#ڤیتۆی یەکێتی!#
#زوبێر ڕەسوڵ#
#31-05-2019#
سەرەتا پێمباشە ئەوە ڕوون بکەمەوە کە ڤیتۆ لە کۆنتێکستە سیاسی و یاساییەکەیدا ئەو هێزە یاساییەیە کە لایەنێک یا چەند لایەنێک هەیانە بۆ ڕاگرتنی بڕیارێک ئەگەر لە بەرژەوەندی لایەنێکیاندا نەبێت، ئەمەش لە بنەڕەتدا بۆ ڕاگرتنی جۆرێک لە هاوسەنگی هێزە لەنێوان لایەنەکاندا. واتا ڤیتۆ لە بنەڕەتدا گوزارشت لە بێمتمانەیی و ململانێ دەکات لەنێوان ئەکتەرەکاندا، وەک ئەو ڤیتۆیەی کە هەر یەکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیانە و لە کاتی پێویستدا بەکاریدەهێنن لە دژی یەکتری.
بەکارهێنانی چەمکی ڤیتۆ بۆ ناڕەزاییەکانی یەکێتی تەنیا تایبەت نییە بە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت، بەڵکوو تایبەتە بە تەواوی پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ نموونە لە 16 ی ئۆکتۆبەردا، دواتریش لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆماری ئێراقدا. هەر یەکە لە پارتی و یەکێتی ئێستا بە کردار خاوەنی ڤیتۆی دوو لایەنەن، واتا هەر یەکێک لەو دوو هێزە هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن بە ئاسانی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا پەکبخەن. من پێشتریش لە نووسینێکی ترمدا لە ڕووداو ئەو دۆخە سیاسیەی نێوان ئەو دوو لایەنەم بە ڤیتۆی ڕانەگەیەنراو یا ڤیتۆی دوو لایەنە ناو بردووە، بە پشتبەستن بە و بنەمایەی کە هەڵبژاردنەکانی ئەو دواییەی پەڕڵەمانی کوردستان و دانووستاندنەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم بە تەواوی سەلماندی کە سیستمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو جۆرێک لە ڤیتۆی دوو حیزبی دەچێت، واتا فۆرمێکی تایبەت لە حوکمڕانی کە پشت نابەستێت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و گۆڕانکاری لە بەلانسی هێز و ئیرادەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و دەرکەوتنی هێزی تر. چونکە لەو فۆرمە جووت حزبیەدا بێجگە لە یەکێتی و پارتی هیچی کەس و لایەنی تر ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ئەگەر یەکێک لەو دوو حزبە ڕەزامەند نەبێت ئەوا پێکهێنانی حکومەت دەکەوێتە قەیرانێکی گەورەوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جورێگە لە ڤیتۆی ڕانەگەیەنراو. دیارترین گوزارشت و نموونەی ئەو جۆرە ڤیتۆیەی حوکمڕانی ئەو گوشارانەی یەکێتییە لەسەر پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازه. بە تایبەتیش لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمدا کە یەکێتی هەرچەندە پێشتریش جۆرێک لە ڕێککەوتنیان هەبوو دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی بدەن بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە دوا ساتەکاندا ئەمە ڕووینەدا. هەرچەندە ئەم دەنگنەدانە دۆخێکی تەواو ئاساییە، مەرج نییە هەڵبژاردنەکان هەمیشە بە زۆرینەی ڕەها بێت. بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە کە یەکێتی دەتوانێت بە بەشدارینەکردنی لە حکومەتدا شکست بە تەواوی پڕۆسەی سیاسی و حوکمداری لە هەرێم بهێنێت. واتا شەرعیەتی هێزی یەکێتی لە سندوقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە نییە بەڵکوو لەو هێزە سەربازی و جوگرافیا سیاسی و سامانە ئابووریەوەیە کە لەژێر دەستیدایە (هەڵبەتە ئەمە بۆ پارتیش ڕاستە) ئەمەش لە ڕاستیدا پێشینەیێکی مەترسیدارە بۆ پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!
