$#بافڵ تاڵەبانی#، کاراکتەرێکی تازەی گۆڕەپانی سیاسی$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#03-10-2018#
بە پێچەوانەی بەشێکی زۆری کاراکتەرە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە تەمەنی کاری سیاسییان نزیکەی نیو سەدە دەبێت، بافڵ تاڵەبانی تەمەنی سیاسی لە سێ مۆمەساڵ تێپەڕ ناکات، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا کاریگەرترین کاراکتەری گۆڕەپانی سیاسی بووە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم کاراکتەرە سیاسیە تازەیە ئەگەرچی هیچ پۆستێکی فەرمی نە لە حکومەت و نە لە حیزبیشدا هەیە، بەڵام بەهێزترین پیاوی پشت ڕووداوە گەورەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی بووە لە هەرێمی کوردستاندا. بافڵ ئەگەرچی لای زۆرینەی سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کەسێکە هیچ حسابێکی سیاسی وای بۆ ناکرێت، بەڵام جووڵە و هەنگاوە سیاسییەکانی شتێکی ترمان پێدەڵێن کە ناکرێت نادیدەی بگرین. سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئامانجی ئەو نووسینە هەڵسەنگاندنی کارە سیاسییەکانی ئەو کاراکتەرە نییە کە ئایا هەنگاوی درووستن یاخود لە بەرژەوەندیی پڕۆسەی سیاسین لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکوو لەڕاستیدا ناساندنی کاراکتەرێکی تازە و گرنگی گۆڕەپانی سیاسییە کە لەتوانایدا هەیە هەر کاتێک ڕەوتی ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی تردا بگۆڕێت، ئاڕاستەیەک کە بە ئەستەم دەتوانرێت پێشبینی بکرێت.
پڕۆسەی سیاسی لە کوردستان، یاخود ڕوونتر بڵێین ململانێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی لە چوارچێوەی چەند دامەزراوەیەکی بەناو پارتی سیاسی ئۆرگانیزە کراوە، بەڵام بەداخەوە چوارچێوەی ململانێکان قەت لەلایەن حیزب وەک دامەزراوەیەکی سیاسی ئیدارە نەدراون، بەڵکوو هەمیشە لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکان و سەرکردەی یەکەمی حیزبەکانەوە یەکلاکراونەتەوە. بۆیە بوونی کاراکتەرێکی سیاسیی کاریگەر لەسەر پڕۆسەی سیاسی شتێکی تازە نییە، هەمیشە ئامادەیی هەبووە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئەوەی تازەیە ئەوەیە کە کەسایەتییەک نە کەسی یەکەمی حزبە و نە کەسی یەکەمی بنەماڵەیەکی سیاسیشە، بتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت لە سەرکردایەتیکردنی پشتەوەی ڕووداوەکاندا، بە جۆرێک کە لە ماوەیەکی زۆر کوورتدا بتوانێت چەند سەفقەیێکی سەخت و ئاڵوزی سیاسی ئەنجام بدات و ئامانجەکەشی بپێکێت! لێرەدا هەوڵ دەدەم جووڵە سیاسییەکانی ئەم کاراکتەرە تازەیە لە سێ وێستگەی سەرەکیدا شرۆڤە بکەم!
$وێستگەی یەکەم$
لە دوای نەخۆشکەوتنی #مام جەلال# یەکێتی بە قۆناغێکی زۆر سەختدا تێپەڕی، بە جۆرێک ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەکێتی ئەو قۆناغەی بە تەواوی تێنەپەڕاندووە. بەڕای زۆر لە چاودێران پێشبینی نەدەکرا یەکێتی تا ئێستاش بتوانێت بەوشێوەیەی کە هەیە بمێنێتەوە و دواتریش لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراقدا لە دوای پارتی زۆرینەی دەنگەکان بهێنێت. ئەو کاراکتەرە تازەیەی گۆڕەپانی سیاسی ڕۆڵێکی خەلاقی بینی لە دوورخستنەوەی هەموو ئەو کاراکتەرانەی تر جگە لە بنەماڵەی تاڵەبانی کە دەیانویست سەرکردایەتی یەکێتی لە دوای تاڵەبانیی باوک بگرنە ئەستۆ، تا ئاستێک یەکێتی بە ڕۆیشتنی جێگری یەکەم و دووەمیش کێشەیەکی وای نەبێت. نەک ئەوە، بەڵکوو ئێستا ئەگەر کۆنگرەش بکرێت هیچیان هێندەی بنەماڵەی تاڵەبانی دەنگ ناهێنن. بافڵ تاڵەبانی دەکرێت پشکی شێری بەربکەوێت لە هێشتنەوەی هەژموونی بنەماڵەی تاڵەبانی بەسەر یەکێتیدا، تا ئاستێک ڕۆیشتنی دکتۆر بەرهەم وەک چاوەڕوان دەکرا نەک نیوەی یەکێتی لەگەڵ خوێ نەبرد، بەڵکوو خەڵکی تریشی بردەوە بۆ ناو یەکێتی.
