$لێکەوتەکانی لەشکرکێشی تورکیا لەسەر نێوماڵی کورد$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#06-07-2020#
بۆچی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمجارەی تورکیا مەترسیدارترن لەوانەی پێشوو؟
هەرچەندە ئەوە یەکەمجار نییە تورکیا لەشکرکێشی بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، بەڵام لەشکرکێشییەکەی ئەمجارەی تورکیا جێگای گومانی زۆرە و جیاوازیشی زۆرە لەگەڵ جارەکانی پێشوو لەبەر چەند هۆکارێک.
1. پێشتر گووشارەکانی سەر #پەکەکە# زیاتر لە ڕێگەی ئەو بنکە سەربازییانە بوون کە تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەیبوون؛ هێرشەکانی تورکیا هەرگیز بەو قوڵاییە نەبوون کە ئەو سنوورە بەرفراوانەی هەرێم بگرنەوە. ئێستا تورکیا لە #زاخۆ#وە تاوەکوو #سلێمانی# هێرش ئەنجام دەدات، و بە قووڵایی 30 تاوەکوو 40 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو هەرێمی کوردستان.
2. پێشتر هەرێمی کوردستان لە هێرشەکان ئاگاداردەکرایەوە، بەڵام ئەم جارە هێرشەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی هەرێمی کوردستان بوون.
3. پێشتر زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم کاتێکی دیاریکراویان هەبوو و 30 تاوەکوو 60 ڕۆژ بەردەوام دەبوون، بەڵام ئەم جارە تورکیا هیچ کاتێکی دانەناوە بۆ کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکان.
4. پێشتر هەرێمی کوردستان هێرشەکانی تورکیای، هیچ نەبێت، بە مەترسی نەدەدیت لەسەر ئاساییشی هەرێمی کوردستان. بەڵام هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیا بەر لەوەی مەترسی بن بۆ سەر پارتی کرێکاران، مەترسیی گەورەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش لەو مەترسییە تێگەیشتوون.
5. ئۆپەراسیۆنەکانی پێشتری تورکیا ئەو هاوئاهەنگییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەی ئێستایان نەبوو، بەڵام ئەوەی هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیا مەترسیدارتر دەکات، ئەوەیە کە بەشێکن لە هاوئاهەنگیی نێوان تورکیا، ئێران و ئێراق و پێدەچێت ئەمریکییەکانیش ئاگادار بن. چونکە دوو هەفتە پێش ئەنجامدانی هێرشەکان، واتە لە 12ی حوزەیران بەرپرسی هەواڵگریی تورکیا، هاکان فیدان بەنهێنی سەردانی ئێراقی کرد، و پێدەچێت کازمیشی بینیبێت.
6. ئەوەی لە هەمووی مەترسیدارترە ئەوەیە کە بێدەنگیێکی نێودەوڵەتیش لەسەر ئەو لەشکرکێشییەی تورکیا هەیە، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکا و ڕووسیا.
پەڕتووکەکەی جۆن بۆڵتن بەڵگەیێکی باش بوو بۆ ناسینی سەرۆک ترامپ کە چەند دژە کوردە و چەندیش دۆستی ئەردۆغانە. ئەمە جگە لەوەی کە ئێستا تورکیا لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیێکی باشدایە لەگەڵ ڕووسیا، لە سووریاش تاڕادەیەک لەگەڵ ڕووسەکان ڕێکەوتوون لەسەر نەخشەی ڕێکخستنەوەی ئاییندەی سووریا و پەراوێزخستنی کورد.
$کۆتایی قۆناخی متمانەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان$
ساڵانی 2008 تاوەکوو 2017 قۆناخی زێڕینی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەک هەر پەیوەندیی هەرێم و تورکیا، بەڵکوو پەیوەندیی ئەردۆغان و بارزانیشی بەرەو تێکچوون برد، ئەردۆغان لە چەندین بۆنەدا بارزانی تاوانبارکرد بەوەی ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی تورکیا ناکات، و دەیەوێت تاکلایەنانە هەڵسوکەوت بکات.
ئەردۆغان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە هەرێمی کوردستان هاوکاری جیددی تورکیا ناکات بۆ لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆیە ئێستا خەریکی درووستکردنی پەیوەندی و هاوئاهەنگی سیاسی، ئابووری و ئاساییشییە لەگەڵ ئێراق.
تورکیا ئەمجارەیان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بن نەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هێزە ئێراقییەکانە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، بۆ ئەوەی لە مەودوا مامەڵەی بازرگانی و وزە لە ڕێگەی ئێراقەوە بێت و نەچێتە بەرژەوەندیی ئابووریی هەرێم، چونکە دواجار بووژاندنەوەی ئابووری واتا بووژاندنەوەی سیاسی و دواتریش بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی لە 2017 ڕوویدا.
لەبەرئەوە سەیر نییە کە یەکێک لە داواکارییەکانی ئێراق لەکاتی دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئەوە بوو کە دەبێت دەروازەیێکی دیکەی بازرگانی لەنێوان ئێراق و تورکیا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەیەک بۆ دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل.
