$رەفتاری سیاسیی وڵاتان و بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا$
#زوبێر رەسوڵ#
#19-03-2020#
لەبەرئەوەی ڕەفتاری سیاسی هەر وڵاتێک تا ئاستێکی زۆر دەرهاویشتەی سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتووریەکەیەتی، بۆیە سەیرنییە هەر وڵاتێک شێواز و وەڵامدانەوەی جیاوازی هەبێت بۆ مەمەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا. لەم سۆنگەیەوە ئەگەر سەیری ڕوانگە و ستراتیژی بەشێک لە وڵاتانی جیهان بکەین سەبارەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەبینین کە هەر وڵاتیک بەشێوەیەک وەڵامی ئەو قەیرانەی داوەتەوە کە گوزارشت لە سرووشتی سیستمی سیاسی و کولتووری ئەو وڵاتە دەکات. هەڵبەتە زۆربەی سیستمە سیاسییەکان لە کاتی قەیراندا دەناسرێنەوە، هەندێکیشتان هەر لە بنەڕەتدا بەرگەی قەیران ناگرن. ئەمە جگە لەوەی بڕیار وەرگرتن و پڕۆسەی درووستکردنی بڕیار لە کاتی قەیرانەکاندا ئەستەمتر دەبێت، چونکە نە زانیاری تەواو لەبەردەستە بۆ ناسینی کێشەکە و نە کاتی تەواویش.
لەم سۆنگەیەوە ئەگەر سەیری ڕەفتاری سیاسی بەشێک لە وڵاتانی جیهان بکەین لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-19 دا، دەتوانین بە گشتی بەسەر سێ جۆردا دابەشیان بکەین. کۆمەڵێک وڵات کە زیاتر ڕەچاوی پرسی ئابووری دەکەن، کۆمەڵێکی تریش پرسی تەندرووستی دەخەنە پێش پرسی ئابووری، هەندێکی تریشیان وەک ئێران و چین و کۆریای باکوور حساباتی سیاسی دەخەنە پێش پرسە تەندرووستییەکان.
ئەگەر سەیری وڵاتێکی وەک چین بکەین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەوا ڕەفتاری سیاسی- کولتووری تایبەت دەبینین کە دواجار سرووشتی سیستمی سیاسی چین دەردەخەن. چین لە سەرەتادا ویستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە خەڵک و جیهانیش بشارێتەوە. چونکە تەواوی دەسەڵاتی تاکحزبی کۆمۆنستی لە چین لەسەر کۆنترۆڵکردنی زانیاری گشتی دامەزراوە بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ئاساییشی نیشتمانی یان بنەماکانی دەسەڵاتی کۆمۆنستییەوە هەیە. هەر بۆیە دەبینین چین زۆر ناوەندیانە لە ڕێگەی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆوە لە بێجین (پەکین) بەبێ ئەوەی داوای یارمەتیی لە هیچ وڵاتێک بکات ڕێوشوێنی سەختیان گرتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.
ڕێوشوێنەکانی ئێرانیش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکە دیسان گوزارشتێکی باش لە سرووشتی سیستمی سیاسی لە ئێران دەکات. واتا ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی دەسەڵاتی سیاسی لەسەرووی ئاساییشی تەندرووستیی خەڵک. ئێرانیش هاوشێوەی چین سەرەتا ویستی پرسی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە خەڵک بشارێتەوە بە تایبەت لەبەر هۆکاری نەچوونی خەڵک بۆ هەڵبژاردنەکان، تاکار گەیشتە ئەوەی ئێران ببێتە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام لەگەڵ ئەوەش سیستەمی سیاسی لە ئێران خاوەنی ئەو هێز و دیسپلینە نەبوو کە سیستمی سیاسی لە چین هەیەتی، بە تایبەتیش لەڕووی متمانەی دەسەڵاتی سیاسییەوە، هەر بۆیەش نەیتوانی بەو شێوە چالاکەی چین بەرگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرێت.
هەرچی کۆریای باشوورە کە خاوەن سیستمێکی دیموکراسی - سەرمایەداریە نا ڕۆژاواییە هەر لە سەرەتا هەوڵی نەدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بشارێتەوە، ئەگەرچی ڤایرۆسەکە لە ناو کۆمەڵەیەکی کریستیانی فاندامێنتەڵ بڵاوببووەوە، بەڵام پرسی تەندرووستی خستە سەرووی بەهاکانی ترەوە، لە هەمانکاتدا بە ڕێزگرتن لە بنەما ئایینیەکانیش، لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی ڕێوشوێنی تایبەت و لە ڕێگەی دابڕاندندنی ئەو گرووپە ئایینییە لە تەواوی خەڵکی تر.
مامەڵەی ئیتاڵیەکان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کاریگەریی ئاشکرایی ململانێ سیاسییەکانی بەسەرەوە دیار بوو، بە تایبەت ناسەقامگیری سیاسی و توانای لاوازی حکومەتی یەک لەدوای یەکەکان. ئیتاڵییەکان بە درەنگەوە هەڵسان بە کەرەنتینەکردنی خەڵک، دواتریش دابڕانەکە تەنیا هەرێمەکانی باکووری ئیتاڵیای گرتەوە، واتا هەموو ئەو ناوچانەی کە جێگەی نفوزی سیاسی پارتی یەکگرتووی باکوورن کە لە بنەڕەتدا چەند کۆمەڵە و پارتێکی پارێزگار و جوداخواز دەگرێتەخۆ.
