#نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارە خوانێکی بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی کوردستان ڕێکخست و لە وتارێکدا ڕایگەیاند، دەبێ بە گەشتبینییەوە لە چارەسەربوونى کێشە ناوخۆیى و پرسە هەڵواسراوەکان لەگەڵ #بەغدا# بڕوانین.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئێوارەخوانێکى بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانى ئایینى بە نوێنەرایەتیى سەرجەم مامۆستایانى ئایینیى کوردستان ڕێکخست.
لە ئێوارە خوانەکەدا سەرۆکى یەکێتیى زانایانى ئایینى کوردستان، بە ناوى ئامادەبووانەوە سوپاسى نێچیرڤان بارزانى بۆ هەوڵە بەردەوامەکانى بۆ چارەسەرى ناکۆکییە ناوخۆییەکان و یەکڕیزى و ئارامیی سیاسى کرد و هیواشىی خواست ئەو هەوڵانە ببێتە مایەى خاوکردنەوەى گرژییەکان.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ستایشى ڕۆڵى مامۆستایانى ئایینى لە بڵاوکردنەوەى هۆشیاریى ئایینیى میانڕەو و بڵاوکردنەوەى گیانى خێر و چاکەخوازى و پاراستنى خەڵکى کوردستان لە کاریگەریى بیرى توندڕۆیى، دووپاتیکردەوە، کە مامۆستایان لە شۆڕشەکانى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستاندا، هەمیشە لە سەنگەرى داکۆکیکردن لە مافى ڕەواى گەلەکەیاندا بوون و ئایین و نیشتمانپەروەرییان پێکەوە گرێداوە.
سەرۆکی هەرێم دووپاتىکردەوه، دەبێ بە گەشتبینییەوە لە چارەسەربوونى کێشە ناوخۆیى و پرسە هەڵواسراوەکان لەگەڵ بەغدا بڕوانین، چونکە بێجگە لە پێکهاتن هیچ بژاردەیەکى دیکە لە بەردەم لایەنەکاندا نییە و لەگەڵ بەغداش لەسەر ڕێگەى ڕێککەوتن و لەیەکگەیشتنین. [1]