$ئێراقی دوای #داعش#$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#17-02-2017#
ئەگەر ئێراقی دوای 2003 بەرهەمی هاوپەیمانێتی کورد و شیعە بێت، ئەوا دوور نییە ئێراقی دوای داعش و ڕزگارکردنی موسڵیش سەرەتای هاوپەیمانییەکی تازە بێت لەنێوان هەریەکە لە کورد و سوننە. هەرچەندە بەرەی سوننەکان بەرەیەکی یەکگرتووی تۆکمە نییە لە ئێستادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدوور نابینرێت کە چەند هەوڵێکی هەرێمی هەبێت بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی کەنداو و شانشینی ئوردنەوە بۆ یەکخستنی بەرەی سوننە، ئەگەرنا دوور نییە ئێران بگاتە بەردەم سنوورەکانیان. بەڵام لە حاڵەتی ڕوودانی گریمانەیەکی وەهادا، واتا یەکخستنی سوننەکانی ئێراق، ئەگەر کورد پشتگیرییان نەکەن، ئەو هەوڵە لە ئێراقی شیعە هەژمووندا، پێناچێت هیچی لێ سەوز بێت. هەرچەندە ناوماڵی کوردیش بەو شێوە یەکگرتووەی دوای 2003 نەماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینرێت لەنێوان لایەنە کوردییەکان لەسەر ڕێکخستنی پێوەندییەکانیان کە دەکرێت لە دوای ئاوابوونی داعش بە ئاسانی بەسەر جیاوازییە سیاسی و حزبیەکانیاندا زاڵ بن.
ئەوەی ڕاستی بێت، چ هاتنی داعش و چ نەمانیشی هەژموونی شیعەکانی بەسەر جومگەکانی دەوڵەتی ئێراقدا فراوانتر و بەهێزتر کردووە، شیعەکان تا دێت سنوورەکانیان فراوانتر دەکەن و تا ئاستێک خەریکە دێنە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی وەک دوز#خورماتوو#، تەلەعفەر، ئامرلی و بەشیر و.. تاد، دروشمە مەزهەبگەریەکانیان و ئاڵا سەوز و زەردەکانیان وا لە ناوجەرگەی شاری موسڵ دەشەکێنەوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو بەشێکیان لە دوای تێکشکانی دەوڵەتی خەلافەی داعشەوە وا بانگەشەی بوونیاتنانی دەوڵەتی ئیمام عەلی دەکەن لە موسڵی سومبولی سوننەدا. ئەمە لەڕاستیدا زەنگی سەرەتایی ململانێیەکی ترە لە ناوچەکەدا و مەترسییەکەشی تەنیا بۆ سوننەکان نییە، بەڵکوو بۆ کوردیشە. ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێت لە ئێراقدا، بریتییە لە لاوازبوونی پێگەی هەریەکە لە کورد و سوننە، بە تایبەت لەناو دامەزراوە سیاسی و دەستوورییەکانی دەوڵەتی ئێراقدا. بۆیە ئێراقی دوای موسڵ ئێراقێکی تەواو شیعییە و پاڵپشتێکی بەهێزی ئێرانیشی لە پشتە. لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا دیار نییە ئایا هەریەکە لە کورد و سوننە ئاییندەی پاڵپشتی هەرێمی و نێودەوڵەتییان چۆن دەبێت، بەتایبەتی لە دوای هاتنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا. بۆیە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بەدیلی تری هەبێت لە ئەگەری نەمانی پاڵپشتیی ئەمریکا و تورکیاش. بۆ ئەم مەبەستە پێوەندییەکانی هەرێم و جیهانی عەرەبی (سوننی) بە تایبەتیش وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لەوپەڕی گرنگیدایە، چونکە وڵاتانی عەرەبی تادێت بێهیواتر دەبن لە ناسنامەی ئێراقی دوای موسڵ و پێشناچێت هیچ هیوایەکیان لەسەر ئێراقی دوای داعش هەڵچنیبێت. بۆیە بۆ کورد گرنگە ئەم جۆرە دەرفەتانە بقۆزێتەوە، هەڵبەتە بە ئەسپایی و وریایی نەک بۆ ورووژاندنی سەرنجی شیعەکان یان ئێران.
