#بەرەو کەنار#
ڕانان: #هیوا قادر#
#دانا ڕەئووف# لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵێ دەقی شانۆیی نووسیوە، کە ناکرێت وەلاوەبنرێت و قسەیان لەسەر نەکرێت، لەوانە: چیرۆکەکانی با، دواین ویستگە، ئێوارەی بەر لە کۆتایی، بەرەو کەنار و دواهەمینیشیان کە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە ناوی لێکترازانە.
کۆی هەموو دەقەکانی و بەتایبەتیش بەرەو کەنار لێکچوونێکی زۆر لە ڕووی تەکنیکەوە لەنێوانیاندا هەیە، لە ڕووی بابەتیشەوە خاڵی هاوبەشیان بە ئاشکرا دیارە، کە ئەویش بابەتەکانی تەنیایی ئینسان، ترس و دڵەڕاوکێکانی، لەدەستدان و دڵشکەنەکانی.
دەقی شانۆیی (بەرەو کەنار) دەقێکی تەواو کراوەیە، لەو جۆرە دەقانەیە کە دەتوانیت بێ بینینیشی لەسەر شانۆ وەک دەقێکی ئەدەبی بیخوێنیتەوە، دیارە ئەم شێوازەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دەقەکانی هارۆڵد پینتەر و لاش نۆرێن، کە بێ بینینیشیان لەسەر تەختەی شانۆ دەکرێت وەک دەقێکی ئاوەڵا بخوێنرێنەوە. ئەم شێوازە لە نووسین بارگاویی نییە بە زمانێکی پەخشان ئامێز، بەڵکە زمانێکی کۆنکرێتە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا سەرابییە، واتا لە ڕستە کوورتەکاندا ناگەین بە دەرەنجامی چیرۆکێک، کە سەرەتا و کۆتایی دیاربێت. زمان لەم دەقەدا زۆر عاتیفی و شاعیرانە نییە، بەڵکە زیاتر نزیکە لە پرسیارەوە، لە فکر و ئەندێشەوە. زمانێکی تا ڕادەیەک چڕ، قسەکەر، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەڵگری بێدەنگییەکی قووڵە.
یەکێک لەو خاڵە درەوشاوانەی بۆ من جێگای سەرنجە، لەم دەقە شانۆییە و دەقە شانۆییەکانی تری دانا ڕەئووفدا، ئەوەیە کە هەموویان هەڵگری جۆرێک لە بێدەنگین، بەڵام بێدەنگییەکی بیرکەرەوە، جیاواز لە قسەکردنێکی زۆری بێ بیرکردنەوە. جیاواز لە تەشەنوج و قیژە قیژ و هاوار، بێگومان ئەمەش لە ڕێگای زمانێکی گوزارشتکەری کۆنکرێتەوە.
بە گشتی زۆرینەی دەقە کراوەکان خاوەنی بیرکردنەوەن، نایانەوێت هەموو کێشەکان و ئازارەکانی مرۆڤ بە ڕاستەوخۆیی یەک لایی بکەنەوە، بۆیە دەقی کراوە دەقێکی هەموو شت زان نییە، کە وەڵامی بۆ هەموو شتێک هەبێت، بەڵکە دەقی کراوە دەقێکی بیرکەرەوەیە، پڕە لە پرسیار و وەکوو خودی ژیان ئەکتیڤە.
لە دەقی شانۆیی بەرەو کەناردا، پێنج ژنمان هەیە، کە تەواو نازانین چۆن یەکدگرن و بڕیار دەدەن پێکەوە یەختێک بەکرێ بگرن و بچنە ناو دەریاوە، بۆ ئەوەی بگەن بەو بەری کەنار دەریاکە، تەنیا یەک ڕستە ئامادەیە کە خاوەنی یەختەکە پێیوتوون: بۆ گەیشتن بەو بەری دەریاکە تەنیا نیو سەعات دەخایەنێت، بەڵام ئەو نیو سەعاتە درێژ دەبێتەوە و هەموویان لە ناو یەختەکەدا دەمێننەوە و هیچ وشکانییەکیشیان لێوە دیار نابێت.
