لە شەقراوێ لۆ نەمسای/ بەشی شەشم
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
لە شەقراوێ دوو سێ مار تەلەڤزیۆنیان هەبوو!
کوڕەکمەناسی، بابی لە (شاڕع ئەلبەنات - ئەلنەهر) دوکانی جلک و بەرگی ژنانیەفرۆشت، ڕۆژانی جومعە کە ئەچووە جەماعەتێ، یان ئیشی لە دائیرەی ڕسمی هەبا، ئەمن و کوڕەکەی لەسەر دوکانێ دادەنیشتین و ئاگامان لە مغازەکەیەبوو بەران ئۆندە ڕەزیل بوو پارە و مارەی ناداینێ.
هاوینەکی هاتنە شەقراوێ (#شەقڵاوە#) ، نازانم کو مارێمەیان دیتبۆ، حەزیان لێ بوو ڕەزەکیان لە نێزیکی خۆ لۆ بگرم، ئەمن ڕەزەکی هەرزانم لە نزیک مارێ خۆ لۆ گرتن، زۆر مەمنوون بوون بەران گۆتی قەروێلەی نووستنێی تێدا نییە و ئەمەش فێر نەبووینە لەسەر عاردی بنووین، ئەگەر پێت بکرێ لۆمان پەیاکەی بە چەندەکی هەبوو موشکیلە نییە، ئەمنیش مەسەلەکەم بە بابم گۆت و ئەویش گۆتی باشە قەروێلەکانیمەی لۆ ببە، ئەمنیش بە قسەم کرد و قەروێلێ خۆن لۆ بردن.
قەروێلە لە ئاسنی درووست کرابوون وەزنیان زۆر بوو قوورس بوون، مردین هەتا بردمانە ئەو ڕەزەی لۆم گرتبوون، لەبەر خاتری حاجی ئەمە 10 ڕۆژی ڕەبەق هەموو لەسەر عاردی نووستین، دوایێ بە مەشیان نەگۆت، گەڕابوونۆ بەغدایێ، زۆر بە ئیشی ئەو کابرایەی کە حاجیش بوو موتەئسیر بووم! ئەتوو وەرە قەروێلەی بنەخۆن هەموو لۆ بردن، بڕۆیی و نەک هەر نەرێی مەمنوون و مارتان ئاوا، نە پارەی قەروێلان بدەی نە خواحافیزیش بکەی! گۆتم حاجی با لۆت لە ناو دوو نانی گەرم دابی.
هاوین تەواو بوو پایز هات و دەوامی مەعهەدی دەستی پێ کردۆ ئەمنیش گەڕامۆ بەغدایێ، زۆری نەبرد چوومە دوکانی حاجی و هەر لە دوور گۆتی (هەلە بکاکە ڕزقان) نەیدەزانی برێ ڕزگار! وەکی هەموو جارێ عەرەب عادەتیان بوو پێیانەگۆتین، ئەویش گۆتی (کاکە ئەلشیمال کولیش حلوە) ، ئەمنیش گۆتم (حلوەو بەس!) بەران لۆ مەسەلەی قەروێلەکان خۆی لە گێلی دا! لە دری خۆم گۆت موشکیلە نییە، ئیشتەبینم، پاشی دوو مانگی ڕۆژەکی زۆر بێ پارە بووم، عانەم لە باغەرێ دانەبوو و کەسیشم شکنابرد پارەی بە قەرد لێ وەرگرم، فکرم لە حاجی کردۆ.
لۆ ڕۆژێ دوایێ چوومە کنی و پێم گۆت: حاجی بابم پارەی لۆ ناردیمە، بەران هێشتا نەگەیشتتە دەستم، ئەگەر بکرێ هەندەک پارەم - بەقەد پارەی کرێی دە ڕۆژی قەروێلەکان - بدەیێ زۆر مەمنوونتەبووم! گۆتی: چەندت لازمە؟ گۆتم: پێنج شەش دینارم بەسە، دوایێ وەختی پارەم گەیشتە دەستی، لۆت دینمۆ، هەندەک فیکری کردۆ و گۆتی: بەس لەبیرت نەچی! کە پارەت لۆ هات لۆم بینۆ ئەمنیش گۆتم: خەمت نەبی نا، زۆرم پێناچی دێمۆ کنت! خواحافیزیم لێ کرد و لە دری خۆم گۆتم، تازە ئەتوو بە حەیاتت جارەکیدکە ئەمن نابینیۆ، ئەوها تۆرەم لە حاجی کردۆ، ئەوجا درم داکەت.
