$وریای گوشار خستنە سەر یەکێتی بن!$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#12-09-2018#
یەکێتی نەک دوای کۆچی #مام جەلال#، بەڵکوو لە دوای لاوازبوونی هەژموونی مام جەلالەوە بەسەر ڕێکخستن و دواتریش سەرهەڵدانی کێشە هەناویەکانی ناو یەکێتی کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی 2005 کاتێک مام جەلال بەهۆی سەرقاڵبوونی بە کاری سیاسی لە بەغدا نەیتوانی ئەو هەژموونەی جارانی هەبێت بەسەر پێکهاتەکانی ناو یەکێتی و لە نزیکەوە ئاگاداری گازاندە و ناکۆکیەکانیان بێت، ئیتر لەو ڕۆژەوە تا ئێستا یەکێتی بەدەست ژمارەیەک گوشاری بەردەوامەوە دەناڵێنێ. هەڵبەتە ئەم دۆخە تایبەتەی ناو یەکێتی نە لە بەرژەوەندی یەکێتییە و نە لە بەرژەوەندی کورد و هەرێمی کوردستانیشە. بەڵکوو تەنیا لە بەرژەوەندی هەندێک لە هێزە هەرێمییەکانی ناوچەکەیە بە ئەمریکاشەوە، هێزە هەرێمییەکان هەمیشە چاویان لەوەیە خاڵی لاوازی پارتە کوردییەکان بزانن و لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا بەکاریبێنن.
هەڵبەتە مەبەست ئەوە نییە بڵێم تەنیا یەکێتی خاڵی لاوازی هەیە، هەموو لایەنەکان هەیانه، بەڵام کاتێک خاڵی لاوازی هێزێکی وەک یەکێتی یان پارتی دەکەوێتە دەست هێزێکی هەرێمی، ئەوا کاریگەرییەکەی زۆر گەورەترو چارەنووسسازتر دەبێ تا هێزێکی بچووکی سیاسی. بۆیە هەر گوشارێک بۆ سەر ئەم دوو هێزە کاریگەریی زۆر گەورەی دەبێت نەک تەنیا بەسەر ئەو دوو لایەنەوە، بەڵکوو بەسەر تەواوی پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە ئێراقدا. لێرەدا گوشارەکان دەکرێت بە کوورتی پۆلێن بکرێن بۆ سێ جۆرە گوشاری سەرەکی:
یەکەم، گوشاری ناو خودی یەکێتی: کاریگەرترین گوشاری سەر یەکێتی بریتییە لەو گوشارەی کە یەکێتی لە ناوخۆیەوە لەسەریەتی، چ لەسەر ئاستی هەڕەمی سەرکردایەتی و چ لەسەر ئاستی کادیرانی خوارەوەش. بەشێکی زۆری ئەو گوشارانەی تر لە ڕاستیدا لە ناو هەناوی ئەو گوشارەدا لە دایک بوون. ئەم فاکتەرە لەڕاستیدا وای کردووە بڕیاردان لەناو یەکێتی پڕۆسەیەکی فرە زەحمەت بێت. بۆ نموونە لە کاتی بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بینیمان ئەو پڕۆسەیە چەند ئاڵۆز بوو، چەندیش خراپ بەسەر هەرێمی کوردستاندا شکایەوە.
