بابەت: زمانەوانی
نووسین و ئامادەکردن: #فەهمی کاکەیی#
$نێر و مێ لە زمانی کوردی دا$
لە ڕاستیدا ئەم باسە هێندە ئاسان نییە و تا ئێستایش بەوردی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە. ئەم بابەتەم لەسەر داوای چەند هاوڕێیەک ئامادە کردووە، دەنا من نەمدەویست خۆم لە قەرەی بدەم، چونکە ئەوەی زمانی دایکیی کوردیی باکوور نەبێت بە دەگمەن دەتوانێت بەتەواوەتی نێر و مێ لێک جیا بکاتەوە. ئەوانەی بە کوردیی باکوور زمانیان گرتووە لە کاتی قسەکردندا کێشەیەکی ئەوتۆیان لە جیاکردنەوەی نێر و مێدا نییە.
لەم پۆستەدا پەنام بردووەتە بەر دوو سەرچاوە کە بە ڕوونی باسی نێر و مێیان کردووە، لە خوارەوە ناویان دەبەم.
لێرەدا باسی لایەنە ڕێزمانییەکەی نێر و مێ ناکەین، بەڵکوو تەنێ پۆلێنیان دەکەین.
$ناوی نێر:$
1. هەموو گیانلەبەرانی نێر و ناوی کوڕ و پیاوان و خزمانی نێرینە.
2. ناوی چەم و ڕووبار و زێ، جگە لە جۆگە و جۆگەلە.
3. ناوی هەموو ڕەنگەکان: سوور، سپی، سەوز، زەرد ...
4. هەموو بەرهەمەکانی ئاژەڵی ماڵی: شیر و بەرهەمەکانی، ماست، ڕۆن، دۆ، پەنیر، (جگە لە تۆراخ و لۆرک) . گۆشت، هێلکە، خوری ...
5. ناوی هەموو کانزاکان: ئاسن، پۆڵا، زێڕ، زیو ...
6. ناوی گشت ژمارەکان، جگە لە یەک
7. هەموو شتێکی سەرتیژ و شوێنی بڵند: چیا، گرد، بزمار، چەکوش، دڕک ...
8. زۆربەی ئەندامەکانی دەرەوەی لەشی مرۆڤ: دەست، پێ، زک، سەر، پرچ، چاو، گوێ، لووت، جگە لە پشت و تەوێڵ
9. ناوی بەرهەمەکانی بێستان: شووتی، خەیار، تەماتە، کولەکە... جگە لە شەمامە
$ناوی مێ:$
1. ناوی گیانلەبەرانی مێ و ناوی ژنان و کچان و خزمانی مێینە
2. ناوی ئەو شوێنانەی مرۆڤ تیایاندا دەژی، کار دەکات، دەمێنێتەوە، پەرستگا و هەموو جۆرە خانووبەرەیەک
3. ناوی ئەو شتانەی شلەمەنییان تێدەکرێت: شووشە، مەنجەڵ، پەرداخ، چایدان ...
4. ناوی جوگرافیایی: دەشت، چۆڵ، مێرگ، چیا ...
5. ناوی وڵات، شار، جگە لە گوند، بەڵام ناوی گوندەکان مێن
6. ناوی هەموو میوەکان: هەنجیر، ترێ، هەنا، سێو، پورتەقاڵ، هەڵووژە...
7. ناوی نەخۆشییەکان، برین و ئێشەکان، سەرئێش، دڕکە، مێکوتە، ئاوڵە، سووڕێژە ....
8. ناوی خواردنی لێنراو: برنج، شلە، ساور، کەنمەگوتاو... جگە لە نان
9. ناوی هۆیەکانی گواستنەوە: ئۆتۆمبێل، فڕۆکە، ترێن، پاسکیل ...
10. ناوی هەموو شتێک کە لە ئاسماندا هەیە، یان لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، ڕۆژ، مانگ، ئەستێرە، بەرف، بارزان، تەزرە... جگە لە ناوی خودی ئاسمان
11. ناوی کات و بەشەکانی کات: ساڵ، مانگ، ناوی مانگەکان، ڕۆژ، ناوی ڕۆژەکان، کاتژمێر، چرگە...
12. ناوی ئامێرەکانی مۆسیقا: تەمیرە، دەهۆڵ، زۆڕنا، شمشاڵ ...
13. ناوی هەموو جۆرە چەکێک: تفەنگ، دەمانچە، زرێپۆش، چەقۆ، جگە لە شمشێر
14. هەموو ئەو وشانەی بە پاشگری: ی، دانک، گەﮪ، خانە، ستان، تەواو دەبن، وەک: نەخۆشی، گوڵدانک، خوێندنگەﮪ، کوردستان، نەخۆشخانە ...
15. ناوی پیتەکانی ئەلفبێ
16. ناوی نابەرجەستە، ئەڤین، بیر، هۆش، زانست ...
17. ناوی تێرمەکانی ڕێزمان، ناو، کار، ئاوەڵناو، جێناو ....
18. هەموو ئەو ناوانەی لە زمانە ئەوروپییەکانەوە خواستراون و لە کوردیدا هاوواتایان نییە، کۆنفرانس، پرۆگرام، ڕادیۆ، مەکینە، هایدرۆجین، ئۆکسجین ...
تێبینی: دەکرێت ئەم پۆلێنکردنە لە دەڤۆکێکەوە بۆ دەڤۆکێکی تر جیاوازییان هەبێت، بەڵام ئێمە لەم بابەتە ناکۆڵینەوە. هەروا هەندێک ناو هەن بێلایەنن، لە کاتی بەکارهێناندان دەردەکەون ئایا بۆ نێر بەکار هاتوون یان مێ، بۆ نموونە وشەی هەڤاڵ:
هەڤاڵا من، واتە هاوڕێی من بۆ کچ.
هەڤاڵێ من، واتە هاوڕێی من بۆ کوڕ.
سەرچاوە:
1. دەستپێکا ڕێزمانا کوردی، دانانی حەیدەر دلژەن، چاپی سێیەم، سوید 2005
2. مژارا زایەندان، ناڤدێرێن نێر و مێ، باران ڕزگار
https://sites.google.com/.../zaynda-navderan-navderen-ner...
[1]