$وێستگەی دووەم$
سەفقەیەکی تری زۆر کاریگەر کە بافڵ تاڵەبانی توانی ڕۆڵی سەرەکیی تێدا هەبێت بریتی بوو لە بەلاڕێدابردنی پڕۆژەی ڕیفراندۆم بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیاواز لە مەبەستی ئەنجامدانی، تا ئاستێک کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد بافڵ تاڵەبانی ئەو کەسە بێت کە بتوانێت ئەو سەفقە سیاسیە قوورسە بکات. نەک تەنیا ئەوە، بەڵکوو کاریگەریی زۆریشی بەجێهێشت لەسەر تەواوی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کە تا چەند ساڵێکی تریش نەک تەنیا لێکەوتە سیاسییەکانی، بەڵکوو لێکەوتە ئابوورییەکانیشی دەمێنێتەوە. لە هەمووی گرنگتر ئەوە بوو کە جگە لە پارتی، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم کە هەمیشە تیریان لە سێبەری یەکێتی و پارتی دەکێشا، بۆ ئەم یاریەی بافڵ تاڵەبانی هیچ بەرسڤێکی وایان نەبوو، بەڵکوو هەندێکیان بەپێچەوانەوە پارتییان زیاتر لە یەکێتی تاوانبار دەکرد لەو ڕووداوەدا. ڕاستە ئەمە بەشێکی زۆری پێوەندی بە کۆدی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە لە کوردستاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا پێوەندی بە تەوقیت و ئاگایی ئەنجامدەرەکانیشیەوە هەیە، چونکە بە پێچەوانەی مەزەندەی زۆر لە چاودێران، نەک دەنگی یەکێتی کەمی نەکرد بەڵکوو زیادیشی کرد و ئێستا یەکێتی لە چوار ساڵی ڕابردووی بەهێزترە.
$وێستگەی سێیەم$
ئەو وێستگەیەی کە ڕۆڵێکی باڵای بینی لە هەڵکشانی پێگە و دەرکەوتنی ئەستێرەی بافڵ تاڵەبانی چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان، بریتی بوو لە گەڕاندنەوەی #بەرهەم ساڵح# بۆ ناو یەکێتی کە بافڵ تاڵەبانی ئەندازیارە سەرەکیەکەی بوو. ئەو (بەرهەم) ەی کە بەدیدی زۆرێکمان بە ڕۆیشتنی چاوەڕێی کەوتنی یەکێتیمان دەکرد، بەڵام دواتر لە ڕێگەی سەفقەیێکی ئاڵۆزی سیاسی توانی بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو یەکێتی، بێ ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆماریشی بۆ گەرەنتی بکات.
ئەم سێ وێستگەیەی ژیانی سیاسی بافڵ تاڵەبانی پێماندەڵێن کە کاراکتەرێکی سیاسی تری بەهێز بەڕێوەیە و دەیەوێت ئاڕاستەی ڕووداوەکان لە بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت. پێمان خۆش بێت یان نا، جووڵە و سەفقە سیاسییە نهێنییەکانی ئەو کاراکتەرە تازەیە کاریگەریی زۆریان دەبێت لەسەر تەواوی پڕۆسەی سیاسی و ئاییندەی ململانێ سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش پێوەندی نێوان پارتی و یەکێتی. بە جۆرێک لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر تاوەکوو ئێستا درزی نێوان پارتی و یەکێتی هەروا گەورەتر دەبێت، بەشێکی هەرە زۆریشی پێوەندی بە باڵابوونی کاریگەریی بافڵ تاڵەبانییەوە هەیە کە تا ئێستاش پارتی و لایەنەکانی تر نایبینن، یاخود نایانەوێت بیبینن. ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری ئێراق یەکێکە لە دیارترین ئەو دەرئەنجامانە.
تاوەکوو مام جەلالیش لە ژیاندا مابوو، کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار هەمیشە بە ڕاوێژی نێوان بارزانی و تاڵەبانی یەکلادەکرایەوە، بە مەرجێک ئەو کەسەی کە دەبوو بە سەرۆککۆمار دەبووایە بە فلتەری بارزانیشدا تێپەڕێت، بەڵام کاریگەریی سەفقەکەی بافڵ تاڵەبانی بەبێ گەڕانەوە بۆ بارزانی و ڕاوێژکردن بەلایەنەکانی تر، توانی بەرهەم بخزێنیتە ناو ئەو یاریە و یەکلایەنە بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار کاندیدی بکات، بە جۆرێک لە دوای 2003 وە ئەمە یەکەمجارە پارتی و یەکێتی دوو کاندیدی جیاوازیان دەبێت بۆ ئەو پۆستە. ئەمە دەکرێت سەرەتای قۆناغێکی تری ململانێ سیاسییەکان بێت لە هەرێمی کوردستان. پارتی و لایەنەکانی تریش وا باشە وریاتر و ئارامتر مامەڵە لەگەڵ هەڵکشانی پێگەی ئەم کاراکتەرە تازەیەی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم بکەن، ئەگەرنا گوشاری زۆر لەوانەیە دەرئەنجامی خراپتری لێبکەوێتەوە و دواجاریش کاریگەریی خراپی هەبێت بۆ سەر ئاییندەی مانەوەی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی. [1]