دەکرێت بنیاتنانی ئەو پێوەندیانە لە ڕێگای لینکە دبلۆماسییەکانی ئەو وڵاتانەوە بێت کە لە هەرێمی کوردستان هەن، بەپێوەندییە هەواڵگرییەکانیشەوە. پێم وایە بەڕوونی دیارە کە ئێران تا ئاستێک دەرکی بەو مەترسیە کردووە، چونکە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا فەرماندەی گاردی شۆڕش (پاسداران) محەمەد حسێن ڕەجەبی لە پارێزگای #سنە# هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کرد بەهۆی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کونسڵگەریی بیانی لە کوردستان کە بەقسەی ئەو زۆربەیان خەریکی کاری هەواڵگرین، بە تایبەتیش ناوی کونسوڵگەریی شانشینی سعودیەی هێنا کە بە قسەی جەنابیان سعودیە لە ڕێگای ئەو کونسوڵگەریەی لە هەرێم هەیانە، دەیانەوێت کێشە بۆ ئێران درووست بکەن، بۆیە پێویستە دابخرێت، چونکە خەڵکی کوردستان پێویستیان پێی نییە.
دیارە ئەمە جاری یەکەم نییە کە ئێران ئاماژەی هەڕەشەئامێز بۆ هەرێم دەنێرێت، پێشتریش جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران حسێن سەلامی وتی کە ئێران ئامادەیە هەموو شوێنێک بکاتە ئامانج ئەگەر سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ سەر ئێران.
هەڵبەتە هەڵەیەکی گەورەیە کە هەرێم ببێتە سەکۆی هەڕەشە درووستکردن بۆ سەر ئێران، بەڵام خراپتریش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەستبەتاڵ بێت و هیچ کارتی گوشاری بەدەست نەبێت، لەم حاڵەتەشدا دیسان ئێران بە هەوەسی خۆی گوشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر کەناڵی تر و کارتی تر لەبەردەستی هەرێمی کوردستان هەبێت، دەتوانێت لەبەرانبەردا سازشی پێبکات لەسەر پرسە ناکۆکەکان. چونکە لە دانووستاندنی دبلۆماسی و عەسکەریدا لەوە خراپتر نییە هیچ کارتێکت بەدەستەوە نەبێت، چونکە سەنگی هەر هێزێک لە پێوەندییە سیاسییەکاندا، بە قەبارەی ئەو کارتانە هەڵدەسەنگێنرێت کە بەدەستییەوەیە و لە هەمان کاتدا دەشتوانێت بەکاریان بهێنێت.
هەرێمی کوردستان چ بە حوکمی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و ململانێ ئیقلیمییەکان، ئەکتەرێکی زۆر لاوازە ئەگەر پاڵپشتی و پێوەندیی باشی نەبێت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا، بەڵام یاریکردنێکی ژیرانە و پراگماتیانە و دواتریش سوودوەرگرتن لە ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوچەکە دەکرێت خاڵی بەهێزی هەرێم بێت و دەسکەوتی سیاسی و ئابووریشی هەبێت ئەگەر بە زیرەکانە بەکاربهێنرێت.
لەم سۆنگەیەوە گرنگە لەوە تێبگەین کە ئەگەری زۆر هەیە ئەجێندای وڵاتانی سوننی لە ئێراقی دوای موسڵ پێکهێنانی هەرێمێک بێت بۆ سوننەکانی ئێراق وەک بەربەستێک بۆ وەستاندنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا. لەڕاستیدا ئەگەر سەرنجێکی ورد بدەین، ئەوە یەکەمجارە لە مێژوودا ئەو تێگەیشتنە پۆزەتیڤە بەدی دەکرێت لە جیهانی عەرەبیدا لە هەمبەر کێشەی کورد. ئێستا لەمپەڕی گەورە لەسەر ڕێی هەرێمی کوردستان بەپلەی یەکەم ئێرانە ئینجا تورکیا. ئاساییشی ئێراق تا دێت نزیکتر دەبێتەوە لە ئاساییشی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران خۆی ئەمەی پشتڕاست کردەوە بە چەند مانگێک لەدوای هاتنی داعش کاتێک وتی ئێران وەک ئاساییشی خۆی سەیری ئاساییشی ئێراق دەکات. ئەو دۆخەی لە ڕووخانی ڕژێمی سووریاش چاوەڕوان دەکرا خەریکە ئاڕاستەیەکی تازە وەردەگرێت، شیعەکان لەبەر ئەوەی لە دۆخێکی براوە و بەهێزی دوای جەنگدان، ئەستەمە لە دوای موسڵ کورد شتێکی وای لێیان دەستکەوێت بە تایبەت بە بوونی کۆمەڵێک گرفت لە بەینی بەغداو هەرێمدا، بەڵام بە پێچەوانەوە سوننەکان لە دۆخێکی لاوازدان و لەهەمان کاتیشدا قووڵاییەکی ستراتیژیی بەهێزیان هەیە کە بە جیهانی عەرەبییەوە دەیانبەستێتەوە، بۆیە دەکرێت ئەمە سەرەتای کردنەوەی پەنجەرەیەک بێت کە شایەنی ئەوە بێت سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان کاری جدیی لەسەر بکات. [1]