پێنج ژن بە دەنگ و کەسایەتی جیاوازنی خۆیانەوە، تەنیا دوو دەنگی پیاو لە چیرۆکەکەدا هەیە، کە ئەوانیش تەنیا دەنگن، کە پێ دەچێت ئەو دەنگانە لە ناو لاشعوری ژنەکاندا هەبن، بەتایبەتی ژنی یەکەم و سێیەم، دوو دەنگە پیاوانەکەش دەنگی دوو (باوک) ن، باوکی ژنی یەکەم کە بەردەوام لەگەڵ مێردەکەیدا لێیان داوە، باوکی ژنی سێیەم کە لایەنگری بووە و هەمیشە لەگەڵیدا بووە. جیا لەو دوو دەنگە هیچ کەسایەتییەکی پیاو لە دەقەکەدا نییە. بەڵام لە کۆیی قسەی هەر پێنج ژنەکەدا دەردەکەوێت، کە هەم لە پیاو هەڵهاتوون و هەمیش بۆیە چوونەتە ناو ئەم یەختەوە بۆ ئەوەی بچن بۆ لای پیاوی تر. ئەم بەردەوامییە جۆرێکە لەو کێشمەکێشەی ژیان، کە پڕە لە جیاوازیی و ناتوانێت بگات بە کەماڵ.
هەر پێنج دەنگە جیاوازەکەی ناو چیرۆکەکە، چەند خاڵێک کۆیان دەکاتەوە کە ئەوانیش، ترس، تەنیایی و مردنە.
گوێگرتن لە چیرۆکی ژنەکان دەکرێت هەم لە ئاستێکی سادەدا خوێندنەوەیان بۆ بکرێت، کە هەمووان وەک ژن یەک چارەنووس کۆیکردوونەتەوە، کە ئەویش ژنبوونە، دەشکرێت هەر یەکەیان بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
بەهەرحاڵ لە شانۆدا دەزانین، کە زمان بەتەنیا بەش ناکات، بەڵکە پێویستی بە ئەکت و دۆزینەوەی دنیای ترە، جیاواز لەوەی لە دەقە شانۆییەکەدا نووسراوە، بەهەرحاڵ شانۆ ئەو فەزا کراوە و ئازادەیە کە پێویستی بە یاریکردنە، یاریزانە گەورەکان لە دەرهێنەر و ئەکتەرەوە دەست پێ دەکات تاکوو هەموو ئەو کەرەستانەی تر کە لە شانۆدا بەکاردێت وەک زمانی جەستە، ڕووناکی و مۆسیقا و دەنگ و ئەتمۆسفێری گشتی.
کەسایەتی جیاوازی ژنەکان:
ژنی یەکەم: گلەیکەر، تەنیا، بەردەوام خەونی ناخۆش دەبینێت، هەڵگری یادەوەریی ناخۆشە بە دەستی مێرد و باوکەوە، منداڵێکیشی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
ژنی دووەم: تا ڕادەیەک گەشبینە، نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ یادەوەرییەکانی و تەواو لەبیری کردوون، لەکاتێکیشدا بەناوی خوداوە ویستوویانە بیکوژن.
ژنی سێیەم: نایەوێت لە بڕیارەکانی پاشگەز بێتەوە، زۆر پەلەیەتی بگات بە وشکانی، باوکی خۆشدەوێت و ڕقی لە دایکییەتی، دەیەوێت بگات بە دەستگیرانەکەی کە لەو بەری دەریاکەوەیە.
ژنی چوارەم: هەمیشە خۆی و ژنەکانی تر دڵنیا دەکاتەوە کە هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە و بەو زووانە دەگەن، لە کاتێکدا براکەی ویستوویەتی بیکوژێت.
ژنی پێنجەم: لە دەستی مێردەکەی ڕایکردووە، خاوەن ئەزموونێکی زۆرە، شارەزا و چاوکراوەیە.
لە کۆتایی چیرۆکەکەدا نازانین یەختەکە دەگاتە وشکانی یان نا، هەموویان لە دڵە ڕاوکێدان، ئاو دەچێتە ناو یەختەکەوە، کە ڕەنگە لە کۆتایشدا هەموویان ببنە تارمایی. [1]