ناسەقامگیری سیاسی و لاوازی دامەزراوەیی وایکرد پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئیتاڵیا پشتی حکومەت نەگرن سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنانەی کە حکومەت گرتییەبەر، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی شوێنە داخراوەکان نابێت تەنیا باکووری وڵات بگرێتەوە، هەر بۆیە بەشێکی زۆری خەڵکی باکوور ڕۆشتن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور و تێکەڵ بەخەڵکی تر بوون. لە هەمووشی خراپتر دەسەڵاتی سیاسی کەرەنتینەی ئەوانەی نەکرد کە سەفەری دەرەوەیان کردبوو ئەمەش لەبەر چەند پرسێکی حزبی، تا ئەو کارەساتە تەندرووستییەی لێکەوتەوە.
خۆ لە ئێرانیش سەرەتا حەسەن ڕووحانی وتی کە ''کۆرۆنا هیچ نییە جگە لە پلانگێری شەیتانی گەورە''، واتا ئەمریکا ویستویەتی ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی. هەروەها کەمی سەردانی خەڵکیش بۆ دەنگدان دیسان وەک پلانگێڕی ئەمریکا بۆ ڕای گشتی ئێران لێکدرایەوە. ئێران لە بری ئەوەی سەنتەری بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کە شاری قوم بوو داببڕێت لە بەشەکانی تر کەچی لەبەر حساباتی ئایینی و ئایدۆلۆژی ئەمەی نەکرد. بەڵام بە پێچەوانەوە کۆریای باشوور ئەوەی کرد، هەرچەند دواتر ئێران ناچاربوو کە نوێژکردنیش لە پەرستگاکانی قوم قەدەخەبکەن، بەڵام ئەو کات کار لە کار ترازابوو.
ئەگەر سەیری ئەمریکا بکەین، لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسییان لەسەر بنەمای لیبڕاڵی - سەرمایەداری دامەزراوە، سەرەتا سەرۆک ترەمپ دوودڵ بوو لەوەی کە ڕێوشوێنی سەخت بگیرێتە بەر، چونکە ئەمە لەڕووی ئابوورییەوە زیانێکی زۆر بە ئابووری ئەمریکا دەگەیێنێت، بەڵام دواتر بە گوشاری شارەزایانی تەندرووستی سەرۆک هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێت تا زووە ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بگیرێتەبەر. ئەمریکا بە حوکمی ئەوەی سەرکردایەتی سیستمی سیاسی و ئابووری جیهان دەکات بۆیە ئەم دۆخە لە چەند گۆشەنیگایێکی ئابووری و سیاسی دەبینێت. چونکە لە ڕاستیدا کاریگەریی هەر ڕێوشوێنێکی ئابووری یان سیاسی لە ئەمریکا کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت بەسەر بازاڕ و بۆرسە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. سیستەمی سیاسی لە ئەمریکا تەنیا پەیوەست نییە بە پاراستنی تەندرووستی هاووڵاتییان بەڵکوو پەیوەستیشە بە ڕێگرتن لە ڕووخان و داڕمانی بازاڕ و هەروەها مایەپووچبوونی بانکەکان و دواتریش تەواوی سیستمی سەرمایەداری. چونکە بەشێک لە توێژەرانی ئابووری و دارایی پێشبینی قەیرانێکی ئابووری و دارایی جیهانی دەکەن هاوشێوەی قەیارانی دارایی ساڵی 2008، ئەگەر ئەم دۆخە بۆ چەند مانگێکی تر درێژە بکێشێت.
هەڵبەتە هەرێمی کوردستانیش خاوەن تایبەتمەندی سیاسی خۆی بوو لە مامەڵکردن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا. هەرێم لەبەرئەوەی سیستمێکی سیاسی نیمچە دیموکراسی هەیە کە لە قۆناخی گواستنەوەدایە بەرەوە جۆریک لە دیموکراسی بۆیە هەر زوو بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی بەهەند هەڵگرت و دۆخەکەشی لە خەڵک نەشاردەوە، لە هەرێمی کوردستان چەندین میدیای ئازاد و کەناڵی تیڤی چالاک هەن کە لەژێر ڕکێفی حکومتدا نین، بۆیە ئەگەر حکومەت خۆی سەرکردایەتی دۆخەکەی نەکردبووایە ئەوا میدیا ئەهلییەکان دەستیان بەسەر ڕای گشتی جەماوەردا دەگرت و دۆخەکە بە ئەستەم تر کۆنترۆل دەکرا. ئەمە جگە لەوەی کە ئەوکات پابەندبوونی خەڵکیش بە ڕێنماییەکانی حکومەت ئەستەمتر دەبوو.
هەڵبەتە ئەمە جگە لە ناکۆکییە حیزبیەکان بە تایبەت لەنێوان دەسەڵاتی خۆجێی #سلێمانی# لە لایەک و لە #هەولێر#یش لە لایەکی تر. بەڵام لەبەرئەوەی هەر سێ پارتە سەرەکییەکە ( پارتی، یەکێتی و گۆران) لە ناو حکومتدا بوون، هەروەها شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و چاودێریکردنیشیان، ڕێگەی گرت لە بەکارهێنانی دۆخەکە بۆ ململانێی سیاسی. پرسی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تاقیکردنەوەیەکی زۆر گرنگ بوو بۆ حکومەتی هەرێم، هیچی کەمتر نەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراویی تیرۆریستی #داعش#. ئەگینا ئێستا هەرێمی کوردستانیش لە دۆخێکی مەترسیدارتر دەبوو، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەر لەوەی کێشەیەکی تەندرووستی بێت تاقیکردنەوەیەکیشە بۆ توانایی دەسەڵاتی سیاسی و سیستمە تەندرووستییەکانی جیهان. [1]