هەڵبەتە ئەو جورە ڤیتۆیەی من باسی دەکەم پێشتریش لە فۆرمێکی جیاوازدا هەبووە، واتا لە دوای ڕاپەرینەوە تاوەکوو نەخۆشکەوتنی مام جەلال. بەڵام پێشتر لەبەر بەهێزیی هەردوو کەسایەتی ناو یەکێتی و پارتی، واتا تاڵەبانی و بارزانی، ڕێگا نەدەدرا کێشەکانی نێوانیان بگاتە ئاستی بەکارهێنانی ئەو جۆرە ڤیتۆیە، چونکە ئەو دوو کەسایەتییە تێگەیشتنێکی باش و ئەزموونێکی باشیشیان هەبوو لە ململانێکردنی یەکتری، دەیانزانی ململانێی نێوانیان بە کۆتایی هیچ لایەنێکیان کۆتایی نایەت.
زەقبوونەوەی ململانێکانی ئەو دوو هێزە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر گەیشتە لوتکە، لێکەوتەکانیشی بە خەستی ڕەنگیدایەوە لەسەر پێوەندییەکانی هەرێم و بەغداو دواتریش پێکهێنانی کابینەی نۆیەم.
دانووستاندنی هەشت مانگی نێوان یەکێتی و پارتی، جگە لەو هاوبەشیەی کە نزیکەی سێ دەیە دەبێت هەیانە لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانی هەرێمدا، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە میکانزمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ململانێی نێوانیان. چونکە لە ڕاستیدا خودی پەنابردنە بەر ڤیتۆ واتا تێکدانی یارییەکە و لە دەستدانی توانای چارەسەرکردن.
هەڵبەتە ئەو دۆخەی کە ئێستای پڕۆسەی حوکمڕانی تێیکەوتووە دەرەنجامی زیاتر لە فاکتەرێکە، لە سەرووی هەموویانەوە ئەو گۆرانەی لە نوخبەی سەرکردایەتیکردنی بڕیاری سیاسی یەکێتی نیشتمانیدا درووستبووە لە دوای مام جەلال. دواتریش ئەو لاوازی دامەزراوەیی و سەنترالیزمەی کە یەکێتی وەک پارتێکی سیاسی بەدەستییەوە دەناڵێنێ. ئەمە دەکرێت فاکتەری دەستێوەردانی هەرێمیشی بدەینە پاڵ (ئەگەرچی بەڵگەی بەهێزم نییە بۆ پشتراستکردنەوەی) . بەردەوامیدان بە ململانێی سیاسی لە ڕێگای تەگەرە درووستکردن (ڤیتۆ) بە و شێوەی کە ئێستا یەکێتی پەنای بۆ دەبات، پێموانیە تاسەر میکانیزمێکی سەرکەوتوو بێت، ئەمە جگە لەوەی کە دواجار دەبێتە هۆی نائومێدبوونی خەڵک لە سیاسەت و پڕۆسەی حوکمڕانی و ڕەوتی دیموکراسی لە هەرێمدا، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا بینیمان کە ئەمەش بەهیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی یەکێتیدا نییە.
هاوکێشەیەک هەیە کە پێم وایە هەر یەکە لە یەکێتی و پارتیش باش لێیتێگەیشتوون، ئەویش ئەوەیە کە فاکتەری سەرەکی مانەوەی یەکێتی و پارتی بە و فۆرمەی ئێستا لە حوکمڕانی پەیوەستە بە هەماهەنگی و هەڵکردنیان لەگەڵ یەکتر. ڕوونتر بڵێم نەمانی هەر یەکێک لەو دوو لایەنە نەمانی ئەوی تریشی بەدوادا دێت. تێکچوونی ئەو سیستمە هاوپەیمانیە حزبیەی یەکێتی پارتی ئەگەر کۆتایی یەکێکیشان نەبێت واتا لاوازبوونی هەردووکیان، کە سەرەنجام نەمانی دوو جوگرافیا و دوو ئیدارە و دوو هێزی سەربازیی دامەزراویشی لێدەکەوێتەوە، واتا ئەو بنەمایەی کە هەر یەکە وەک کارتی گوشار پەنای بۆ دەبەن لە ململانێکانی نێوانیان.