گوشارێکی تری سەر یەکێتی کە هەندێکجار بە دەگمەن لەلایەن نوخبەی سیاسییەوە دەبینرێت، دەتوانین ناوی بنێین گوشاری جیۆگرافی (Geographical Pressure) ، یانیش گوشاری زۆنی #سلێمانی#. بە و واتایەی کە سلێمانی وەک مێژوو و جیوگرافیا و سیاسەت لەپاڵ ناسنامە (کوردییە) سەرەکیەکەی، خاوەنی ناسنامەیەکی لاوەکی (Sub-identity) تایبەت بەخۆشیەتی. ئەم ناسنامەیە هەندێکجار بە ئەستەم سەرکردایەتی یان ڕوونتر بڵێین پلە دووەمی ناسنامە لاوەکی و جوگرافیەکانی تر پەسەند دەکات. ئەو ململانێ ئاسۆییە بە ئاشکرا ڕەنگی داوەتەوە لەسەر ئەدای سیاسەتکردن لە سنووری سلێمانی، نەک تەنیا لەسەر یەکێتی، بەڵکوو بەسەر پارتەکانی تری وەک گۆڕان و ئیسلامییەکانیشەوە بە ئاشکرا دیارە، تا ئاستێک هەندێک جار ئەندامانی سەرکردایەتی یەک حیزب وتاری سلێمانییان لە هی #هەولێر#و بادینان جیاوازە. بۆیە یەکێتی سەرەڕای کێشە هەناویەکانی، لەژێر گوشارێکی تری لۆکاڵیشدایە کە ناتوانێت سنوورەکانی ببەزێنێت، چونکە هێزی تر بە تایبەتیش #بزووتنەوەی گۆڕان# خۆیان بەخاوەنێکی باشتری ئەو ناسنامە لۆکاڵیەی سلێمانی دادەنێن، بە جۆرێک ئەگەر فاکتەری وەک هێز و سامان نەبووایە لە سلێمانی، گۆڕان دەمێک بوو لەژێر باری ئەم گوشارە جیوگرافیەدا دەسەڵاتیان لە یەکێتی وەرگرتبوو، هەرچەند ئەوان ئێستاش لە ڕووی کورسی و جەماوەرەوە لە یەکێتی لە پێشترن لەوێ.
گوشاری سێیەمی سەر یەکێتی کە لەڕاستیدا کاریگەریی زۆریشی هەیە بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانەوە لە هەرێم و دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش، بریتییە لە گوشاری هەرێمی . (Regional Pressure) دیارە لە ڕووی تیۆرو شرۆڤەی سیاسیشەوە بەڵگەنەویستە کە هەر لایەنێک خاڵی لاوازی زۆر بێت ئەوا گوشاری زۆریشی لەسەر دەبێت و زیاتریش پێویستی بە هاوکاریی دەرەکی هەیە. یەکێتیش وەک هێزێک کە حوکمی نیوەی جیوگرافیای هەرێم دەکات، هێزە هەرێمیەکان ئەو خاڵەیان قۆستووەتەوە و لە کاتی هەستیاردا بەکاری دێنن. نموونەی ئەم گوشارە زیاتر لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی ئێراق و کێشە هەرێمیە چارەنووسسازەکاندا دەردەکەوێت، ئەم گوشارە لە کاتی ڕیفراندۆمدا گەیشتە لوتکه.
زیادەڕۆیی نییە گەر بگوترێت بەشێکی زۆری سیاسەتی یەکێتی و پێوەندیە نێوخۆیی و هەرێمیەکانیشی ڕەنگدانەوەی ئەو سێ گوشارەن کە ئاماژەیان بۆ کرا. هەڵبەتە ئەمە بە و واتایە نایەت کە یەکێتی وەک ڕێکخراوێکی سیاسی خۆی ئەم دۆخەی بە ئەنقەست درووستکردووە، نەخێر ئەمە دۆخێکی ناهەموارە و زیاتر بەرۆکی ئەو جۆرە ڕێکخراو و پارتە سیاسیانە دەگرێت کە خاوەن تەنیا سەرکردەیەکی کاریزمان، یان دیسپلینی حزبییان لاوازە و لەڕووی دامەزراوەییشەوە خاوەن بنەمایەکی بەهێز نین. یاخود هەر ڕێکخراوێکی سیاسی کە لە سەردەمێکدا هێزێکی گەورە و کاریگەر بووبێت، بەڵام وتار و قەبارە و کاریگەریی ئێستای گوزارشت نەکات لە سەروەرییە مێژووییەکەی. یانیش لایەنگرەکانی چاوەڕێی بەرپرسیارێتی زۆری لێدەکەن، بەڵام دوای نەمانی سەرکردە یان دیسپلینی ڕێکخراوەیی، ئیتر لایەنگرەکانی تووشی جۆرێک لە نائومێدی دەبن. ئەم دۆخە دەکرێت وەسفێکی گونجاو بێت بۆ ئەو قۆناغەی کە لە دوای 2005 یەکێتی پێیدا گوزەر دەکات.
