$بە سوپاکردنی حەشدی شەعبی، بە لوبنانکردنی ئێراق$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#09-12-2016#
پەڕڵەمانی ئێراق بە دەنگی 170 پەڕڵەمانتاری هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکەی سوننە و شیعە و کورد، پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبیی پەسەند کرد، لەمەودوا ئەو هێزە هەمان ئەو حسابەی سوپای ئێراقی بۆ دەکرێت و چیتر میلیشیای نایاسایی نین، تەنیا بودجەی ئەمساڵیشیان 160 ملیۆن دۆلار بوو لەسەر خەزێنەی دەوڵەت. کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئەگەرچی بەپێی ئەم یاسایە، ئەم هێزە میلیشیاویە دەخرێتە ژێر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام لە بنەڕەتدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هەرگیز ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر ئەم هێزەدا هەبێت، بەڵکوو ئەوەی دەسەڵاتی باڵای دەبێت ئێران و دامەزراوەی سوپای پاسدارانە، بەشێک لەو هێزانەی حەشدیش نەیانشاردووەتەوە کە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانەکانی سەرکردەی باڵای شۆڕشی ئیسلامی، عەلی خامنەیی- دان.
ئەم دۆخەی ئێستا لە ئێراق دەگوزەرێ، لە زۆر ڕووەوە لە دۆخی ساڵی 1982ی لوبنان نزیکە، ئەو کاتەی سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان و دواجار حیزبوڵڵا سوپای ئیسرائیلی ناچار بە کشانەوە لە خاکی لوبنان کرد لە ئایاری 2000 دا.
حیزبوڵڵا لەسەرەتای درووستبوونییەوە لەژێر کاریگەرییەکی زۆری ئایەتوڵڵا خومەینی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا بوو، زۆربەی ئەندامەکانیشی لە ڕووی مەزهەبییەوە شوێنکەوتووی ڕێنماییەکانی ئیمام خومەینی بوون. لە ڕاستیدا هەڵکشانی ڕۆڵی سەربازی و سیاسیی حیزبوڵڵا و ئینتیمای مەزهەبی و سیاسیشیان، لە زۆر ڕووەوە نزیکە لەو ڕۆڵەی کە ئێستا حەشد دەیبینێت لە تێکشکاندنی داعشدا. ئیتر بەم شێوە حیزبوڵڵا هاتە ناو دەوڵەتداری و سیاسەتەوە تا ئەو ئاستەی بۆ خۆی بووە بە دەوڵەتێکی تەواو لەناو دەوڵەتی لوبناندا. حیزبوڵڵا ئەگەرچی وەک حیزب و سوپایەکی نیزامی دانی پێدا نراوە، بەڵام هەرگیز حکومەتی لوبنان دەسەڵاتی بەسەر حیزبوڵڵادا نەشکاوە، لە زۆربەی پرسەکانیشدا ڕایان جیاواز بووە لە دەوڵەتی لوبنانی و لە جیاتی دەوڵەت بڕیاری شەڕ و ئاشتییان داوە، بە جۆرێک کە ئەوان بۆ خۆیان دەوڵەت بوون و حکومەتیش پاشکۆ.
باڵابوونی دەسەڵاتی سەربازی و ڕۆڵی حەشدی شەعبیش لە ئێراق بەو ژمارە زۆرەوە کە ئێستا ژمارەیان نزیکەی نەوەت هەزار چەکدارە، دەکرێت بۆ دوو ئەوەندەش بەرز بێتەوە، چونکە هەم ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە و هەم پاڵپشتیی دارایی و لۆجیستیی ئێرانیش، ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم ئەگەرە نزیکە. هەڵبەتە ئێران شارەزاییەکی باشی هەیە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپ و هێزە چەکدارەکان هەر لە سووریا و لوبنانەوە بگرە تا دەگاتە ئێراق و یەمەن و فەلەستین و ئەفغانستان. بەکارهێنانی گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان ئامرازێکی بەهێزی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بووە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی تر، ئەگەری زۆرە حەشدی شیعەکانیش بەشێکی گەورەی ئەو کاریگەرێتییە پێکبێنن چ لە ئێراق و چ لە ناوچەکەشدا.
