=KTML_Bold=کێڵگەی بەتاڵ یان کێڵگە پڕ لە شیعری جوان؟=KTML_End=
لەم کێڵگەیەدا دەیان شیعری هاوچەرخ هاتوونەتە ئەفراندن، کێڵگەیەکە لێوانلێوە لە شیعر و شیعرییەت. ئەم شیعرانە لەو جۆرە تێکستە سواو و دووبارانە نییە کە ڕۆژانە بەرچاومان دەکەون و بنووسەکەشی هەوادارێکی زۆری هەیە، بەڵکوو زۆر تایبەتن و کەم کەس ئارەزووی خوێندنەوەیان دەکات. بەرکەوتنی من بۆ تێکستەکان بەرز و نزم بوون، هەندێ کات هەستم ئەکرد دەقێکی (فێرناندۆ پێسەوا) ئەخوێنمەوە کە (ئەدۆنیس) وەرگێڕانی بۆکردبێت! یان پەڕتووکی (دەشتی سووتێنەر) ی (خوان ڕۆڵفۆ) دەخوێنمەوە کە (سوهرابی سپێهری) وەریگێڕا بێت! بەڵام ئەوەم زۆر بەلاوە جوان و سەنگین بوو کە گەنجێک ئەم ئەدەبیاتە باڵایەیی پێشکەش کردووە، پێشتر هەرگیز گوێم لە ناوی نەبووە، بەڵام بەم کێڵگە بەتاڵەی ماڵی ئەدەبی کوردی پڕ دەکاتەوە لە زەخیرەی شیعر و شعرییەت. تێکستەکانی ئەم پەڕتووکە زۆر چێژبەخشن، لەو شیعرە وشک و تاقەتپڕوکێنانە نییە کە هەر لەسەرەتاوە حەوسەڵەی خوێندنەوەیت نامێنێت. هەندێک لە دەقەکان فۆڕمی پەخشانەشیعریان وەرگرتووە، هەندێکیشان کوورتن و شێوەی پۆستەرە شیعرن، دوو سێ جار لەسەریەک ئەمخوێندنەوە، ئاخر لەنێویاندا بەر دەیان وێنەی خەیاڵی و ئێستاتیکی سەرشار لە واتاگەری دەکەوتم کە جیهانی خوێندنەوەمی ئەبوژاندەوە. جگە لەوانەش تەکنیک و فۆڕم و مۆسیقا بەتەواوی هاڕمۆنیای زمان بوون کە زیاتر پەیوەستی دەکردم بە جەوهەری شیعرەکان. هەڵبەت کاریگەریی نووسەر و شاعیرانی دیکەی دیارە لە جەوهەری تێکستەکاندا، بەڵام ئەمە یەکەم پەڕتووکی (#سروشت نەوزاد#) ە و پیرۆزبایی لێدەکەم، ئەشی لە قۆناغی داهاتوودا زیاتر هزر و جێ پەنجەی خۆی دەرکەوێت.
سوپاسی نووسیار ئەکەم کە هەمیشە قەڵەمی نوێ و بیر و هزری نوێگەر و سەردەمیانەمان پێدەناسێنێت. بەهیوام ئەم پڕۆژەیە بەردەوامبێت هەتا ئەو دەنگە نەبیستراوانە بناسێنرێن و ببینرێن. [1]
ئەمە هەندێک لەو دەربڕینانەیە کە سەرنجی ڕاکێشام:
بیریان لە دەریا نەکردەوە،
کەشتیوانەکان بەخەیاڵی خەواڵووەوە ڕۆشتن ل34
ئاگر پرسیار بوو، چێژی لە سووتانی خۆی دەبینی ل39
بەسەر زمان دەکرێتەوە، لەو شەقامە با دەگەڕێ، تۆ دەبینم،
زستان سەوڵی خۆی لێ دەدا و دەستەکانم کرێچیی نێو دەستتن. ل69
لەو دوورگەیە بەفر پەڕتووکی نەنووسراوە، زمانیش کراسی سپی ڕادەخا و ناوم لەسەر خاک دەچێنم ل72
#گەشبیر ئەحمەد#
#08-08-2022#