$ئەمریکا ڕووی لە هەرێمی کوردستانە$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#15-01-2020#
لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، یەکەم کاردانەوەی ئێران بریتی بوو لە گوشار خستنە سەر شیعەکان، بە تایبەتیش وەکیلە سیاسییەکانیان لە پەڕڵەمانی ئێراق بۆ ئەوەی بەزووترین کات یاسایەک دەربکەن بۆ دەرکردنی بیانییەکان (کە لەڕاستیدا مەبەستیان ئەمریکییەکان بوو) لە خاکی ئێراق. ئەم هەنگاوە پێشبینیکراو بوو، چونکە پێشتریش موقتەدا سەدر و هادی عامری و ئەبومەهدی موهەندیس چەندین جار داوای دەرچوونی هێزە ئەمریکییەکانیان کردبوو. لەدوای دەرچوونی ئەو بڕیارەی پەڕڵەمانی ئێراق، یەکەم شوێن کە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان لە ئێراقدا ڕوویان تێکرد هەرێمی کوردستان بوو. بە جۆرێک هەر لە هەمان ڕۆژدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێوەندی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد. وەک دەزانین مایک پۆمپایۆ لە 2017 بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا بووە، دیارە لەو کاتەشدا هەماهەنگیی زۆر هەبووە لەنێوان ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرپرسی بوو، هەروەها ئاژانسی سی ئای ئەی کە پۆمپایۆ بەرپرسی بوو. تا ئەو ئاستەی ئەمە وای کرد کە بەشێک لە میدیای ئێران پڕوپاگەندەی ئەوە بکەن گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکییەکان کردووە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی.
ڕووداوی کوشتنی سولەیمانی، ئەمریکی و ئەوروپیەکانی دڵنیا کردەوە کە تاکە شوێنی ئەمین بۆ ئەمریکییەکان لە ئێراقدا هەرێمی کوردستانە. لەو ڕۆژەوەی کە قاسم سولەیمانی کوژراوە، پێگەی دیپلۆماسی و سیاسیی هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و چەندان سەرکردە و پلەداری ئەمریکی دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم هەبووە.
دەیڤد شەنکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چوار دیداری جیادا لەگەڵ هەریەک لە #مەسعود بارزانی# و #مەسرور بارزانی# و #قوباد تاڵەبانی# و #لاهور شێخ جەنگی# بەجیا کۆبووەتەوە، بەپێی بەشێک لە زانیارییەکان لەو کۆبوونەوانەدا پەرەپێدانی ئاستی هاوکاریی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و ئاییندەی ئێراق و دەستوەردانی ئێران لە کاروباری ئێراق گفتوگۆیدان لەبارەوە کراوە و ئەمریکییەکان بەرپرسانی کوردیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەیانەوێت بنکە سەربازییەکانیان لە هەرێمی کوردستان بۆ پێنج بنکەی سەربازی زیاد بکەن، واتا بێجگە لە بنکەی سەربازیی هەریر و بنکەیەکی سەربازی لە نزیک فڕۆکەخانەی #هەولێر#، دەیانەوێت بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگای #سلێمانی# و یەکێکی تر لە پارێزگای #هەڵەبجە# و یەکێکیش لە باشووری شاری هەولێر و لە نزیک #مەخموور# بکەنەوە.
لە هەمانکاتدا ژمارەی سەربازەکانیشیان لە 450 سەربازەوە بۆ دوو هەزار سەرباز زیاد بکەن، لەگەڵ بەردەوامبوونیان لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە. بێجگە لەوە، ئەمریکییەکان هەنگاوەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ تەواوکردنی کونسوڵخانەکەیان لە شاری هەولێر کە بە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا دادەنرێت لە جیهاندا (بە ڕووبەری 51 دۆنم و بە تێچووی 795 ملیۆن دۆلار) . ئەم هەنگاوانە هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان پێگە و متمانەیەکی جیای هەیە لەوەی ئێراق، لە ئەگەری کشانەوە و نەکشانەوەشیان دەتوانین بڵێین کە وێستگەی دووەمی ئەمریکییەکان لە ئێراقدا ڕووی لە هەرێمی کوردستانە.