هادی عامری کە کارەکتەرێکی بەهێزی ناو حەشدی شەعبیە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا وتی کە ئەرکی حەشدی شەعبی بە لەناوچوونی داعش کۆتایی نایەت، بەڵکوو هەنگاوی دووەممان شەڕکردنە لە دژی داعش لە سووریا. هەڵبەتە ئەم پلانە هیچ پێناچێت پلانێکی ئێراقی بێت، چونکە سوپای ئێراق کە بەناو سوپای هەموو پێکهاتەکانی تری ئێراقە، ئەستەمە و ڕێشی تێناچێت دەست وەربداتە وڵاتێکی تر کە لە بنەڕەتدا شەڕەکە ڕەهەندێکی مەزهەبیی هەیە. بە دیوێکی تردا، بەشداریی حەشد لەشەڕی سووریا وەکوو دیارە تەواو پلانێکی ئێرانییە. بەدووریش نابینرێت کە هەنگاوی دواتریان دژایەتیکردنی کورد بێت ئەگەر لە ناوچە دابڕاوەکان نەکشێتەوە، چونکە بەپێی ئەو بڕگە دستووریانەی پاڵپشتی یاساکەن، هەرکاتێک مەترسییەک لەسەر ئاساییشی ئێراق هەبوو، ئەوا دەتوانرێت حەشدی شەعبی بەکاربهێنرێت. جێگیرکردنی هێزەکانی حەشد لە دەوروبەری تەلەعفەر، دوزخورماتوو، کەرکووک و جەلەولا، جارێکی تر ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. خاڵێکی دیکە کە پێویستە لەسەری بوەستین، ئەوەیە کە حەشدی شەعبی بەر لەوەی کارتێکی سەربازی بێت، کارتێکی سیاسیشە، هەریەکە لە ئێراق و ئێران زۆر بەئاسانی لە ئاییندەدا دەتوانن بەکاری بهێنن لە دژی کورد، نەک تەنیا لە باشوور، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستانیش. نەک تەنیا لە شەڕی مەیدانی، بەڵکوو لە تیرۆرکردنی ڕەمز و سەرکردەی سیاسی و جووڵانەوە سیاسییەکانی کوردیش لە گشت بەشەکانی کوردستاندا، هەروەک ئەوەی لە تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری لە 2006 کردیان.
ئێران دەمێکە کار دەکات بۆ درووستکردنی پشتێنەیەکی شیعی کە لە ئێرانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێراق و سووریا و تا دەگاتە لوبنان. ئێستا ئەو پشتێنەیە و ئەو بەرە سیاسییە درووست بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ پاراستنی ئەم پشتێنەیە پێویست بە هێزێکی سەربازی هەیە کە لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی ئێراندا بێت نەک وڵاتەکانیان، ئێستا ئەم مەبەستە خەریکە بە ئامانج دەگات، پاسەوانانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و حەشدی شەعبی لە ئێراق و حیزبوڵڵاش لە سووریا و لوبنان، ئەم سێ هێزە کە ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵیان لە دەست ئێرانە، دەتوانن گەرەنتی پاراستنی ئەو پشتێنە هەرێمییە بکەن، هەڵبەتە ئەو پڕۆژەیە هێشتا بەردەوامە و لەوانەیە پاش ماوەیەکی دیکە حوسییەکانی یەمەنیش بگرێتەخۆ.
ئەوەی لە دوای دامرکاندنەوەی تەپوتۆزی داعش تا ئێستا پێشبینی دەکرێت لە ئێراقدا، ئەوەیە کە شیعەکان تا دێت دەیانەوێت تەواوی دەزگا ئەمنی و سەربازی و سیاسییەکان لەلایەنەکانی دیکەی وەک کورد و سوننە پاک بکەنەوە، لە دوای داعش پێناچێت سوپای ئێراق هەژموون و متمانەی لە حەشدی شەعبی زیاتر بێت. لە ڕاستیدا بۆ عەرەبی سوننە و کوردیش زۆر ئەستەم دەبێت مانەوە لەناو ئێراقی یەکگرتوودا، هەڵبەتە ئەمە بەو واتایەش نییە کە دەرچوونیان لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراق کارێکی ئاسانە، چونکە ئێستا شیعەکان هەر لەتبوونێکی ئێراق بە دژی خۆیان دەزانن، بۆ ڕێگریش لەمە ئامرازی سیاسی و یاسایی و سەربازییان لەبەردەستە. سوننەکان لە کاتی دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی هەر زوو دەرکیان بەو مەترسیە کرد، بەڵام بەداخەوە کورد زۆر بەبێباکی وەریانگرت و بەشێک لە پەڕڵەمانتارەکانی دەنگیان بۆ یاساکە دا. [1]