هەڵبەتە چەندین جاری دیکەش تورکیا داوای کردنەوەی دەروازەی سنووریی کۆراڤا [ئۆڤاکۆ]ی لە ئێراق و لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان هاوکاری کردنەوەی ئەو دەروازەیە نەبوو. دەروازەی سنووریی کۆراڤا بە 15 کیلۆمەتر لە خوارووی ڕۆژاڤای ئیبراهیم خەلیلە، واتە تورکیا لە ڕێگەی ئەو دەروازەیە دەتوانێت ڕاستەوخۆ بازرگانی لەگەڵ ئێراق بکات، لە ڕێگەی تەلەعفەر لەوێشەوە بۆ موسڵ.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەر یەکە لە ئێراق و تورکیا ڕێکەوتوون لەسەر پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان. هەڵبەتە کردنەوەی ئەو دەروازە سنووریە وادەکات تورکیا ڕاستەوخۆ بە وڵاتانی عەرەبی ببەسترێتەوە، بەڵام بەبێ ئەو دەروازە تورکیا تەنیا لە ڕێگەی خاکی کوردان دەتوانێت دەستی بگات بە وڵاتانی عەرەبی.
$لێکەوتەی ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر نێوماڵی کورد$
ئەگەر هاوئاهەنگیی تورکیا و ئێراق لە بەرژەوەندیی تورکیادا بێت بۆ لاوازکردنی کورد بەگشتی لە ناوچەکەدا، بەڵام لێکەوتەکانی ئەو لەشکرکێشییەی تورکیا لەسەر نێوماڵی کورد لە بەرژەوەندیی ئامانجەکانی تورکیادا نابێت. دۆخی ئابووریی هەرێم و گووشارەکانی تورکیا پاڵ بە هەرێمی کوردستانەوە دەنێت کە بە هەر جۆرێک بێت لەگەڵ ئێراق ڕێکبکەوێت، ئەمەش مەرج نییە لە بەرژەوەندیی تورکیادا بێت.
ئێمە نابێت ئەوە لەبیربکەین کە ئێراق تاوەکوو ئێستاش تورکیا وەکوو مەترسی دەبینێت لەسەر ناوچە سووننی و تورکمانییەکانی ئێراقدا. بەتایبەت لەسەروبەندی ئەو سیاسەتە فراوانخوازیانەی کە ئێستا ئەردۆغان پەیڕەوەی دەکات لە سووریا، لیبیا، قەتەر و ئێراق. لەڕاستیدا پاڵنانی هەرێمی کوردستان بە ئێراقدا دەکرێت لە دوورمەودادا دەستی تورکیا کوورتتر بکات بۆ گەیشتن بە هەرێمی کوردستان.
ئەمە جگە لەوەی کاریگەریشی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و ئەردۆغان، پێشتر لە چەند وێستگەیەکدا پارتی هاوکاریی ئەردۆغانی کردووە لە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی باکوور، بەڵام ئەمجارەیان پارتی و حکومەتی هەرێمیش ناچارن بە دوای کۆکردنەوەی نێوماڵی کوردیدا بگەرێن، چونکە دواجار دۆستی بەردەوامی هەرێمی کوردستان سەرەڕای جیاوازییەکانیش، هەر هێزە کوردییەکانن. نەک ئەوە بەڵکوو دوورنییە بەردەوامبوونی ئەو هەماهەنگییەی تورکیا، ئێراق و ئێران لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان وا لە #پارتی دیموکراتی کوردستان# بکات کە بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان.
لە چەند نووسینێکی دیکەمدا ئاماژەم پێداوە کە ئەو گرنگیدانەی تورکیا بە هەرێمی کوردستان و پارتی، هۆکارە هەرە سەرەکییەکەی بۆ دژایەتیکردنی پارتی کرێکارانە. بۆیە نەمان و لاوازبوونی پارتی کرێکاران هەرگیز لە بەرژەوەندیی دوورمەودای هەرێمی کوردستاندا نییە. لەڕاستیدا هەرێمی کوردستان جگە لە کارتی پارتی کرێکاران هیچ شتێکی دیکەی بەدەستەوە نییە دژی تورکیا.
مەترسییەکانی ئەمجارەی تورکیا بە نیگەرانییەوە لەسەر ئاستی هێزە کوردییەکانیش دەرکی پێکراوە، هەر لەم ماوەیەدا یەکێتی و پارتی هەوڵی لێکنزیکبوونەوەی باشتر دەدەن، چونکە لەڕاستیدا لاوازکردن و پووکانەوەی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکی کوردیدا نییە لە ئێراق و ناوچەکەشدا.
لەلایەکی دیکەوە ئەم گەلەکۆمەیەی تورکیا لە دژی هەرێمی کوردستان دژایەتیی زۆر بۆ سیاسەتەکانی تورکیا درووستدەکات لە هەرێمی کوردستان. ئەگەر پێشتر بۆچوونێک هەبووبێت لەسەر ئاستی خەڵک و نوخبەی سیاسیش کە تورکیا و هەرێمی کوردستان دەکرێت دۆست بن، بەڵام ئێستا ئەو ڕایە خەریکە نامێنێت. بەڵکوو لە بڕی ئەوە خەریکە کۆدەنگیێک درووست دەبێت کە دواجار تورکیا هەموو کورد بە مەترسی دەبینێت لەهەر کوێیەک هەبن.
پێشتر تورکیا پاساوی ئەوەی هەبوو کە دەیگوت، ئێمە تەنیا لەگەڵ پەکەکە ناکۆکین، بەڵام لەگەڵ کوردەکانی دیکە کێشەمان نییە، کە هەرێمی کوردستان یەکێک لەو کوردانە بوو، بەڵام ئێستا دەرکەوت کە تورکیا ئەستەمە بتوانێت نەک هەر دۆست بەڵکوو دراوسێی هەرێمێکیش بێت بە ناوی کوردستان. [1]