$چاوشئۆغڵوش لە بەغدا بوو!$
هیچکام لە دراوسێکانی ئێراق هێندەی تورکەکان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێراق ناترسن، بەتایبەت ئەگەر یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە ئێراق سەربازەکانی تورکیاش بگرێتەوە، بۆ تورکەکان پرسی کورد بە گشتی و پرسی پەکەکە بەتایبەتی بابەتی هەرە سەرەکی پێوەندییەکانیانە لەگەڵ ئێراق، ئینجا لە پلەی سێیەم پرسە ئابوورییەکان دێن. پێدەچێت ئەو هاتنەی چاوشئۆغڵو پێوەندی بە کۆمەڵێک پرسەوە هەبێت، لە سەرووی هەموویانەوە ڕێگەدان بە مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە ئێراق، واتا تا ئەو کاتەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بێت، نابێت یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکان سوپای تورکیا بگرێتەوە. پرسی دووەم کە هەمیشە لە خەیاڵی تورکەکاندا بووەتە مۆتەکە، ترسیانە لە یەکپارچەیی خاکی ئێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵی دابەشکردنی.
بەپێی چەند سەرچاوەیەک، چاوشئۆغڵو داوای لە بەرپرسانی بەغدا کردووە بەزوترین کات لەسەر سەرۆکوەزیرانێکی نوێ ڕێکبکەون بە جۆرێک ئامادەیی تورکیای بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پیشانداوە ئەگەر بەغدا ئامادەبێت قەرزەکانی سەر هەرێم لەئەستۆ بگرێت و ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی تورکیاش بکات. تەوەری سێیەمیان کە تورکەکانی نیگەران کردووە، ئەوەیە کە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر ئێراقدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار، ئەوەش جموجوڵی ئابووریی ئێراق و تورکیا زۆر لاواز دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەردوو هەنگاوەکەش بە زیانی ئابووریی تورکیا تەواو دەبن و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان دەبێت بەسەر قەبارەی پێوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغداوە.
$کێ بۆشایی ئەمریکا پڕدەکاتەوە؟$
لەناو بەشێک لە ئیدارەی سەرۆک ترەمپدا ڕایەک درووست بووە کە پاراستنی ئاساییشی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەرژەوەندیی ڕووسیایە، بە جۆرێک کە ئەمریکا باجێکی زۆری گیانی و ماددی دەدات بەڵام ئەوەی بەرەکەی دەخوات ڕووسەکانن نەک ئەمریکییەکان. بە تایبەت کە ئێستا ڕووسەکان لەگەڵ تورکیا، سووریا، ئێران، ئێراق و هەروەها سعودیەش پێوەندیی سیاسی و ئابووریی باشیان هەیە. تا ئەو ئاستەی ئەو وڵاتانەی سەرکەوتوو نابن لە پێوەندی لەگەڵ ئەمریکا، ڕووسیا زوو دێتە سەرخەت و کەلێنەکەی ئەمریکا پڕدەکاتەوە. ئەمەی باسمان کرد هەڵبەتە بۆ ئێراقیش ڕاستە، واتا لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق ڕووسیا ئامادەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە، بۆ ئەم مەبەستە ئێرانیش هاوکار دەبێت. بەڵام لەڕاستیدا ئەستەمە ڕووسەکان بتوانن بە ئەندازەی ئەمریکییەکان پەرۆش بن بۆ بنیاتنانەوەی ئێراق، چونکە مۆسکۆ خۆی بە بەرپرسیار نازانێ بەرانبەر بەو دۆخەی ئێراقی تێکەوتووە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر برێت ماکگۆرک لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا، ڕووسیا ئامادەیە ئەو کەلێنەی ئەمریکییەکان پڕبکاتەوە، بە جۆرێک کە لە ماوەیەکی کەمدا ئاڵای ڕووسیا بە فەرمی لە ئێراقدا دەشەکێتەوە، ئەگەر ئەمریکییەکان ئێراق جێبهێڵن. ئەمەش لەڕاستیدا دەسکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ ئێرانییەکان و پاشەکشەیەکی گەورەش دەبێت لە پڕۆسەی دیموکراسی و دووبارە بنیاتنانەوەی ئێراق و دواتریش هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان لە ئێراقی دوای 2003 دا. [1]