دەرئەنجامەکانی ئەو سێ گوشارانەی باسمان کردن لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەچەندین شێوە دەرکەوتوون و لێکەوتەی زۆر کاریگەریشیان هەبووە لەسەر پڕۆسەی سیاسی، نەک لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە تەواوی ئێراق و بەشەکانی تری کوردستانیش. بۆ نموونە لە کاتی گەنگەشەکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، کە سەرئەنجام داخستنی پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، یەکێتی هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی نەدا کە ئەم دۆخە ڕوونەدات، یان گوشار بخاتە سەر لایەنێک بۆ ئەوەی ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەکان بە و دۆخە ناهەموارەدا ڕەت نەبێت.
دەرئەنجامی دووەمی ئەو لێکەوتەیە بریتی بوو لە لەبارچوونی پڕۆسەی ڕیفراندۆم. یەکێتی لەبەر ئەو سێ گوشارەی ئاماژەمان بۆ کردن، نەیتوانی لەگەڵ ڕیفراندۆم بێت و نەشیتوانی ڕێگری لێ بکات، ئەو دەرئەنجامەی کە لە 16ی ئۆکتۆبەریش کەوتەوە هەر پێوەندی بە فاکتەری سێ گوشارەکەوە هەبوو بە تایبەت فاکتەری هەرێمی. دەرەنجامی سێیەمیش بۆ ئەو کێشانەی کە یەکێتی بەدەستیانەوە دەناڵێنێ، لە لاوازبوونی پێگەی کورد لە بەغدا ڕەنگی داوەتەوە، گوشارەکانی ناوخۆی یەکێتی و گوشاری جیوگرافیای سلێمانی و گوشاری هەرێمیش هەرسێکیان بە یەکەوە یەکێتییان بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەش کردووە. ئەم دوخە لەڕاستیدا یەکێک بووە لەو فاکتەرانەی کە کاریگەریی هەبووە بەسەر لاوازبوونی پێگەی کورد لە بەغدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا.
دەرئەنجامی چوارەمی ئەو کێشانەی بەرۆکی یەکێتییان گرتووە، لەڕاستیدا بووەتە هۆی زیادبوونی هەژموونی ئێران بەسەر هەرێمی کوردستانەوە. ڕاستە هێزە هەرێمییەکان بە تایبەتیش تورکیا و ئێران و ئەمریکا هەمیشە کاریگەرییان هەبووە بەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستانەوە، بەڵام بەڵگەنەویستە کاتێک هێزێک لاواز دەبێت، ئیعتمادی زۆرتر دەکاتە سەر هێزەکانی تر بە تایبەتیش هێزە هەرێمییەکان، چونکە پارتە لاوازەکان هەمیشە بەدوای پاڵپشتێکدا دەگەڕێن کە لە نەمان بیانپارێزێت، ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو ڕۆڵەی بۆ یەکێتی گێڕاوە. لەوانەیە هێزی تریش لە ئاییندەدا بۆ لایەنی تر ئەو ڕۆڵە ببینن، بەڵام ئەم بابەتە زیاتر فۆکەسی لەسەر یەکێتییە وەک هێزێکی کاریگەر و شەریک لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا.
لە کۆتاییدا زۆر پێویستە هێزە کوردییەکان ئاگادار بن لە ئەندازەی ئەو گوشارەی دەیخەنە سەر یەکێتی، چونکە دوور نییە دەرئەنجامەکانی خراپ بەسەر تەواوی پڕۆسەی سیاسیدا بشکێتەوە و دواجار هەموو لایەک باجەکەی بدەن.
[1]