ناونیشانی بابەت: کورد بۆ وای لێهاتووە؟
ئامادەکردن: #مەحمود شێرزاد#
کورد بۆ نابێ بە هیچ! دوو هۆکاریی سەرەکیی ناوخۆیی هەیە، یەکەم: خۆخۆرە و کوردێ بۆ کوردێ سەر نەوی ناکا، لە ئاستی یەکتری خۆبەزلزانن و لەئاستی داگیرکەرانیدا خۆ بەکەمزانن. دووەم: کورد لە خۆی و بە خۆی نامۆ بووە، یانی بیروباوەڕ و کولتووری ڕاستەقینەی خۆی یان بە خەون و خەیاڵ دەزانێ یان بە هی فارس و تورک و عەرەبی دەزانێت، بۆ نموونە هەموو ساڵێ لە کاتی سەرساڵدا، واتە لە کاتی نەورۆزدا هەندێ کەس دەڵێن نەورۆز هی فارسە و هی کورد نییە.و...هتد، لەحاڵێکدا نازانێ خۆی لە باوەڕێکەوە بە خۆی نامۆ کراوە و بووە و ئەو قسانە دەکا کە ئەو بیروباوەڕە سەرتابەری هی عەرەب یان هی ئەوانیترە، من وەک خۆم دەزانم و دەمێکە دەرکی ئەم ڕاستییەم بەڕوودا کراوەتەوە کوردبوون یان عەرەببوون یان فارسبوون و...هتد سولالە نییە. بەڵکوو بیروباوەڕ و کەلتوورە، لەبەر ئەوە ئێستا لە کوردستان کوردێکی کەم دەبینم، یانی کەم کەس دەبینم بیرباوەڕیان کوردیی بێ، کوردبوونیش بیروباوەڕە، بەڵام ئەوەی هۆشی منی بەتەواوی ڕاکێشاوەتە سەر خۆی ئەوەیە بیروباوەڕیی کوردیی بە هیچ شێوەیەک نەتەوەیی و مرۆیی نییە. بەڵکوو گەردوونی و جیهانین، یانی لە بیروباوەڕی ڕەسەنی کوردیدا ڕەگەزێک نادۆزیتەوە کورد جیاکاتەوە لە ئەوانیتر، ئەوانیتر بە کەم سەیر بکا و هانی کورد بدا بۆ داگیرکاریی و شەڕ و کاولکاریی، تەنانەت هەموو جەژن و بۆنەکانی سرووشتی و گەردوونین و...هتد، کورد لەبەرەبەیانی خۆیەوە وا نەبووە، ئەی ئێستا بۆ وای لێهاتووە، لەبەر ئەوەی بیروباوەڕی ئێستای کوردی نییە.
لەمڕۆژانەدا دەمەویست بابەتێک لەسەر نەورۆز بنووسم، بەڵام سەیرم کرد سۆران حەمەڕەش لە پەڕتووکی: مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورددا بەشی شەشەمی بۆ ئەو بابەتە تەرخان کردووە و زۆر بە بەڵگە و زانیاریی وردەوە لەم بوارەدا قسەی کردووە، بۆیە لە نووسینی پاشگەز بوومەوە، بۆیە پێشنیار دەکەم هاوڕێیان بڕۆین ئەم بابەتە بخوێننەوە و پەڕتووکەکەش لە سلێمانی لە غەزەلنووس دەست دەکەوێت.
کورد بۆ ئەوەی ڕزگار بێ دەبێ پێش خاکەکەی زەینییەتی تاک بە تاکی لەو داگیرکراوییە ڕزگار بێ! ئەگەر کورد ئەم کارە بکا، هەر خۆی لە داگیرکراوی و زۆرلێکراوی ڕزگار ناکا، بەڵکوو تورک و عەرەب و فارسیش لە داگیرکەربوون و زاڵمبوون ئازاد دەکا، لێرەوە ئەم تۆزێ بەهای باڵای گەردوونی و مرۆیی بۆ دەگەڕێتەوە. سەد خۆزگەم بەو سەرۆکە کوردەی بەوپەڕی خاکەڕاییەوە کار بۆ ئەم بابەتە دەکا، واتە هەوڵ بۆ ئیگۆی خۆی نەدا، بەڵکوو هەوڵبدا کورد لە زەینییەتەوە ڕزگار بێ و یەکگرتوو بن، سەر بۆ یەکتری نەوی بکەن و لەئاست یەکتریدا خاکەڕا و خۆنەویست بن، بەمشێوەیە خۆری ناو ئاڵاکەی لەسەر خاکەکەی هەڵدێ! [1]