فەقیری زۆر ناخۆشە، هەندەک جار بە برسیەتی لە پێش مەتعەمان تێپەڕین، خاسەتەن مەتعەمی تاجریان* کە باشترین برنج و مەرەگەیان هەبوو، بۆنەکەی ئۆندە خۆش بوو دەمار دەمارەچوو، ئەگەر برسیش نەبای یەکسەر حەزتەچوێ! هەنکەش بۆنی خواردنی خۆش کەم، ئەو وەختەم دێتۆ بیر.
ناو ناوە لەگەر ڕەنجبەری برا دەچوینە مارێ خار قادری ڕەحمەتی، خارۆژنی ڕەحمەتیمان خواردنی گەلەک خۆش بوو، بەس لەوێ تێر دەبووین! شەش ساری ڕەبەق لە بەغدایێ تەلەبە بووم، ڕۆژەک بەشەرەک نەیگۆ بابچینۆ مارێ هەر چایەکی بخۆوە، خۆ ئەگەر ئەو مەعهەدە لە شەقراوێ با و یەک تەلەبەی عەرەبی لێبا، ئەوە مسۆگەر تەلەبە کوردەکان دەعوەتیانەکرد!
هەتاهات عیلاقەمان لەگەر تەلەبەی کورد لە بەغدایێ بەقووەترەبوو، لۆ سەفرە و حەفلە و لۆ موناسەباکانیش دەعوەتیانەکردین، هەندەک جار پارەشی تێدابوو، لۆ من هەر ئۆندە مهم بوو پارەی خواردن و سەفەرم دەرچی، خەرک ئەو وەختی هەندە بەنازوفیز نەبوو، شوکر بوو بە بەشی خۆی، خواردنێ ئەوڕۆی هەبا خەمی سبەینێی نەبوو!
لەوانەیە خەرک هەبی سوئالی ئەوەم لێ بکا و برێ: ئەرێ ئەتوو لە بەغدایێ جل و بجگوڕت کوەشوشت، یا کێ لۆیەشوشتی؟ - هێشتا مەکینەی جل شوشتنێ پەیا نەببوو - هەندەک جار هەتا باش پیسەبوو لەبەرمەکردنو کە سەفەری مارێشمەکرد لەگەرەخۆمەبردنۆ مارێ داکیشم لۆیەشوشتم! جلک و بەرگی تازەشم کەم بە چاوێ خۆدیت، ئەوەی هەبوو کەون بوو لە لەنگەمەکڕی.
وەختی خۆی وەکی هەنکە نەبوو، کەم مار تەلەفۆنیان هەبوو، لە شەقراوێ هەر دوو سێ مار تەلەڤزیۆنیان هەبوو، ئێکەکیان مارێمە بوو، ئەویش ئێ مام حەمەدەمینی مامم بوو، ساری شێستەکان لە بەغدایێ مەتعەمی هەبوو، ئەمن و برای ڕەحمەتیم نەجات و ئامۆزای ڕەحمەتیم ڕەئوف ناویان بەخێر هاوینی 1966 و 1967 لۆ دوو سێ مانگان بە نان و زگەبوینە شاگردی.
مەتعەمەکەی مامم بە ڕەحمەتێ بی لە مەنتیقەی (بەغدا جدیدە، مەشتەل) ی بوو دوور بوو لە شاری، ئەمە شەو و ڕۆژ هەر لە مەتعمی بوین و هەر لەوێشەنووستین. لەقسانەرێن هەر مامم بوە ئێکەمین جار ڕادیۆی هیناتە شەقراوێ، وەختی چلەکان چایخانەکی لە شەقراوێ هەبووە بەران موتەکید نیمە!
* مەتعەم تاجریان، لە شاڕع ڕەشیدی بوو، ساری حەفتاکان زۆر مەشهوور بوو، سعریشی زۆر موناسیب بوو، وەختی نیوڕانێ زۆر قەرەبارغ دەبوو جێ بەدەست ناکەت. ئەمە لەوێ هەر (فۆگە) نەخوارد بە 60 فلسی بوو، قاپەک برنج مەرەگەی بەسەرداکرا.[1]