بابەت: مێژوویی
نووسین: محەمەد گۆران
#ئەحمەد موختار بەگی جاف# ، ساڵى 1898 لەشارى #هەڵەبجە# ى مەڵبەندى شاعیر و ئەدیبان لەئامێزى خێزانەکى دەسەڵاتدار و خانەدان لەدایکبووە، لەڕووى تەمەنەوە پێنجەمین کوڕى خێزانەکەیتى لەدواى هەریەکە لە: مەجید بەگ، حەمەسەعید بەگ، تاهیر بەگ، عیزەت بەگ، ئەمە جگە لەهەردوو خوشکەکەى (ناهیدە و سەبیحە) . ئەحمەد موختار جاف کوڕى#وەسمان پاشاى کوڕى محەمەد پاشاى جاف# ە، دایکیشى (#عادیلە خانم# ، کچى عەبدولقادر بەگى ساحێبقڕانە، خانم دووەم خێزانى وەسمان پاشایە) ، وەسمان پاشا جگە لەوەى لەماوەى نێوان ساڵانى 1889 و 1909 قایمقامى هەڵەبجە بووە، هاوکات یەکێکیش بووە لەسەرکردە هەر دیارەکانى ناو عەشیرەتى جاف، دەسەڵاتى ئەم عەشیرەتە، هەر لەشارى#سنە# ى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە درێژ دەبوویەوە هەتا شارى #خانەقین# و سەعدییە (قزرابات) .
ئەحمەد موختار جاف لەهیچ قوتابخانە و خوێندنگایەکى فەرمیدا نەیخوێندووە، بەڵکوو مامۆستاى تایبەتى لەماڵەوە بۆ گیراوە، زمانەکانى فارسى و تورکى و عەرەبى فێربووە و ماوەیەکیش لەگەڵ (#گۆران# ) ى شاعیردا، بە یەکەوە زمانى ئینگلیزیان لە هەڵەبجە خوێندووە، هاوکات دەبێ ئەوەش بگوترێ کە (#تاهیر بەگى جاف# ) براى یەکێکە لەشاعیر و هۆنەرە گەورەکانى نێو گوڵزارى ئەدەبیاتى کوردى و بەشاعیرى عیشق و خۆشەویستى ناسراوە. لەبارەی پەیوەندى باوکى (ئەحمەد موختار جاف) لەگەڵ خەڵکدا و جۆرى بیرکردنەوە، شەمسەى کچە گەورەى دەڵێت: (بەردەوام خەریکى هاتوچۆ و ئەمسەر و ئەوسەر و دەعوەتکردنى خەڵک و یارمەتیدانى کەمدەرامەت و ئەمانە بوو، زۆر حەزى لەکەیف و سەفا و خۆشى دنیا بوو. باوکم کابرایەک بوو، زۆر تەبیعات سەخاوەت و نان بدە بوو بەخەڵکى، لەبیرمە هەموو جارەک کە دەچووە حەمام، ئەو جلوبەرگانەى کە لەبەرى دابوون، خزمەتکارەکانى حەمامەکە کە هى دایە گەورەم عادیلە خانم بوو، دەیانوت جلەکانت جوانە، دەچوو دەیدا بەوان و خۆى بەڕووتى دادەنیشت، تاکوو لەماڵەوە جلى دیکەمان بۆ دەبرد.)
لەپرۆگرامەکانى خوێندنى قوتابخانەدا، کە دێتە سەر باسى هۆنراوە و ژیانى ئەحمەد موختار جاف، لەکۆتایدا دەنووسرێ، ساڵى 1935 دەستێکى ڕەشى نادیار لەسەر ڕووبارى سیروان شەهیدى دەکات. سەبارەت بەمە ئاخۆ ئەو شەهیدکردنى باوکى لەبیرە؟ ئایا دەستەکە نادیاربوو یان دەزانرێ کێیە؟ شەمسەى کچى دەڵێت:( کاتێ باوکم کوژرا، من تەمەنم سیانزە ساڵ بوو، وەک ئێستا لە بیرمە، لە مەکتەب بووم و هاتمەوە بۆ ماڵەوە، ئەبینم ماڵى پاشا (وەسمان پاشا) قەرەباڵغییە و شین و شەپۆڕە و خەڵک ڕژاوەتە ئەو ناوە، (کەریمى حەمامچى) هەبوو، حەمامچى ماڵى باوەم بوو، وتم ئەوە چییە؟ بەخوا ئەمشە و خەوم بینیوە ئەفراسیابى برام کوژراوە! وتى نا، ئەحمەد پاشایە، هیچ نییە تۆزەک بریندارە، دوایى شتەکە مەعلوم بوو کوژرابوو.)
لەبارەى شێواز و هۆکارى کوشتنەکەى، ئەو کچە گەورەى ئەحمەد موختار جاف، ڕاشکاوانە دەڵێت:( بەرەوەڵڵا دەزانم! ئەو کاتە خەریکى کوردایەتى کردنبوو، چووبووە دەرەوە بۆ شاخ، خەڵکێکى زۆرى کۆکۆیى و زەردۆیى لەگەڵدا بوو، لەبیرمە کە شە و هاتەوە بۆ ماڵى خۆمان لەهەڵەبجە 25 بۆ 30 پێشمەرگەى لەگەڵدابوو، وتى ئادەى (قوبڵى بەترش) م بۆ بکەن و گۆشتى کەڵم بۆ سوورکەنەوە، جا ماڵەکەمان (ماڵى پاشا) دوو دیو بوو،
(پوورە ناهىدە)م هاتە دیوەکەى دیکە و وتى: باشە ئەحمەدى برام بۆ هاتوویتەوە؟ ئێستا خەبەرت لێ بدەن ئەتکوژن، ئەوەبوو نانەکەى نەخوارد، شە و هەستا ڕۆیشت، چووبووە ئاشەکەى مەحموود یاروەیس، تاکوو بەیانى لەوێ خەوتبوو، بەیانى هەستابوو بچێتەوە بۆ شوێنەکەى خۆیان، لەڕێگادا پۆلیسێکى ئەوکاتى حکوومەت، تەقەى لێ دەکات و بریندارى دەکات، دوو کەسیشى لەگەڵدا دەبن، (خاڵۆ باقى و حەمەى شێخ حسێن) ، خاڵۆ باقى هاوار دەکا و دەڵێ: بۆ خاترى خوا، ئەوە تۆ ئەحمەد بەگت کوشت؟! پۆلیسەکە ئەدا بەخۆیدا و ئەڵێ، نەمزانیوە ئەحمەد بەگى کوڕى وەسمان پاشایە!
پەڕتووکی (کچانی مەکتەب لەسەدەی ڕابردوودا).
[1]