هەر یەکە لەم دوو هێزە بە تایبەت لە چوارچێوەی ئەو ڤیتۆ ڕانەگەیەنراوەی نێوانیان هیچ ئەڵتەرناتیڤێکیان بۆ یەکتر پێ نییە. چونکە تەواوی ئەو لایەنە سیاسیانەی تر کە لە هەرێمدا هەن ناتوانن جیگای ئەو دوو هێزە پر بکەنەوه، بۆیە هەر خۆلادانێک لە تەجاوزکردنی یەکتر تەنیا کاتکوشتنە و دواجار کاریگەریی خراپتریش جێدێڵێت لەسەر ڕەوتی دانووستاندنەکانی نێوانیان. ئەم دۆخە بێمتمانەییەی کە لەنێوان ئەو دوو هێزەدا گەیشتووەتە ترۆپک پاشخانێکی درێژی هەیە، بۆیە پێموانیە بەدیلێکی تر هەبێت بۆ بەشدارنەکردنی یەکێتی لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا. خودی پارتیش ئەو ڕاستییە دەزانێت، ئەگینا دەمێک بوو سەبری ئەو نازەی یەکێتییان نەدەما. بەدیلی ئەو دۆخە جگە لە دوو ئیدارەی تەواو هیچی تر نییە، ئەمەش پیموانییە نە لە بەرژەوەندی یەکێتی بێت نە لە بەرژەوەندی پارتیش. جێگای داخە هەندێک جار یەکێتی وەک گوشارێک بۆ سەر پارتی گوزارشتی دوو ئیدارەیی بەکاردێنێ لە کاتێکدا ئەمە خۆی واتا لۆکاڵیبوون و بچووکبوونەوەی یەکێتی لە خەونی نیشتمانی کوردستان بۆ هیوای بەڕێوەبردنی دوو شار کە بەداخەوە یەکێتی دەبێت بەر لە پارتی دژی ئەو بژارەیە بێت، بە تایبەت کە ئێستا کەرکووکیش ئەو پاوانەی پێشووتری یەکێتی نییە و ڕۆژبەڕۆژ دەسەڵاتی کوردی تێدا لاوازتر دەبێت.
خاڵێکی تری نائومێدبوون لە دانووستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی ئەوجارە بریتییە لە فەرامۆشکردنی بەرژەوەندی گشتی کە بەداخەوە هیچ سەنگێکی نییە لە گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا. لە تەواوی دانووستاندنی پێکهێنانی حکومەتدا کێشەی سەرەکی نە پڕۆژەی چاکسازی و نە ڕوئیای حکومەت بووە بۆ کەرتەکانی تەندرووستی و پەروەردە و خزمەتگوزاری، نە پلانێک بۆ چۆنییەتی کارکردن بۆ گەڕانەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، بەڵکوو کێشەی سەرەکی بەرژەوەندی حیزبیی زۆر تەسک بووە، وەک دابەشکاری پۆستەکان بە تایبەتیش کێشەی ڕاگرتنی دڵی کۆمەڵێک سەرکردەی حزبی کە لە دوور و نزیکدا هیچ پێوەندیەکیان بە بەرژەوەندی گشتی و گوزەرانی خەڵک و باشکردنی حوکمڕانییەوە نییە، ئەمەش لەراستیدا پاشەکشەیەکی گەورەیە لە پڕۆسەی دیموکراسی و حوکمڕانی باش و بەدامەزراوەییکردنی کەناڵەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. [1]