۆڵانی ئەوینی پیاوێکی تاریکی، نەرجسیی کوڕی جەهلدا ڕەتدەبێ...
=KTML_Bold=ئەنجام:=KTML_End=
شاعیران لە ڕێگەی زمانی ئەدەبییەوە ئەندێشە، بیر و هزر و هەستەکانی خۆیان بە پاراستنی چۆنییەتیی تایبەتییانەوە بە بەردەنگ دەگەیەنن. بەهۆی بوونی جیاوازیی لەنێوان ئەندێشە و سۆز و هەستی ژنان و پیاوان، ئەم دوو گرووپە بە شێوەیەکی ناوێکچوو و جیاواز لە یەکدی شیعرەکانیان دەنووسن و کەڵک لە جوانکارییەکانی نووسین وەردەگرن. لە ڕاستیدا ئەزموون و هۆگرییە تاکەکەسییەکانی ژنان کە بەهۆی زەینییەتی بەدەستهاتوو لە ڕیگەی کولتوور و کۆمەڵگەوە بیچمی گرتووە، دەبێتە ئامرازێک بۆ چەشنێ وێنەسازیی نوێ و ڕەگەزگەرایانە. لەم ڕووەوە بەرهەمی شیعریی ژنان بە گشتیی جیاوازە لە پیاوان. تەنانەت ئەو شوبهاندن و بەراوردکاری و خوازانەی کە لە شیعرەکانیاندا خەلقی دەکەن جیاوازە لەو ڕێگای پیاوان بۆ ئەم ڕەوتانە دەیگرنە بەر. لە بەر ئەوەی کە وتەزای ڕەگەز و گرنگیدان بە شوناسی ژنانە لە زەینی شاعیرانی ژن بە گشتی و خاتوو کەژاڵ ئەحمەد بەتایبەتی، وەک شاعیرێک کە ئەم توێژینەوەی پێ تەرخان دراوە، جێگر بووە و سرووشتییە کە کاریگەریی زۆریش لەسەر وێنەسازییەکانیان دادەنێت. کەژاڵ خانم شاعیرێکە دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێێن شیعرەکانی بە ڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی زەینییەتی ژنانەیدان و پێوەندییەکی قووڵ و بەرچاو لەنێوان ئەو دیاردانەی دەیانکاتە هەوێنی شیعرەکانی و ئەزموونەکانی وەک ژن درووست دەکات و لە جێگە بە جێگەی بەرهەمەکانیدا بۆ دەربڕینی ناوەرۆکە زەینییەکانی خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێت. بەدیهاتنی زمانی شیعریی ڕەگەزگەرا نیشانەی دەسەڵات و زاڵێتیی بیر و هزری شاعیرە سەبارەت بەو زمانە تاوەکوو لەو ڕێگەوە بەردەنگەکانی بباتە نێو فەزای ئەزموون و بۆچوونە تاکەکەسییەکانی خۆیەوە. بابەتێک کە لە شیعری کەژاڵدا زۆر بەرچاو دەکەوێت و هەوڵدراوە لەم توێژینەوەدا بە دەستەبەندی کردنێکی شیاو، بە ڕیز و ڕەوتێکی گونجاوەوە دیاریی بکرێت.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1-ابوت، پاملا و کلر والس (1387) جامعەشناسی زنان. ترجمە منیژە نجم عراقی، تهران: نی.
2- دانون، جوزفین. نظری فمینیستی. ترجمە فرزانە ڕاجی، تهران چشمە: 1397
3- پایندە، حسێن (1376) نقد فمینیستی بر ڕؤیای یکساعتە مجلە ادبیات داستانی. شامرە 44.
4- آبرامز، ام. اچ (1385) نقد ادبی فمینیستی. ترجمە سمانە (صبا) واصفی. چیستا. شامرە 32
5- تانگ، ڕزمری (1387) درآمدی جامع بر نظریەهای فمینیستی. ترجمە منیژە نجم عراقی. تهران :نی.
6- ژان کالوە، لویی. درآمدی بر جامعەشانسی زبان. ترجمە معحمد جعفر پویندە. تهران: نقش جهان.
- مدرسی، یحیی. . درآمدی بر جامعەشانسی زبان. تهران، مؤسسەی مطالعات و تحقیقات فرهنگی.
8- مەحمودبختیاری، بهروز و دیگران (1390) بازتاب اندیشە مردسالارانە در زبان فارسی: پژوهشی در جامعەشناسی زبان. فرهنگ و هنر.
9- پاکنهاد جبروتی، مریم. (1381) فرادستی و فرودستی در زبان. تهران: گام نو.
10- فیاز، ابراهیم و زهرە، ڕهبری (1385) صدای زنانە در ادبیات معاصر ایران. پژوهش زنان. دورە 4.
11- Chodorow، Nancy (1978) ، The Reproduction Of Mothering. Berkeley: University Of California Press
12- پورنامداریان، تقی. (1381) سفر در مە (تأملی در شعر ئەحمەد شاملو) تهران: نگاە.
13- شمیسا، سیروس. (1375) بیان و معانی. تهران: فردوس.[1]